راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سێ‌ ركابه‌ری‌ سه‌رسه‌خت
لایەنەكانی‌ كه‌ركوك دەیانەوێ بەشەڕی نەتەوەیی گرەوەکە ببەنەوە‌

شاڵاو محەمەد
هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ كه‌ركوك به‌هه‌موو جۆرێك جیاواز ده‌بێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردوو، چونكه‌ له‌نێو كه‌شێكی‌ بارگاوی‌ نه‌ته‌وه‌ییدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌ هه‌موو كات ئاماده‌یه‌ بۆ ئاڵۆزیی.
3.05.2018  |  كه‌ركوك
ئەوکاتەی داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک ( :وێنه وكالة الاناضول)
ئەوکاتەی داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک ( :وێنه وكالة الاناضول)

ئه‌گه‌ر له‌پارێزگاكانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق هه‌ڵبژاردن له‌نێوان هێزه‌ ركابه‌ره‌كاندا بێت، ئه‌وا له‌كه‌ركوك له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ ركابه‌ره‌كاندایه‌، هه‌ریه‌ك له‌كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان به‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌یانه‌وێ‌ جگه‌ له‌چنینه‌وه‌ی‌ كورسی‌، جۆرێك له‌راپرسیش پیشان بده‌ن كه‌ ئاخۆ كام نه‌ته‌وه‌ له‌وی‌ دیكه‌ باڵاده‌ستتره‌.

 

بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كه‌ركوك ئاسانترین شت ئه‌وه‌یه‌ كار له‌سه‌ر وه‌ته‌ری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگ، به‌دیاریكردنی‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كانیشه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ بگانه‌ كام ئامانج.

 

چوار ساڵی‌ رابردوو سیان له‌په‌رله‌مانتاره‌ دیاره‌كانی‌ كه‌ركوك له‌هه‌ر سێ‌ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كه‌ زۆرترین ناكۆكییان هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌یه‌كترو به‌رده‌وام له‌شه‌ڕێكی‌ میدیاییدا بوون، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ لایه‌نه‌كانی‌ هه‌ر سێ‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ ئه‌و سێ‌ په‌رله‌مانتاره‌یان كردووه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌یان.

 

له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن محه‌مه‌د ته‌میم نوێنه‌ری‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ركوك له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و سه‌رۆكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ركوك له‌كاتی‌ سه‌ردانیكردنی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ رایگه‌یاند "ده‌بێت لیسته‌كه‌مان ده‌نگی‌ به‌هێز به‌ده‌ست بهێنێت‌و ره‌مزه‌كانی‌ لیسته‌كه‌مانیش ده‌نگی‌ موفاجه‌ئه‌ بن بۆ نه‌یاره‌كانمان"، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و ململانێیه‌ بوو كه‌ ته‌میم به‌رانبه‌ر به‌ سه‌رۆك لیستی‌ پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌ ده‌ستی‌ پێكرد، ته‌میمی‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ لێدوانی‌ ئاگریناوی‌ دیژی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كه‌ركوك‌و به‌تایبه‌تیش دژ به‌كورد ده‌دات.

 

به‌هێزترین لیستی‌ توركمانی‌ كه‌ركوك ئه‌رشه‌د ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، له‌نێو هه‌زاران كه‌س له‌لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ی‌ دڵنیایكردنه‌وه‌ بوونه‌وه‌ به‌په‌رله‌مانتاری‌ بۆ ئه‌و به‌س نییه،‌ به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رۆكی‌ گه‌وره‌ترین لیستی‌ توركمانی‌ زۆرترین متمانه‌ی‌ توركمانه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت تاكو شه‌ری‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خۆیانی‌ پێبكه‌ن له‌به‌رانبه‌ر دوو سه‌رۆك لیسته‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ كه‌ركوك.

 

به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ پێشوویه‌وه‌ رێبوار ته‌ها به‌هێزترین سه‌رۆكی‌ لیستی‌ حزبی‌ كوردیی‌ بوو له‌كه‌ركوك داوای‌ كرد ته‌واوی‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌نگی‌ پێبده‌ن، چونكه‌ ئه‌وان له‌ په‌رله‌مانی‌ شه‌ری‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌كه‌ن نه‌ك حزبێكی‌ دیاریكراو.

 

رێبوار ته‌ها ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و سه‌رۆكی‌ لیستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "بوونی كێبركێی‌ سه‌رۆك لیسته‌كان له‌ته‌واوی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق بووه‌ته‌ دیمه‌نێكی ئاسایی، به‌ڵام خاڵی جیاوازی‌ له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك لیسته‌ به‌هێزه‌كانی‌ پێكهاته‌كانی‌ كه‌ركوك له‌ماوه‌ی‌ رابردوو زۆرترین شه‌ڕی‌ سیاسیان كردووه‌ له‌ پێناو پاراستنی‌ ده‌ستكه‌وتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش دیمه‌نه‌كه‌ی‌ كه‌ركوكی‌ جیاواز كردبێت."

 

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو: "ئێمه‌ دڵنیاین خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ به‌ ته‌واوی‌ پێكهاته‌كان متمانه‌ی‌ زیاترمان پێده‌كه‌ن چونكه‌ خه‌ڵك ووشیار بۆته‌وه‌ و تۆمه‌ت و هه‌وڵی‌ كرداری‌ لێك جوداده‌كاته‌وه‌."

 

خاڵی‌ وه‌رچه‌رخانی‌ به‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ رووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ رابردوو بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌و پارێزگایه‌ پاشه‌كشه‌یان كردو بۆ یه‌كه‌مجار دوای‌ چوارده‌ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی‌ فیعلی‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ست هێزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو به‌وه‌ش كورد کەنارگیرو نه‌ته‌وه‌كانی‌ دیکه‌ باڵاده‌ست بوون.

 

محه‌مه‌د ته‌میم سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گردبونه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌"نیقاش"ی‌ ووت "راسته‌ ئێمه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌كۆتایدا هه‌موو كاندیدێك ده‌یه‌وێت زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌هێزێكی‌ زیاتر شه‌ری‌ ماف و ئیمتیازی‌ ده‌نگده‌رانی‌ بكات له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌ڕی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ سه‌رۆك لیسته‌كان جیاوازتره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردوو."

 

محه‌مه‌د ته‌میم ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو "ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ ئێستا ده‌كرێت له‌نێوان كاندیدو سه‌رۆك لیست‌و هاوپه‌یمانێتیه‌كان شه‌ری‌ هه‌ڵبژاردنه،‌ به‌ڵام دوای‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ پێكه‌وه‌ كاركردن ده‌ستپێبكاته‌وه‌."

 

ناكۆكی نوێی نێوان سێ‌ سه‌رۆك لیسته‌ ركابه‌ره‌كه‌ی‌ كه‌ركوك ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ململانێیه‌ی چوار ساڵی‌ رابردوو له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا له‌سه‌ر پرسی‌ پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و به‌رێوه‌بردنی‌ ئیدارییه‌كانی‌ كه‌ركوك دروستیان كردبوو به‌ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر خاڵێك كۆك بوون، بۆیه‌ چاوی‌ ئێستای ده‌نگده‌رانی‌ شاره‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و سێ‌ سه‌رۆك لیسته‌ی پارێزگاكه‌یه‌.

 

ئه‌رشه‌د ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ عێراق‌و سه‌رۆكی‌ لیستی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند :"ئێمه‌ ناتوانین له‌سه‌ر خاڵێك رێكبكه‌وین كه‌ دژی‌ پێكهاته‌كه‌مان بێت بۆیه‌ كاتێك هێزێكی‌ كوردی‌ دژایه‌تی‌ پێكهاته‌ی‌ توركمانی‌ كردووه‌ به‌ توندی‌ وه‌ڵاممان داوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌نگدان ئه‌مه‌مان كردبێت به‌ڵكو ئه‌رك بووه‌و جێبه‌جێمان كردووه‌."

 

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد "هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ نه‌ك ته‌نیا له‌بانگه‌شه‌كه‌ی‌ جیاوازتره‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوو، به‌ڵكو له‌ئه‌نجام‌و كاری‌ ئاینده‌شی‌ گۆرانكاری‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت."

 

له‌دوا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق هاوكێشه‌كه‌ له‌قازانجی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان كۆتایی‌ هات، چونكه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌كۆی‌ 12 كورسی‌ پارێزگاكه‌، كورد هه‌شت كورسی‌ برده‌وه‌و چواره‌كه‌ی‌ دیكه‌ بۆ عه‌ره‌ب‌و توركمان بوون به‌ڵام به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ پێشهاته‌كان زه‌حمه‌ته‌ جارێكی‌ دیكه‌ كورد هه‌مان ده‌ستكه‌وت بچێنێته‌وه‌.

 

ئێستا رووكاری‌ سه‌ره‌كی‌ شه‌ڕی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان بوونه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ سێ‌ لیسته‌كه‌و هه‌ڵمه‌تێكی‌ رێكخراویش له‌ناو شاره‌كه‌دا هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ لایه‌نگرانی‌ هه‌ریه‌ك له‌و لیستانه‌و وێنه‌ی‌ سه‌رۆك لیسته‌كانی‌ دیكه‌ لێده‌كه‌نه‌وه‌، سه‌رۆك لیسته‌كانیش له‌هه‌ر بۆنه‌یه‌كدا ده‌ربكه‌ون، به‌چەكی‌ نه‌ته‌وه‌یی ده‌یانه‌وێ‌ سۆزی‌ خه‌ڵك رابكێشن.

 

خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك له‌وه‌ ده‌ترسن له‌رۆژانی‌ داهاتوودا ئه‌م ناكۆكییه‌ بۆ بارگرژییه‌كی‌ زیاتر سه‌ر بكێشێت، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش گریمانه‌یه‌كی‌ له‌و شێوه‌یه‌یان له‌به‌رچاوگرتووه‌، بۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌سازی‌ ته‌واویان كردووه‌.

 

رۆژی‌ 26ی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵدا لیوا مه‌عن سه‌عدی‌ فه‌رمانده‌ی‌ دژه‌تیرۆری‌ عێراق له‌كه‌ركوك به‌هاوكاری‌ پۆلیسی‌ گشتی‌و لقی‌ كه‌ركوكی‌ كۆمیسۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق پلانی‌ رۆژی‌ ده‌نگدانیان راگه‌یاند كه‌ به‌قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆی ماتۆڕسكیل له‌سه‌ره‌تایی‌ مانگی‌ پێنجه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاكو دەگه‌ته‌ رۆژی ده‌نگدان، ئه‌و رۆژه‌ش  رێگه‌ به‌هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان نادرێت، به‌ڵكو ئۆتۆمبێل بۆ هاوڵاتیان ته‌رخانده‌كرێت تا بتوانن بچنه‌ بنكه‌كانی كۆمسیۆن بۆ ده‌نگدان.

 

لیوا مه‌عن سه‌عدی‌ له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد :" بارودۆخی‌ كه‌ركوك له‌رۆژی‌ ده‌نگداندا جێگیر ده‌بێت‌و به‌به‌رده‌وامیش فرۆكه‌كانی سوپای عیراقی به‌ئاسمانی شاره‌كه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌و چاودێری‌ دۆخی‌ شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن".

 

كاتێك گوێ‌ له‌حیزب‌و قه‌واره‌و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ كه‌ركوك ده‌گریت ته‌نیا شتی دڵنیا ده‌بیت لێی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو گرنگترین‌و مه‌ترسیدارترینیش ده‌بێت له‌ساڵی 2014 ‌، چونكه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌دوای لاوازی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیداری‌ و ئه‌منی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد كه‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ كه‌ركوك پێك ده‌هێنێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌