راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌واڵی ساخته‌ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ده‌ته‌نێت
عه‌بادی لای خومەینی نییەو تره‌مپ باسی ناڕه‌زاییه‌كان نه‌كردووه‌‌و سعودیه‌ش كاره‌بای نه‌ناردووه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌دژی خراپی خزمه‌تگوزاری‌و گه‌نده‌ڵی بووه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان هه‌واڵی ساخته‌، بڕینی‌ ئینته‌رنێتیش بووه‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر باوه‌ڕ به‌هه‌واڵه‌ ساخته‌كان بكه‌ن.
26.07.2018  |  به‌غدا

رۆژی 14ی ئه‌م مانگه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ته‌واوی خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتی له‌ وڵات بڕی، ئه‌ویش دوای په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی له‌ 8ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ پارێزگای به‌سره‌ ده‌ستیانپێكرد‌و سه‌ره‌تا سنوورداربوون‌و به‌رپرسان پێیان وابوو ناڕه‌زایی رۆتینیین‌و هه‌موو هاوینێك رووده‌ده‌ن، به‌ڵام ناڕه‌زاییه‌كان په‌لیان هاویشت بۆ زۆربه‌ی پارێزگاكانی باشوور‌و به‌غداش.

 

بڕینی ئینته‌رنێت له‌ رووداوێكی گرنگی وه‌ك خۆپیشاندانه‌كاندا نیگه‌رانی دانیشتووانی لێكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ عێراقییه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر پشت به‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ستن به‌تایبه‌تیش فه‌یسبوك بۆ ده‌ستكه‌وتنی هه‌واڵ، بۆیه‌ خۆیان له‌به‌رده‌م شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا بینیه‌وه‌ بۆ زانینی هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌كان، به‌ڵام رووماڵی خراپی زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی ناوخۆ نه‌بووه‌ جێی ره‌زامه‌ندییان، بۆیه‌ هه‌ر كه‌ دوای دوو رۆژ خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت به‌خاوی گه‌ڕایه‌وه‌، په‌نایان بۆ به‌رنامه‌كانی شكاندنی قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر سایته‌كان برد، به‌ڵام لێكه‌وته‌كانی بڕینی ئینته‌رنێت گه‌وره‌تر بوون.

 

تینوێتی عێراقییه‌كان بۆ بینینی وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانه‌كان‌و بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌ په‌یجه‌ تایبه‌تییه‌كانیاندا، وای له‌ ده‌یان په‌یج كرد له‌رێی وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی كۆنه‌وه‌ هه‌واڵی ساخته‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ داڕشتنی هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو به‌ مۆركی سیاسییه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان له‌دژی ئێران‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو بوون‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

 

"نیقاش" هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه‌ تێبینی ژماره‌یه‌ك هه‌واڵی ساخته‌ی كرد كه‌ به‌هه‌زاران عێراقی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاڵوگۆڕیان ده‌كردن‌و مشتومڕی توندیشیان دروستكرد كه‌ به‌ده‌رنه‌بوو له‌ گوتاری رق‌و كینه‌ یاخود بنیاتنانی بۆچوونی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هه‌واڵه‌ ساختانه‌.

 

له‌ نێو ئه‌و هه‌واڵه‌ ساختانه‌شدا لێدوانێكی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌بوو كه‌ تێیدا هاتبوو "به‌ په‌له‌.. دۆناڵد تره‌مپ: چاودێری خۆپیشاندانه‌كانی باشووری عێراق ده‌كه‌ین"، دوای چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌میش له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، هه‌واڵێكی دیكه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان دوو فیرقه‌ی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كات‌و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا دابه‌زیون" له‌گه‌ڵ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ ده‌ركه‌وت ڤیدیۆكه‌ كۆنه‌‌و هی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ره‌.

 

سعودیه‌ كاره‌بای بۆ عێراق نه‌ناردووه‌

له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی مشتومڕیش سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌كان كه‌ سه‌ره‌تا داوای دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با‌و خزمه‌تگوزارییان ده‌كرد، عێراقییه‌كان دابه‌شبوون بۆ دوو گرووپ، یه‌كه‌میان ئێرانی تۆمه‌تبارده‌كرد به‌وه‌ی له‌پشت قه‌یرانه‌كه‌وه‌یه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئێران بڕینی چه‌ند هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی بۆ عێراق راگه‌یاند، چونكه‌ حكومه‌تی عێراق چه‌ند مانگێك بوو شایسته‌ی دارایی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی نه‌دابوو كه‌ له‌گه‌ڵی ئیمزاكراوه‌، هه‌رچی گرووپی دووه‌میشه‌ ئه‌وا سعودیه‌‌و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی له‌پشت خۆپیشاندانه‌كان‌و هاندانی شه‌قامی عێراقییه‌وه‌ن.

 

له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م مشتومڕه‌دا هه‌واڵێكی ساخته‌ له‌ په‌یجێكی نه‌ناسراوی فه‌یسبوكدا بڵاوكرایه‌وه‌ به‌ناوی "هه‌واڵه‌كانی سعودیه‌" كه‌ ده‌ڵێت"به‌ په‌له‌:  دیوانی ئه‌میری به‌ راسپارده‌ی خاوه‌نشكۆ شا سه‌لمان كوڕی عه‌بدولعه‌زیز فه‌رمانێكی ده‌ركرد بۆ راكێشانی هێڵی كاره‌با‌و ئاو بۆ ناوچه‌كانی باشووری عێراق كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ده‌ست كه‌می كاره‌با‌و ئاوی شیاو بۆ خواردنه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و به‌پێی فه‌رمانی خاوه‌نشكۆش ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت" هه‌واڵه‌كه‌ش به‌خێرایی له‌ چه‌ند په‌یجێكی عێراقی له‌ فه‌یسبوكدا بڵاوبووه‌وه‌.

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌ هه‌واڵی ساخته‌ ده‌ربازی نه‌بوو، چونكه‌ وێنه‌یه‌كی خومه‌ینی سه‌ركرده‌ی شۆڕشی ئێران له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ چوارده‌وری دانیشتوون، په‌یجه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌ ته‌نیشت خومه‌ینییه‌وه‌ دانیشتووه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادیه‌‌و كۆمێنتێكیشیان بۆ نووسیبوو كه‌ ده‌ڵێت: "عه‌بادی یه‌كێكه‌ له‌ خوێندكاره‌كانی خومه‌ینی ئیتر چۆن ئومێدی چاكسازی بخوازین، برایان ئێران له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌تانه‌".

دوای لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ وێنه‌كه‌، ده‌ركه‌وت هی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خومه‌ینییه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی "سوپای پاسدارانی ئێران" له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا.

 

دوای چه‌ند رۆژێكیش له‌ ناڕه‌زاییه‌كان هه‌ندێك پێكدادان له‌نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و خۆپیشانده‌ران له‌ به‌سره‌‌و به‌غدا روویاندا، عێراقییه‌كان ته‌نیا شتیان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌بیست، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ به‌دوای وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆییدا ده‌گه‌ڕان، تا وێنه‌ی ئه‌ندامێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ رووی چه‌كه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ كه‌سێكی بێ چه‌كی پاڵكه‌وتوو له‌سه‌ر زه‌وی، دواتریش ده‌ركه‌وت ئه‌و وێنه‌یه‌ كۆنه‌‌و مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تێیدا چه‌ند ئه‌ندامێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا ئه‌ركێكی راهێنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

 

به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ مه‌ترسیداره‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی نیشتمانی هه‌بوو بریتی بوو له‌و هه‌واڵه‌ی ده‌ڵێت: "ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌ خۆپیشانده‌رانیان داوه‌ له‌ ئه‌فسه‌رانی سوننه‌ی موسڵ‌و ئه‌نبار بوون‌و هه‌وڵیان داوه‌ تۆڵه‌ له‌ خۆپیشانده‌رانی شیعه‌ بكه‌نه‌وه‌"، كه‌س سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ نازانێت‌و حكومه‌تیش لێدوانی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌دا.

 

عه‌لی روبه‌یعی نه‌قیب له‌ كه‌رتی پۆلیسی به‌ری ره‌سافه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌‌و به‌ "نیقاش"ی وت: " به‌داخه‌وه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ جۆرێك له‌ رق‌و كینه‌ی له‌دژمان دروستكرد، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ له‌ نزیك خۆپیشانده‌ران بوون دانیشتووی هه‌مان ئه‌و شارانه‌ن، له‌ هه‌ر پارێزگایه‌كیشدا هێزی پۆلیسی خۆجێی‌و هێزی نه‌هێشتنی ئاژاوه‌گێڕی هه‌یه‌، مه‌حاڵه‌ هێز له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركه‌ بهێنرێت".

 

به‌ سه‌دان عێراقی هاوسۆزی خۆپیشانده‌ران هه‌ر به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان له‌ په‌یجه‌كانیان نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆییشیان بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن‌و په‌یجه‌ گشتییه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نارد كه‌ هه‌ندێكیان راسته‌قینه‌بوون‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان راسته‌قینه‌ نه‌بوون، په‌یجی "نیقاش" له‌ فه‌یسبوك ژماره‌یه‌ك له‌و نامانه‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ كه‌ ده‌ركه‌وت هه‌ندێكیان هه‌ڵبه‌ستراو‌و كۆنن‌و مێژووه‌كه‌یان بۆ ساڵانی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

داخوازی كوده‌تای سه‌ربازی

دوای تێپه‌ڕبوونی دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر ناڕه‌زاییه‌كان‌و ئه‌و لێدان‌و ده‌ستگیركردنانه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ندێك له‌ خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه‌، هه‌واڵێكی هه‌ڵبه‌ستراو بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ لێدوانی جه‌نه‌ڕاڵ تاڵب شه‌غاتی فه‌رمانده‌ی ده‌زگای دژه‌تیرۆره‌ له‌باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كراونه‌ته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران‌و تێیدا وتوویه‌تی: "ئه‌مه‌ شه‌ڕی ئێمه‌ نییه‌‌و ده‌ستمان به‌خۆینی رۆڵه‌كانمان سوور ناكه‌ین له‌پێناو به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كاندا".

 

هه‌واڵه‌كه‌ له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌ناسراوه‌وه‌ ئه‌وه‌شی گواسته‌وه‌ كه‌ جه‌نه‌ڕاڵ تاڵب شه‌غاتی رازی نه‌بووه‌ هێزه‌كانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر بنێرێت بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران‌و داواشی له‌ حكومه‌ت كردووه‌ گوێ له‌ ده‌نگی گه‌ل بگرێت به‌رله‌وه‌ی كار له‌ كار بترازێت"، دواتریش ده‌ركه‌وت هه‌واڵه‌كه‌ درۆیه‌، به‌ڵام به‌ هه‌زاران عێراقی باوه‌ڕیان پێكرد، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر هه‌یانه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی شه‌ڕیان له‌دژی توندڕه‌وان ده‌كرد.

 

ئه‌م هه‌واڵه‌ بۆچوونی نوێی له‌نێو عێراقییه‌كاندا هێنایه‌ ئاراوه‌، چونكه‌ هه‌ندێكیان پێیان وابوو چیتر خۆپیشاندان له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا سوودی نه‌ماوه‌‌و چاره‌سه‌ر كوده‌تایه‌كی سه‌ربازییه‌ كه‌ ده‌زگای دژه‌تیرۆر رێبه‌رایه‌تی بكات، ئه‌م بۆچوونه‌ش به‌ پشتبه‌ستن به‌ لێدوانێكی ساخته‌ی فه‌رمانده‌ی ئه‌و هێزانه‌ بنیاتنرابوو.

 

بڕینی ئینته‌رنێت هۆكارێكی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌یه‌

حه‌یده‌ر حه‌مزوز چالاكوانی مه‌ده‌نی‌و سه‌رۆكی تۆڕی "ئه‌نسه‌م" بۆ سۆشیال میدیا به‌ "نیقاش"ی وت: "بڕینی ئینته‌رنێت پێشێلكردنی ئازادی راده‌ربڕینه‌‌و بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ بڕینی ئینته‌رنێت له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا بڕیارێكی دروست نه‌بوو، چونكه‌ یامه‌رتیده‌ر بوو بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ، هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ریش بوو له‌  سه‌ختی تێگه‌یاندنی رایگشتی به‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ ساخته‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی پچڕانی ئینته‌رنێته‌وه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان هه‌واڵی ساخته‌ش له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، حه‌مزوز ده‌ڵێت: "ده‌وڵه‌تی عێراق سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی تۆڕی میدیای عێراقییه‌ كه‌ توانایه‌كی دارایی‌و كارگێڕی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، نه‌یتوانی سه‌كۆیه‌كی ئه‌لیكترۆنی بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌واڵی ساخته‌ دابمه‌زرێنێت، پێویستمان به‌و دامه‌زراوانه‌یه‌ كه‌ راستییه‌كان بگوازنه‌وه‌ له‌بری قه‌ده‌غه‌كردنی ئینته‌رنێت، هه‌روه‌ك بنبڕكردنی هه‌واڵی ساخته‌ پێویستی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیرییه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ییه‌ له‌باره‌ی دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كان كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌ عێراقدا نییه‌".

 

تا ئه‌مڕۆش خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت خاوه‌، چونكه‌ هێشتا حكومه‌ت رێی له‌ ده‌یان سایتی ئه‌لیكترۆنی‌و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك واتساپ‌و  ڤایبه‌ر گرتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش عێراقییه‌كانی ناچار كردووه‌ به‌رنامه‌ی فلته‌رشكێن به‌كاربهێنن‌و ئه‌وه‌ش وه‌ك عیماد كه‌ریم شاره‌زای دیجیتاڵی ده‌ڵێت، شتێكی مه‌ترسیداره‌.

 

عیماد له‌ لێدوانێكیدا به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌رنامه‌كانی فلته‌رشكاندن كه‌ ئێستا عێراقییه‌كان له‌ مۆبایل‌و كۆمپیوته‌ره‌كانیاندا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئینته‌رنێت به‌كاریان ده‌هێنن، زۆر مه‌ترسیدارن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌خۆڕایین، چونكه‌ ئه‌و به‌رنامانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر تایبه‌تمه‌ندی به‌كارهێنه‌رانیان به‌تایبه‌تی كه‌ پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستن وا پیشانی ئامێره‌كانی قه‌ده‌غه‌كردن بده‌ن كه‌ به‌كارهێنه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق نیشته‌جێیه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و به‌رنامانه‌ ده‌توانن به‌ئاسانی بگه‌نه‌ زانیاریییه‌ كه‌سییه‌كان".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌