راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جه‌ژنیش لایه‌نه‌كانی‌ ئاشتنه‌كرده‌وه‌
ناكۆكی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان به‌بۆنه‌یه‌كی‌ دیكه‌ سپێردرا

مەعاز فەرحان
ناكۆكی‌ توندی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان كۆتایی‌ به‌و نه‌ریته‌ هێنا كه‌ له‌جه‌ژن‌و بۆنه‌كاندا په‌یامیان بۆ یه‌كتر ده‌نارد‌، ئه‌مجاره‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌كۆمه‌ڵێك نیگه‌رانیه‌وه‌ له‌ماڵی‌ خۆیان جه‌ژنیان كرد.
21.06.2018  |  سلێمانی
خەڵکی کوردستان جەژن بەبۆنەیەک دەزانن بۆ ئاشتبوونەوەو گەردن ئازادی ( :وێنه حمه سور )
خەڵکی کوردستان جەژن بەبۆنەیەک دەزانن بۆ ئاشتبوونەوەو گەردن ئازادی ( :وێنه حمه سور )

ساڵانی‌ رابردوو، له‌گه‌ڵ بونی‌ ناكۆكی‌ سیاسی‌‌و بۆچونی‌ جیاواز لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌یان له‌یه‌كتر ده‌كرد‌و له‌رێگه‌یه‌وه‌ داوای‌ سازان‌و یه‌كده‌نگیان ده‌كرد، به‌ڵام ناكۆكیه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ به‌هۆی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایاره‌وه‌ گه‌یشتنه‌ لوتكه‌ وایكرد لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان_گۆڕان، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانی‌‌و یه‌كگرتوو_ دڵیان له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ زیاتر بئێشێت‌و جه‌ژنیش نه‌توانێت ناكۆكیه‌كانیان به‌ره‌و هێوربونه‌وه‌ به‌رێت.

 

ماوه‌ی‌ چوار ساڵه‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌قه‌یرانێكه‌وه‌ ده‌چێت بۆ قه‌یرانێكی‌ دیكه‌، په‌یوه‌ندی‌ ئاڵۆزی‌ نێوان گۆڕان‌و پارتی‌ له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و داخستنی‌ په‌رله‌مان دانه‌مركابۆوه‌ پرسی‌ ریفراندۆمی‌ هاته‌ سه‌ر ئه‌مش هێنده‌ی‌ دیكه‌ خوێی‌ كرد به‌ برینی‌ ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كاندا‌و ڕووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ریش ناكۆكی‌ له‌نێوان دوو پارته‌ فه‌رمانڕه‌واكه‌دا گه‌یانده‌ لوتكه‌، پارتی‌ یه‌كێتی‌ به‌ "خیانه‌تكار" تۆمه‌تباركرد‌و به‌شێك له‌یه‌كێتیش پارتیان به‌سه‌رچاوه‌ی‌ "له‌ده‌ستدانی‌" كه‌ركوك ناوبرد.

 

نوێترین پرسیش كه‌ بازنه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌و ناكۆكیه‌كانی‌ فراوانكرد، هه‌ڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بوو، كه‌ گۆڕان‌و هاوپه‌یمانی‌‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو، یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاری‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ ئاماده‌نه‌بن هیچ دانیشتن‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا بكه‌ن.

 

ساڵانی‌ رابردوو سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان، وه‌ك جۆرێك له‌موجامه‌له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌جه‌ژندا په‌یامیان بۆ یه‌ك ده‌نارد، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زاندا (هه‌ینی‌ رابردوو یه‌كه‌م رۆژی‌ بوو) هێزه‌كان گوێیان له‌و نه‌ریته‌ خه‌واند.

 

ماردین ئیبراهیم، ماسته‌ر له‌فه‌لسه‌فه‌ی‌ سیاسی‌‌و مامۆستای‌ زانكۆی‌ جیهان له‌ سلێمانی‌، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "په‌یوه‌ندی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و گۆڕان په‌یوه‌ندیه‌كی‌ خراپ‌و گرژه‌". وتیشی‌ "ئه‌مجاره‌ ناكۆكی‌‌و گرژییه‌كه‌ له‌پرسی‌ هه‌ڵبژاردندا زیاتر بوو، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ویستیان به‌ته‌واوه‌تی‌ هێزه‌ نه‌یاره‌كان لاواز بكه‌ن‌و ئۆپۆزسیۆنێكی‌ لاواز هه‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ شتێكی‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌ره‌و گرژی‌ بڕۆن‌و موجامه‌له‌كردنی‌ یه‌كتر كۆتایی‌ بێت".

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دیارترین لایه‌نی‌ ناڕازییه‌‌و به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ نیگه‌رانه‌، بزوتنه‌وه‌كه‌ په‌یامی‌ پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ به‌تایبه‌ت بۆ هیچ لایه‌نێك نه‌ناردوه‌. له‌په‌یامه‌كه‌یدا هاتووه‌ "هیوادارین هاتنی ئه‌م جه‌ژنه‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ بێت بۆ گه‌له‌كه‌مان، كه‌ هه‌موان له‌ سایه‌ی حكومڕانیه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌دا هه‌ست به‌ئارامی‌و ئاسوده‌یی بكه‌ین. له‌مڕوه‌وه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی هاوكاری‌و ته‌بایی بۆ هه‌ر لایه‌ن‌و پرۆژه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ درێژ ده‌كات كه‌ له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌له‌كه‌مان‌و پێكه‌وه‌ ژیان بێت".

 

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی‌ قه‌واره‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌تویته‌ری خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ نوسیوویه‌تی، "به‌رێزگرتن له‌ ئیراده‌ی گه‌ل و پاراستنی ده‌نگی هاوڵاتیان بۆ راستكردنه‌وه‌ی رێبازی وڵات‌و كۆتاییهێنان به‌گێژاویی قه‌یرانه‌كان، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ عێراقییه‌كان به‌ئاشتی‌و ژیانێكی پڕ شكۆ بژین".

 

عه‌لی‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش له‌په‌یامێكدا له‌ته‌فزیۆنی‌ فه‌رمی‌ حزبه‌كه‌ی‌، له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنه‌وه‌ له‌خودا پاڕایه‌وه‌ كه‌ ده‌روی‌ خێر له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و عێراق بكاته‌وه‌ له‌م دۆخه‌ ده‌ربازیان بێت.

 

سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، له‌میانه‌ی به‌شداری له‌ مه‌راسیمی نوێژی جه‌ژن له‌ شاری سلێمانی رایگه‌یاند، "ده‌بێت له‌م بۆنه‌دا له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌كه‌مان‌و له‌گه‌ڵ خوداش ئاشت بینه‌وه‌و كاراكته‌ره‌ سیاسه‌كان‌و هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان دان به‌هه‌ڵه‌كانیان بنێن‌و ژیان به‌م جۆره‌ به‌ڕێ ناكرێ‌و میلله‌تی ئێمه‌ شایسته‌ی ژیانی باشتره‌".

 

په‌یامی‌ لایه‌نه‌كان زیاتر مه‌تاتیه‌‌و ئاڕاسته‌ی‌ لایه‌نێكی‌ دیاریكراو نه‌كراوه‌‌و جیاوازه‌ له‌ په‌یامی‌ ساڵانی‌ رابردو كه‌ تێیدا دوای‌ جه‌ژنیان وه‌ك واده‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان دیاریده‌كرد.

 

ئیسماعیل نامیق، ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناوماڵی‌ كورد زۆر په‌رت‌و په‌رشوبڵاوه‌، ئه‌و كێشه‌ سیاسیانه‌ی‌ كه‌ هه‌ن‌و ده‌ستگرتنی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا‌و هیچ مرونه‌ت نه‌كردنێك بۆ لایه‌نه‌كان‌و خۆ به‌گه‌وره‌زانین‌و خۆ به‌خاوه‌ن زانینی‌ كوردستان‌و به‌بچوك سه‌یركردنی‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌‌و وه‌رنه‌گرتنی‌ بۆچونه‌كانیان‌و ئیداره‌دانێكی‌ خراپ ئه‌مه‌ وایكردوه‌ نێوانی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌وپه‌ڕی‌ خراپیدابێت".

 

ئیسماعیل نامیق، ده‌ڵێت دید‌و تێڕوانی‌ ئێمه‌ بۆ سیستمی‌ سیاسی‌‌و ده‌ستاوده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌و سیستمی‌ ئابوری‌ جیاوازه‌ له‌ دید‌و تێڕوانینی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی‌ ئه‌وان داوای‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان ویستیان لایه‌نه‌كان جێبه‌جێی‌ بكه‌ن. وتیشی‌ "له‌به‌رئه‌وه‌ بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانیه‌كانیش نه‌توانن جارێكی‌ دیكه‌ یه‌كڕیزی‌ له‌ناو ماڵی‌ كورددا بهێننه‌دی‌‌و لایه‌نه‌كان په‌یامی‌ ئاشته‌وایی‌ بۆ یه‌كتربنێرن".

 

په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ گۆڕان له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ له‌وپه‌ڕی‌ ئاڵۆزیدایه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێشتر رێككه‌وتنێكی‌ سیاسی‌ له‌نێوانیاندا هه‌بوو، به‌ڵام نه‌ك رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كرا، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ ئاستێك گه‌یشتوه‌ چه‌ند مانگێك هیچ دیدار‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا نه‌كرێت‌و له‌ جه‌ژنیشدا سه‌ردانی‌ یه‌كتریان نه‌كرد‌و خراپی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیشیان به‌ ئاشكرا هه‌ستی‌ پێكرا، كاتێك عادل موراد سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌‌و یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ ئه‌و حزبه‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد‌و گۆڕان به‌شداری‌ پرسه‌كه‌یان نه‌كرد، پاساوی‌ گۆڕان بۆ به‌شدارینه‌كردن له‌پرسه‌كه‌دا بۆ "ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاری‌"‌و "هێرشكردنه‌" سه‌ر مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كیان بوو له‌ سلێمانی‌ له‌شه‌وی‌ 12ی‌ ئایاردا

.

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌، له‌وبڕوایه‌دایه‌ یه‌كێتی‌ ویستویه‌تی‌ كوده‌تا به‌سه‌ر گۆڕاندا بكات، "ده‌ی‌ هێزێك بیه‌وێت كوده‌تات به‌سه‌ردا بكات حه‌تمه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانت له‌گه‌ڵی‌ خراپ ده‌بن‌و به‌ڵێ‌ ئێمه‌ ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ له‌وپه‌ڕی‌ خراپیدایه‌". ئیسماعیل نامیق وای‌ وت.

 

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان وه‌ك لایه‌نێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ناكۆكیه‌كان هه‌ژمارده‌كرێت، چه‌ند به‌رپرسێكی‌ ئه‌م هێزه‌ له‌جه‌ژندا په‌یامی‌ پیرۆزباییان بڵاوكرده‌وه‌ به‌ڵام دیسان ئه‌مانیش په‌یامی‌ سیاسی‌ تێدا نه‌بوو، ته‌نها دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌ك بوو كه‌ ساڵانێك سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان دووباره‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌ویش هیواخواستن به‌وه‌ی‌ جه‌ژن ببێته‌ هۆی‌ ئاشته‌وایی‌‌و یه‌كخستنی‌ ناو ماڵی‌ كورد.

 

دیارترینیان جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ كوڕی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بوو، كه‌تێیدا هیوای‌ خواستوه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر وخۆشی بۆ هه‌مولایه‌ك وڕۆژی هه‌موو به‌رۆژووان و نزاكانیان قبوڵ بێت لای په‌روردگار.

 

ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، پێیوایه‌ كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ قوڵبونه‌ته‌وه‌‌و دژایه‌تیكردن ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووه‌، خه‌ریكه‌ بابه‌تی‌ هاوبه‌ش‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوبه‌ش له‌بیر ده‌كرێت.

 

ئارێز عه‌بدوڵا، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "ناكۆكی‌‌و ململانێی‌ سیاسی‌ شتێكی‌ ئاساییه‌، به‌ڵام ناكرێت بگه‌نه‌ ئاستێك به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و بابه‌تی‌ هاوبه‌ش له‌بیربكرێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت هه‌ركه‌سێك به‌ڕێگه‌كدا ده‌ڕوات ئه‌و كاته‌ هه‌موو لایه‌كمان زیان ده‌كه‌ین، ناكۆكیه‌كان وایكردوه‌ به‌ته‌نها بیر له‌ خاڵه‌ جیاوازه‌كان بكرێته‌وه‌ نه‌ك خاڵی‌ هاوبه‌ش".

 

له‌باره‌ی‌ ئاسایبونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی‌ ئێمه‌‌و گۆڕان هه‌ڵكشان‌و داكشان هه‌یه‌ هه‌ندێكجار باش ده‌بێت‌و هه‌ندێكجار خراپ به‌ڵام له‌كۆتاییدا له‌گه‌ڵ گۆڕان ئه‌توانین لێكتێگه‌یشتنی‌ هاوبه‌شمان هه‌بێت.

 

یه‌كێتی‌ له‌ دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2017ه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك گرژیان تێكه‌وت، به‌ڵام پرسی‌ هه‌ڵبژاردن‌و چونه‌ به‌غدا هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ی‌ له‌یه‌كتر نزیك كرده‌وه‌، ئه‌م هێزه‌ ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌وپه‌ڕی‌ خراپیدایه‌‌و هیچ دیدار‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا نیه‌.

 

چه‌ند ساڵێكه‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ حكومڕانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، به‌ خه‌تاباری‌ یه‌كه‌م له‌ كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كان ده‌زانن، ساڵانی‌ رابردو ناكۆكی‌ توندی‌ ئه‌م هێزه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بوو، به‌تایبه‌ت له‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا.

 

چه‌ند ساڵێكیشه‌ هیچ دیدار‌و په‌یوه‌ندییه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌نێوان كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ پارتی‌‌و گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ ئه‌نجامنه‌دراوه‌‌و له‌م جه‌ژنه‌شدا په‌یامیان بۆ یه‌كتر نه‌نارد.

 

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، له‌و په‌یامه‌یدا به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌كی‌ به‌ئاڕاسته‌ی‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كان تێدا نه‌بوو، ئه‌و "هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی له‌ هه‌موو مسوڵمانانی‌ كوردستان، له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان بن، پیرۆز كردبوو".

 

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ قسه‌ی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتیه‌وه‌، به‌رپرسێكی‌ پارتی‌ په‌یوه‌ندی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌سروشتی‌ ناوده‌بات. محه‌مه‌د خورشید، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌، به‌ ن"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ وه‌كو پارتی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نا سروشتیمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ نیه‌، به‌ر له‌جه‌ژنیش سكرتێری‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ وتی‌ كه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌رده‌وامدان‌و له‌دوای‌ جه‌ژنیش هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ من ئاگاداربم زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت له‌كه‌ركوك له‌ جه‌ژندا پیرۆزباییمان له‌یه‌كتر كردوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ هه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌بوبێته‌ بابه‌تی‌ میدیاكان".

 

وتیشی‌ "بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌ر كاتێك په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ خراپ بێت ناوی‌ پارتیشی‌ تێده‌كه‌ن، ئه‌وان ڕه‌نگه‌ له‌ڕوانگه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ سه‌یری‌ بكه‌ن‌و قسه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی‌ من ئاگادارم قسه‌‌و په‌یوه‌ندی‌ له‌نێوان گۆڕان‌و پارتی‌ هه‌یه‌".

 

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ پارتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد له‌دوای‌ جه‌ژن هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌غدا به‌ یه‌ك كوتله‌ی‌ سیاسی‌ كاربكه‌ن، "ئه‌شزانین به‌هۆی‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌ ڕوویداوه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك لایه‌ن نه‌یانه‌وێت بێنه‌ ناو ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌".

 

خه‌ڵكی‌ كوردستان چاویان له‌وه‌ بوو ئه‌م جه‌ژنه‌ ئاو بكات به‌ئاگری‌ ناكۆكی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌و خواسته‌ نه‌هاته‌ دی‌‌و به‌قۆناغ‌و بۆنه‌یه‌كی‌ تر سپێردرا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌