راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كێشه‌ به‌كێشه‌ ده‌سپێردرێت
له‌ئێستاوه‌ بۆمبێكی‌ ته‌وقیتكراو بۆ خولی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماده‌یه‌

هه‌ستیار قادر
سڕكردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گرێیه‌ بۆ خولی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مان، هه‌نارده‌ی‌ كێشه‌یه‌كی‌ كۆنی‌ كرد بۆ قۆناغێكی‌ سیاسیی‌‌و هاوكێشه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ سیاسی‌ نێوان حزبه‌كانی‌ سه‌ره‌و خواركرده‌وه‌.
2.08.2018  |  هه‌ولێر
پەیکەری سیمبولی قوفڵی پەرلەمان ( :وێنه حمه سور)
پەیکەری سیمبولی قوفڵی پەرلەمان ( :وێنه حمه سور)

رۆژی‌ 11ی‌ مانگی‌ ته‌مووز بۆ جارێكی‌ تر په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ستی‌ برد بۆ هه‌ستیارترین پرسی هه‌رێم كاتێك به‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ سڕكرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ خولی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مان چاره‌نوسی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ داهاتوو هه‌ڵبژاردنی‌ بۆ بكرێت.

 

هه‌ڵدانی‌ تۆپی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ بۆ گۆڕه‌پانی خولی‌ داهاتوو له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌پاش كۆتاییهاتنی‌ ویلایه‌تی‌ یاسایی مه‌سعود بارزانی-ه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2015 لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ له‌نێو په‌رله‌مان‌و ده‌ره‌وه‌یدا ده‌رچه‌یه‌كی‌ سیاسی‌‌و یاسایی بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بدۆزنه‌وه‌و كاریگه‌رییه‌كه‌شی پێچه‌وانه‌ بووه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی‌ دووساڵ خودی‌ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ په‌كخرا. 

 

ئه‌مجاره‌یان فراكسیۆنی‌ گۆڕان قردێله‌ی‌ ده‌ستپێكی‌ مشتومڕێگی‌ تری‌ بڕی‌ له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كاتێك پڕۆژه‌یاسایه‌كی‌ پێشكه‌شكرد بۆ سڕكردنی‌ دامه‌زاروه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌كاتێكدا خۆی‌ پێشتر له‌پێشینه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بوو كه‌ داوای‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ ده‌كرد كه‌ له‌ساڵی‌ 2005ه‌وه‌ مه‌سعو بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ تێدا جێگر بوو تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌كۆتایی 2017 ده‌ستی‌ له‌كاركێشایه‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ وایكرد كه‌ ئه‌و گرێیه‌ زیاتر به‌ره‌و ئاڵۆزی‌ بڕوات نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بوو كه‌ به‌پێی‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویسته‌ هاوكات هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش ئه‌نجامبدرێت.

 

به‌هار مه‌حمود په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" وتی‌ "بۆ ئێمه‌ باشتر بوو سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێردرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكاتی‌ هه‌رێم بكرایه‌ چوار ساڵی‌ تر پڕۆژه‌كه‌مان جێبه‌جێنه‌ده‌كرا بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك له‌په‌رله‌مانه‌وه‌و سیتسمی‌ حوكمرانیشیمان بۆ نه‌ده‌كرا به‌په‌رله‌مانی‌".

 

له‌كۆتایی ساڵی‌ رابردوو به‌یاسایه‌ك له‌پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌سه‌ر په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌رییدا دابه‌شكران تا كۆتایی ئه‌م خوله‌.

 

پاڵنه‌ری‌ پاڵپشتیكه‌رانی‌ یاسای‌ سڕكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌رده‌وامی‌ دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ بۆ رێگریی‌ بووه‌ له‌دروستبوونی‌ بۆشایی یاسایی، چونكه‌ به‌پێی‌ یاسا ده‌بێت سه‌رۆك واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان دیاریبكات‌و پاڵێوراویش بۆ  پێكهێنانی‌ حكومه‌ت رابسپێرێت.

 

له‌ساڵی‌ (2013)ه‌وه‌ گرێی‌ یاسایی ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم چه‌قی‌ ململانێی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌، هه‌موو رێگای‌ ئاڵۆزییه‌كان ده‌چووه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ كه‌ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی‌ 2005ه‌وه‌ داندرا.

 

كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ به‌ته‌نیا ئه‌و یاسایه‌ نوێیه‌ی‌ په‌رله‌مان ناتوانێت رێگاچاره‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم  كێشه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ بووه‌ له‌نێوان پارتی‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌پشكی‌ خۆی‌ ده‌زانێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ تردا كه‌ له‌ساڵی‌ 2015 چوار پڕۆژه‌ یاسایان بۆ هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم پێشكه‌ش كرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان چاره‌سه‌ری‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌رێگه‌ی‌ یاسای نوێكه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستورو باڵانسی هێز له‌په‌رله‌مانی‌ داهاتوودا كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ئه‌گه‌ری‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و پرسه‌ی‌ له‌خودی‌ داهاتوو ئه‌سته‌م كردووه‌.

 

وشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی‌ پارتی‌ به‌ "نیقاش"ی وت "گرنگه‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌ده‌ستوردا بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدرێت جگه‌له‌وه‌ش به‌لای‌ پارتیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ گرنگه‌و سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش پایه‌یه‌كی‌ پێویستی‌ سومبولی‌ هه‌رێمه‌ كه‌ ده‌بێت بمێنێته‌وه‌".

 

سیوه‌یلی پێیوایه‌ سازانی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌خولی‌ داهاتوو گرنگه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وپرسه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرا له‌نێو په‌رله‌مان به‌پێی‌ سه‌نگ كورسی لایه‌نه‌كان به‌ده‌نگدان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

 

بۆچونی‌ پارتی‌ بۆ خولی‌ داهاتوو ئه‌ڵقه‌یه‌كی‌ تری‌ كێشه‌كه‌ ده‌بێت، چونكه‌ له‌لایه‌ك ده‌ستور له‌ساڵی‌ 2009وه‌ نه‌توانراوه‌ سازانی‌ له‌سه‌ر بكرێت، له‌یه‌لاكی‌ تریشه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ ئاڵۆزی‌ ئێستای‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شی ئه‌وه‌ ناكات سازان له‌سه‌ر پرسێكی‌ هه‌ستیاری‌ وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بكه‌ن.

 

له‌باری‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستوریشدا كێشه‌یه‌كی‌ تر بۆ پرسه‌كه‌ زیاد ده‌كات كه‌ توانای‌ مه‌سعود بارزانی‌ ده‌بێت بۆ خۆپاڵاوتنی‌ بۆ دوو ویلایه‌تی‌ تری‌ هه‌شت ساڵی‌ پۆسی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كه‌ ئێستا به‌پێی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مافی‌ نه‌ماوه‌و پێشتریش ئه‌و خۆپاڵاوتنه‌ گرێیه‌كی‌ تری‌ سیاسی‌ پرسه‌كه‌ بوو.

 

وروژاندنی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و ده‌ركردنی‌ یاسایه‌ك به‌پێشنیاری‌ گۆڕان ده‌ركه‌وتنی‌ سه‌ره‌تای‌ گۆڕانكارییه‌كی‌ نوێش بوو له‌ هاوكێشه‌ی‌ سیاسیدا. 

 

به‌ر له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورت له‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ گۆڕان، پارتیش پڕۆژه‌یه‌كی‌ هاوشێوه‌ی‌ پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان كردو خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كرا كه‌ ته‌نیا جیاوازییان ئه‌وه‌ بوو له‌پڕۆژه‌كه‌ی‌ پارتیدا چاره‌سه‌ری‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌سترابووه‌وه‌ به‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستوره‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌دوای‌ ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ گۆڕان‌و پارتی‌ پڕۆژه‌ی‌ هاوشێوه‌ بۆ یه‌ك پرسی‌ هه‌ستیاری‌ له‌وجۆره‌ له‌په‌رله‌مان پێشكه‌ش بكه‌ن كه‌ پێشتر خاڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ناكۆكییان بوو كه‌ ره‌نگه‌ پاڵنه‌ره‌كانی‌ گۆڕان دووسه‌ره‌ بوبێت.

 

خراپی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ به‌هۆی‌ په‌ككه‌وتنی‌ رێكه‌وتنی‌ نێوانیان‌و تۆمه‌تباركردنی‌ پارته‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاریی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا په‌یوه‌ندییه‌كانیانی‌ گه‌یاندنه‌ ئاستی‌ راگرتن.

 

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌نه‌مانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ ئه‌م خوله‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كێشه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ سه‌ركۆماریش دروست بێت له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌پێی‌ سازانی‌ نێوان دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌  هه‌رێم دابه‌ش كرابوون.

 

له‌سه‌ره‌تا ئه‌مانگه‌شدا مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌هه‌ولێر به‌رونی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ پارته‌كه‌ی‌ داوای‌ پۆستی‌ سه‌ركۆمار ده‌كات.

 

دلێر ماوه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "پرۆژه‌كه‌ی‌ پارتی‌‌و گۆڕان بۆ سڕكردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم یه‌ك پڕۆژه‌ن، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ گۆڕانیش تاهێندێك له‌پارتی‌ نزیك كرده‌وه‌، له‌وانه‌شه‌ گۆڕان وایان بیركردبێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم نه‌مێنێت سه‌ركۆماریش بۆ یه‌كێتی‌ نامێنێت كه‌ لێی‌ عاجزن، یان مه‌یلی ئه‌وه‌شیان هه‌بوو بێت له‌حكومه‌تی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێمدا به‌شداری‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌وه‌"

 

ئه‌وپرسه‌ ته‌نیا له‌یه‌ك گۆشه‌وه‌ گۆڕانكاریی‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان لایه‌نه‌كان نه‌كرد، به‌ڵكو بۆ یه‌كه‌مجار له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا كه‌لێنی‌ خسته‌ نێوان ئه‌و هێزانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وپرسه‌ هاوپه‌یمان بوون.

 

په‌رله‌مانتارانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان به‌ر له‌پێشنیاركردنی‌ تاوتوێی‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ی‌ گۆڕان ئیمزاكانیان له‌سه‌ری‌ ره‌شكرده‌وه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕینێك بۆ ته‌واوی‌ بیرۆكه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر هه‌ردوولا هاورابوون له‌سه‌ر هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و یه‌كی‌ پڕۆژه‌یه‌كیشیان بۆی‌ هه‌بوو.

 

مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌"نیقاش"ی وت "له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كه‌ نه‌بووین‌و ده‌بوو گرنگی‌ پڕۆژه‌ی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بدرایه‌، یاساكه‌ی‌ گۆڕان جیاوازه‌ له‌پڕۆژه‌ی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌".

 

گه‌ڵاڵی‌ ده‌شڵێت "گومان هه‌یه‌ له‌گۆِرانی‌ هه‌ڵوێسته‌كان، چونكه‌ پێش پڕۆژه‌كه‌ی‌ گۆڕان پارتیش پڕۆژه‌یه‌كی‌ هاوشێوه‌یان هه‌بوو، له‌سیاسه‌تیشدا وایه‌ له‌ قۆناغێكدا هاوڕاین و له‌قۆناغێكی‌ تردا جیاوازین".

 

له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌چنینی‌ قورستربێت، ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن ئه‌و پرسه‌ ته‌نیا لایه‌نی‌ یاسایی نییه‌و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كان‌و ململانێی‌ حیزبی‌و به‌رژوه‌ندی‌ ئاڵۆزتری‌ كردووه‌.

 

د. شۆرش حه‌سه‌ن پسپۆری‌ یاسای ده‌ستوریی‌و مامۆستا له‌كۆلێژی‌ یاسای‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌ گه‌وره‌تر له‌وه‌ ده‌زانێت  كه‌ به‌ یاسایه‌ك چاره‌سه‌ربكرێت له‌په‌رمان به‌بێ بوونی‌ ده‌ستور و كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كه‌سیه‌ نه‌ك یاسایی‌و "له‌ هه‌رێم یاساكان بۆ كه‌س‌و حزب‌و بنه‌ماڵه‌كان داده‌نرێت‌و به‌هه‌مان هۆكاریش هه‌موار ده‌كرێنه‌وه‌".

 

د شۆرش حه‌سه‌ن به‌"نیقاش"ی‌ وت "سڕكردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ وای كردووه‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ كردووه‌ته‌ سیستمێكی‌ نامۆ كه‌ نه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌ نه‌ په‌رله‌مانی نه‌ تیكه‌ڵه‌و  ده‌بێت سه‌رۆكێكی‌ بێ ده‌سه‌ڵات یان به‌ده‌سه‌ڵات هه‌بێت دادوه‌ربێت له‌نێوان په‌رله‌مان‌و حكومه‌تدا".

 

دواخستنی‌ كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌هه‌رێم كوردستان له‌قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی‌ تر به‌چاره‌سه‌رێكی‌ كاتییه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ كه‌ڵه‌كه‌بووی‌ سیاسی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ له‌ماوه‌ی‌ 27 ساڵی‌ رابردوودا به‌ئاسانی‌ چاره‌سه‌ر نابێت.   

 

ساڵی‌ 1992 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌كوردستان ئه‌نجامدرا، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌شدا بڕیاربوو هه‌ڵبژاردن بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ بچێت كه‌ ئه‌وكات ناوی‌ پۆسته‌كه‌ بریتی‌ بوو له‌"رابه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازیی كوردستان"، هه‌رچه‌نده‌ دواتر ئه‌نجامه‌كانی‌ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌.

 

مه‌حمود عوسمان یه‌كێك بوو له‌و چوار كاندیده‌ی‌ له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا ركابه‌رایه‌تی‌ ده‌كرد، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و كاته‌ش به‌هۆی‌ نه‌سازانی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ (سكرتێری‌ گشتی‌ كۆچكردووی‌ یه‌كێتی‌)‌و مه‌سعود بارزانیه‌وه‌ نه‌یانتوانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن‌و پڕنه‌كرایه‌وه‌، كێشه‌ له‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا نییه‌، كێشه‌ ناكۆكی‌ نێوان حزبه‌كانه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌