راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

کێشەیەکی چاوەڕوانکراو
كه‌ركوك یەکەم خاڵی ناکۆکی پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەبێت

شاڵاو محەمەد
چاوەڕوانکراوە، نۆرەی بەجێهێنانی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنەوە بەوەش دۆسیەی پارێزگای كه‌ركوك لەنێوان ناوه‌ندو هه‌رێم دەبێتە یەکەم ناکۆکی هەرە دیاری پەرله‌مانی داهاتوویی عێراق.
7.06.2018  |  كه‌ركووك
كركوك ( :وێنه شوان نوزاد)
كركوك ( :وێنه شوان نوزاد)

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ خاوه‌نی زۆرترین ده‌نگی كه‌ركوكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئایاری ئه‌مساڵدا بەڵێنی ئەوەیدا به‌ ده‌نگده‌ره‌كانیان کە دۆسیەی كه‌ركوك جارێكی تر بککاتەوە، ئه‌وه‌ش دوای پێکهێنانی پەرلەمان‌و حکومەت دوای هەڵبژاردنی مانگی ئایار، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه‌ سورده‌بن لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140، لەهەمان کاتدا بەرپرسەکانی عه‌ره‌ب‌و توركمان كه‌ رێژه‌یی كورسییه‌كانیان هاوتای یه‌ك بوون دەیانەوێ ئەو مادەیە دەسکاری بکەن وشەی ناوچە جێناکۆکەکان هەڵگرن، چونکە پێیانوایە له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 ئیداره‌ی شاره‌كه‌ لەلایەن حکومەتی ئیتحادیەوە یەکلایكراوه‌ته‌وه له‌رووی به‌رێوه‌بردن‌و باڵاده‌ستی ناوه‌ند له‌پارێزگاكه‌دا.

 

ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی نێوان هەولێرو بەغدا زۆرن، بەڵام کەرکوک دیارترینیانەو لەنێو هەموو دانیشتنەکانی کوردو بەغدا خاڵێکی دیاری ناکۆکییەکان بووە.

 

رێبوار ته‌ها ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ "نیقاش"ی وت "كاری په‌رله‌مانی داهاتوو ئه‌سته‌م‌و چاره‌نووساز ده‌بێت، چونكه‌ چه‌ندین كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو هه‌یه‌ یه‌كلای نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێكه‌وه‌یی كاركردن بكرێته‌ پێوه‌ر كه ‌ئه‌وه‌ش له‌م قۆناغه‌دا ئه‌سته‌م بووه‌."

 

وتیشی :"بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی كه‌ركوك ده‌بێت بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور، چونكه‌ ئه‌و ماده‌ ده‌ستوورییه‌ به‌ ووردی باس له‌ چاره‌سه‌رو هه‌نگاونان ده‌كات بۆ دیاریكردنی سنوورو ئاینده‌ی پارێزگاكه‌."

 

دەستوری عێراقی کە لەساڵی 2005 پەسەندکرا، بریار بوو لەرێگەی مادەی 140ی ئه‌و ده‌ستووره‌وه‌ له‌ماوه‌ی دووساڵدا چاره‌نوسی شاره‌كه‌ یه‌كلای بكرێته‌وه‌، بەڵام ئەو مادەیە جێبەجێ نەکرا بەهۆی کێشە سیاسییه‌کان كه‌ دیاریترینان‌ تۆمەتبارکردنی حكومه‌تی هه‌رێم بوو لەلایەن بەغداوە کە گوایه‌ دیموگرافیای ناوچەکەی گۆڕیوە لەبەرژەوەندی خۆی‌و هاوڵاتی عەرەبی دەرکردووەو کوردی لەشوێنیان نیشتەجێکردووە، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستانیش حكومه‌تی ناوه‌ندی تۆمه‌بتار ده‌ركرد به‌وه‌ی نایه‌وێت ماده‌یه‌كی ده‌ستووری جێبه‌جێ بكرێت كه‌ ئاینده‌ی كه‌ركوكی پێوه‌ گرێدراوه‌.

 

له‌سه‌ره‌تایی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌ركه‌وتووه‌ كاری په‌رله‌مانی دا‌هاتوو ئه‌سته‌م ده‌بێت ئه‌وه‌ش بۆ ناته‌بایی نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی كه‌ركوك، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ئێستادا گروپی عه‌ره‌بی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك‌و به‌ره‌ی توركمانی عێراقی ناڕا‌زاین‌و كورد تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ساخته‌كاری،‌ تاكو ئێستاش خۆپیشاندانی ئه‌و دوو هێزه‌ له‌كه‌ركوك بۆ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

 

حه‌سه‌ن تۆران ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌ی توركمانی عێراق به‌"نیقاش"ی وت "به‌ساخته‌كاری گۆرانكاری له‌ژماره‌ی ده‌نگ‌و كورسی له‌نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی كه‌ركوك رویداوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دۆخی سیاسی‌و ئابوری ئێستای كه‌ركوك جیاوازه‌ له‌ پێش روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت زۆرترین قسه‌و پلانی په‌رله‌مانی داهاتوو بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك بێت."

 

تۆران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو :" یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌و گرفتانه‌ی رووبه‌رووی په‌رله‌مانی دا‌هاتوو ده‌بێته‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا بكرێت كه‌ له‌یاساكه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا باسی دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان نه‌كراوه،‌ ئه‌مه‌ش گرفتێكه‌ و ده‌بێت لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی چاره‌سه‌ر بكات."

 

به‌ ووته‌ی به‌شێك له‌ به‌رپرسانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك شه‌ڕی ئاینده‌ی كه‌ركوك له‌ په‌رله‌مانی ئه‌مجاره‌ی عێراق ده‌كرێت به‌ تایبه‌ت دوای داخڵكردنی پارێزگای كه‌ركوك له‌ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی هه‌رێم بۆ سه‌ربه‌خۆیی و كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی هێرشی هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017.

 

بورهان عاسی ئه‌ندامی گردبونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند :" ئه‌و ئۆپەڕاسیونە سەربازیە گەورەیەی کە حکومەتی عیراق ئه‌نجامیدا بە بەشداری کردنی دەیان هەزار سەربازو بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی بوە هۆی دەرکردنی ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی ده‌یانوویست كه‌ركوك له‌ خاكی عێراق داببڕن، بۆیه‌ له‌ ناوه‌راستی ئۆكتۆبه‌ری 2017 كه‌ركوك دۆخی ئاسایی بۆته‌وه‌و گه‌راوه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵی 2003-2004".

 

ووتیشی :" كارده‌كه‌ین له‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك به‌و دۆخی ئاساییه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌ تاكو ته‌واوی پێكهاته‌كان ژیانیان پارێزراو بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌