راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دیموكراسی‌ له‌ژێر سێبه‌ری‌ چه‌كدا
هه‌ڵبژاردن بژارده‌یه‌كی‌ مه‌ترسیداری‌ له‌كوردستان هێنایه‌ پێشه‌وه‌

هونەر حەمەرەشید
ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌ك بۆ هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان شۆكهێنه‌ر بوو، وایلێكردن ده‌ست بۆ بژارده‌یه‌ك به‌رن كه‌ خۆیان له‌بنه‌ڕه‌دا له‌دژی‌ دامه‌زراون.
24.05.2018  |  هه‌ولێر
 ( :وێنه حمه سور)
( :وێنه حمه سور)

ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایاری‌ رابردوو له‌هه‌رێم مشتومڕێكی‌ زۆری‌ دروستكردووه‌و له‌چه‌ند سه‌عاتی‌ یه‌كه‌می‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامه‌كانیشدا گرژییه‌كه‌ی‌ گه‌یانده‌ ئاستی‌ مه‌ترسی‌ پێكدادانی‌ سه‌ربازی‌.

 

ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 12ی‌ مانگ، كاتێك ئه‌نجامی‌ به‌رایی هه‌ڵبژاردن ده‌ركه‌وت، له‌شاری‌ سلێمانی‌ رووداوێك روویدا، نزیكبووه‌ له‌وه‌ی‌ دوو هێزی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌رێگه‌ی‌ چه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووی‌ یه‌ك ببنه‌وه‌.

 

له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ ده‌نگی‌ ته‌قه‌ی‌ زۆرو به‌رده‌وام بیسترا، میدیاكانی‌ گۆڕان وتیان به‌هۆی‌ قبوڵنه‌كردنی‌ ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌ هێزێكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان په‌لاماری‌ داون، یه‌كێتیش له‌لێدوانه‌ ره‌سمییه‌كانیدا ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و لایه‌نی‌ گۆڕان تۆمه‌تبار ده‌كات به‌دروستكردنی‌ ئاژاوه‌كه‌.

 

ئه‌و شه‌وه‌ دۆخی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ پێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌ردوو حیزبه‌كه‌یه‌ به‌جۆرێك شێوابوو مه‌ترسی‌ ده‌كرا گرژییه‌كان بۆ شوێنێكی‌ دیكه‌ سه‌ر بكێشێت، گۆڕان داوای‌ له‌هه‌وادارانی‌ ده‌كرد باره‌گاكه‌ی‌ بپارێزن، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا چه‌ند ده‌نگێكی‌ دیاری‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌بوو كه‌ داوایان ده‌كرد خه‌ڵكی‌ به‌چه‌كه‌وه‌ بچن بۆ به‌هاناوه‌چوونیان.

 

هه‌ڵوێستی‌ سه‌ركرده‌و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی‌ گۆڕان هه‌ر به‌به‌رگریكردن له‌خۆ نه‌وه‌ستاو رۆژانی‌ دواتر ده‌ستیان به‌هه‌وڵێك كرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزێكی‌ چه‌كدار دروستبكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك پێشنیازكرا، هێزه‌كه‌ ناوبنرێت "هێزی‌ پاراستنی‌ دیموكراسی‌".

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، یه‌كێك له‌هه‌ڵسوڕاوه‌ دیاره‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، كه‌ هاوكات په‌رله‌مانتاری‌ كوردستانیشه‌، له‌په‌یجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبووك نوسیبووی‌ "دیموكراسی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێبگرێت پێویستی به‌هێزی پاسه‌وانه‌، چونكه‌ ئه‌وان ڕۆژێك په‌رله‌مان داده‌خه‌ن، رۆژێك له‌بازگه‌ سوكایه‌تی ده‌كه‌ن، رۆژێك په‌لامارده‌ده‌ن، رۆژێك هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن ده‌كه‌ن‌و له‌هه‌ڵبژاردن ساخته‌ ده‌كه‌ن‌و دواتر دێنه‌ سه‌رگرده‌كه‌".

 

نوسیبووشی‌ "بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ ئومێدی گۆڕانكاری له‌ده‌ستنه‌دات باشترین بژارده‌ دروستكردنی هێزێكه‌ بۆ پاراستنی ده‌نگده‌رو خۆپیشانده‌رو سندوقه‌كانی ده‌نگدان، نابێت غه‌در له‌كه‌س بكه‌ین، به‌ڵام كه‌سێك زله‌یه‌كی لێدایت ده‌بێت دوو زله‌ی لێده‌یت".

 

له‌لێدوانێكیدا بۆ "نیقاش" عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح سووربوونی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ راگه‌یاند‌و باسی‌ له‌وه‌ش كرد هه‌زاران كه‌س له‌لایه‌نگرانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان بۆ ئه‌و هێزه‌ ناونووس بكه‌ن.

 

نیقاش له‌زاری‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ناو گۆڕانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیوه‌، كه‌ هه‌وڵه‌كه‌ی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ هه‌وڵێكی‌ جدییه‌و ده‌یان سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌ی‌ له‌گه‌ڵه‌و ئێستا كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن‌و به‌نیازن پرسه‌كه‌ به‌رنه‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌، كه‌ به‌رزترین دامه‌زراوه‌ی‌ بڕیاردانی‌ گۆڕانه‌.

 

له‌و باره‌وه‌ مام رۆسته‌م، یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ گۆڕان، بۆ "نیقاش" وتی‌: "لایه‌نه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات قۆناغه‌كه‌یان به‌شوێنێك گه‌یاندووه‌، كه‌ گۆڕانیش وه‌ك هێزێكی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌رێم بیر له‌دروستكردنی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ بكاته‌وه‌".

 

مام رۆسته‌م وتیشی‌: "پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ باوه‌ڕیان به‌دیموكراسی‌‌و ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ش هێز به‌كارده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ تر بخه‌نه‌ ژێر خواسته‌كانی‌ خۆیان، بۆیه‌ گۆڕانیش ئه‌وه‌ی‌ پێقبووڵناكرێت‌و هه‌ڵوێستی‌ ده‌بێت".

 

ئه‌و سه‌ركرده‌ی‌ گۆڕان نه‌یشارده‌وه‌ ده‌یان سه‌ركرده‌ی‌ گۆڕان ئێستا بیر له‌میكانیزمی‌ دروستكردنی‌ هێز ده‌كه‌نه‌وه‌و پرسه‌كه‌ش ده‌به‌نه‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ لێبدرێت، هه‌روه‌ها وتی‌: "ده‌یان هه‌زار كه‌سیش ئاماده‌ن له‌پێناوی‌ گۆڕان چه‌ك هه‌ڵبگرن".

 

له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا پرسی‌ دروستكردنی‌ هێز له‌ناو گۆڕان به‌شێوه‌یه‌ك په‌ره‌یسه‌ند، كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌شه‌ بۆ ناونووسین بكرێت‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌یجی‌ تایبه‌ت دروستكرا، كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا ئه‌و په‌یجه‌ هه‌زاران كه‌س لایكیان كرد.

 

بابه‌كر دڕه‌یی، یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، كه‌ ئێستا به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی-یه‌، وێنه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت خۆی‌‌و عه‌دنان عوسمان یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ گۆڕان به‌چه‌كه‌وه‌ له‌گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ له‌سه‌ر گۆڕی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ستاون‌و ئه‌و وێنه‌یه‌ش مشتومڕی‌ زۆری‌ دروستكرد.

 

بابه‌كر دڕه‌یی له‌باره‌ی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌وه‌ له‌فه‌یسبووك نوسیبووی‌ "هه‌روه‌ك چۆن نووسین و قه‌ڵه‌م له‌باریدا هه‌یه‌ زاڵمان و سته‌مكاران ڕیسوا بكات‌و پاشه‌كشه‌یان پێبكات، به‌ هه‌مان جۆر تفه‌نگ و گولله‌ش له‌كاتی پێویستدا ده‌توانێ مافیاو پیاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات تێكبشكێنێ...".

 

ئه‌م بۆچوونه‌ ئێستا له‌ناو گۆڕاندا باوه‌و به‌شێك پێیانوایه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردن‌و سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان ته‌نیا رێگه‌ نییه‌، بۆ گۆڕانكاری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ ئه‌وان چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و دروشمه‌یان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

 

هۆشیار عه‌بدوڵڵا یه‌كێكی‌ تره‌ له‌هه‌ڵسوڕاوه‌ دیاره‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "ئێمه‌ تا بتوانین، رێگه‌ی‌ دیموكراسی‌‌و مه‌ده‌نی‌ به‌كارده‌هێنین، بۆ گۆڕانكاری‌ له‌هه‌رێم ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا وتوویه‌تی‌ شاڕێی‌ گۆڕانكاری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌نیا سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان‌و رێگای‌ مه‌ده‌نییه‌".

 

هۆشیار عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: "نه‌وشیروان مسته‌فا مه‌به‌ستی‌ بووه‌، شارێی‌ دیموكراسی‌ سندوقی‌ ده‌نگدانه‌، كه‌واته‌ جگه‌ له‌و رێگه‌یه‌، رێگه‌ی‌ تریش هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكاری‌، كه‌ ئێمه‌ هیوادارین ناچارمان نه‌كه‌ن ئه‌و رێگایانه‌ هه‌ڵبژێرین‌و پارته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ملبده‌ن به‌شكستیان".

 

بێهیوابوون له‌دیموكراسی‌‌و سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان

بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كاتێك له‌ساڵی‌ 2009 له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا دامه‌زرا، دروشمی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وان خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌‌و دوور له‌توندتیژی‌ ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ گۆڕانكاری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام وه‌ك سه‌ركرده‌كانی‌ ده‌ڵێن، له‌ماوه‌ی‌ رابردوو ئه‌و بڕوایه‌یان بۆ دروستبووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وامبێت‌و به‌رانبه‌ره‌كانیان ده‌ست بۆ چه‌ك به‌رن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ململانێكان، ئه‌وانیش ئه‌و باوه‌ڕه‌یان بۆ دروست ده‌بێت.

 

مام رۆسته‌م له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: "پارته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ئاماده‌نین شكسته‌كانیان له‌هه‌ڵبژاردن قبووڵبكه‌ن، كه‌ گۆڕان ئه‌و رێگه‌ی‌ گرتووه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتیان، بۆیه‌ گۆڕانیش ئه‌و بڕوایه‌ی‌ بۆ دروست بووه‌، مه‌رج نییه‌ گۆڕانكاری‌ ته‌نیا به‌خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ بێت، به‌ڵكو رێگه‌ی‌ تریش هه‌یه‌".

 

ده‌شڵێت "ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ین، جا ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كه‌ به‌رێگه‌ی‌ دیموكراسی‌‌و مه‌ده‌نی‌ نه‌بوو، ئه‌وا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش رێگه‌ی‌ تر هه‌ڵنه‌بژێرین، خه‌ڵكی‌ تر خۆی‌ ئه‌و رێگایه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت".

 

ته‌نیا گۆڕان نییه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێوه‌كان بێهیوا بووه‌، ته‌نیا رێگه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ له‌هه‌رێم سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان بێت، به‌ڵكو لایه‌نه‌كانی‌ تریش هاوشێوه‌ی‌ گۆڕان ناڕازین له‌ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن، گوایه‌ "ساخته‌كاری‌ كراوه‌و یاری‌ به‌ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كراوه‌".

 

هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌، هێزێكی‌ نوێیه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ هه‌رێم‌و عێراق‌و یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن، یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و هێزانه‌ ناڕازین له‌ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی‌ گۆڕان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ساخته‌كاری‌ كراوه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌ستیان به‌هه‌وڵ كردووه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن.

 

رێبوار كه‌ریم مه‌حمود، وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌، بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ به‌رنامه‌ كاریان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كان‌و خه‌ڵكیش بڕوایان به‌دیموكراسی‌‌و سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان لاواز بێت، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو رێگه‌یه‌كیان گرتووه‌ته‌ به‌ر".

 

رێبوار كه‌ریم محه‌مه‌د ده‌شڵێت: "هه‌وڵه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك داناوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كار ده‌كه‌ین، كاریگه‌رییه‌كانی‌ كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین رێگه‌مان له‌به‌رده‌مدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ ببینه‌وه‌".

 

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێم له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیش نه‌وه‌ستنه‌وه‌، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ خۆی‌ قبووڵی‌ ناكات‌و رێگه‌ی‌ خۆی‌ ده‌گرێته‌ به‌ر، به‌نموونه‌ "له‌ناو هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌زاره‌ها كه‌سی‌ ناڕازی‌ هه‌ن‌و دژی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتین، وا ئه‌مجاره‌ش بێده‌نگ بوون، به‌دڵنیایی له‌جارانی‌ داهاتوو هه‌ڵوێستیان ده‌بێت".

 

پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ دوو هێزی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و هه‌ردوو پارته‌كه‌ش خاوه‌نی‌ دوو یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازی‌ زه‌به‌لاحن، كه‌ ئه‌وانیش یه‌كه‌كانی‌ حه‌فتاو هه‌شتای‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ن.

 

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ی‌ زۆرترین تۆمه‌تی‌ ئاراسته‌ ده‌كرێت به‌وه‌ی‌ ساخته‌كاری‌ له‌هه‌ڵبژاردن كردووه‌و بۆ سه‌رگرتنی‌ ساخته‌كارییه‌كه‌شی‌ هێزی‌ به‌كارهێناوه‌، به‌ڵام به‌رپرسه‌كانی‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

 

قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "ئێمه‌ باوه‌ڕی‌ ته‌واومان به‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن‌و سندووقه‌كانی‌ ده‌نگدان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش له‌رابردوو هه‌ر ئه‌نجامێكیان به‌ده‌ستهێنابێت، قبووڵمان كردووه‌".

 

حاكم قادر له‌باره‌ی‌ ده‌ستبردن بۆ بژارده‌ی‌ دروستكردنی‌ هێز له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن گۆڕان، یان هه‌ر لایه‌نێكی‌ تر ده‌ڵێت: "به‌پێی‌ یاساكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ لایه‌نێك نابێت هێزی‌ چه‌كداری‌ هه‌بێت، چونكه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م هێزه‌كان سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ بن، نه‌ك میلیشیای‌ حیزبی‌ بن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌یكات له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ ره‌تكراوه‌یه‌".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆچی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ هێزیان هه‌یه‌و قبووڵناكه‌ن هێزه‌كانی‌ تر هێزیان هه‌بێت، ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ڵێت: "هێزی‌ حه‌فتاو هه‌شتا به‌یاسا رێكخراون‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ موچه‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ربازییان بۆ دابینده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ راست نییه‌ كه‌ ده‌وترێت ئه‌و هێزانه‌ سه‌ر به‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌-ین".

 

هه‌وڵی‌ گۆڕان‌و لایه‌نه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی‌ دیكه‌ش بۆ پێكهێنانی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ له‌لای‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆره‌وه‌ رووبه‌رووی‌ ره‌خنه‌ی‌ توند بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵك ده‌زانن یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ چه‌كیان هه‌یه‌و ده‌ستی‌ لێهه‌ڵنه‌گرن، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ دژی‌ چه‌ك بوون، ئێستا په‌نا بۆچه‌ك ببه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌