راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بانگه‌شه‌ی دیاله‌
ئاماده‌كردنی خوان‌و قۆستنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بییه‌كان

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كاندیدانی پارێزگای دیاله‌ له‌ كێبڕكێدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌ران‌و له‌وه‌شدا ناكۆكییه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بییه‌كانی پارێزگاكه‌ به‌كارده‌هێنن.
10.05.2018  |  دیاله‌

دیاله‌ (55 كم له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا) پشكی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ر كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگا تێكه‌ڵه‌ مه‌زهه‌بی‌و ره‌گه‌زییه‌دا ده‌ستیانپێكرد، كاندیده‌ ركابه‌ره‌كان كه‌ ژماره‌یان (334) كاندیده‌‌و سه‌ر به‌ (22) هاوپه‌یمانی‌و لیستی هه‌ڵبژاردنن، ده‌ستیان به‌ جموجوڵ كرد تا باوه‌ڕ به‌ ده‌نگده‌ران بهێنن هه‌ڵیانبژێرن به‌ هیوای گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر پشكی دیاله‌ كه‌ (14) كورسی له‌ كۆی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان هه‌یه‌.

 

هه‌ریه‌ك له‌ عه‌ره‌ب‌و كورد ركابه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و كورسیانه‌ ده‌كه‌ن‌و دیارترین لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌ به‌هێزه‌كانیش له‌ دیاله‌ بریتین له‌ لیستی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا‌و لیستی فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری‌و لیستی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی‌و لیستی سائیرون كه‌ مه‌ده‌نییه‌كان‌و ره‌وتی سه‌دری پێكه‌وه‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌‌و لیستی قه‌رار به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی، به‌ڵام وادیاره‌ به‌هێزترین‌و ئاشكراترین ركابه‌ری له‌نێوان لیستی هه‌ردوو هاوپه‌یمانی نه‌سر‌و فه‌تحدایه‌.

 

پێده‌چێت هاوپه‌یمانی نه‌سر قبوڵكراوتر بێت ئه‌ویش له‌ئه‌نجامی ئه‌و پێشنیارانه‌ی بۆ بنیاتنان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وێرانكارییه‌كانی ده‌ستی تیرۆر پێشكه‌شی كردوون، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می حوكمی عه‌بادیدا پارێزگاكه‌ له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ سه‌قامگیری به‌خۆوه‌ بینیوه‌، چونكه‌ هه‌نگاوه‌كانی له‌پارێزگاكه‌دا له‌ بواری نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌كداری نایاسایی‌و له‌ناوبردنی رێكخراوی داعش كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ قه‌زاكانی سه‌ر به‌ پارێزگاكه‌دا جێگیربوو، ئه‌رێنی بوون.

 

لیستی فه‌تحیش جه‌ماوه‌ری له‌ نێو خه‌ڵكی دیاله‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی لایه‌نگرانی له‌ دانیشتووانی شیعه‌ی نیشته‌جێی قه‌زا‌و ناحیه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگاكه‌ن وه‌كو خاڵس‌و ئه‌بو سه‌یدا‌و هه‌ندێك ناوچه‌ی پارێزگاكه‌ كه‌ شوێنكه‌وتووانی لیسته‌كه‌ تێیاندا كاریگه‌رن.

 

به‌ڵام حزبه‌ كوردییه‌كان به‌ پێنج لیستی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن له‌ پارێزگای دیاله‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ لیسته‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوپه‌یمانی نیشتمان، نه‌وه‌ی نوێ‌و حزبی سۆشیالیست دیموكرات، ئه‌م حزبانه‌ پشت به‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كورد له‌ قه‌زای خانه‌قین ده‌به‌ستن كه‌ ژماره‌یان (81) هه‌زار ده‌نگده‌ره‌ وه‌ك كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كوردانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، رایگه‌یاندووه‌.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ خه‌دیجه‌ خوداباش ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ وتی: "ده‌نگی ده‌نگده‌ران له‌ دیاله‌ له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا په‌رش ده‌بێت كه‌ پشت ده‌به‌شتن به‌ كاندیدكردنی كورد له‌ لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌كان‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌".

 

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كورد ده‌توانن یه‌ك كورسی له‌و چوارده‌ كورسییه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن كه‌ بۆ پارێزگاكه‌ ته‌رخان كراون سه‌ره‌ڕای ئاواره‌بوونی هه‌ندێك له‌ كورده‌كان له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان‌و چوونه‌ناوه‌وه‌ی سوپای عێراق بۆ كه‌ركوك‌و ئه‌و ناوچانه‌، چونكه‌ ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانی هه‌ولێر‌و سلێمانیدا ده‌نگ ده‌ده‌ن دوای ئه‌وه‌ی زانیارییه‌كانیان له‌ وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌ران تۆماركرد.

 

وتیشی: " كورد‌و نه‌ته‌وه‌‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌ پێویستیان به‌ كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانییه‌ كه‌ تواناكانیانی پێ یه‌كبخه‌ن‌و ده‌ستبه‌رداری ناكۆكییه‌كانیان ببن،  ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ده‌بێت چاره‌سه‌رێك بۆ ئاواره‌بوون‌و راگوستن‌و ململانێكان بدۆزرێته‌وه‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌دی بهێنرێت كه‌ له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵی رابردوودا نه‌هامه‌تی زۆری چه‌شتووه‌".

 

وێنه‌‌و پۆسته‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌و پارێزگا تێكه‌ڵاوه‌ مه‌زهه‌بی‌و ره‌گه‌زییه‌یان پڕكردووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ كاندیده‌كان وه‌ك پێشوو نه‌مابێت، پاش ئه‌زموونه‌كانی پێشوویان، چونكه‌ پێده‌چێت زۆرێكیان نه‌یانه‌وێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش پاڵی به‌ زۆرێك له‌ كاندیدی لیسته‌كانه‌وه‌ ناوه‌ له‌ هه‌وڵێكدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ، خوان ئاماده‌ بكه‌ن‌و خه‌ڵكی بۆ بانگهێشت بكه‌ن.

 

ئیلهام قه‌دروی سه‌رۆكی رێكخراوی ئیلهام‌و باڵیۆزی ئاشتی له‌ عێراق ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی دانیشتووان به‌ته‌واوی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان ره‌تده‌كرده‌وه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك كارتی ده‌نگدانیان نوێ نه‌كردبووه‌، به‌ڵام به‌هه‌وڵی ئێمه‌ وه‌ك رێكخراوێك كه‌ كار ده‌كات بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری سیاسی له‌لای هاووڵاتیان‌و خه‌ڵكی پارێزگاكه‌‌و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن‌و روونكردنه‌وه‌ی بایه‌خی ده‌نگه‌كانیان له‌ پرۆسه‌ی گۆڕانكاریدا، توانیمان ئه‌و بیرۆكانه‌ به‌ره‌و باشتر بگۆڕین".

 

وتیشی: "ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك روو له‌ ده‌موچاوه‌ نوێیه‌كان ده‌كه‌ن له‌نێو كاندیده‌كاندا له‌به‌رئه‌وه‌ی جێگای متمانه‌یانن‌و په‌رۆشی‌و سووربوونیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر گۆڕانكاری به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باش، بۆیه‌ هه‌رگیز بیر له‌ ده‌موچاوه‌كانی پێشوو ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشتر هه‌ڵبژێردراون له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ شتێكی ئه‌وتۆیان پێشكه‌ش نه‌كردوون، چونكه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی پارێزگاكه‌ هۆشیارییه‌كی ته‌واویان سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌".

 

زۆربه‌ی ده‌نگده‌ران خوازیاری گۆڕانكارین هه‌رچه‌نده‌ بژارده‌ی به‌رده‌ستی زۆرێكیان عه‌شایری‌و ناوچه‌ییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی متمانه‌یان به‌ رێكخراوه‌ حزبییه‌كان‌و به‌رنامه‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ قه‌یس عه‌لی كه‌ سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی ده‌ڕاجییه‌ ده‌ڵێت هه‌ر عه‌شیره‌تێك له‌ عه‌شیره‌ته‌كانی پارێزگای دیاله‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانی رێكده‌كه‌وێت بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی پێبده‌ن.

 

دووپاتیشی كرده‌وه‌ "عه‌شیره‌ت توانای لێپێچینه‌وه‌ یاخود گۆڕینی ئه‌و كاندیده‌ی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌مته‌رخه‌مه‌ به‌رامبه‌ر عشیره‌ته‌كه‌ی یان ناوچه‌كه‌ی یاخود ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌كانی، هه‌روه‌ك عه‌شیره‌ت توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كاندیده‌كه‌ی ناچار بكات بكشێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڵێن‌و ئه‌ركه‌كانی به‌رامبه‌ریان جێبه‌جێ نه‌كرد".

 

ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی له‌ پشتگیری عه‌شایری بۆ كاندیده‌ ناوچه‌گه‌ره‌كان ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاندیدانه‌ نوێنه‌رایه‌تی ته‌نیا عه‌شیره‌تێك یاخود ناوچه‌یه‌ك ده‌كه‌ن له‌سه‌ر حسابی ناوچه‌كانی دیكه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ په‌راوێزخستنی ئه‌و كاندیده‌ خاوه‌ن توانایانه‌ی ناوچه‌كان كه‌ پشتیوانی عه‌شایرییان نییه‌.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌