راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تۆمه‌تی تیرۆر‌و به‌عسیبوون به‌دوایانه‌وه‌یه‌
نه‌فره‌تی داعش رێگره‌ له‌خۆپیشاندانی پارێزگا سوننه‌كان

موسته‌فا حه‌بیب
دانیشتووانی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان به‌شدارییان نه‌كرد له‌خۆپیشاندان له‌دژی گه‌نده‌ڵی‌و خراپی خزمه‌تگوزاری، هه‌رچه‌نده‌ بارودۆخیان له‌هاوتاكانیان له‌به‌غدا‌و پارێزگاكانی باشوور باشتر نییه‌‌و بگره‌ خراپتریشه‌.
26.07.2018  |  به‌غدا
خۆپیشاندانەکانی بەغدا ( :وێنه جيتي)
خۆپیشاندانەکانی بەغدا ( :وێنه جيتي)

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رمه‌د قه‌یسی دانیشتووی موسڵ له‌كۆمێنتێكیدا بۆ وێنه‌یه‌ك كه‌ په‌یجێكی گشتی له‌ فه‌یسبوك سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌كانی شاری به‌سره‌ی باشووری عێراق بڵاویكردبووه‌وه‌، نووسیبووی :"له‌ موسڵه‌وه‌ سڵاوتان لێبێت، دڵمان له‌گه‌ڵتانه‌، هاوبه‌شی كاره‌ساته‌كه‌تانین‌و ئێمه‌ش خزمه‌تگوزاریمان نییه‌، هیوادارین خودا بتانپارێزێت‌و ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ به‌ده‌ستبهێنن".

 

به‌ڵام هه‌ندێك له‌ وه‌ڵامه‌كان تووشی شۆكی كرد، یه‌كێكیان نووسیبووی: "ئێوه‌ی دانیشتووانی موسڵ خۆتان له‌ خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڵمه‌قورتێنن، چونكه‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ داعش بوون، ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ش كه‌ ئێستا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ده‌ن خه‌ڵكی موسڵ‌و ئه‌نبارن" یه‌كێكی دیكه‌ش نووسیبووی: "خۆپیشاندان مه‌كه‌ن ئێوه‌ به‌عسین".

 

هاوكات محه‌مه‌د جومه‌یلی كه‌ دانیشتووی ئه‌نباره‌ له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ فه‌یسبوك پۆستێكی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی باشووری وڵات نووسیوه‌‌و ده‌ڵێت: "شاره‌كانمان بێده‌نگن، به‌ڵام خه‌مێكی گه‌وره‌ له‌ ناخی دانیشتوواندایه‌، چونكه‌ ناتوانین خۆپیشاندان بكه‌ین".

 

له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌دا خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌ شاری به‌سره‌ی ئه‌وپه‌ڕی باشووری وڵاته‌وه‌ ده‌ستیپێكرد بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی خراپی خزمه‌تگوزاری‌و به‌دیاریكراویش ئاو‌و كاره‌با كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما بۆ نزیكه‌ی 50 پله‌ی سیلیزی، دواتر خۆپیشاندان په‌لی هاویشت بۆ نۆ پارێزگا شیعه‌نشینه‌كه‌ی باشووری وڵات جگه‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت، به‌ڵام پارێزگا سوننه‌نشینه‌كانی ئه‌نبار‌و نه‌ینه‌وا‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌ به‌شداریان نه‌كرد، كه‌واته‌ هۆكاره‌كه‌ چیه‌؟

 

عه‌بدولڕه‌حمان فه‌هداوی یه‌كێكه‌ له‌ شێخانی عه‌شیره‌ته‌كانی رومادی له‌ ئه‌نبار به‌ "نیقاش"ی وت: "ئێمه‌ هاوبه‌شی خه‌م‌و ناخۆشی كه‌سوكارمانین له‌ باشووری وڵات، بارودۆخمان له‌ به‌سره‌ یان زیقار باشتر نییه‌، بگره‌ ره‌نگه‌ خراپتریش بێت، خانووه‌كانمان خاپوركراون‌و ژێرخانمان نه‌ماوه‌ به‌هۆی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی دژ به‌ تیرۆریستان، به‌ڵام ناتوانین به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ین، چونكه‌ رووبه‌ڕووی تۆمه‌تی ئاماده‌كراو ده‌بینه‌وه‌، له‌ نموونه‌ی ئێوه‌ تیرۆریست‌و به‌عسین‌و ده‌تانه‌وێت رژێم بروخێنن".

 

فه‌هداوی وتیشی: "كاتێك چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر خۆپیشاندانه‌كان له‌ پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان له‌دژی حكومه‌تی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ده‌ستیانپێكرد، له‌سه‌ره‌تادا ئاشتیانه‌ بوون‌و حكومه‌ت به‌درێژایی زیاتر له‌ ساڵێك له‌ مانگرتنمان به‌ده‌ممانه‌وه‌ نه‌هات تا هه‌ندێك له‌ توندڕه‌وان خۆپیشاندانه‌كانیان قۆسته‌وه‌‌و خۆیان تێخزاندن، ئه‌وكاته‌ش حكومه‌ت بیانووی دۆزیه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ تیرۆر‌و لایه‌نگری حزبی به‌عس تۆمه‌تبارمان بكات".

 

له‌كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2012 پزیسكی خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌ ئه‌نباره‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی مالیكی چه‌ند بڕیارێكی بۆ دادگاییكردن‌و راوه‌دوونانی چه‌ند به‌رپرس‌و وه‌زیرێكی سوننه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌ركرد به‌تۆمه‌تی تیرۆر، هه‌روه‌ها به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی خراپی سوپا له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا، پاشان خۆپیشاندانه‌كان په‌لیان هاویشت بۆ نه‌ینه‌وا‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌‌و باشووری كه‌ركوك كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌یان سوننه‌ن.

 

خۆپیشاندانه‌كان زیاتر له‌ ساڵێك به‌رده‌وامبوون‌و گۆڕان بۆ مانگرتن له‌ خێمه‌دا تا مالیكی ئه‌و كاته‌ بریاری دا به‌ زه‌بری هێز كۆتایی به‌ مانگرتنه‌كان بهێنێت‌و سوپا به‌ چه‌كی قورس‌و فڕۆكه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌وه‌ هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كانی مانگرتن، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی بێزاری عه‌شایره‌كان‌و شه‌ڕیان له‌دژی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان راگه‌یاند، ئه‌و كاته‌ رێكخراوی "داعش" ئه‌وه‌ی به‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕین زانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و شارانه‌ به‌بیانووی پاراستنی دانیشتووانه‌كه‌یان له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و به‌وه‌ش رێكخراوه‌كه‌ دوای چه‌ند مانگێكی كه‌م خۆی ده‌رخست‌و داگیركردنی ئه‌و شارانه‌ی راگه‌یاند.

 

فه‌هداوی ئه‌وه‌شی وت كه‌: "حكومه‌ت هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌ ده‌كات كه‌ گوێ له‌ خۆپیشانده‌ران ناگرێت، چونكه‌ به‌و كاره‌ی بوار بۆ توندڕه‌وان یان خۆپیشانده‌رانی ئاژاوه‌گێڕ یاخود ته‌نانه‌ت بۆ لایه‌نگرانی حزبه‌كانیش ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ بچنه‌ نێو خۆپیشاندانه‌كان‌و ناوبانگی بشێوێنن، ئه‌مڕۆ به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڕوانین، هیوای سه‌لامه‌تییان بۆ ده‌خوازین‌و داواش له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین گوێ بۆ داواكارییه‌كانیان بگرێت".

 

وه‌ك ئیمان قه‌یسی چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ موسڵ ده‌ڵێت، به‌عسیبوون، تیرۆریست، توندڕه‌و، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ن كه‌ تا ئێستاش له‌ دانیشتووانی شاره‌ ئازادكراوه‌كان نابنه‌وه‌، ئه‌و له‌ لێدوانێكدا به‌ "نیقاش"ی وت: "بارودۆخمان زۆر له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ خراپتره‌، ئاو ناگاته‌ ماڵه‌كانمان بۆ چه‌ند سه‌عاتێك نه‌بێت‌و به‌كه‌ڵكی به‌كارهێنانیش نایه‌ت به‌هۆی ئه‌و وێرانكارییه‌ی وێستگه‌كانی ئاو پاڵاوتن دووچاری هاتوون، هه‌رچی كاره‌بایشه‌ ئه‌وا له‌ رۆژێكدا ته‌نیا سێ یان چوار سه‌عاتێك هه‌مانه‌، زبڵ‌و خاشاكیش له‌ به‌رده‌م ده‌روازه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كاندا كه‌ڵه‌كه‌ بوون به‌هۆی نه‌بوونی كرێكاری پاككه‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها بێكاریش هه‌یه‌‌و ده‌رفه‌تی كاركردن نییه‌ له‌ كاتێكدا دانیشتووانی شاره‌كه‌ زیاتر له‌ شاره‌كانی دیكه‌ پێویستیان به‌ كاره‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانووه‌ خاپوركراوه‌كانیان".

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌م كێشانه‌ش وه‌ك ئیمان ده‌ڵێت دانیشتووانی موسڵ ناتوانن بچنه‌ده‌وه‌ بۆ خۆپیشاندان "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ تیرۆر تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن، پۆستێكم له‌ ئه‌كاونته‌كه‌م له‌ فه‌یسبوك نووسی بۆ پشتگیری خۆپیشاندانه‌كانی باشووری وڵات، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كان نائومێدكه‌ر بوون، یه‌كێكیان پێی وتم: بۆچی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن؟ وا دیاره‌ ده‌تانه‌وێت داعشتان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، سوپاسی خودا بكه‌ن كه‌ سوپا له‌ داعش رزگاری كردن".

 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌ ره‌سمییه‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق زیانی پارێزگا ئازادكراوه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ ملیاره‌ها دۆلار‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌لمان جومه‌یلی وه‌زیری پلاندانان له‌ كۆنگره‌كه‌ی كوه‌یت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌ ئازادكراوه‌كان رایگه‌یاند وڵات پێویستی به‌ 88.2 ملیار دۆلاره‌ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و خانو‌و پرد‌و ژێرخان‌و نه‌خۆشخانانه‌ی به‌هۆی ململانێكان‌و جه‌نگی دژ به‌ داعش وێران بوون.

 

له‌ سه‌ڵاحه‌دینیش ره‌وشه‌كه‌ زۆر جیاواز نییه‌، چونكه‌ دانیشتووانی ئه‌وێش ئاگاداری خۆپیشاندانه‌كانی باشووری وڵاتن‌و هاوبه‌شی ئازاره‌كانیانن، به‌ڵام خۆپیشاندانیان رێكنه‌خستووه‌، چونكه‌ وه‌ك حوسام جبوری دانیشتووی شاری تكریتی ناوه‌ندی پارێزگاكه‌ ده‌ڵێت دانیشتووانی ئه‌وێ كه‌ گوێیان له‌ خۆپیشاندان ده‌بێت هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كه‌ن.

 

جبوری به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌ڕاستیدا دانیشتووانی شاره‌كه‌ نایانه‌وێت خۆپیشاندان بكه‌ن، چونكه‌ خۆپیشاندان گرێدراوه‌ به‌ یاده‌وه‌ری خراپی خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2013و رووداوه‌كانی دوایی كه‌ توندڕه‌وان‌و تیرۆریستیانان بۆ شاره‌كه‌ هێنا، هه‌روه‌ك چالاكوانانی مه‌ده‌نیش ده‌ترسن له‌وه‌ی خۆپیشاندان رێكبخه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ تیرۆر‌و لایه‌نگری حزبی به‌عس تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی كه‌ شوێنی له‌دایكبوونی سه‌رانی رژێمی پێشو‌و سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی له‌ تكریته‌".

 

جبوری داواش له‌ حكومه‌ت ده‌كات داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكات‌و ده‌ڵێت: "دانیشتووانی به‌سره‌ سته‌ملێكراون، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانیم كرد له‌ بارێكی ناهه‌مواردایه‌، دانیشتووانه‌كه‌ی خه‌ڵكی باشن‌و شایانی ژیانێكی باشترن، ئه‌و نه‌وته‌ش كه‌ ئه‌و شاره‌ به‌رهه‌می ده‌هێنێت هه‌موو عێراق تێر ده‌كات، هیوادارین دانیشتووانه‌كه‌ی به‌ سه‌قامگیری‌و خزمه‌تگوزاری شاد بن، داواش له‌ به‌رپرسانی پارێزگاكه‌مان ده‌كه‌م بایه‌خ به‌ خزمه‌تگوزاری بده‌ن، چونكه‌ خراپه‌، به‌شدارینه‌كردنیشمان له‌ خۆپیشاندان مانای ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ بارودۆخه‌كه‌ رازین".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌