راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رووه‌و هه‌ڵبژاردنێكی‌ دیكه‌
هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان چانسێكی‌ هه‌ستانه‌وه‌یان له‌پێشه‌

محەمەد جاسم بەکر
به‌هۆی دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگده‌ران‌و زیادبوونی ژماره‌ی بژارده‌ سیاسییه‌كان، ئۆپۆزسیۆن له‌كوردستان دابه‌شبووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو یه‌كبگرن، ئه‌وا خه‌ڵكی‌ هۆكارێكی باشتریان ده‌بێت بۆ ده‌نگدان.
7.06.2018  |  سلێمانی
 ( :وێنه Hama Sur)
( :وێنه Hama Sur)

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ فیدراڵییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی عێراقدا، كه‌ له‌ 12ی ئایار به‌ڕێوه‌چوو، حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێمی‌ كوردستان، نه‌یانتوانی ئه‌و ده‌نگانه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆر كه‌س پێشبینییان ده‌كرد، له‌ كاتێكدا ئه‌دای ئه‌و حزبانه‌ی لێره‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی هه‌ژموونیان هه‌یه‌ – یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان – باشتر بوو له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرا.

 

زۆركه‌س پێشبینیان ده‌كرد زیانه‌كانی ئه‌و دوو حزبه‌ زیاتر بێت، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ سلێمانییه‌ ته‌نیا سێ كورسی له‌ده‌ست دا‌و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پارێزگاری له‌و 25 كورسییه‌ كرد كه‌ پێشتر هه‌یبوو.

 

هاوكات ئه‌دای حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردییه‌كان زۆر له‌وه‌ خراپتربوو كه‌ پێشبینی ده‌كرا‌و راپرسییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن پێشبینییان كردبوو هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری كه‌ حزبێكی نوێیه‌ 8 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌روه‌ها پێشبینییان كردبوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پارێزگاری له‌ 9 كورسییه‌كه‌ی خۆی بكات، به‌ڵام له‌ 12ی ئایاردا، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری ته‌نیا دوو كورسی به‌ده‌ستهێنا‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش 5 كورسی.

 

پێشتر، لێره‌ ته‌نیا یه‌ك حزبی ئۆپۆزسیۆن هه‌بوو كه‌ ده‌یتوانی بژی ئه‌ویش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو. له‌به‌رئه‌وه‌، بوونی چه‌ندین حزبی ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستانی عێراق له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێشهاتێكی ئه‌رێنی بوو. به‌ڵام لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگه‌كان به‌سه‌ریاندا دابه‌شبووه‌‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان توانیان هانیان بده‌ن له‌دژی یه‌كتر. بۆیه‌ له‌ كاتێكدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ساڵی 2013دا له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك بووه‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌ك حزبی كوردی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌نده‌ كورسی له‌ په‌رله‌مانی عێراق نییه‌ تا رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتیان ببێته‌وه‌.

 

 بۆنموونه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 723830‌و 372744 ده‌نگی یه‌ك له‌دوای یه‌كیان له‌ پارێزگا كوردییه‌كانی عێراق هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك به‌ده‌ست هێناوه‌، ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ره‌كی‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ده‌ستیان هێناوه‌ نزیكی ئه‌و ژمارانه‌ نه‌بوون‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان 193358 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا‌و هاوپه‌یمانی 123184 ده‌نگ، هاوكات هه‌ردوو حزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ 190379 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا، هه‌مووشیان پێكه‌وه‌ 506921 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ش له‌و ژماره‌یه‌ به‌رزتره‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ده‌ستی هێناوه‌‌و نزیكه‌ له‌و ژماره‌یه‌ش كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ده‌ستی هێناوه‌.

 

به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین كه‌ 55%ی ده‌نگده‌رانی كورد نه‌چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان‌و رێژه‌ی نزمی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا یارمه‌تی حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دا. پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ستراتیجی جیاواز به‌كارده‌هێنن "بۆ هاندانی خه‌ڵك بۆ ده‌نگدان"  – له‌وانه‌ش پاره‌‌و تۆقاندن‌و ئۆفه‌ری كار‌و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی –. پێویسته‌ ئۆپۆزسیۆنیش بزانێت چۆن ده‌نگده‌رانی نائومێد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، له‌ كاتێكدا زۆربه‌یان ده‌ڵێن جارێكی دیكه‌ ده‌نگ ناده‌ن، چونكه‌ ده‌نگه‌كانیان دزراون.

 

گه‌لی كوردستان بێزار بووه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی دراون‌و به‌دینه‌هاتوون. له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا، حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن توانیان ده‌نگده‌ران ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چه‌ندین كه‌س له‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ وتویانه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خوازیارن گۆڕانكاری ریشه‌یی بكه‌ن، به‌ڵام پێیان وانییه‌ ئه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رووبدات، چونكه‌ هه‌ستده‌كه‌ن ده‌نگه‌كانیان به‌هایان نییه‌. بۆیه‌ دوای زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌، هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌نزیكه‌یی كۆنترۆڵی هه‌موو كه‌رته‌كانیان كردووه‌.

 

ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ ده‌بێت وا له‌ چوار حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ بكات كێشه‌كانیان وه‌لابنێن. بێگومان، ناكۆكیان هه‌یه‌‌و ره‌نگه‌ هه‌ر حزبێكیش ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌بێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئامانجه‌كانیان له‌یه‌كده‌چن.

 

هاوپه‌یمانی حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان حزبێكی نوێی دیكه‌ له‌ خۆناگرێت، كه‌ ئه‌ویش نه‌وه‌ی نوێیه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی شاسوار عه‌بدولواحید. چونكه‌ رێبه‌ره‌كه‌ی كه‌ بزنسمانێكی ناوخۆییه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ "فێڵبازه‌"‌و له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیشدا نه‌وه‌ی نوێ حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی دیكه‌ی له‌خۆی دوورخسته‌وه‌ به‌ هێرشكردنه‌سه‌ریان.

 

له‌ رابردوودا حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن هاوپه‌یمانییه‌كیان پێكنه‌هێنا، ره‌نگه‌ توانایان نه‌بووبێت ئه‌و كاره‌ بكه‌ن‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نیا حزبی ئۆپۆزسیۆنی باڵاده‌ست بوو، نه‌ هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری‌و نه‌ نه‌وه‌ی نوێش بوونیان نه‌بو‌و، حزبه‌ ئیسلامییه‌ كوردییه‌كانیش په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بوو، حزبێكیان به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌ویش یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ دووربوو.

 

ئێستاش به‌رهه‌م ساڵح كه‌ ئه‌ندامێكی پێشووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری پێكهێناوه‌‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ئه‌و كورسیانه‌ی نه‌ماوه‌ كه‌ پێشتر هه‌یبوون‌و به‌ده‌ست له‌ده‌ستدانی نه‌وشیروان مسته‌فای سه‌ركرده‌ی كاریزمایه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

 

له‌به‌رئه‌وه‌ رێگای به‌ره‌وپێشچوون بریتیه‌ له‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی ئۆپۆزسیۆن له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی جیاواز: له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دابه‌شبوون‌و ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی له‌ كاتێك له‌ كاته‌كاندا ده‌نگیان ده‌دا به‌ حزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ره‌وتی سه‌ره‌كی، پێویستیان به‌وه‌یه‌ هه‌ست به‌ متمانه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌نگه‌كانیان مانایه‌كی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رنجڕكێشان ده‌بێت بۆ پرسه‌كانی وه‌كو تۆمه‌تباركردن به‌ ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌هێزتر ده‌بن ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

 

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، هه‌ر چوار حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ پێكه‌وه‌ كاریان كرد، به‌تایبه‌تی له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردندا. په‌یوه‌ندی ئه‌م حزبانه‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ ئاماژه‌یه‌كی روون داده‌نرێت بۆئه‌وه‌ی به‌راستی ده‌توانن هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمدا پێكبهێنن كه‌ مانگی سێپته‌مبه‌ری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

هه‌رچۆنێك بێت، هه‌ردوو حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكه‌ هه‌وڵی تێكشاندنی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی ئه‌و حزبانه‌ ده‌ده‌ن له‌دوای پێكهێنانی، به‌ڵام پێویسته‌ رێگه‌ به‌وه‌ نه‌ده‌ن. بۆ نموونه‌، وادیاره‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ حزبه‌كه‌ی دیكه‌ دامه‌زراندبێت به‌هۆی تۆمه‌ته‌كان سه‌باره‌ت به‌ ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردن. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێشتا چه‌ند كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌یه‌ به‌هۆی په‌یوه‌ندی زۆر باشی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و تۆمه‌تباركردنی به‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا "خیانه‌ت"ی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه‌ كه‌ ده‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌دا له‌پرسی هه‌وڵدان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ پۆسته‌كه‌ی كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵانێك له‌و پۆسته‌دا بوو.

 

پێموایه‌ ئه‌م جۆره‌ هاوپه‌یمانییه‌ به‌راستی بۆ كوردستانی عێراق گرنگه‌، چونكه‌ جارێكی دیكه‌ متمانه‌ ده‌داته‌وه‌ به‌ خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی دیموكراتی، باوه‌ڕم وایه‌ گه‌لی كورد ده‌توانێت له‌ڕێی ده‌نگدانه‌وه‌ حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكان بگۆڕێت. به‌ڵام لێره‌ به‌هه‌زاران كه‌س متمانه‌یان به‌ دیموكراسی نه‌ماوه‌‌و هاوپه‌یمانییه‌كی ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت ئه‌م متمانه‌یه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌‌و پێموایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سێپته‌مبه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئازاد‌و بێگه‌رد‌و خاوه‌ن متمانه‌ بێت، ئه‌وا هاوپه‌یمانی حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان توانای سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستاندا هه‌یه‌.

 

محه‌مه‌د جاسم – خوێندكاری‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌سلێمانی‌

     

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌