راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تاقیكردنه‌وه‌ی‌ هێز
هێزه‌ كوردییه‌كان خه‌یاڵیان لای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستانه‌

سامان عومەر
بۆ هێزه‌ كوردییه‌كان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دوو تاقیكردنه‌وه‌ی‌ گرنگی‌ تێدایه‌، جارێك بۆ پێوانی راده‌ی‌ جه‌ماوه‌ریی خۆیانه‌، جارێكی‌ تریش وه‌ك پرۆڤه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.
3.05.2018  |  سلێمانی

ده‌بوو ساڵی‌ رابردوو هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بچوبایه‌، به‌ڵام په‌رله‌مان به‌بڕیارێك ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ درێژكرده‌وه‌و تائێستاش روون نییه‌ كه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام یه‌كێك له‌گریمانه‌ به‌هێزه‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆتایی‌ ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت.

 

له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌یلولی‌ 2013 تائێستا چه‌ندین رووداو له‌هه‌رێمی‌ كوردستان روویداوه‌ كه‌ هه‌موویان به‌ئاراسته‌ی‌ شكستی‌ حوكمڕانیدان‌و له‌و ماوه‌یه‌دا هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌ك سه‌رڕاست نه‌بوون له‌بردنه‌سه‌ری‌ به‌ڵێنه‌كانیان، به‌ڵكو باری‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك چه‌ند هێنده‌ قورس بوو.

 

قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و نه‌دانی‌ موچه‌و زیادكردنی‌ باج‌و نائارامی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و ناكۆكی‌ سیاسی‌‌و پێشلێكاری‌ مافی‌ مرۆڤ‌و سه‌ركوتكردنی‌ میدیاو له‌ده‌ستدانی‌ نیوه‌ی‌ خاكی‌ كوردستان، هه‌موو ئه‌و ره‌فتارانه‌ بوون كه‌ له‌چوار ساڵ‌و چه‌ند مانگی‌ رابردوودا روویداوه‌، ئه‌مانه‌ش خه‌ڵكییان له‌هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان توڕه‌كردووه‌.

 

ئێستا كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌هێزه‌ كوردییه‌كان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ وه‌ك پرۆڤه‌یه‌ك ده‌بینن بۆ پێوانی‌ راده‌ی‌ جه‌ماوه‌ریی خۆیان، ره‌نگه‌ دوای‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بڕیار بده‌ن ئاخۆ هه‌ڵبژاردنی‌ كوردستان به‌م زووانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن یاخود بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ دوای‌ ده‌خه‌ن.

 

به‌په‌یامی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دیاره‌، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ جاران (گۆڕان، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌) ده‌یانه‌وێت چانسێكی‌ دیكه‌ له‌دژایه‌تیكردنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تاقیبكه‌نه‌وه‌و به‌ده‌رخستنی‌ شكستی‌ ئه‌و حوكمڕانییه‌، به‌رپرسیارێتی‌ له‌شانی‌ خۆیان دابماڵن‌و ده‌نگی‌ خه‌ڵك كۆبكه‌نه‌وه‌.

 

په‌یامی‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ریش روونه‌ (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان)، چونكه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ كه‌ 27 ساڵه‌ حوكمڕانن، به‌ئاشكرا ده‌ڵێن، سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان ئه‌وان له‌ده‌سه‌ڵات لانابات.

 

مه‌لا به‌ختیار كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا وتی‌: "یه‌كێتی‌ گرفتی‌ نییه‌ یه‌ك كورسی‌ یان سه‌د كورسی‌ بهێنێت هه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانین.. ئێمه‌ چه‌كمان هه‌یه‌  قبوڵناكه‌ن كه‌س چه‌كمان بكات".

 

ئه‌م لێدوانه‌ هه‌ر زوو له‌زاری‌ قادر حاجی‌ عه‌لی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ وه‌ڵامدرایه‌وه‌ كاتێك له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌رییدا له‌به‌رده‌م لایه‌نگرانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ وتی‌ "ئه‌گه‌ر بتوانین له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا یه‌ك كورسی‌ له‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ زیاتر بهێنین ئه‌وا به‌یه‌ك هه‌فته‌ ده‌سه‌ڵاتیان لێوه‌رده‌گرین".

 

هه‌موو ئه‌م په‌یام‌و شه‌ڕه‌ قسانه‌ ده‌ریده‌خه‌ن له‌كوردستان به‌ر له‌وه‌ی‌ ململانێ‌ بێت بۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق، شه‌ڕه‌كه‌ ئاماده‌كارییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

 

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌ریه‌ك له‌حیزبه‌كانیش بكه‌یت، زۆرینه‌یان باس له‌چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌یان له‌كوردستانه‌ نه‌ك له‌به‌غدا، بۆ نموونه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ موچه‌یان كردووه‌ته‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌.

 

هه‌روه‌ها هه‌موویان باسی‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی‌ فیعلی‌ له‌كوردستان له‌رێی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ نه‌ك به‌غدا.

 

له‌ناو هه‌موو ئه‌م گێژاوه‌شدا له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی‌ جۆرێك له‌رێكخراو به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌رچییه‌ك بێت هه‌ر پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ باڵاده‌ستن، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ جارانیش ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ وه‌ك جۆرێك له‌په‌یام ده‌بینن به‌وه‌ی‌ هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی‌ سارد بكه‌نه‌وه‌ له‌ده‌نگدان.

 

یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستاو ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هاوشێوه‌ی‌ وڵاته‌ دیموكراسییه‌كان ئاسان نییه‌، به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه‌".

 

ئه‌مه‌ ئه‌و قسه‌یه‌یه‌ كه‌ خه‌سره‌و گۆران به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارتی‌ جه‌ختی‌ لێده‌كاته‌وه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌م قۆناغه‌دا هیچ حزبێك له‌كوردستان ناتوانێ‌ به‌ته‌نیا زیاتر له‌نیوه‌ی‌ ده‌نگه‌كان بهێنێت تا ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، به‌ڵام  ئه‌گه‌ر هێزێك زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ست هێنا مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت دروست بكات‌و وه‌ك پارتی‌ باوه‌ڕمان به‌ده‌ستاو ده‌ستكردنی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌".

 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تۆپی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان خراوه‌ته‌ گۆڕه‌پانی‌ خودی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، بۆیه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ن بزانن ئه‌نجامیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ په‌رله‌ماندا چۆن ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌یان به‌دڵ بوو، ئه‌گه‌رێكی‌ به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆتایی‌ ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێَزگاكان، هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش به‌ڕێوه‌ بچێت، ئه‌گه‌ر به‌دڵیشیان نه‌بوو، ئه‌وه‌ چاره‌نووسی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌كاتێكی‌ نادیار ده‌سپێن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌