راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كورد "ده‌ستكه‌وته‌ نوستوه‌كه‌ی‌" خه‌به‌رنه‌كرده‌وه‌
نه‌ كورد باسی‌ ده‌كات‌و نه‌ به‌غداش ده‌یه‌وێت گوێی‌ له‌ریفراندۆم بێت

هه‌ستیار قادر
له‌گه‌ڕی‌ یه‌كه‌می‌ دانوستانه‌كانی‌ هێزه‌ كوردی‌‌و عێراقییه‌كان، ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پشت گوێ‌ خرا، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا بیانه‌وێ‌ به‌ردێك له‌سه‌ر ئه‌و باسه‌ دابنێن.
31.05.2018  |  هه‌ولێر
 ( :وێنه حمه سور)
( :وێنه حمه سور)

راگه‌یاندنی‌ ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆجارێكی‌ تر هاتوچۆی‌ فڕۆكه‌ی‌ وه‌فده‌ حزبیه‌كانی‌ له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا گه‌رمكرده‌وه‌.

 

له‌ 22ی‌ ئایاردا وه‌فدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌هه‌ولێره‌وه‌ خۆی‌ گه‌یانده‌ به‌غداو بۆ رۆژی‌ دواتریش وه‌فدی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌سلێمانیه‌وه‌ گه‌یشته‌ پایته‌خت كه‌ هه‌ردووكیان به‌دوو جه‌مسه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئیداریی‌و سیاسی‌ هه‌رێم داده‌نرێت‌و پله‌ی‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌می‌ سه‌ركه‌تووه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی‌ ئایاریان به‌ده‌ستهێنابوو.

 

بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ دیداری‌ ئه‌و دوو حزبه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كاندا تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گه‌رم كردو چه‌ندین هاشتاگی‌ گاڵته‌ ئامێزیان بڵاوكرده‌وه‌.

 

"یه‌كه‌م وڵات كه‌ به‌پاسپۆرتی‌ كوردستان گه‌شتی‌ بۆ ده‌كه‌یت كوێیه‌؟" ئه‌م پرسیاره‌ دووباره‌ له‌لایه‌ن له‌ په‌یجه‌ گشتی‌‌و كه‌سیه‌كانی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ شه‌یركرایه‌وه‌.

 

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناوخۆی‌ كوردستان دژی‌ ریفراندۆم بوون، ئه‌م رسته‌یه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ وه‌ك جۆرێك له‌گاڵته‌جاڕی‌ باس ده‌كه‌نه‌وه‌، چیرۆكه‌كه‌شی‌ بۆ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ریفراندۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و ده‌مه‌ كه‌ناڵی‌ رووداوی‌ سه‌ر به‌نێچیرڤان بارزانی‌ ئه‌و رسته‌یه‌ی‌ له‌سۆشیال میدیا بڵاوكرده‌وه‌ گوایه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ پێكهێنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ یه‌كلایی بۆته‌وه‌و نۆره‌ی‌ ئاماده‌سازییه‌ی‌ بۆ پاسپۆرته‌كه‌ی‌.

 

ئه‌مجاره‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆمیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌برد بۆ به‌غدا كه‌ له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ گوشاره‌كانی‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم خسته‌كار‌و هه‌رێم سنوری‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌شێك له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئیداریی و ئابوریانه‌شی له‌ده‌ستدا كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ بوون.

 

له‌گه‌ڕی‌ یه‌كه‌می‌ دانوستانه‌كاندا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نه‌یانتوانی‌  باس له‌پرسی ریفراندۆم بكه‌ن ئه‌گه‌رچی‌ تیایدا له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا زیاتر له‌ 90%ی‌ هاوڵاتیان ده‌نگیان به‌به‌ڵێ بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌و به‌غدایه‌دا كه‌ له‌دوای‌ نۆ مانگ بۆ جارێكی‌ تر كورد چووه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رۆڵ له‌نه‌خشه‌ی‌ ئیداریی‌ نوێدا ببینێت بۆ چوار ساڵی‌ داهاتوو.

 

خه‌سره‌و گۆران ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ پارتی‌ بۆ به‌غدا به‌"نیقاش"ی وت "پرسی ریفراندۆم له‌و دانوستانه‌كاندا باس نه‌كرا ته‌نیا به‌راگوزه‌ر نه‌بێت‌و ته‌نیا باس له‌چۆنێتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستور كراو ئێمه‌ش باسمان له‌وه‌ نه‌كرد كه‌ پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆم له‌به‌رچاو بگرن".

 

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو وه‌فدی‌ كوردی‌ به‌ر له‌پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ نوێ له‌عێراق له‌پاش هه‌ڵبژاردن كارتی‌ جیابوونه‌وه‌ نه‌خاته‌ جانتای‌ دانوستانه‌كانیه‌وه‌ بۆ به‌غداو نه‌یبرده‌ سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عیًَراقییه‌كان كه‌ له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ حزبی به‌عسه‌وه‌ له‌ 2003 و له‌سێ خولی رابردوودا هاوكێشه‌ی‌ گوشاره‌كانی‌ پێ یه‌كلایی ده‌كرده‌وه‌.

 

له‌وانه‌یه‌ ترسی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌جیابوونه‌وه‌ی‌ كورد به‌ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم به‌تاڵ بوبێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ ده‌ره‌نجامه‌كانیشی به‌هێز بۆ به‌غداو پاشه‌كشێ بۆ هه‌رێم شكایه‌وه‌.

 

له‌وه‌ده‌چێت حزبه‌ باڵا ده‌سته‌كانی‌ هه‌رێمیش ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت كه‌ باسكردنی‌ ریفراندۆم له‌لای‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ئێستادا "بڤه‌" بێت چونكه‌ شكاندنی‌ یه‌كپارچه‌یی عێراق به‌لایانه‌وه‌ هیڵی‌ سوره‌.

 

دوورنیه‌ كێشه‌كه‌ له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بێت بۆ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدا بۆ گه‌ڕه‌كانی‌ داهاتووی‌ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ شیعه‌و سونه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ك كارتی‌ جیابوونه‌وه‌یان له‌ده‌ستداوه‌‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم پێگه‌ی‌ له‌وێ بیهێزكردوون.

 

خالید شوانی ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ یه‌كێتی‌ بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بڕوای‌ وایه‌ دانوستانی‌ ئه‌مجاره‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق جیاوازه‌ له‌ خوله‌كانی‌ رابردوو به‌وپێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و كورد له‌ شه‌ش مانگی‌ رابردوودا به‌ خراپترین بارودۆخی‌ سیاسیدا خۆیدا رۆیشتووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا.

 

خالید شوانی‌ به‌"نیقاش"ی وت "بۆ قۆناغی داهاتووی‌ دانوستانه‌كان كارتی‌ ریفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ به‌هێز نابن به‌ده‌ست كورده‌وه‌، چونكه‌ پێگه‌ی‌ كورد له‌ئێستادا وه‌ك پێگه‌ی‌ كورد نییه‌ له‌خوله‌كانی‌ رابردووداو به‌هۆی‌ شكستهێنانی‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ بارودۆخه‌كان ته‌واو گۆڕاون".

 

بێده‌نگی‌ وه‌فدی‌ كوردی‌ له‌ریفراندۆم له‌به‌غدا هاوتای‌ ویستی‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ گوێیان له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ساڵی‌ رابردوودا گه‌وره‌ترین قه‌یرانی‌ سیاسی و ئاڵۆزی‌ ئه‌منی‌ له‌ نێوان زۆرینه‌ی‌ شیعه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ عێراق‌و كوردا دروستكرد كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ به‌خۆیان ده‌وت "هاوپه‌یمانی‌ هه‌میشه‌یی".

 

ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی‌ ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ لیستی‌ فەتح چوونی‌ وه‌فدی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ بۆ به‌غدا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك ده‌زانێت بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌په‌یوه‌ستبونیان به‌ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌وه‌و ده‌شڵێت "قسه‌كردن له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ بێسود بووه‌، چونكه‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ هه‌ڵیوه‌شاندووه‌ته‌وه‌".

 

ئه‌سه‌دی‌ به‌"نیقاش"ی وت "ریفراندۆم ئه‌ڵقه‌یه‌كی‌ زیانبه‌خش بوو بۆ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان‌و خستومانه‌ته‌ پشت خۆمانه‌وه‌ بۆ قۆناغه‌كانی‌ داهاتووی‌ دانوستانیش ئه‌و پرسه‌ به‌شێك نابێت له‌ ئه‌جێندای‌ دانوستانه‌كان".

 

ئه‌و پرسه‌ له‌پشت وه‌فده‌ كوردیه‌كه‌شه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی‌ تر به‌جێده‌هێڵێت كه‌ چۆن وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ زیاتر له‌90%ی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ پاڵپشتی جیابوونه‌وه‌یان كرد له‌ عێراق كه‌ تائێستاش هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌ی‌ رانه‌گه‌یاندووه‌ هه‌رچه‌نده‌  راده‌ستی‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌شبوو كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌وه‌ له‌دژی‌ گرتیه‌به‌ر.

 

عه‌بدوڵا وه‌رتێ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ی‌ ریفراندۆم پێیوایه‌ ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆم "ده‌ستكه‌وتێكی‌ خه‌وتووه‌" كه‌ هه‌ركاتێك پێویست بوو گۆڵی‌ خۆی‌ ده‌كات. 

 

 عه‌بدوڵا وه‌رتێ به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌گه‌ر شاندی‌ كورد بۆ به‌غدا لاوازبوو ناتوانێت كارتی‌ ریفراندۆم به‌كار بهێنێت و ده‌بێت ئه‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ هه‌رێم پارێزگاری‌ له‌و ده‌نگانه‌ بكه‌ن كه‌ پاڵپشتی سه‌ربه‌خۆییان كردووه‌ و به‌كاری‌ بهێنن له‌كاتی‌ دانوستاندا ئه‌گه‌رنا كاریگه‌ری‌ خراپی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر رای‌ گشتی‌ له‌ هه‌رێم و رۆحی‌ نه‌ته‌وه‌یی هاوڵاتیان ده‌تۆرێنێت".

 

له‌ ئێستادا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم به‌ چوونیان بۆ به‌غدا كه‌وتوونه‌ته‌ نێوان دوو به‌رداشه‌وه‌، له‌لایه‌ك گوشاری‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان له‌سه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ سودی‌ ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌ی‌ ئه‌نجامدراو ده‌نگیان به‌ سه‌ربه‌خۆییدا، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ له‌ به‌غدا رووبه‌ڕووی‌ گوشاری‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌بنه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌پارێزن  له‌ باسكردنی‌ ئه‌و پرسه‌.

 

ئیحسان شمه‌ری‌ لێكۆڵه‌ری‌ سیاسی‌‌و مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌زانكۆی‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی وت "ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن بۆ قۆناغه‌كانی‌ داهاتوو پرسی  جیابوونه‌وه‌ و باسكردنی‌ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆم چاوه‌ڕوانكراو نه‌بێت، چونكه‌ چونی‌ وه‌فدی‌ حزبه‌ كوردییه‌كان بۆ به‌غدا بۆ پته‌وكردنی‌ بیرۆكه‌ی‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی‌ عێراقه‌و بۆ داهاتوش حزبه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ به‌غدا داوای‌ مافه‌كانی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌