راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانن
دانوستانی پێكهێنانی حكومه‌ت دوژمنانی دوێنێ كۆده‌كاته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
دوای تێپه‌ڕبوونی دوو مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردندا كوتله‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ یه‌ك هه‌نگاو به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بچنه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش حزبه‌ نه‌یاره‌كانی ناچار كردووه‌ له‌سه‌ر یه‌ك مێز دابنیشن.
12.07.2018  |  به‌غدا

پێده‌چێت ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌ی له‌ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مان راگه‌یه‌ندران شكستیان هێنابێت له‌ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان‌و ئه‌وه‌ش وای له‌ حزبه‌كان كردبێت سه‌رله‌نوێ چاو به‌ دانوستانه‌كاندا بخشێننه‌وه‌ له‌ڕێی ئه‌نجامدانی دانوستان له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیان له‌بری سووربوونیان له‌سه‌ر نزیكبوونه‌وه‌ له‌و دۆستانه‌یان كه‌ دید‌و ئامانجی هاوبه‌شیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.

 

شه‌ممه‌ی رابردوو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو ده‌كرێت به‌ مێژوویی وه‌سف بكرێت كه‌ دوژمنه‌كانی دوێنێی كۆكردبووه‌وه‌، چونكه‌ وفدێكی هاوبه‌شی "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و هاوپه‌یمانی "فه‌تح" به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی "پارتی دیموكراتی كوردستان" كۆبووه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مان كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیران‌و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی ده‌بێت.

 

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌به‌ر ئه‌م سێ هێزه‌ چووبوونه‌ شه‌ڕێكی میدیایی تونده‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ ئه‌یلولی ساڵی رابردوو ده‌ستیپێكرد‌و له‌گه‌ڵ چوونی هێزه‌كانی سوپای عێراق‌و "حه‌شدی شه‌عبی" بۆ ناو شاری كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكییه‌كان دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌گه‌ر، زۆر توندتر بوو.

 

له‌و كاته‌وه‌ به‌رپرسانی "ده‌وڵه‌تی یاسا"‌و "فه‌تح"‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌ هه‌ردووكیان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ بارزانی به‌ میلیشیا وه‌سف ده‌كه‌ن‌و بارزانیش به‌ به‌كرێگراو تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، هاوكات به‌رپرسانی "پارتی دیموكراتی كوردستان" هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" به‌ میلیشیا وه‌سف ده‌كه‌ن‌و كه‌ركوكیش به‌ داگیركراو له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

 

به‌ڵام قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌رسێ حزبه‌كه‌ی ناچار كرد له‌سه‌ر یه‌ك مێز دابنیشن‌و سنوورێك بۆ شه‌ڕی میدیایی نێوانیان دابنێن‌و قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێبكه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌م دیداره‌ له‌ناكاوه‌ بووه‌ ئامانجی هه‌واڵه‌ ساخته‌كانیش، چونكه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ رێككه‌وتنی نێوان ئه‌و سێ لایه‌نه‌یه‌‌و به‌ده‌ق  باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق بدرێته‌ مه‌سعود بارزانی به‌پشتیوانی مالیكی‌و عامری، له‌به‌رامبه‌ریشدا "پارتی دیموكراتی كوردستان" پشتیوانی مالیكی بكات بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران،  به‌ڵام به‌ڵنامه‌كه‌ راست نییه‌‌و به‌رپرسانی هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ ره‌تیانكرده‌وه‌.

 

نه‌جیبه‌ نه‌جیب ئه‌ندامی "پارتی دیموكراتی كوردستان" به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا‌و فه‌تح بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ناڕاسته‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆری بۆچوونه‌كانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌". هه‌روه‌ها وتیشی: "پارتیمان داوای جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كاندا بۆ شاری كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌‌و نه‌ینه‌وا".

 

یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجام درا كه‌ بۆیه‌كه‌م جار حزبه‌ سوننه‌ نه‌یاره‌كانی كۆكرده‌وه‌، هاوپه‌یمانی "هێزه‌ عێراقییه‌كان" كه‌ جه‌مال كه‌ربولی رێبه‌رایه‌تی ده‌كات‌و دوژمنی سه‌رسه‌ختی "حزبی ئیسلامی"یه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌لیم جبوری، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی "قه‌راری عێراقی" به‌سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی، پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی یه‌كگرتوویان تاووتوێكرد كه‌ رێبه‌رایه‌تی دانوستان له‌گه‌ڵ حزبه‌ شیعه‌‌و كوردیه‌كان بكات.

 

تا چه‌ند رۆژێك پێش ئێستاش ئه‌م لایه‌نانه‌ یه‌كتریان تۆمه‌تبارده‌كرد سه‌باره‌ت به‌ ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردن له‌پارێزگا سوننه‌كانی ئه‌نبار، نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌‌و به‌درێژایی چه‌ند مانگی رابردوو چووبوونه‌ شه‌ڕێكی میدیاییه‌وه‌ له‌پێناو كێبڕكێكردن له‌سه‌ر پۆسته‌ ئیدارییه‌كان له‌و شارانه‌دا دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو توندڕه‌وانیان تێدا ده‌ركرا.

 

له‌وه‌ته‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن راگه‌یه‌ندراوه‌ هێزه‌ سوننه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بچنه‌ دانوستانی جیاوه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌ شیعه‌‌و كوردیه‌كان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی سوودی زیاتر له‌ حكومه‌تی داهاتوودا، به‌ڵام ئه‌و دانوستانه‌ شكستی هێنا له‌ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كه‌ی به‌هۆی دیاریكراوی كورسییه‌كانی هه‌ر حزبێك، بۆیه‌ بیریان له‌وه‌ كرده‌وه‌ پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانی ببه‌ستن بۆ یه‌كخستنی كورسییه‌كانیان تا له‌ دانوستانه‌كاندا كاریگه‌ربن.

 

هاوپه‌یمانی "هێزه‌ عێراقییه‌كان"‌و "وه‌ته‌نییه‌"‌و "قه‌راری عێراقی" دیارترین حزبه‌ سوننه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنن‌و هه‌موویان نزیكه‌ی (50) كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌‌و له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی كۆتاییدان له‌دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی ژماردن‌و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان.

 

محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌ركرده‌ له‌ "هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان" سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ وتی: "تا ئێستا هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك له‌نێوان كوتله‌ سوننه‌كاندا له‌ئارادا نییه‌، باسی راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانیه‌كی پێشوه‌ختیش پێش راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی ده‌كه‌وێت"، وتیشی: "كۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌ سوننه‌كان بۆ گفتوگۆكردن بوو، تێیدا كۆمه‌ڵێك دیدار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ خرانه‌ڕوو".

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامانی حزبه‌ سوننه‌كان ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ تائێستا رێككه‌وتنێكی ره‌سمییان له‌نێواندا هه‌بێت، به‌ڵام له‌ راستیدا كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆی له‌باره‌ی پرسی گرنگه‌وه‌ كرد‌و خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بوو له‌ نێو حزبه‌ سوننه‌كاندا كه‌ ده‌مێكه‌ به‌ده‌ست دابه‌شبوون‌و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شان ده‌ناڵێنن‌و رێگریان لێده‌كرێت كه‌ كوتله‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێكبهێنن ره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی شاره‌ سوننه‌كان بێت كه‌ به‌ده‌ست وێرانكاری‌و بێكاری‌و كێشه‌ی ئه‌منی به‌رده‌وامه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

 

به‌رپرسێكی ئه‌منی پایه‌ به‌رز كه‌ داوایكرد ناوی ئاشكرا نه‌كرێت به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌و پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌ی  جێبایه‌خی حزبه‌ سوننه‌ به‌شداربووه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو كه‌ بۆ سوننه‌ ته‌رخان كراوه‌‌و تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی كاندیدی سوننه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ كرا، كۆبوونه‌وه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بن له‌پێناو سازان له‌سه‌ر یه‌ك كه‌سایه‌تی تا له‌به‌رده‌م حزبه‌ شیعه‌‌و كوردیه‌كاندا به‌ هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو نه‌ك له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاو ده‌ربكه‌ون".

 

له‌ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوودا موقته‌دا سه‌در كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی "سائیرون" پله‌ی یه‌كه‌می له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ده‌ستهێنا، هه‌مووانی تووشی شۆك كرد‌و به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی "فه‌تح" به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری راگه‌یاند ئه‌ویش دوای ساڵانێك له‌ دژایه‌تی نێوان ئه‌ندامانی هه‌ردوو هاوپه‌یمانییه‌كه‌‌و جیاوازی به‌رفراوان له‌ هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانیاندا.

 

پێده‌چێت ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ره‌وشی باش نه‌بێت، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گوشارانه‌ی كه‌ ئێران له‌سه‌ر موقته‌دا سه‌در په‌یڕه‌وی كردووه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆبوونی بڕیاری عێراق‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌ژموونی ئێران‌و ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی دراوسێ ده‌دات، بۆیه‌ سه‌در هێشتا سووره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی دژایه‌تیكردنی مالیكی كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتگیرییه‌كی فراوانی لێده‌كرێت.

 

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش سه‌در ره‌شبین ده‌ركه‌وت به‌رامبه‌ر دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت‌و چه‌ند تویتێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌و گوشاره‌ گه‌ورانه‌ ده‌كرد كه‌ له‌دژی خۆی‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێن، دووشه‌ممه‌ی رابردووش له‌ تویتێكدا له‌ "تویته‌ر" وتی: "ده‌بێت كوتله‌ سیاسییه‌كان گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا‌و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ رابگرن، ئه‌مه‌ ته‌نیا كاروباری ئێمه‌ی عێراقییه‌‌و هی كه‌سی دیكه‌ نییه‌".

 

 هه‌فته‌ی رابردووش سه‌در به‌زمانێكی توڕه‌ وتی: "رێگه‌ ناده‌ین عێراق له‌ودیو سنووره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت، عێراق به‌ده‌ستی عێراقی نیشتمانی پوخت‌و به‌ هاوپه‌یمانییه‌ بێگه‌رده‌كان‌و دوور له‌ پشككاری تایفی به‌ڕێوه‌ده‌برێت".

 

تائێستا هاوپه‌یمانی ره‌سمی له‌نێوان حزبه‌ عێراقییه‌كاندا له‌ئارادا نییه‌‌و هێشتا هه‌مووان چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی پرۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌‌و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراقه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، هه‌ر كه‌ دادگای فیدراڵیش ئه‌نجامه‌كانی په‌سه‌ند كرد، گه‌ڕێكی نوێ‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دانوستان ده‌ستپێده‌كات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌