راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گوێ به‌به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن ناده‌ن
له‌بانگه‌شه‌دا كه‌ناڵه‌كان به‌های پیشه‌یی‌و بێ لایه‌نیان له‌ده‌ست دا

موسته‌فا حه‌بیب
چه‌ند مانگێكه‌ به‌ر له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆ بوونه‌ته‌ چه‌ند تیمێكی به‌شه‌ڕهاتوو، زۆربه‌یان ده‌ستبه‌رداری به‌ها پێشه‌ییه‌كان‌و بێ لایه‌نی بوون‌و بوونه‌ته‌ مینبه‌ری بانگه‌شه‌.
10.05.2018  |  به‌غدا

هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق بووه‌ته‌ جێی بایه‌خی سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆ، لاپه‌ڕه‌‌و رووبه‌ر‌و سه‌عاتی دوور‌ودرێژی له‌ په‌خش‌و رووماڵ بۆ دابینكراوه‌، هه‌روه‌ك ده‌رفه‌تێكی به‌نرخیشه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌‌و ریكلام كه‌ لیسته‌كانی هه‌ڵبژاردن پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ ته‌رخان كردووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و جۆره‌ ریكلامانه‌ له‌ كاتی تردا بوونیان نییه‌.

 

ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ لۆجستییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن وه‌كو هه‌واڵه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن‌و ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن‌و پلانی ئه‌منی‌و پرۆسه‌ی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران، یه‌كسان بن له‌ رووماڵی میدیاییدا، ئه‌وا له‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردندا كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن دابه‌شبوون بۆ چه‌ند تیمێكی به‌شه‌ڕهاتوو، ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی ئاسایی شوێنكه‌وته‌یی زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌ بۆ ئه‌و حزب‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی خۆیان به‌شداری هه‌ڵبژاردنن.

 

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن به‌باشی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردووه‌، زۆرێك له‌و كه‌ناڵانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نوێ ده‌ركه‌وتوون، هه‌ندێكیان په‌خشه‌كه‌یان كردووه‌ به‌ (HD)‌و به‌رنامه‌ی نوێیان له‌كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ زۆرینه‌یان سیاسین‌و پشت به‌ شێوازی " Talk show " ده‌به‌ستن، له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌دا كه‌ رای هاووڵاتیانی سه‌ر شه‌قام‌و ئازار‌و ره‌خنه‌كانیان بۆ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌گوازنه‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی رای هاووڵاتیان له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئه‌و كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌دا یه‌كبگرێته‌وه‌ كه‌ په‌یامنێری ناردووه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام بۆ وه‌رگرتنی رای هاووڵاتیان.

 

ئاژانس‌و ماڵپه‌ڕه‌ هه‌واڵییه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، هه‌ندێكیان ده‌رفه‌تیان قۆزتووه‌ته‌وه‌‌و چاكسازی نوێیان له‌ ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانیاندا كردووه‌‌و به‌ ده‌یان رۆژنامه‌نووسی نوێیان بۆ كاركردن دامه‌زراندووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێك رۆژنامه‌ی كاغه‌زیش ئاهێكیان به‌به‌ردا هاتووه‌ته‌وه‌‌و كاره‌كانیان په‌ره‌پێداوه‌ كه‌ پێشتر به‌ده‌ست سستی‌و مه‌ترسی داخستنه‌وه‌ ده‌یانناڵاند، به‌ڵام ئه‌و گه‌شه‌كردنانه‌ كاتین‌و ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی هه‌ڵبژاردندا كۆتاییان پێ بێت.

 

زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بوونه‌ته‌ مینبه‌ری بانگه‌شه‌ی حزبی‌و ئاڕاسته‌ی گشتی خۆیان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ هه‌ندێكیان پێشتر ئیدیعای سه‌ربه‌خۆییان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیشاندا كه‌وتوونه‌ته‌ ململانێ له‌ڕێی بانگه‌شه‌كردن بۆ ده‌ستكه‌وتی سه‌ركرده‌ی چه‌ند لیستێكی هه‌ڵبژاردن‌و ره‌خنه‌گرتن له‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌، ئه‌ویش له‌ڕێی ئابڕووچوون‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی رووشكێن‌و دۆكیۆمێنتی كۆنی گه‌نده‌ڵی حكومه‌ت كه‌ بۆ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

 

رووماڵه‌ میدیاییه‌كان به‌گشتی ته‌ركیزیان له‌سه‌ر ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان بوو نه‌ك به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی حزبه‌ به‌شداره‌كانی هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ مشتومڕ له‌باره‌ی هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" رووماڵه‌كانی داگیركردبوو، له‌كاتێكیشدا چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی شیعه‌ هه‌وڵیان ده‌دا سه‌ركه‌وتنه‌كانی گرووپه‌ شیعه‌كان به‌بیربهێننه‌وه‌‌و په‌یامنێرانیان ده‌چوونه‌ ماڵی هه‌ندێك له‌ جه‌نگاوه‌رانی كوژارو‌و بریندار بۆئه‌وه‌ی بارودۆخیان بخه‌نه‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی ره‌خنه‌گرتن له‌ حكومه‌ت‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌. له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ند كه‌ناڵێكی دیكه‌ی شیعه‌ وه‌ڵامی ئه‌و رووماڵه‌یان به‌ رووماڵێكی هاوشێوه‌ ده‌دایه‌وه‌ كه‌ ته‌ركیزی ده‌خسته‌ سه‌ر بیرۆكه‌ی به‌كارهێنانی گرووپه‌ شیعه‌كان له‌لایه‌ن حزبه‌كانی شیعه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی شیعه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی حكومه‌ته‌ له‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ هێزی ره‌سمین‌و ناكرێت به‌شداری كاری سیاسی بكرێن، كه‌ ئه‌وه‌ش هه‌مان داوای عه‌لی سیستانی پیاوی ئاینی شیعه‌یه‌ كه‌ تێیدا هۆشداری دابووه‌ حزبه‌ شیعه‌كان سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی ناوی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا.

 

مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی كارگێڕی‌و داراییش پشكێكی گه‌وره‌یان له‌ رووماڵه‌ میدیاییه‌كاندا هه‌بوو، چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن ده‌ستیانكرد به‌ هێنانه‌وه‌ به‌رباسی دۆسێكانی پێشووی گه‌نده‌ڵی له‌دژی به‌رپرسه‌ كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی دۆكیۆمێنتی ره‌سمی سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند سه‌ودانامه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی حكومه‌ت كه‌ هه‌ندێكیان هه‌ڵبه‌ستراو بوون‌و سه‌رچاوه‌كه‌یان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو.

 

قه‌یرانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ رووماڵه‌ میدیاییه‌كاندا ئاماده‌یی هه‌بوو، چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن چه‌ند حزبێكیان به‌ هه‌وڵی خۆنزیككردنه‌وه‌ له‌ كورد‌و سازش بۆكردنیان تۆمه‌تبار كرد له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی هه‌ڵبژاردندا، هاوكات چه‌ند كه‌ناڵێكی دیكه‌ی راگه‌یاندن له‌ وه‌ڵامدا باسی هه‌وڵی چه‌ند حزبێكی شیعه‌‌و سوننه‌یان كرد بۆ په‌راوێزخستنی كورد له‌ پێكهاته‌ی حكومه‌تی داهاتو‌و پێنه‌دانی مافه‌ ئاساییه‌كانیان.

 

هه‌فته‌ی رابردوو "ده‌سته‌ی راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كان" كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ چاودێریكردنی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ناچاربوو راگه‌یه‌ندراوێك ده‌ربكات‌و تێیدا داوای له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كرد پابه‌ندی به‌ها پیشه‌یی‌و ئه‌خلاقی‌و یاساییه‌كان بن له‌كاتی رووماڵی میدیایی هه‌ڵبژاردندا به‌جۆرێك مافی ده‌نگده‌ری عێراقی له‌ به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو زانیارییه‌كی پێویست بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كانیان مسۆگه‌ر بكات.

 

ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كان ئه‌وه‌ بێت كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌ حزبه‌ شیعه‌كان كه‌وتبوونه‌ ململانێ له‌نێو خۆیاندا، هه‌ره‌وه‌ها كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی سوننه‌‌و كوردیش به‌ هه‌مان شێوه‌، كه‌ پێشتر هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن په‌یڕه‌وێكی تایفی‌و نه‌ته‌وه‌یی جێگیریان گرتبووه‌به‌ر، ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه‌ش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و  دیارده‌ی دابه‌شبوونه‌ بوو كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی نێو یه‌ك حزبیشی گرتبووه‌وه‌.

 

بۆ نموونه‌ چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی شیعه‌ وه‌كو كه‌ناڵه‌كانی "عه‌هد"‌و "ئیتیجاه‌"‌و "ئیبا"‌و "ئیشراق" هه‌وڵ ده‌ده‌ن ره‌خنه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران بگرن هه‌رچه‌نده‌ شیعه‌یه‌‌و سه‌ر به‌ حزبی "ده‌عوه‌"یه‌، ته‌نانه‌ت كه‌ناڵێك كه‌ حزبی "ده‌عوه‌" خاوه‌نیه‌تی‌و ئه‌ویش كه‌ناڵی "ئافاق"ه‌ خۆی به‌دوور ده‌گرێت له‌ ناوهێنانی عه‌بادی له‌ هه‌واڵنامه‌كانیدا، له‌كاتێكدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان بانگه‌شه‌ بۆ نوری مالیكی هه‌ڤاڵی له‌ حزبدا ده‌كات.

 

فه‌رامۆشكردنی پیشه‌ییبوون‌و بێ لایه‌نی له‌و كه‌ناڵانه‌دا چه‌ندین شێوه‌ی وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌ میوانداریكردنی چه‌ند په‌رله‌مانتارێك كه‌ به‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ حكومه‌ت‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ناسراون، هه‌روه‌ها فه‌رامۆشكردنی چالاكییه‌كانی حكومه‌ت‌و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا‌و په‌نابردن بۆ لێدوانی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی بیروڕای ره‌خنه‌گرانه‌‌و جیاوازیان له‌ بۆچوونی حكومه‌ت له‌ چه‌ند دۆسێیه‌كی سیاسی گرنگدا هه‌یه‌ كه‌ دیارترینیان نزیكبوونه‌وه‌ی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو‌و مه‌سه‌له‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وڵات‌و به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی كاره‌بایه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند كه‌ناڵ‌و ئاژانسێكی هه‌واڵی پشتیوانیكراو له‌لایه‌ن چه‌ند حزبێكی سوننه‌ وه‌كو "ته‌غییر"‌و "دیجله‌"‌و "شه‌رقییه‌"‌و "غه‌ربییه‌ نیوز"‌و "ره‌شید" كه‌ رووماڵیان بۆ چالاكییه‌كانی حكومه‌ت‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی به‌ بێ لایه‌نی جیاده‌كرایه‌وه‌، كه‌وتنه‌ ململانێی هێزه‌ سوننه‌ ركابه‌ره‌كانه‌وه‌.

 

"تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی" كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی ره‌سمییه‌‌و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پشتیوانی دارایی ده‌كرێت‌و كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی‌و رۆژنامه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ دیارترینیان "سه‌باح"‌و چه‌ند رادیۆ‌و گۆڤارێكی جۆراوجۆرن، چووه‌ته‌ پاڵ حكومه‌ت، بۆیه‌ هه‌واڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی هه‌واڵنامه‌كانیان‌و مانشێتی یه‌كه‌مین لاپه‌ڕه‌دایه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا رووماڵێكی كه‌م بایه‌خ  بۆ حزب‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ن.

 

"تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی" هه‌وڵی دا ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌رفراوانه‌ی ره‌خنه‌لێگرتنی نه‌هێڵێت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بێ لایه‌ن نه‌بوونی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ ئارادایه‌، ئه‌ویش له‌ڕێی به‌رهه‌مهێنانی به‌رنامه‌ی نوێ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ تێیدا میوانداری كاندیدانی هه‌موو حزبه‌ سوننه‌‌و شیعه‌‌و كوردییه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ تۆمه‌تی شوێنكه‌وته‌یی بۆ حكومه‌ت ده‌رباز بكات.

 

ئه‌م كێشه‌یه‌ بۆ ساڵانی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی "تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی" دامه‌زراوه‌ به‌زۆری له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌، چونكه‌ له‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی عێراقدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ ساڵی 2004‌و حكومه‌ته‌كانی دوای ئه‌و له‌ ساڵی 2005 به‌سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم جه‌عفه‌ر‌و (2006 بۆ 2014) به‌سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی، "تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی" به‌كرداری سه‌ر به‌و سێ كه‌سه‌ بووه‌ له‌ماوه‌ی حوكمیاندا.

 

ئه‌نجومه‌نی به‌رێوه‌بردنی "تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی" وه‌كو پۆسته‌ سیاسییه‌ باڵاكانی وڵات به‌ سیستمی پشككاری له‌نێوان سوننه‌‌و شیعه‌‌و كورددا به‌ڕێوه‌ده‌برێت، ئه‌وه‌ش ده‌یان رۆژنامه‌نووس‌و میدیاكاری ناچار كردووه‌ چه‌ندین هه‌ڵمه‌ت ده‌ستپێبكه‌ن‌و تێدا داوای گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌و تۆڕه‌‌و ده‌رهێنانی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزب بكه‌ن.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش، چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی ناوخۆیی وه‌كو "سۆمه‌رییه‌"‌و "ئێن ئار تی عه‌ره‌بییه‌"‌و "شه‌فه‌ق نیوز"‌و "جورناڵ نیوز"‌و "عاله‌م جه‌دید" پارێزگاریان له‌ بێ لایه‌نی خۆیان كردووه‌‌و خۆیان به‌دوورگرتووه‌ له‌و شه‌ڕه‌ میدیاییه‌ی له‌نێوان كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی راگه‌یاندندا به‌رده‌وامه‌‌و رووداوه‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و وتاری سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای گرنگی رووماڵ كردووه‌.

 

 

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌