راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داواكاری بایكۆتكردن فراوان ده‌بێت
ئه‌مجاره‌ عێراقییه‌كان باوه‌ڕیان به‌ هه‌ڵبژاردن كه‌متر بووه‌ته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌واده‌ی گرنگترین هه‌ڵبژاردن له‌عێراق، چیتر بانگه‌وازی بایكۆتكردنی ته‌نیا رای هه‌ندێك چالاكوان‌و سیاسی نییه‌، به‌ڵكو بووه‌ته‌ كه‌مپینێكی رێكخرا‌وو پێشوازییه‌كی جه‌ماوه‌ری لێده‌كرێت.
10.05.2018  |  به‌غدا
Election apathy in Baghdad. Does anybody really care? ( :وێنه جيتي : احمد الربيعي)
Election apathy in Baghdad. Does anybody really care? ( :وێنه جيتي : احمد الربيعي)

چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی، به‌ سه‌دان بانگه‌واز بۆ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن كه‌ بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عێراقیان داگیركرد، هه‌روه‌ها هاشتاگه‌كانی "ده‌نگ ناده‌م"، "بایكۆتی هه‌ڵبژاردن"، "بایكۆتكاران"، "له‌ماڵه‌وه‌ بمێنه‌ره‌وه‌" به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌نێو عێراقییه‌كاندا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌وه‌، هاوكات به‌ سه‌دان عێراقی وێنه‌ كه‌سییه‌كانیان له‌ "فه‌یسبووك" بۆ ده‌سته‌واژه‌ی "ده‌نگ ناده‌م" گۆڕی.

 

كاره‌كه‌ به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو چه‌ند په‌یج‌و گرووپێك له‌ فه‌یسبووك دروستكراون داوای بایكۆتی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ڕێی ئه‌و پۆستانه‌ی ئه‌وه‌ به‌بیری عێراقییه‌كان ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن به‌درێژایی ساڵانی رابردوو بێسوود بووه‌، هه‌روه‌ها رای ئه‌و شرۆڤه‌كار‌و سیاسی‌و چالاكوانه‌ مه‌ده‌نیانه‌ش بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ته‌به‌نی بایكۆت ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌و په‌یجانه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ یاسای سته‌مكاری هه‌ڵبژاردندایه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كان دایده‌ڕێژن تا بردنه‌وه‌یان له‌هه‌ڵبژاردندا مسۆگه‌ر بكه‌ن.

 

كه‌مپینه‌كانی بایكۆتكردن بوونه‌ته‌ هۆی كاردانه‌وه‌ی سیاسییه‌كان، بۆ نموونه‌ سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان هۆشداری دا له‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن‌و روو له‌ عێراقییه‌كان وتی: "هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تی مێژووییتانه‌ بۆ ده‌ربازكردنی عێراق له‌ قه‌یرانه‌كه‌ی دوای سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌سه‌ر تیرۆردا، بۆیه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست مه‌ده‌ن". هاوكات نوری مالیكی جێگری سه‌رۆك كۆمار رایگه‌یاند "بانگه‌وازی بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن پیلانێكی ده‌ره‌كییه‌ بۆ چه‌واشه‌كردنی رایگشتی"، موقته‌دا سه‌دری سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌دریش وتی: "به‌شدارینه‌كردن مانای راده‌ستكردنی عێراقه‌ به‌ گه‌نده‌ڵكاران له‌سه‌ر ده‌فرێكی زێڕ".

 

به‌ڵام داواكارانی بایكۆتی هه‌ڵبژاردن بۆچوونێكی تریان له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌‌و ده‌ڵێن هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتدا توانای به‌دیهێنانی گۆرٍانكاری سیاسی نییه‌، حزبه‌كانیش هه‌مان ئه‌و حزبانه‌ن كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌یه‌ی رابردوودا حوكمی وڵاتیات كردووه‌ سه‌ره‌ڕای شكستهێنانیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا، هۆكاری ئه‌وه‌ش یاسای هه‌ڵبژاردنه‌.

 

سه‌فا سوبحی بلۆگه‌ر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داواكارانی بایكۆتی هه‌ڵبژاردن، له‌ په‌یجی خۆی له‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی بڕیارمان داوه‌ بایكۆتی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین هۆشیارییه‌كی چه‌سپاومان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت راكردن به‌دوای سه‌رابدا سوودی نییه‌، ده‌رفه‌تێك نییه‌ بۆ گۆڕانكاری، چونكه‌ به‌ساده‌یی ئێمه‌ له‌ نێو كونێكی ره‌شداین كه‌ توێژی سیاسی له‌ڕێی ئه‌و یاسایانه‌وه‌ دروستیان كردووه‌ كه‌ پارێزگاریكردنی حزبه‌ گه‌وره‌كان له‌ پێگه‌‌و هه‌ژموون‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانیان مسۆگه‌ر ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌نگده‌ران بهێڵێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات لایان ببنه‌ن" كه‌ سه‌فا مه‌به‌ستی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌.

 

یه‌كێك له‌ دژبه‌یه‌كییه‌ سیاسییه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌ عێراقییه‌كان به‌ر له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك یاسایه‌كی نوێ داده‌نێن، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حزبانه‌ هه‌وڵی گۆڕینی یاساكانی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن به‌گوێره‌ی ئاستی جه‌ماوه‌رییان تا مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر بكه‌ن‌و رێگه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی حزبی راسته‌قینه‌ی نوێ بگرن، پێده‌چێت هه‌موو حزبه‌ گه‌وره‌كانی شیعه‌‌و سوننه‌‌و كوردیش به‌ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كۆك بن.

 

 كێشه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن بۆ ساڵی 2006 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ره‌سمی له‌ وڵاتدا رێكخرا، ئه‌و یاسایه‌ هه‌ڵبژاردن عێراقی به‌ یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دانابوو، لیسته‌كانی هه‌ڵبژاردنیش داخراو بوون‌و ده‌نگده‌ران نه‌یانده‌زانی ئه‌ندامانی لیسته‌كان كێن‌و ته‌نیا ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر بوو ده‌نگ به‌ لیسته‌كه‌ بده‌ن، دوای هه‌ڵبژاردنیش سه‌رۆكی فراكسیۆن ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ده‌ستنیشان ده‌كرد كه‌ نوێنه‌رایه‌تی فراكسیۆنه‌كه‌یان ده‌كرد له‌ په‌رله‌مان‌و ره‌نگه‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رێك له‌ به‌غدا بچووایه‌ بۆ كاندیدێك له‌ به‌سره‌ یاخود ئه‌نبار.

 

ره‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ری زۆر سه‌باره‌ت به‌م شێوازه‌، كوتله‌ سیاسییه‌كانی ناچار كرد یاسایه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2010‌و 2014 دابنێن ئه‌ویش به‌ دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ر هه‌ر (18) پارێزگاكه‌ی عێراق‌و هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌دوای لیسته‌كه‌ی، به‌ڵام شێوازی ئه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان به‌پێی سیستمی "سانت لیگۆ" دووباره‌ سه‌ركه‌وتنی حزبه‌ گه‌وره‌كان مسۆگه‌ر ده‌كات‌و رێگه‌ به‌ حزبه‌ بچووكه‌كانیش نادات كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

 

چه‌ندین سیاسی سه‌ربه‌خۆ‌و شرۆڤه‌كار ساڵانێكه‌ داوا ده‌كه‌ن یاسایه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردن دابڕێژرێت كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای فره‌ بازنه‌یی له‌ هه‌ر پارێزگایه‌كدا بیاتنرابێت تا ئه‌وه‌ زامن بكات كه‌ كاندیده‌كان له‌ دانیشتووانی ناوچه‌كان ده‌بن‌و بواریش به‌ ده‌نگده‌ر بدات ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ به‌باشی ده‌یانناسێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌نگده‌ران هه‌ست به‌ سه‌رسوڕمان ده‌كه‌ن كاتێك ئه‌و هه‌زاران كاندیده‌ ده‌بینن به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ بیانناسن.

 

به‌ڵام سامح تاڵب كه‌ بلۆگه‌رێكی دیكه‌یه‌ له‌ په‌یجی خۆی له‌ "فه‌یسبووك" نووسیویه‌تی: "چۆن متمانه‌ی خۆم ده‌ده‌مه‌ كۆمسیۆنێكی هه‌ڵبژاردن كه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانه‌، چۆن متمانه‌ به‌ حزبه‌ گه‌وره‌كان بكه‌م كه‌ ده‌بینم چه‌نده‌ وڵات به‌ هه‌لومه‌رجی سه‌ختدا بڕوات، ئه‌وان ئیمتیازه‌كانیان هه‌ر به‌رده‌وامه‌، جه‌نگ له‌دژی گه‌نده‌ڵی ته‌نیا فه‌رمانبه‌ر‌و خانه‌نشین‌و هه‌ژاران ده‌گرێته‌وه‌"، هاوكات زاهیر موسای بلۆگه‌ر له‌ په‌یجه‌كه‌ی خۆی نووسیویه‌تی: "ده‌نگ ناده‌م بۆئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت به‌ سیاسییه‌ دز‌و پیاوكوژه‌كان بده‌م".

 

 هه‌ینی رابردوو چاوی عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و وتاره‌ بوو كه‌ عه‌لی سیستانی پیاوی ئایینی دیار ساڵانه‌ به‌ر له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پێشكه‌شی ده‌كات، ئه‌مجاره‌ وتاره‌كه‌ له‌ساڵانی رابردوو جیاوازتر بوو، چونكه‌ سیستانی كه‌ هه‌میشه‌ پابه‌ندی بێ لایه‌نی بووه‌‌و ساڵانێكه‌ رایگه‌یاندووه‌ پشتیوانی هیچ حزبێكی سیاسی ناكات‌و ته‌نیا داوای به‌شداریكردنی له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كرد، ئه‌مجاره‌ هه‌مووانی تووشی شۆك كرد، چونكه‌ ئه‌و كه‌ جێگای رێزێكی زۆره‌ له‌نێو شیعه‌ی عێراقدا، بڕیاری به‌شداریكردنی له‌ هه‌ڵبژاردندا بۆ عێراقییه‌كان به‌جێهێشت به‌بێ ئه‌وه‌ی داوایان لێ بكات به‌شداری بكه‌ن وه‌ك پێشتر به‌ر له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك ده‌یكرد.

 

له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014دا سیستانی وتی: "به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا كارێكی زۆر گرنگه‌‌و پێویسته‌ هه‌مووان به‌شداری تێدا بكه‌ن، چونكه‌ له‌ڕێیه‌وه‌ چاره‌نووسی وڵات دیاری ده‌كرێت"، به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌وه‌ به‌ڕوونی دیاربوو كه‌ سیستانی گه‌رموگوڕی به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌ كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار وتی: "به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا شتێكه‌ بۆ ده‌نگده‌ری عێراقی به‌جێهێڵراوه‌ ئیتر به‌شداری بكات یاخود نا". هه‌روه‌ها سیستانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ یاسای هه‌ڵبژاردندایه‌‌و داوای دانانی یاسایه‌كی نوێشی كرد كه‌ ویستی راسته‌قینه‌ی عێراقییه‌كانی تێدابێت".

 

به‌ڵام پرسیاره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌ مایه‌ی گۆڕینی واقیعی سیاسی له‌ وڵاتدا؟، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن رێژه‌یه‌كی بۆ به‌شداری ده‌نگده‌ران دیاری نه‌كردووه‌ تا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ شه‌رعی دابنرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ كۆی ده‌نگده‌ران كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ (24)ملیۆنه‌ به‌شداری بكه‌ن ئه‌وا هه‌ڵبژاردن یاسایی ده‌بێت وه‌ك عادل لامی پسپۆری كاروباری هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێت كه‌ ئه‌ندامی پێشووی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌.

 

لامی به‌ "نیقاش"ی وت: "بایكۆتی هه‌ڵبژاردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌ گه‌وره‌كان ده‌بێت، چونكه‌ جه‌ماوه‌رێكی جێگیری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی عێراق كه‌متره‌" روونیشیكرده‌وه‌ "یاسای هه‌ڵبژاردنی عێراق رێژه‌یه‌ك بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا دیاری ناكات تا به‌ یاسایی دابنرێت".

 

بۆ نموونه‌ یاسا هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك ده‌وڵه‌تدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت كه‌ رێژه‌ی به‌شداریكردن 50%ی ژماره‌ی ده‌نگده‌ران بێت بۆئه‌وه‌ی شه‌رعی بێت، ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ش كه‌مبێته‌وه‌ ئه‌وا هه‌ڵبژاردن دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ عێراقدا نییه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر 1%ی ده‌نگده‌رانیش به‌شداربن هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ یاسایی ده‌بێت.

 

ئاماره‌كانی رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا ئاماژه‌ن بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی به‌شداربووان، چونكه‌ له‌ساڵی 2010دا سه‌ره‌ڕای سه‌قامگیری بارودۆخی سیاسی‌و ئه‌منی ئه‌وكاته‌، رێژه‌ی به‌شداریكردن گه‌یشته‌ 62%، له‌ ساڵی 2014یشدا سه‌ره‌ڕای داواكارییه‌كان بۆ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن، رێژه‌ی به‌شداریكردن گه‌یشته‌ 60%، هاوكات هه‌مووان له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌و رێژه‌یه‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنی شه‌ممه‌ی داهاتوودا پاشه‌كشه‌ی زۆر بكات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌