راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌گه‌ری سیناریۆی مه‌ترسیدار هه‌یه‌
دوای سێ هه‌فته‌ له‌ناڕه‌زایی متمانه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌پاشه‌كشه‌دایه‌

موسته‌فا حه‌بیب
دوای سێ هه‌فته‌ له‌ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، پێده‌چێت متمانه‌ی عێراقییه‌كان به‌حكومه‌ته‌كه‌یان پاشه‌كشه‌ی زۆری كردبێت‌و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێشی سه‌ختتر بووبێت‌و سیناریۆی‌ مه‌ترسیدار له‌رێ‌ بێت.
2.08.2018  |  به‌غدا

دوای رۆژێك له‌و ره‌خنه‌ تونده‌ی عه‌لی سیستانی پیاوی ئایینی شیعه‌ ئاڕاسته‌ی سیاسییه‌ عێراقییه‌كانی كرد، شه‌ممه‌ی رابردوو خۆپیشانده‌ران بڕیاریان دا ناڕه‌زاییه‌كانیان بگۆڕن بۆ مانگرتن له‌به‌رده‌م كۆمپانیاكانی نه‌وت‌و باره‌گای حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان له‌ پارێزگاكانی باشوور‌و داوای دابینكردنی خزمه‌تگوزاری ئاو‌و كاره‌با‌و هه‌لی كار بكه‌ن.

 

بۆ رۆژی دواتریش حزبه‌ شیعه‌كان به‌خێرایی ده‌ستیان به‌ دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كرده‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی سیستانی داوای كرد په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ كه‌ كه‌سانی ته‌كنۆكرات له‌خۆبگرێت‌و سه‌رۆك وه‌زیرانێكی "به‌هێز‌و ئازا" رێبه‌رایه‌تی بكات، ئه‌ویش وه‌ك ره‌خنه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا جه‌ماوه‌رێكی زۆری له‌ده‌ست داوه‌.

 

خۆپیشاندانی هاوینه‌ له‌ عێراق شتێكی باوه‌ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما بۆ نزیكه‌ی (50 پله‌ی سیلیزی)‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌عاته‌كانی پێدانی كاره‌با، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ پێده‌چێت خۆپیشاندانه‌كان جیاواز بن، چونكه‌ تا ئێستا سه‌ركردایه‌تییه‌كیان نییه‌‌و ده‌یان داواكارییان هه‌یه‌‌و توڕه‌یی به‌رامبه‌ر هه‌موو ده‌سته‌بژێری سیاسی كۆیان ده‌كاته‌وه‌.

 

خۆپیشاندانی بێ سه‌ركردایه‌تی

بۆیه‌كه‌مینجار خۆپیشاندانه‌كان له‌ به‌سره‌وه‌ ده‌ستیانپێكرد نه‌ك به‌غدا، ورده‌ ورده‌ش ناڕه‌زاییه‌كان له‌و شاره‌ی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وت نووستووه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ پارێزگاكانی میسان‌و زیقار‌و موسه‌ننا‌و نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا‌و دواجاریش به‌غدا كه‌ ناڕه‌زاییه‌كانی شه‌رمنانه‌ بوون، كه‌واته‌ هۆكاره‌كه‌ چییه‌؟

 

خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م جاره‌ بێ سه‌ركردایه‌تین، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ ده‌كرێت ئاژاوه‌گێڕان یاخود لایه‌نگرانی حزبه‌كان دزه‌ بكه‌نه‌ نێویانه‌وه‌، هه‌روه‌ها زه‌حمه‌ته‌ وه‌فدێك پێكبهێنرێت بتوانێت دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بكات سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانیان یاخود به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی ئه‌و داواكاریانه‌.

 

ئه‌و وه‌فدانه‌ی له‌ باشووره‌وه‌ ده‌هاتن‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران به‌درێژایی هه‌فته‌ی رابردوو له‌ نووسینگه‌ی خۆی له‌ به‌غدا سه‌رقاڵی پێشوازیلێكردنیان بوو، هه‌رزوو خۆپیشاندرانی دیكه‌ رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌و وه‌فدانه‌ نوێنه‌رایه‌تییان ناكه‌ن، نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كگرتووش ره‌نگه‌ ببیته‌ هۆی پووكانه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان له‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌مدا.

 

هه‌تا ساڵی رابردووش جوڵانه‌وه‌ مه‌ده‌نی‌و عه‌لمانییه‌كان سه‌ركردایه‌تی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان ده‌كرد كه‌ له‌ ساڵی 2010وه‌ كه‌لتوری ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیان له‌ دژی ده‌سه‌ڵات هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام دوای به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌دا بوونه‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی سیاسی‌و هه‌ستیان به‌ ئیحراجی كرد ئه‌گه‌ر به‌شداری له‌ ناڕه‌زاییه‌كانی ئێستادا بكه‌ن.

 

سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی خۆپیشاندانه‌كان موقته‌دا سه‌در بوو كه‌ ساڵانێكه‌ وه‌ك سیمبولێكی به‌رهه‌ڵستی حزبه‌ شیعه‌ فه‌رمانڕه‌واكان‌و ئایكۆنی ناڕه‌زاییه‌كان لێی ده‌ڕوانرێت، به‌ڵام هاوپه‌یمانی به‌ستنی له‌گه‌ڵ هێزه‌ مه‌ده‌نی‌و عه‌لمانییه‌كان‌و سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ خستیانه‌ خانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌و ئه‌ویش هه‌ستی به‌ ئیحراجی كرد له‌ به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا، كاتێكیش هه‌وڵی دا وه‌فدێك له‌لایه‌نگرانی بنێرێته‌ لای خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌، رازی نه‌بوون پێشوازی لێ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش شۆكێك بوو له‌ حساباتی سه‌دردا نه‌بوو.

 

په‌رله‌مانتارێكی سه‌ركه‌وتووی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی"سائیرون" كه‌ سه‌در رێبه‌رایه‌تی ده‌كات‌و پێی باش بوو ناوی نه‌هێنرێت به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌ڕاستیدا سه‌ركه‌وتنمان له‌ هه‌ڵبژاردندا كاریگه‌ری پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو، چونكه‌ خۆپیشانده‌ران وا لێمان ده‌ڕوانن كه‌ بووینه‌ته‌ دۆستی ده‌سه‌ڵات ته‌نانه‌ت به‌رله‌وه‌ی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانیش پێكبهێنرێن".

 

وتیشی: "ئێمه‌ پشتیوانی خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین‌و ئه‌گه‌ر سه‌رپشك بكرێین له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات‌و پشتیوانیكردنی داواكاری خۆپیشانده‌راندا، ئه‌وا خۆپیشاندان له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ڵده‌بژێرین له‌بری به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تێكدا كه‌ نه‌توانێت خزمه‌تگوزاری دابین بكات".

 

نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاوازی ناڕه‌زاییه‌كانی ئه‌مجاره‌، ره‌خنه‌گرتنی خۆپیشانده‌رانه‌ له‌ هه‌موو حزبه‌كان‌و هه‌ر كه‌سێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و ئاینییه‌وه‌ هه‌بێت، ته‌نانه‌ت دیارترین پیاوی ئاینییش كه‌ عه‌لی سیستانییه‌، چونكه‌ خۆپیشانده‌ران چه‌ند دروشمێكیان به‌رزكردبووه‌وه‌ كه‌ ره‌خنه‌یان لێده‌گرت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ناڕه‌زاییه‌كاندا پشتیوانی خۆپیشانده‌رانی نه‌كردووه‌، بۆ موقته‌دا سه‌در به‌هه‌مان شێوه‌.

 

خۆپیشانده‌ران له‌وه‌ش زیاتر پێیان داگرت كه‌ باره‌گای حزبه‌ شیعه‌كانیان له‌ باشووری وڵات سووتاند به‌ باره‌گای ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌شه‌وه‌ كه‌ تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر جێگای رێز‌و پێزانین بوون به‌هۆی هه‌وڵه‌كانیان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ رێكخراوی "داعش"دا".

 

داواكاری جیاواز

ناڕه‌زاییه‌كان دوای ئه‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد كه‌ ده‌یان گه‌نجی بێكار له‌ دانیشووانی گوندی "باهیله‌"ی ده‌وروبه‌ری به‌سره‌ له‌به‌رده‌م یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانی نه‌وتی نزیك له‌و ناوچه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌‌و داوای ده‌رفه‌تی كاریان كرد، دواتر خۆپیشاندان په‌لی هاویشت بۆ ناوه‌ندی شار وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر خراپی خزمه‌تگوزاری‌و به‌تایبه‌تیش كاره‌با‌و ئاو، سه‌ره‌ڕای بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیرانیش به‌ له‌كارلادانی وه‌زیری كاره‌با، به‌ڵام داواكارییه‌كان زیاتر بوون.

 

دوای سێ هه‌فته‌ش له‌ خۆپیشاندان، داواكارییه‌كان زیاتر بوون‌و هه‌ندێكیشیان پێویستان به‌ ساڵانێك هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردن، له‌و داواكاریانه‌ش هه‌مواركردنی ده‌ستوور‌و گۆڕینی سیستمی سیاسی په‌رله‌مانی بۆ سیستمی سه‌رۆكایه‌تی كه‌ تێیدا سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن ده‌گده‌رانه‌وه‌ هه‌ڵببژێردرێت، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، هه‌ندێك له‌م داواكاریانه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌رچه‌كرداری توڕه‌‌و نا مه‌دروسن كه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كگرتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

به‌درێژایی سێ هه‌فته‌ی رابردووش حكومه‌ت هه‌وڵه‌كانی خسته‌گه‌ڕ بۆ هه‌ڵمژینی توڕه‌یی خۆپیشانده‌ران له‌ڕێی نێوبژیوانی سیاسی‌و عه‌شایری‌و پیاوانی ئاینی ده‌ستڕۆیشتوو له‌ شاره‌ توڕه‌كاندا، دوای چوونی عه‌بادیش بۆ به‌سره‌ خه‌ڵكی ناڕازی گه‌مارۆیان دا، دواتر ئه‌ویش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد له‌ به‌غدا پێشوازی له‌ وه‌فدی خۆپیشانده‌ران بكات‌و بڕیاریشی دا به‌هه‌زاران ده‌رفه‌تی كار دابین بكرێن‌و پرۆژه‌ په‌ككه‌وتووه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران گومانیان له‌و به‌ڵینانه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ بڕیاریان دا له‌ خیمه‌دا مانبگرن.

 

عه‌بدولڕه‌زا روبه‌یعی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شێخه‌كانی به‌سره‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "حكومه‌ت درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كات، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ كاتی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی بودجه‌وه‌ حكومه‌ت به‌ڕه‌سمی رایگه‌یاند به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ هیچ پله‌یه‌كی وه‌زیفی بۆ دامه‌زراندن ته‌رخان ناكات، ئێستاش هه‌زاران پله‌ی وه‌زیفی ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ده‌توانێت ئه‌م دامه‌زراندنانه‌ ته‌رخان بكات، بۆچی چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر وتی ناتوانم ته‌رخانی بكه‌م؟، ئه‌گه‌ر به‌راستیش ناتوانێت پله‌ی وه‌زیفی دابین بكات، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دامه‌زراندنانه‌ی به‌م دواییانه‌ حكومه‌ت رایگه‌یاندن راسته‌قینه‌ نین".

 

قورسی پێكهێنانی حكومه‌ت

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زاییه‌كاندا حزبه‌ گه‌وره‌كان دانوستانه‌كانیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راگرت، موقته‌دا سه‌دریش كه‌ براوه‌ی پله‌ یه‌كی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی نوێیه‌ (56 كورسی) رایگه‌یاند دانوستانه‌كان دواده‌خات‌و گرنگی به‌ داواكاری خۆپیشانده‌ران ده‌دات، به‌ڵام سیستانی وه‌ك هه‌میشه‌ مێزه‌كه‌ی به‌سه‌ر هه‌موواندا هه‌ڵگێڕایه‌وه‌.

 

تا به‌یانی هه‌ینی رابردووش خۆپیشانده‌ران ناڕازی بوون له‌ سیستانی له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ینی پێشتر باسی نه‌كردبوون، به‌ڵام وتاره‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی سیستانی توند بوو به‌رامبه‌ر به‌ سیاسییه‌كان، بۆ یه‌كه‌مینجاریش داوای له‌ خۆپیشانده‌ران كرد به‌رده‌وام بن بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ك داوای له‌ سیاسییه‌كانیش كرد به‌ هه‌ڵه‌كانیاندا بچنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نا خۆپیشاندانه‌كان په‌ره‌ده‌ستێنن بۆ ئاستی مه‌ترسیدار.

 

 مه‌به‌ستی سیستانیش له‌وه‌دا خۆپیشاندانه‌كانی سوننه‌ بوو له‌ ساڵی 2013دا كه‌ بۆ ماوه‌ی 11 مانگ به‌رده‌وام بوون به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت گوێ له‌ داواكارییه‌كانیان بگرێت، به‌ڵكو په‌نای بۆ هێز برد بۆ بڵاوه‌پێكردنیان‌و توندڕه‌وانیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان قۆزتیانه‌وه‌.

 

به‌هۆی گوشاری خه‌ڵكی ناڕازی‌و داواكارییه‌كه‌ی سیستانیشه‌وه‌ حزبه‌ شیعه‌كان دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تیان ده‌ستپێكرده‌وه‌، به‌ڵام رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ سیاسییه‌كانی تووشی شڵه‌ژان كردووه‌، چونكه‌ یه‌كه‌مجاره‌ دانوستان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رێكی توڕه‌دا ده‌كه‌ن كه‌ گه‌مارۆی باره‌گاكانیان داون‌و دروشمی داواكاری چاكسازییان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌‌و سیستانیش كه‌ رێزلێگراوترین كه‌سایه‌تی وڵاته‌ داوای هه‌ڵبژاردنی حكومه‌تێك ده‌كات به‌پێی له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌سانی ته‌كنۆكرات نه‌ك پشككاری.

 

ئێستا حزبه‌ عێراقییه‌كان تووشی سه‌رسوڕمان هاتوون، چونكه‌ ده‌ترسن حكومه‌ت له‌سه‌ر شێوازه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ به‌پێی پشككاری پێكبهێنرێت له‌كاتێكدا به‌شێك له‌ حزبه‌كان وازیان له‌وه‌ هێناوه‌ به‌ئاشكرا داوای پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ شه‌قام توڕه‌ ده‌كات، هاوكات حزبه‌كان دوودڵن له‌ په‌نابردن بۆ پێودانگی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دوور له‌ پشككاری، چونكه‌ له‌دوای 2003وه‌ بۆ جارێكیش ئه‌وه‌یان تاقی نه‌كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ ئاڵنگاری پێكهێنانی حكومه‌ت گه‌وره‌تر بووه‌‌و ره‌نگه‌ چه‌ند مانگێك بخایه‌نێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌