راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عێراقییه‌كان روخساری‌ نوێیان ده‌وێت
سوپرایز نییه‌، سه‌در خواستی ده‌نگده‌رانی جێبه‌جێكردووه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق چه‌ندین سوپرایزی پێبوو به‌ڵام به‌تێڕوانێكی ورد بۆ هیوای ده‌نگده‌ره‌ عێراقییه‌كان له‌دوای قۆناغی داعش تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌نجامه‌كان لۆجیكین.
17.05.2018  |  به‌غدا

ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی راگه‌یاند كه‌ خولی چواره‌میه‌تی له‌ دوای ساڵی 2003 وه‌. به‌یانی رۆژی دواتریش به‌ڕوونی دیاربوو كه‌ هه‌موو لایه‌كی وڵات گۆڕانكارییه‌كی سیاسی گه‌وره‌یان هه‌ست پێكردووه‌، كاتێك بینیان ئاستی جه‌ماوه‌ری چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كه‌ به‌درێژایی ده‌یه‌ی رابردوو یاوه‌ریان كردوون، پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، هاوكات لایه‌نگرانی حزبه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ده‌ربڕینی دڵخۆشی سه‌ركه‌وتنی حزبه‌ نوێیه‌كانیان.

 

موقته‌دا سه‌در سه‌ركرده‌ی جێمشتومڕی شیعه‌ كه‌ ده‌مێكه‌ ناوی په‌یوه‌ست كراوه‌ به‌ ساڵانی توندوتیژی تایفی‌و به‌درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو چووه‌ته‌ نێو زنجیره‌یه‌ك گۆڕانكارییه‌وه‌ كه‌ دیارترینیان وه‌ستانه‌وه‌ بوو له‌دژی هه‌ژموونی ئێران له‌ وڵاتدا، پله‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی به‌ده‌ستهێناوه‌‌و (54) كورسی له‌ كۆی (328) كورسی به‌ده‌ست هێناوه‌.

 

هاوكات هه‌مووان تووشی شۆك بوون كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ست هێنا‌و (42) كورسی برده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌ ئاسته‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی هه‌ڵكشا‌و به‌ پیاوی ئه‌ركه‌ قورسه‌كان ناسرا له‌ كاتێكدا حوكمی وڵاتی كرد كه‌ سێیه‌كی خاكه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی توندڕه‌واندا بوو، قه‌یرانێكی دارایی توندیش هێنده‌ی نه‌مابوو حكومه‌ت بڕوخێنێت، چاودێران پێیان وایه‌ شایانی ئه‌نجامێكی باشتره‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا.

 

دوا به‌دوای سه‌در هاوپه‌یمانی "فه‌تح" به‌ سه‌ركردایه‌تی هادی عامری به‌ پله‌ی دووه‌م هات، ئه‌ویش هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ به‌ نزیكیان له‌ ئێران ناسراون‌و (47) كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌، "ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا"ی به‌سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی له‌ پله‌ی چواره‌مدا هات به‌ ته‌نیا (25) كورسی كه‌ دروشمی هه‌ڵبژاردنی نه‌هێشتنی پشككاری‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و حكومه‌تی زۆرینه‌ بوو، چونكه‌ نزیكه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی كورسییه‌كانی له‌ده‌ستدا كه‌ له‌ ساڵی 2014دا به‌ده‌ستی هێنابوون‌و ژماره‌یان (92) كورسی بوو، هاوكات پێویستیشی به‌ (164) كورسییه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كه‌ی.

 

له‌ لایه‌نی سوننه‌‌و كوردیشدا سوپرایزێكی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆ رووی نه‌دا، چونكه‌ ئیئتیلافی "وه‌ته‌نییه‌" به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی پارێزگاری له‌ (21) كورسییه‌كه‌ی خۆی كرد، هاوپه‌یمانی "قه‌رار"یش به‌ سه‌ركردایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی (13) كورسی به‌ده‌ست هێنا، هاوكات هه‌ردوو حزبه‌ كوردییه‌كه‌ "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌و "پارتی دیموكراتی كوردستان" زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ده‌ست هێنا.

 

به‌ڵام پێشهاته‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌ له‌ لایه‌نی شیعه‌دا بوو، چونكه‌ ئه‌نجامه‌كان ئاماژه‌ بۆ راستییه‌كی ئاشكرا ده‌كه‌ن به‌وه‌ی حزبه‌ شیعه‌ ته‌قلیدییه‌ فه‌رمانڕه‌واكان كه‌ بریتین له‌ حزبی "ده‌عوه‌"‌و "حیكمه‌" به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم (19) كورسی، ئاستی جه‌ماوه‌رییان زۆر دابه‌زیوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هێزی شیعه‌ی نوێ كه‌ بریتین له‌ هاوپه‌یمانی سه‌در له‌گه‌ڵ شیوعییه‌كان كه‌ دیارده‌یه‌كی سیاسی ده‌گمه‌نه‌ له‌ مێژووی وڵاتدا، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی "فه‌تح" كه‌ ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ له‌دژی "داعش" جه‌نگاون‌و پێشتر به‌شدارییه‌كی سیاسی كارایان نه‌بووه‌.

 

فایه‌ق شێخ عه‌لی سه‌رۆكی لیستی "ته‌مه‌دون" پێی وایه‌ "ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن شۆككه‌ر‌و سوپرایزه‌ بۆ كوتله‌ گه‌وره‌كان، به‌ڵام ئاساییه‌ كاتێك هاوتای ئه‌و نیگه‌رانییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ به‌رفراوانه‌ی به‌رامبه‌ر حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكان له‌ئارادایه‌".

 

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن عێراقییه‌كان نائومێد دیاربوون له‌ ئه‌گه‌ری به‌دیهاتنی گۆڕانكارییه‌كی سیاسی، كاتێكیش پرسیار له‌ هه‌ر عێراقییه‌ك ده‌كه‌یت سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر سیاسه‌ت، ده‌ڵێت: "هه‌ست به‌ بێزاری ده‌كه‌ین له‌  ده‌موچاوه‌ سیاسییه‌ كۆنه‌كان‌و ده‌موچاوی نوێما ده‌وێت كه‌ به‌گه‌نده‌ڵی پیس نه‌بووبن" به‌ده‌یان راپرسیش ئه‌مه‌یان پێش هه‌ڵبژاردن دووپات كردووه‌ته‌وه‌، نائومێده‌كان دابه‌شبوون بۆ دوو گرووپ، یه‌كه‌میان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا كرد‌و دووه‌میش بڕیاری بایكۆتی دا.

 

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ته‌واو هاوئاوازی هه‌ستی عێراقییه‌كان بوو، چونكه‌ حزبه‌ ته‌قلیدییه‌ كۆنه‌كان هه‌ڵبژاردنیان دۆڕاند، له‌كاتێكدا هاوپه‌یمانی شیعه‌ی نوێ براوه‌ بوون ئه‌گه‌رچی مایه‌ی نیگه‌رانی بوو كه‌ كاندیده‌كانیان نه‌ناسراو بوون له‌لای زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان، چونكه‌ هاووڵاتیانی عێراق به‌دوای هه‌ر جێگره‌وه‌یه‌كی نوێدا ده‌گه‌ڕان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شاره‌زاییه‌كی سیاسیشیان نه‌بووایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ راستیدا ئه‌نجامه‌كان سوپرایز نین به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ له‌ تێڕوانینی ده‌نگده‌ران له‌ قۆناغی دوای "داعش" تێگه‌یشتبوون، به‌ڵام سوپرایزه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونه‌كانی پێشووی هه‌ڵبژاردنیان جێبه‌جێكرد به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرن كه‌ ده‌نگده‌ری ئه‌مڕۆ هه‌مان ده‌نگده‌ری دوێنێ نییه‌ له‌دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ ئه‌منی‌و ئابووریانه‌ی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی.

 

وه‌ك سه‌ڵاح عوبه‌یدی وته‌بێژ به‌ناوی سه‌در ده‌ڵێت یه‌كه‌م هه‌نگاو كه‌ سه‌در ناویه‌تی دامه‌زراندنی جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی نوێیه‌ به‌ناوی "ئیستیقامه‌" له‌بری "ئه‌حرار"، هه‌روه‌ها بڕیارێكی بوێرانه‌یشی ده‌ركرد كه‌ خۆكاندیدكردنی هه‌موو وه‌زیر‌و په‌رله‌مانتاره‌كانی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا قه‌ده‌غه‌ كرد، هه‌ندێكیان نیگه‌ران بوون، به‌ڵام سه‌در سووربوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌ی.

 

عوبه‌یدی به‌ "نیقاش"ی وت: "سه‌در له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی به‌ راشكاوی گفتوگۆی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گه‌ل ده‌موچاوی نوێی ده‌وێت‌و داوای له‌ به‌رپرسان كردووه‌ خۆیان كاندید نه‌كه‌ن كه‌ كه‌سایه‌تی سیاسی دیاریشیان تێدایه‌، هه‌مووانیش به‌وه‌ رازی بوون له‌ سۆنگه‌ی باوه‌ڕبوونیان به‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌ كاندیدی نوێیه‌".

 

عوبه‌یدی ده‌شڵێت: "له‌نێو ره‌وته‌كه‌دا گفتوگۆی دوور‌ودرێژ كرا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌در، هه‌ندێك وتیان ئه‌وه‌ خۆكوشتنی سیاسیه‌‌و ده‌بێته‌ هۆی دۆڕانێكی گه‌وره‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌ردرای نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌كانمان ببین، هاوكات هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی ده‌بێته‌ مایه‌ی پاشه‌كشه‌كردنی جه‌ماوه‌ره‌كه‌مان، به‌ڵام ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌لماند".

 

سه‌در هه‌ر به‌وه‌ نه‌وه‌ستا كاندیدی نوێ پێشكه‌ش بكات، به‌ڵكو سنووری به‌زاند‌و بڕیاری دا هاوپه‌یمانی "سائیرون نه‌حوه‌لئیسڵاح" له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی‌و ئه‌و هێزه‌ مه‌ده‌نییه‌ عه‌لمانیانه‌ پێكبهێنێت كه‌ هاوینی ساڵی 2015 شه‌پۆلێك خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌رییان له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر ده‌ستپێكرد‌و به‌هه‌زاران عێراقی توڕه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات چوونه‌ پاڵیان، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئاینی نین، به‌ڵام سه‌دریان هه‌ڵبژارد.

 

هه‌مان شت به‌سه‌ر هادی عامریدا جێبه‌جێ ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ سیاسییه‌ ته‌قلیدییه‌ شیعه‌كان داده‌نرێت‌و كاریگه‌رییه‌كی سنوورداری هه‌بووه‌‌و (22) كورسی له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوودا هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ توانی هاوپه‌یمانییه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌دا پێكبهێنێت كه‌ هیچ شاره‌زاییه‌كی سیاسییان نییه‌، به‌ڵام جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانیان له‌ نێوه‌نده‌ شیعه‌كاندا هه‌یه‌ پاش ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی به‌سه‌ر "داعش"دا به‌ده‌ستیان هێنا، هه‌روه‌ك سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كان به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان به‌ عێراقییه‌كان دابوو چۆن توندڕه‌وانیان له‌ به‌ره‌كاندا ده‌ركرد، ئاواش سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ده‌ربكه‌ن.

 

ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ جێمشتومڕه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ پله‌ی دووه‌م هات‌و (47) كورسی به‌ده‌ستهێنا‌وپێش عه‌بادی‌و مالیكی كه‌وت، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران بیریان له‌ هه‌ڵبژاردنی حزبی نوێ ده‌كرده‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆر گوێ بده‌نه‌ پاشخان‌و شاره‌زایی سیاسییان، چونكه‌ به‌ساده‌یی ئه‌وان هه‌ست به‌ بێزاری‌و نیگه‌رانی له‌و حزبانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه‌.

 

له‌ هه‌مووی سه‌رنجڕاكێشتر له‌ هه‌ڵبژاردندا رێژه‌ی نزمی به‌شداریكردن بوو، چونكه‌ (44.52%)ی ده‌نگده‌ران له‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو ده‌نگیان دا كه‌ ژماره‌یان (24.352.253) كه‌س بوو، ئه‌وه‌ش نزمترین رێژه‌ی به‌شداریكردنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا له‌ ساڵی 2005وه‌، رێژه‌ی بایكۆتكردن له‌سنووری (15%)دا زیادیكردووه‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو له‌ ساڵانی (2010 – 2014) كه‌ رێژه‌كه‌ گه‌یشته‌ ده‌وروبه‌ری (60%).

 

چاودێرانی خۆجێیی ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بایكۆتكه‌رانیش به‌شداری بكه‌ن زۆر له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ناگۆڕێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر باكۆتكه‌رانی توڕه‌ له‌ حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكان به‌شدارییان بكردایه‌ ئه‌وا حزبه‌ نوێیه‌كانیان هه‌ڵده‌بژارد، به‌هۆی یاسای هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ هیچیان بۆ نه‌ده‌ماوه‌یه‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و لیستانه‌ی به‌كرداری هه‌ڵبژاردنیان بردووه‌ته‌وه‌.

 

شكانی حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكان ته‌نیا شتی سه‌رنجڕاكێش نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییانه‌ش كه‌ كاریزمایان هه‌یه‌ پرشنگی خۆیان له‌چاوی عێراقییه‌كاندا له‌ده‌ست دا، بۆ نموونه‌ نوری مالیكی كه‌ به‌ته‌نیا خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010 (624.247) ده‌نگ‌و له‌ساڵی 2014یشدا (721.000) ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا (91.000) ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌.

 

هاوكات ئه‌یاد علاوی كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا (46.000) ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010دا (410.223) ده‌نگ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014یشدا (407.537) ده‌نگی به‌ده‌ست هێنابوو.

 

سه‌ره‌نجام، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی براوه‌یه‌كی راسته‌قنه‌ی گه‌وره‌ بوونی نییه‌ كه‌ بتوانێت پێكهێنانی حكومه‌ت‌و ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایی بكاته‌وه‌، جیاوازی نێوان حزبه‌ براوه‌كانیش له‌ (10) یان (20) كورسی تێناپه‌ڕێت، له‌ كاتێكدا پێكهێنانی حكومه‌ت پێویستی به‌ (164) كورسی په‌رله‌مان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ر براوه‌كاندا ده‌سه‌پێنێت دانوستانێكی ئاڵۆز بكه‌ن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی ئیئتیلافی كه‌ ره‌نگه‌ چه‌ند مانگێك بخایه‌نێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌