راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌نابردن بۆ سه‌ركرده‌ كاریزماكان
له‌بری‌ پلانی‌ داهاتوو، هێزه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر رابردوویان ده‌ژین

سەرچین ساڵح
بانگه‌شه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ لیسته‌ ركابه‌ره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق هێشتا له‌سه‌روه‌رییه‌كانی‌ رابردوو ده‌ژی‌‌و كه‌متر پشت به‌كارنامه‌یه‌كی‌ روون‌و ره‌وان ده‌به‌ستێت.
10.05.2018  |  سلێمانی‌
بائع كردي يعرض ملصقا امامه ( :وێنه سفين حميد)
بائع كردي يعرض ملصقا امامه ( :وێنه سفين حميد)

په‌نابردن بۆ كاریگه‌ریی‌ سه‌ركرده‌ كاریزماكانیان له‌پێناو راوكردنی‌ ده‌نگ، كارێكی‌ وایكردووه‌ كه‌ به‌رنامه‌ی‌ كاركردنیان بۆ چوار ساڵی‌ داهاتوو بكه‌نه‌ پلانی‌ پله‌ دوو كه‌ ئه‌وانیش روون نین زۆربه‌یان له‌یه‌ك ده‌چن.

 

شه‌ماڵ نامیق یه‌كێك له‌كاندیده‌كانی‌ لیستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌سه‌ر گۆڕی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری‌ كۆچكردووی‌ ئه‌و حزبه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌ بانگه‌شه‌ كرد.

 

ئه‌و پاڵێوراوه‌ له‌گرته‌یه‌كی‌ ڤیدۆییدا له‌سه‌ر گۆڕی‌ تاڵه‌بانی‌ كه‌ به‌كاریزمای‌ ئه‌و حزبه‌ داده‌نرێت‌و له‌ساڵی‌ رابردوودا كۆچی‌ دوایی كرد ده‌ڵێت "به‌ڵێن ده‌ده‌م به‌ڕێبازی‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال كه‌ له‌حزوریا وه‌ستاوم به‌خوێنی‌ شه‌هیدان به‌وه‌فابم بۆ میلله‌ته‌كه‌م، بۆ پارێزگاریكردن له‌ده‌ستورو مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان".

 

شه‌ماڵ نامیق به‌"نیقاش"ی‌ وت: "مه‌به‌ستم ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ مام جه‌لال له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا له‌گه‌ڵماندا نییه‌، به‌ڵام رۆح‌و بیر مام جه‌لال له‌گه‌ڵماندایه‌، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ به‌كارم نه‌هێناوه‌، به‌ڵام بیرخستنه‌وه‌ی‌ ناوی‌ مام جه‌لال بۆ ده‌نگده‌ران ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌ڕۆحیه‌تی‌ ئه‌وه‌وه‌ كارده‌كه‌ین‌و بتوانین ئاینده‌ی‌ خۆمان له‌به‌غدا به‌ده‌ست بهێنینه‌وه‌".

 

به‌كارهێنانی‌ سومبوله‌ سیاسیه‌كان‌و كه‌سایه‌تیه‌ كاریزماكان له‌بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشو زیاتر بووه‌.

 

تاڵه‌بانی‌ له‌پاڵ نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ كۆچكردووی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا زۆرترین چاوی‌ پاڵێورانی‌ حزبه‌كانیان له‌سه‌ر بوو بۆ بانگه‌شه‌كردن.

 

هۆشیار عه‌بدوڵا كاندیدی‌ لیستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش ڤیدیۆیه‌كی‌ بۆ بانگه‌شه‌ به‌كارهێناوه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا ده‌ركه‌وتووه‌ كاتێك به‌ر له‌وه‌ی‌ ببێته‌ په‌رله‌مانتار له‌خولی‌ رابردوودا به‌رنامه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵدا پێشكه‌ش كردووه‌.

 

له‌زۆربه‌ی‌ پێگه‌كانی‌ كه‌مپه‌ینی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لیسته‌كاندا وێنه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانیان داندراون یان له‌گه‌ڵیدا وته‌كانی‌ پیشویان نوسراوه‌ كه‌ ئامانج لێی‌ جوڵاندنی‌ هه‌ستی‌ لایه‌نگرانیانه‌.

 

جگه‌ له‌وێنه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌بنكه‌كانی‌ گۆڕان‌و  تاڵه‌بانی‌ بنكه‌كانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ یه‌كێتیدا، پارتی دیموكراتی‌ كوردستانیش كه‌ به‌یه‌كه‌م هێزی‌ كوردستان داده‌نرێت له‌رووی‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌كه‌مپه‌ینه‌كانیاندا وێنه‌ی‌ مسته‌فا بازرانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆچكردووی‌ ئه‌و حزبه‌و مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێستایان به‌رزده‌كرێته‌وه‌.       

 

په‌نابردنی‌ به‌شێك له‌ لیست‌و پاڵێوراوه‌كان بۆ كاریزما نه‌ته‌وه‌یی‌و حزبیه‌كانیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ له‌بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا به‌شێك له‌و پلانه‌ی‌ كه‌ پشتی‌ پێده‌به‌ستن له‌چوارچێوه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌روه‌ریه‌كانی‌ رابردوو.

 

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانتر له‌لایه‌نه‌كانی‌ تر هه‌وڵی‌ داوه‌ سود له‌كاریزمای‌ سكرتێری‌ پێشوی‌ وه‌ربگرێت.

 

قادر حه‌مه‌جان به‌رپرسی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كێتی‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "مام جه‌لال داڕێژه‌ری‌ سیاسه‌تی‌ یه‌كێتی‌ بووه‌و به‌رنامه‌یه‌كی‌ بۆ ئێمه‌ جێهێشتووه‌ كه‌ له‌سه‌ری‌ بڕۆین، بۆیه‌ ناوهێنانی‌ وه‌كو سه‌ركرده‌و رابه‌رێك مافی‌ خۆمانه‌، شتێكی‌ ئاساییه‌ له‌هه‌موو دنیادا كه‌سه‌ كاریزماكان دوای‌ چه‌ندین ساڵ ناویان هێنراوه‌ته‌وه‌ له‌بۆنه‌ جیاجیاكاندا".

 

 بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش "رێبازه‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا" هه‌مان به‌كارهێنانی‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن لیسته‌كه‌یان‌و پاڵێوراوه‌كانیه‌وه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كۆچی‌ دوایی كرد.    

 

شۆڕش حاجی‌ وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌نیقاشی‌ وت:"نه‌یاره‌كانمان وایان وێناكردبوو كه‌ به‌ نه‌مانی‌ كاك نه‌وشیروان ڕێبازه‌كه‌شی‌ نامێنێت یان به‌لاڕێدا ده‌برێت، بۆیه‌ له‌ بانگه‌شه‌دا كه‌ناوی‌ ده‌به‌ین بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیسه‌لمێنین كه‌ درێژه‌ پێده‌ری‌ ڕێبازه‌كه‌ین و ڕێبازه‌كه‌ی‌ زیندووه‌".

 

هاوكێشه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ سه‌روه‌ری‌ رابردوو بۆ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بۆ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان شێوازێكی‌ تره‌، لایه‌نگرانی‌ ئه‌و پارته‌ هه‌میشه‌ ئاماژه‌ به‌ رێبازی‌ رێبه‌ره‌ رۆحیه‌كه‌یان ده‌ده‌ن كه‌ مسته‌فا بارزانیه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ سی ساڵه‌ كۆچی‌ دوایی كردووه‌.

 

 ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و حزبه‌ش به‌شداری‌ كه‌مپه‌ینه‌كانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ حزبه‌كه‌ی‌ نه‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و پرسه‌ سیاسییه‌كان له‌پاش ئه‌نجامانی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ به‌ڵام لایه‌نگرانی‌ ئه‌و حزبه‌ لیسته‌كان ناو ناوه‌ "لیستی‌ بارزانی".    

 

عه‌لی‌ حسین ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت:"  ئاساییه‌ به‌ خه‌ڵك بڵێین ده‌نگ بده‌ن لیسته‌كه‌ی‌ بارزانی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ لیسته‌كه‌ و حیزبه‌كه‌ش هی بارزانیه‌، یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی‌ به‌ گه‌وره‌یی‌ مانه‌وه‌ی‌ پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ پارتی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بارزانی‌، بۆیه‌ هه‌ركاتێك خه‌ڵك به‌شداری‌ كه‌مبێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ناوهێنانی‌ بارزانی‌ به‌شداریكردن زیاتر ده‌بن".

 

وتیشی‌:"مه‌رج نیه‌ بارزانی هه‌موو جارێك به‌شداری‌ بانگه‌شه‌كان بكات به‌ڵام به‌هۆی‌ پێگه‌كه‌یه‌ و به‌ناو هێنانیشی‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری‌ دروستبكات له‌سه‌ر ڕێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانمان".

 

وێنه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان به‌ پۆسته‌ری‌ به‌شێك له‌ پاڵێوراوه‌كان و لیسته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، كاریگه‌ری‌ ده‌رونی‌ سه‌ركرده‌ی‌ كاریزماو مێژویی له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری‌ كورد هێشتا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ركاره‌. 

 

هۆگر چه‌تۆ ڕێكخه‌ری‌ تۆڕی‌ شه‌مس بۆ چاودێری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ نیقاشی‌ وت:"لایه‌نه‌كان به‌ جۆرێك له‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانیان كردووه‌ كه‌ ڕه‌مز یان ناو زیاتر كاریگه‌ریی‌ هه‌یه‌‌و به‌شی زۆری‌ به‌رنامه‌یان له‌ كه‌سه‌كاندا كۆكردۆته‌وه‌، گۆڕان و یه‌كێتی‌ ناتوانن سه‌ركرده‌ كۆچكرده‌وه‌كانیان له‌ بیر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ پێ په‌یدا بكه‌ن و سۆزی‌ خه‌ڵك ڕابكێشن، زۆرجاریش پارتی‌ بارزانی‌ باوك بۆ بانگه‌شه‌ به‌كار ده‌هێنێت".

 

وتیشی‌ "ده‌نگده‌ری‌ هه‌رێم ده‌نگ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ناده‌ن كه‌ خستویانه‌ته‌ ڕوو، بۆیه‌ لیسته‌كان یان به‌رنامه‌كانیان زۆر ڕوون نیه‌ یان زۆر له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن".

 

هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تردا ئاڕاسته‌یه‌كی‌ تری‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوو.

 

له‌چوار ساڵی‌ رابردوودا هه‌رێمی‌ كوردستان زۆرێك له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ له‌ده‌ستدا كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ هه‌یبوو به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بتوانن رێگری‌ لێبكه‌ن.

 

بڕینی‌ پشكی‌ بودجه‌ی‌ 17% ی‌  هه‌رێم و كه‌مكردنه‌وه‌ی و گواستنه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كان بۆ سه‌ر ناوه‌ند و له‌ده‌ستدانی‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان دیارترین ئه‌و  پرسانه‌ن كه‌ كورد له‌ده‌ستداوه‌و بۆ نوێنه‌رانی‌ داهاتووی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ قورس و گه‌وره‌ ده‌بێت.        

 

جگه‌ له‌ جوڵاندنی‌ كه‌موكورتی‌ نێوخۆیی هه‌رێمی‌ كوردستان زۆربه‌ی‌ لیسته‌ ركه‌به‌ره‌كان باس له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ مافی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن له‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كه‌ دیارترینیان پرسی مووچه‌و چاره‌نوسی‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ میكانییزی‌ كاركردن به‌و ئاڕاسته‌یدا دیاربێت.

 

پێداگری‌ له‌سه‌ر دیاریكردنی‌ سنوری‌ جوگرافی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ پشتبه‌ستن به‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ نه‌وت و غاز و سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ دیكه‌ دیارترین بڕگه‌ی‌ نێو كارنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌ڕله‌مانی‌ عێراق به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌كات و شێوازی‌ جێبه‌جێكردنی‌ كرابێت. 

 

 كارنامه‌ی‌ پارتیش بۆ هه‌مان هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێكردنی‌ هه‌مان داواكاریه‌كانی‌ لیسته‌كانی‌ تره‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ شێوازه‌كه‌ی‌ رون بێت كاتێك ده‌ڵێت "هه‌وڵه‌كان چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ناچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم له‌ داهاتی‌ عێراق، پیاده‌كردنی‌ ده‌ستور به‌ ته‌واوی‌ بڕگه‌و ماده‌كانیه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140، هاوكاری‌ دادپه‌روه‌رانه‌ و دانپێدانان به‌ پێشمه‌رگه‌ و دابینكردنی‌ مافه‌ و پێداویستیه‌كانی‌ له‌ هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌".

 

زۆربه‌ی‌ كارنامه‌ی‌ لیسته‌ به‌شداربووه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ ورده‌كاریدا له‌یه‌ك ده‌چن، به‌ نه‌بوونی‌ میكانیزمی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و داواكاریانه‌شه‌وه‌ له‌پاش ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن.  

 

حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌ندامی‌ خولی‌ پێشووتری‌ په‌ڕله‌مانی‌ عێراق پێیوایه‌ كاندید ‌و لیسته‌كانی‌ هه‌رێم خۆیان له‌ باسكردنی‌ ڕێگه‌چاره‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی‌ مافی‌ كورد له‌ به‌غدا لاداوه‌‌و له‌كاتێكدا به‌وته‌ی‌ ئه‌و ده‌بێت باس له‌ دۆزینه‌وه‌و خستنه‌ڕوی‌ ڕێگه‌چاره‌كان بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

 

حه‌سه‌ن جیهاد به‌"نیقاش"ی وت "كێشه‌ی‌ نه‌وت‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌به‌غداو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان‌و ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور و پێشمه‌رگه‌ له‌كارانامه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ لیسته‌كاندا هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا ورده‌كار جێبه‌جێكردنی‌ به‌رنامه‌كانیان نه‌خستۆته‌ ڕوو".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌