راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گێمی‌ دووه‌می‌ ململانێكان
تای‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كوردستان به‌رنادات

سامان عومەر
هێشتا پۆسته‌رو لۆگۆی‌ حزب‌و كاندیده‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌كوردستان لێنه‌كراونه‌ته‌وه‌ كه‌چی‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ دیكه‌ درا.
24.05.2018  |  سلێمانی
 ( :وێنه حمه سور )
( :وێنه حمه سور )

له‌كۆتا رۆژه‌كانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم كه‌ ئێستا به‌شێك له‌ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیشی‌ لایه‌ به‌مه‌رسومێك چاره‌نوسی‌ نادیاری‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ یه‌كلای‌ كرده‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌30ی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت.

 

دیاریكردنی‌ ئه‌م واده‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن وه‌ك تۆپێك  هه‌ڵدرایه‌ ساحه‌ی‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ جاران كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ی‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن.

 

سه‌میر هه‌ورامی‌ ڕاوێژكاری‌ ڕاگه‌یاندنی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ"نیقاش" وتی‌: "دیاریكردنی‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و داوایه‌ی‌ به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانه‌ كه‌ دوای‌ ڕیفراندۆم‌و ڕوداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌و پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ ڕزگاری‌ نیشتمانییان ده‌كرد".

 

وتیشی‌ "ماوه‌ی‌ ئێستای‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان بۆ دوو خول درێژكراوه‌ته‌وه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بووه‌ به‌ناچاری‌‌و ده‌بێت ئه‌نجامبدرێت".

 

بڕیاره‌كه‌ی‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ وایكردووه‌ قۆناغی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 12 مانگ كۆتایی نه‌یه‌ت، به‌ڵكو بۆ چوار مانگی‌ دیكه‌ درێژ ببێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر لایه‌نه‌و له‌سۆنگه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو ته‌یارو ئاماده‌ بكه‌ن.

 

دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌) شانازی‌ ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ 44 كورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌، هێزه‌كانی‌ دیكه‌ش كه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌وره‌یان كرد، ئه‌و دوو هێزه‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ساخته‌كاریی گه‌وره‌.

 

د. یه‌حیا رێشاوی‌ مامۆستای‌ میدیا له‌زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌رده‌وامی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پچڕ پچڕ و یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كانه‌ تای‌ هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وامی‌ پێده‌دات به‌مه‌ش زاكیره‌ی‌ ده‌نگده‌ر ماندوو ده‌بێت‌و واده‌كات ده‌نگده‌ر به‌گه‌رم‌و گوڕییه‌وه‌ ڕوو له‌سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان نه‌كات دواجار پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌كه‌دار بێت".

 

دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان زیاتر بوون، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ش لایه‌نی‌ سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌كێتی‌‌و پارتیان له‌پارێزگاكانی‌ هه‌رێم به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد ده‌ستكاری‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌ڕله‌مانی‌ عێراق یان كردوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان له‌ڕێگه‌ی‌ هاككردنی‌ سیسته‌م یاخود به‌رمه‌جه‌كردنی‌ ئامێری‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان، كاڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ش گفتوگۆی‌ چڕی‌ سیاسییان پێویسته‌.     

  

رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان به‌ "نیقاش"ی‌ وت: "ئێمه‌ له‌ئێستادا متمانه‌ی‌ كۆمه‌ڵێ‌ ده‌نگده‌رمان له‌ئه‌ستۆدایه‌، هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرۆسه‌ ساخته‌كارییه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم ئه‌نجامیانداوه‌".

 

وتیشی‌ "هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌ مه‌هزه‌له‌ زیاتر هیچی‌ تر نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌رگیز ناچینه‌ ژێر باری‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ تری‌ له‌مشێوه‌یه‌".

 

ئه‌مه‌ ئه‌و قسه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی‌ ژووری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دووپاتی‌ ده‌كاته‌وه‌‌و بۆچوونی‌ ئه‌وانیش وایه‌ كه‌ ده‌بێت له‌پرۆسه‌یه‌كی‌ ته‌واو دیموكراسیدا هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامبدرێن نه‌ك به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا.

 

به‌ڵێن ئیسماعیل به‌ "نیقاش"ی‌ وت: "ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش وه‌ك رابردوو سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌  كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت".

 

 یه‌كێك له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی‌ نێوان لایه‌نه‌كان كه‌ ئه‌ركی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێده‌سپێردرێت كۆمسیۆنه‌، له‌ولاشه‌وه‌ هه‌موو ئامانجێكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێلایه‌نی‌ خۆی‌ بپارێزێت‌و حزبه‌كان چۆنیان بوێت به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ ببات.

 

به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌رابردوودا ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیووه‌ تا هه‌رسێ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و پارێزگاكان به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامبده‌ن.

 

به‌كارهێنانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق شه‌ش لایه‌نی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ ناچار به‌ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد.

 

شێروان زرار وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  له‌وباره‌یه‌وه‌  به‌ "نیقاش"ی‌ وت: "لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێم‌و رێكخراوه‌كان شێوازی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ست یان به‌ئه‌لكترۆنی قبوڵ بێت ئێمه‌ ئه‌و شێوازه‌ هه‌ڵده‌بژێرین".

 

كه‌مجار هه‌بووه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵبژاردن له‌كاتی‌ خۆیدا ئه‌نجامبدرێت، كاتێك واده‌ی‌ یاسایی هه‌ر سه‌رۆكایه‌تییه‌ك به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت ئینجا لایه‌نه‌كان بیریان ده‌كه‌وێته‌وه‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردن دیاری‌ بكه‌ن.

 

د.سه‌رهه‌نگ ساڵح پسپۆڕی‌ بواری‌ هه‌ڵبژاردن‌و مامۆستای‌ زانكۆ به‌"نیقاش"ی‌ وت: "بۆ ئه‌وه‌ی‌ دام و ده‌زگا شه‌رعییه‌كان یاسایی بونیان نه‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ گرنگه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان په‌یڕه‌وێكی‌ نیشتمانی‌

 له‌نێوانیاندا هه‌بێت كه‌ پابه‌ندی‌  ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بن له‌ كاتی خۆیدا".

 

ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ هه‌ڵبژاردن وتیشی‌: "هه‌ڵبژاردن جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ سیاسییه‌ له‌هه‌مانكاتدا پرۆسه‌یه‌كی‌ ئه‌خلاقیشه‌، له‌ولاَتانی‌ پێشكه‌وتوو رێز له‌و كاته‌ ده‌گیرێت كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێت".

 

هێزه‌ كوردییه‌كان به‌هه‌موو ئه‌و شكست و ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ چوار ساڵی‌ ڕابردوو یانه‌وه‌ سه‌رجه‌م توانا و په‌یامه‌كانی‌ خۆیان له‌بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌كارهێنا.

 

هه‌ڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایار وه‌ك به‌ڕێكردنی‌ گێمی‌ یه‌كه‌می‌ یارییه‌كه‌ وابوو بۆیان تا له‌گێمی‌ دووه‌م‌و له‌(هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستان) ده‌نگی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگده‌ران بچننه‌وه‌و ده‌سه‌ڵات‌و هێزی‌ ده‌نگده‌ر پیشانی‌ یه‌كتر بده‌ن، به‌لاَم ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ گێمی‌ یه‌كه‌م به‌هه‌ر هۆكارێك بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هیچ كام له‌و لایه‌نانه‌ نییه‌ كه‌ به‌ ناڕازی‌ و ئۆپۆزسیۆن ناسراون، بۆیه‌ دوور نییه‌ بایكۆتی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌وه‌ بكرێته‌ بڕیار.

 

بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ هه‌رێمیش هاوكێشه‌كه‌ به‌جۆرێكی‌ تره‌، ئه‌گه‌ر تا دوێنێ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ترسیان هه‌بوبێ‌ له‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌مجاره‌ ترس له‌چۆنییه‌تی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌