راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بینایی موسڵ لەناو تاریکیدا
بلۆگه‌ره‌كه‌ی موسڵ: خۆم فێری پاراستنی دیجیتاڵی كرد تا داعش ئاشكرام نه‌كات

موسته‌فا حه‌بیب
له‌رۆژانێكی وه‌ك ئه‌م رۆژانه‌ی ئێستا، چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر عومه‌ر محه‌مه‌دی بلۆگه‌ر‌و ملیۆنان كه‌س له‌ دانیشتووانی موسڵ تووشی شۆك ببوون كه‌ ده‌یانبینی شاره‌كه‌یان كه‌وتووه‌ته‌ فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌وه‌.
21.06.2018  |  به‌رلین

ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ سوپا ده‌كشایه‌وه‌و توندڕه‌وان جێگایان ده‌گرته‌وه‌، ته‌رم به‌شه‌قام‌و رێ‌و بانه‌كان بڵاوبوونه‌وه‌و كاروانی ملیۆنی له‌ماڵه‌كانیان هه‌ڵده‌هاتن.

 

دوای شه‌ڕێكی سه‌خت‌و دوور‌ودرێژ كه‌ حه‌وت مانگی خایاند‌و باجه‌كه‌ی گران كه‌وت، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق توانیان موسڵ كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌، به‌هه‌زار كوژرا‌و، چه‌ند گه‌ڕه‌كێك به‌ته‌واوی ته‌ختی زه‌وی كراون‌و تا ئه‌مڕۆش ته‌رمی دانیشتووانه‌كه‌یان له‌خۆگرتووه‌، به‌ڵام وه‌ك عومه‌ر محه‌مه‌دی بلۆگه‌ر ده‌ڵێت ئه‌و باجه‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بوو بۆ مشتوماڵكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی عێراق كه‌ له‌ دوای 2003وه‌ هه‌ره‌سی هێنابوو، بۆیه‌ عومه‌ر بڕیاری دا به‌شێوازی خۆی له‌ڕێی بلۆگه‌وه‌ دژایه‌تی داعش بكات.

 

عومه‌ر كه‌ مامۆستای مێژووه‌ له‌ زانكۆی موسڵ سه‌ركێشی به‌ ژیانی خۆیه‌وه‌ كرد‌و بڕیاری دا ببێته‌ په‌یامنێر دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی موسڵ له‌ جیهان دابڕا‌و میدیای داعش كه‌ هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی قه‌تڵوعامه‌كانی ده‌دا، بووه‌ ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ.

 

 په‌یامنێری "نیقاش" چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ عومه‌ر محه‌مه‌د ئه‌نجامداوه‌ له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ "كۆڕبه‌ندی میدیای جیهانی" له‌ شاری "بۆن"ی ئه‌ڵمانیا ئه‌ویش له‌ چوارچێوه‌ی گه‌شتێكی جیهانیدا كه‌ بۆ ناساندنی مێژووی شاره‌كه‌ی به‌ جیهان‌و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی له‌ ماوه‌ی داگیركردنیدا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌سه‌ریدا هاتووه‌‌و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بیانهاوێژێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ شاره‌كه‌.

 

 

نیقاش: له‌ رۆژانێكی وه‌ك ئه‌م رۆژانه‌دا چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌موسڵ چی روویدا، تا ئێستاش گێڕانه‌وه‌كان دژ به‌یه‌كن، ئه‌و كاته‌ له‌ شاره‌كه‌دا بوویت؟

عومه‌ر: رووداوه‌كان رۆژی 5ی حوزه‌یرانی 2014 ده‌ستیانپێكرد، داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر شاری سامه‌ڕا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیان له‌موسڵ راگه‌یاند، له‌ماڵه‌كانماندا ماینه‌وه‌‌و هه‌واڵی دژبه‌یه‌ك‌و ده‌نگی ته‌قه‌ی نزیك‌و دوورمان ده‌بیست، دوای رۆژێك بێده‌نگییه‌كی نامۆ باڵی به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا كێشا‌و دانیشتووانه‌كه‌ی ورده‌ ورده‌ ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان تا بزانن چی رووده‌دات، به‌ڵام شه‌وه‌كه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ هۆتێلی نێوده‌وڵه‌تی موسڵی كرده‌ ئامانج‌و ترسی خسته‌ نێو شاره‌كه‌وه‌، دواتر ده‌ركه‌وت ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ی سوپای كردووه‌ته‌ ئامانج كه‌ له‌ هۆتێله‌كه‌دا جێگیر كرابوو، دوای ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ به‌ری راستی شاره‌كه‌ به‌ته‌واوی كه‌وته‌ ده‌ستی داعش.

به‌ڵام هێشتا به‌ری چه‌پ له‌ژێر ده‌ستی سوپادا بوو كاتێك ده‌ستیكرد به‌ بۆردومانكردنی به‌ری راست به‌پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند زانیارییه‌كی هه‌ڵه‌ی كه‌سێك به‌ناوی محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌لام ئه‌بو ته‌ها كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كاری ده‌كرد، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت له‌گه‌ڵ داعشیش كاری ده‌كرد‌و زانیاری هه‌ڵه‌ی به‌ سوپا ده‌دا له‌باره‌ی شوێنی تیرۆریسته‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ بۆمبه‌كان به‌سه‌ر دانیشتووانی مه‌ده‌نیدا ده‌كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ توڕه‌یی خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان زیاتر بوو، داعشیش هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌ ده‌دا‌و سوپای بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كارهێنا.

 

نیقاش: ئه‌ی رۆژی كه‌وتنی موسڵ چی روویدا؟

عومه‌ر: رۆژی 10ی حوزه‌یران داعش كۆنترۆڵكردنی به‌ری چه‌پی ته‌واوكرد، ئیتر رووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی خێرابوون، خاڵی میدیایی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كاندا بڵاوده‌بوونه‌وه‌‌و زیندانیان ئازادكران‌و زۆرێكیان چوونه‌ پاڵ تیرۆریسته‌كان، هه‌روه‌ك به‌ده‌یان كه‌سیش له‌ دانیشتووانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌دوژمنی تیرۆریسته‌كان داده‌نران، له‌ناوبران، له‌ 13ی حوزه‌یرانیشدا داعش به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی ده‌ركرد كه‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی شار ناسراوه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی بۆ جیهان‌و دانیشتووانی موسڵیشی راگه‌یاند كه‌ رێكخراوه‌كه‌ كۆنترۆڵی شاره‌كه‌ی كردووه‌.

سه‌یر له‌وه‌دابوو كۆنسوڵگه‌ری توركیا شاره‌كه‌ی به‌جێنه‌هێشت، هه‌روه‌ك لێدوانه‌كانی پارێزگاری شاره‌كه‌ له‌وكاته‌دا كه‌ دانیشتووانی دڵنیاده‌كرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی روویداوه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كۆتایی دێت، وایكرد ملیۆنان كه‌س له‌ دانیشتووانی شاره‌كه‌ بڕیاری به‌جێنه‌هێشتنی شاره‌كه‌ بده‌ن، به‌ڵام دوای یه‌ك مانگ له‌و به‌رواره‌ سه‌ركرده‌كه‌ی داعش له‌ وتارێكدا ده‌ركه‌وت‌و ئیتر دانیشتووانه‌كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ بوونه‌ته‌ زیندانی له‌ زیندانێكی گه‌وره‌دا كه‌ناوی موسڵه‌.

 

نیقاش: بۆچی بڕیارت دا بلۆگ له‌باره‌ی رووداوه‌كانی موسڵه‌وه‌ بڵاوبكه‌یته‌وه‌؟

عومه‌ر: ئه‌گه‌ر نه‌منووسیایه‌ ئه‌وا گێڕانه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ناو موسڵ بوونی نه‌ده‌بوو، تا بمتوانیایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌‌و دوور له‌ هه‌ست‌و سۆز ده‌منووسی، ئه‌وه‌ی ده‌مبینی ده‌مگواسته‌وه‌‌و ماوه‌كانم ده‌پێوا‌و ناوه‌كانم به‌ وردی ده‌نووسی، چونكه‌ ئه‌وه‌ی رووی ده‌دا گرنگ بوو، ئه‌گه‌ر من نه‌منووسیایه‌ ئه‌وا ته‌نیا یه‌ك گێڕانه‌وه‌ بوونی ده‌بوو كه‌ ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌ی داعشه‌.

 

نیقاش: ئاشكراكردنی كاره‌كانی داعش ئه‌ركێكی مه‌ترسیداره‌ له‌ شارێكدا كه‌ توندڕه‌وان كۆنترۆڵیان كردبێت‌و كۆنترۆڵی به‌شێكی زۆری ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی‌و ئنته‌رنێتیان كردبێت‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌بێت ئاشكرا ببیت، به‌تایبه‌تی كه‌ تۆ ته‌نیا ده‌نگی سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵی ده‌ره‌وه‌ی داعش بوویت، چۆن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كرد؟

عومه‌ر: به‌ڵێ ئه‌وه‌ راسته‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستمكرد به‌ په‌ره‌پێدانی تواناكانم له‌ پاراستنی دیجیتاڵیدا له‌ڕێی گه‌ڕان به‌نێو سایته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی ئینته‌رنێت تا خۆم له‌ هاككردن‌و ئاشكراكردنی شوێنه‌كه‌م بپارێزم، خۆیشم له‌ كردنه‌وه‌ی زۆر سایتی ئه‌لیكترۆنی به‌دوورده‌گرت‌و دوو ئامێری كۆمپیوته‌ریشم هه‌بوو، ئامێری یه‌كه‌میانم له‌ شوێنێكی دیاردا داده‌نا تا گومانه‌كان له‌سه‌ر خۆم لاببه‌م كاتێك ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ پرۆسه‌ی پشكنینی له‌ناكاویان ئه‌نجام ده‌دا، چونكه‌ باوه‌ڕناكه‌ن كه‌سێك ئامێری كۆمپیوته‌ری نه‌بێت‌و نه‌یبه‌ستبێت به‌ هێڵی ئینته‌رنێته‌وه‌، هه‌رچی ئامێری دووه‌میشه‌ كه‌ بلۆگه‌كانم له‌سه‌ر ده‌كرد ئه‌وا له‌شوێنێكی نهێنیدا ده‌مشارده‌وه‌.

هه‌روه‌ها تواناكانم له‌ ده‌ربڕین‌و نووسینیشدا په‌ره‌پێدا‌و ئه‌وه‌ش سه‌ری له‌ داعش شێواندبوو، ئایا ئه‌و كه‌سه‌ كوڕه‌ یان كچ؟ مه‌سیحییه‌ یاخود مسوڵمان، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ ده‌یپاراستم.

 

نیقاش: هه‌ندێك له‌و هه‌واڵانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا بڵاوتكردنه‌وه‌ زانیاری ورد‌و هه‌ستیاریان تێدابوو، چۆن ئه‌وانه‌ت ده‌ستده‌كه‌وت؟

عومه‌ر: له‌ بڵاوكردنه‌وه‌كانمدا پشتم به‌ بینینه‌كانی خۆم ده‌به‌ست، به‌یانیان له‌ ماڵ ده‌هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌‌و شه‌و ده‌گه‌ڕامه‌وه‌‌و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موولایه‌كی شاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕام به‌تایبه‌تی بازاڕه‌كان، هه‌وڵم ده‌دا ئه‌وه‌نده‌ی بكرێت وێنه‌ بگرم، شۆفێری تاكسیه‌كانیش سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی زانیاری بوون، چونكه‌ ئه‌وان به‌ هه‌موو لایه‌كی شاره‌كه‌دا ده‌گه‌ڕان‌و قسه‌ی ده‌یان سه‌رنشینیان ده‌بیست، هه‌روه‌ك چه‌ند كه‌سێكیش كه‌ ساڵانێكه‌ ده‌یانناسم چووبوونه‌ ناو داعش كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ خوێندكاری خۆم بوو له‌ زانكۆ، هه‌وڵم دا په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیان بمێنێت، به‌ڵام به‌ وریاییه‌وه‌‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌مه‌وێت زانیاریم لێیان ده‌ست بكه‌وێت، چونكه‌ گومانیان له‌وه‌ هه‌بوو.

  

نیقاش: رووبه‌ڕووی مه‌رگ بوویته‌ته‌وه‌؟

عومه‌ر:  دوو جار، جاری یه‌كه‌م كاتێك هه‌واڵێكی گرنگم له‌ ئه‌ندامێكی داعشه‌وه‌ بیست سه‌باره‌ت به‌ كوژرانی ده‌یان سه‌ركرده‌یان له‌ هێرشێكی ئاسمانی ئه‌مریكادا كه‌ ده‌ستبه‌جێ له‌ په‌یجه‌كه‌مدا بڵاومكرده‌وه‌، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م هه‌ستم به‌ مه‌ترسی ئه‌و كاره‌ كرد، چونكه‌ كاتێك ئه‌و تیرۆریسته‌ رووداوه‌كه‌ی گێڕایه‌وه‌ ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك ئاماده‌بوون كه‌ یه‌كێكیان من بووم‌و ئه‌گه‌ری هه‌بوو به‌ئاسانی ئاشكراببم، بۆیه‌ دوای چه‌ند سه‌عاتێك له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ له‌ په‌یجه‌كه‌مدا، سڕیمه‌وه‌.

جاری دووه‌میش ده‌چووم بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی له‌ ناوچه‌ی وادی عكاب كه‌ خاڵم له‌وێ وه‌رشه‌یه‌كی چاككردنی هه‌بوو، له‌ رێگامدا یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین باره‌گاكانی داعش له‌ شاره‌كه‌دا بۆردومان كرا‌و منیش وێنه‌ی بۆردومان‌و وێرانكارییه‌كه‌م گرت‌و له‌بیرم چوو كه‌ ئه‌و شوێنه‌ به‌ده‌یان تیرۆریستی تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌‌و ئه‌گه‌ری هه‌بوو ئاشكرا ببم، هه‌موو شه‌وێك وا هه‌ستم ده‌كرد كه‌ ئاشكرا ده‌بم یان ئاشكرابووم‌و یاریم پێده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش هه‌ستێكی مه‌ترسیداره‌‌و زیاتر نیگه‌رانی خێزانه‌كه‌شم بووم.

 

نیقاش: دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كان بڕیارت دا ناسنامه‌ی خۆت ئاشكرا بكه‌یت، كاردانه‌وه‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كانت چۆن بوو؟

عومه‌ر: سوپرایزێكی گه‌وره‌بوو بۆ دایكم كه‌ ئاگاداری ئه‌و كارانه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌نجامم ده‌دان هه‌رچه‌نده‌ یاوه‌ریم ده‌كرد بۆ بازاڕ تا وێنه‌ بگرم، هه‌روه‌ها سوپرایزیش بوو بۆ خوێندكاره‌كانم له‌ زانكۆ‌و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ كاریان له‌گه‌ڵ داعش كردووه‌‌و تا ئێستاش له‌ژیاندا ماون، چونكه‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی ئه‌م دواییه‌ داعش سه‌باره‌ت به‌ دوژمنانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت ده‌ریكردووه‌، منی به‌ سه‌رسه‌خترین دوژمنیان داناوه‌‌و به‌ خه‌یاڵیاندا نه‌هاتووه‌ كه‌سێكی سوننه‌ له‌ موسڵ هه‌واڵه‌كانیان ده‌گوازێته‌وه‌ نه‌ك شیعه‌یه‌ك یاخود مه‌سیحییه‌ك.

 

نیقاش: شه‌ڕی ئازادكردنی موسڵ دوور‌و درێژبوو له‌ڕووی ماددی‌و مرۆییشیه‌وه‌ تێچووی زۆر بوو، ئه‌و شه‌ڕه‌ت چۆن بینی؟

عومه‌ر: دیارترین ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌وه‌یه‌ عێراقییه‌كانی لێكنزیك كرده‌وه‌‌و موسڵی پێناساندن كه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ وه‌ك شارێكی دژ به‌ پرۆسه‌ی سیاسی‌و ره‌تكه‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كانی عێراق لێی ده‌ڕوانرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌ڕه‌ گۆڕانكارییه‌كی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سوننه‌ له‌ شاره‌كه‌ دروستكرد، بۆ یه‌كه‌مین جار چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ریكن هه‌ست به‌ گرنگی بوونی نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی موسڵ له‌ نێو په‌رله‌مان ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر بیرۆكه‌ی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان هه‌بوو.

 

نیقاش:  به‌ری راستی شاره‌كه‌ دووچاری وێرانكارییه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن بووه‌ته‌وه‌، پێناچێت ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌ئارادا بێت، هۆكاره‌كه‌ی چیه‌؟

عومه‌ر: لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی له‌ موسڵدا بزره‌، شه‌ڕه‌كه‌ شه‌ڕێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو، هه‌مووان به‌شداریان تێداكرد، دوای كۆتاییهاتنیشی ده‌سته‌به‌رداری شاره‌كه‌ بوون، له‌كاتێكدا ده‌بووایه‌ وه‌رشه‌ی خێرای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بدرایه‌، كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵی دا وێرانكاری زۆری به‌ری راست بشارێته‌وه‌ له‌ڕێی فۆكه‌س خستنه‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و هه‌ندێك پرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ به‌ری چه‌پ‌و فه‌رامۆشكردنی به‌ری راست كه‌ ناوه‌ندی موسڵ‌و شاره‌ی كۆنه‌كه‌یه‌تی كه‌ كه‌لتور‌و مێژووی شاره‌كه‌ له‌خۆده‌گرێت.

ته‌نیا چاره‌سه‌ر بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی موسڵ ئه‌وه‌یه‌ داعش به‌ تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی دابنرێت كه‌ عێراق كاریگه‌رترین ده‌وڵه‌تبووه‌ پێی، بۆچی ده‌بێت عێراق به‌ته‌نیا به‌رپرسیارێتی 25 هه‌زار تیرۆریستی بیانی بگرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ هاتوونه‌ته‌ وڵاته‌كه‌‌و وێرانیان كردووه‌؟

 

نیقاش: كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵی یارمه‌تی ده‌دات، به‌ڵام پێتوانییه‌ رێوشوێنه‌كانی حكومه‌تی عێراق‌و سیستمی بیرۆكراتی‌و گه‌نده‌ڵی رێگر بن؟

عومه‌ر: ئه‌وه‌ ته‌واو راسته‌، چونكه‌ عێراق قه‌یرانی نوێنه‌رایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌‌و ململانێ ناوخۆییه‌كان رێگرن له‌ بڕیارێكی دیپلۆماسی ده‌ره‌كی یه‌كگرتوو، عێراق ده‌یه‌وێت به‌ جیهان بڵێت كه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌یه‌ له‌دوای ئازادی، به‌ڵام ئه‌وه‌ راست نییه‌، چونكه‌ وڵاته‌كه‌ پێویستی به‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی داعش داگیری كردبوون، به‌وه‌ش حكومه‌تی فیدراڵی له‌ به‌غدا هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كات له‌ كاركردندا‌و ئاوڕیش له‌ كێشه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ میلیشیاكان‌و گه‌نده‌ڵی دارایی ده‌داته‌وه‌.

 

نیقاش: شتێكی سه‌رنجڕاكێشه‌ كه‌ دانیشتووانی موسڵ سه‌ره‌ڕای وێرانكاری زۆر خوازیاربوون به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، تۆ رات چییه‌؟

عومه‌ر: هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ گرنگ جیاوازتر بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی دوای 2003، مه‌سه‌له‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هۆشیاری سه‌باره‌ت به‌ گرنگی هه‌ڵبژاردن له‌ هێنانه‌كایه‌ی گۆڕانكاری هه‌یه‌ كه‌ پێشتر هه‌ڵبژاردن مانایه‌كی زۆری له‌لای دانیشتووان نه‌بوو، ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه‌ش ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌یه‌، ره‌نگه‌ شه‌ڕ وێرانكاری له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ هۆشیارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌رێنی بۆ چه‌ند ساڵی داهاتووش بهێنێته‌ ئاراوه‌.

 

نیقاش: دوای ئه‌وه‌ی له‌ ناو موسڵدا ئه‌و كارانه‌ت بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ توندڕه‌وان ئه‌نجامیان ده‌دان، ئێستا كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌دایت‌و سه‌ردانی چه‌ند ده‌وڵه‌ت‌و شارێكی ئه‌وروپا ده‌كه‌یت، ئامانج له‌و كاره‌ چییه‌؟

عومه‌ر: ئامانجم ئه‌وه‌یه‌ موسڵ له‌لایه‌نی ناوخۆییه‌وه‌ بگوازمه‌وه‌ بۆ جیهانی‌و موسڵ‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی به‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بناسێنم، چونكه‌ ناوی موسڵ له‌ هزری خۆرئاوادا به‌ داعشه‌وه‌ گرێدراوه‌‌و ئاشنای مێژووی دێرینی شاره‌كه‌ نین له‌ڕووی رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌.

هه‌نگاوه‌كانم به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌ ده‌ستپێكردووه‌ له‌ڕێی ده‌روازه‌ی كه‌لتور‌و هونه‌ر‌و موزیكه‌وه‌، دوای كاره‌ساتی سووتانی كتێبخانه‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌مان سه‌باره‌ت به‌ كتێب رێكخست، چه‌ندین ده‌وڵه‌ت‌و شار‌و زانكۆی جیهانی كارلێكیان له‌گه‌ڵدا كرد‌و به‌شدارییان له‌ ئاماده‌كردنه‌وه‌یدا كرد، له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیشدا پرۆژه‌یه‌كی گرنگ ده‌ستپێده‌كات ئه‌ویش بانگهێشتكردنی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كانی رۆشنبیری جیهانییه‌ بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی موسڵ بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند چالاكییه‌كی موزیكی بۆ ناساندنی شاره‌كه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌