راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پایته‌خت كێبڕكێكه‌ تونده‌ ده‌كات
به‌غدا ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین گره‌وی هه‌ڵبژاردن

موسته‌فا حه‌بیب
ژماره‌ی زۆری كاندید‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان به‌ته‌نیا له‌ به‌غدای پایته‌خت كه‌ به‌ هه‌زارانن، ره‌نگدانه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ تونده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ حزبه‌كان به‌رپایان كردووه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌.
3.05.2018  |  به‌غدا
 ( :وێنه الموسوعة الحرة )
( :وێنه الموسوعة الحرة )

ته‌نیا له‌ به‌غدا (2188) كاندید له‌ (41) هاوپه‌یمانی‌و حزبی سیاسیه‌وه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی (71) كورسی په‌رله‌مان كه‌ پشكی به‌غدایه‌ به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووانی، له‌وانه‌ش (17) كورسییان بۆ ژنان ته‌رخان كراون‌و دوو كورسیش بۆ كۆتای كه‌مینه‌ی مه‌سیحی‌و سابیئه‌ دانراون.

 

به‌غدا كه‌ نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن‌و نیو كه‌سی تێدا نیشته‌جێیه‌، به‌وه‌ له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی ئاینی‌و ره‌گه‌زی‌و نه‌ته‌وه‌یی تێدایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو حزبه‌ ئاینی‌و عه‌لمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌لی كێبڕكێكردنیان له‌سه‌ر نزیكه‌ی چاره‌كی كورسییه‌كانی په‌رلمان هه‌یه‌، به‌ڵام كێبڕكێ گه‌وره‌كه‌ له‌نێوان حزبه‌ سوننه‌‌و شیعه‌كاندا ده‌بێت.

 

هاوپه‌یمانی "نه‌سر" به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران، "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، هاوپه‌یمانی "سائیرون نه‌حوه‌ لئیسڵاح" به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در‌و ره‌تی "حیكمه‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم، ئه‌و هێزه‌ شیعه‌ ته‌قلیدیانه‌ن كه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر ده‌نگی دانیشتووانی شیعه‌ ده‌كه‌ن.

حزبه‌ شیعه‌كان به‌هۆی ناكۆكی قووڵی نێوان پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ له‌ قورسترین تاقیكردنه‌وه‌دان، پێشتر به‌ یه‌كگرتوویی‌و له‌ یه‌ك هاوپه‌یمانیدا یاخود له‌ڕێی چه‌ند هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه‌ كه‌ كۆكبون له‌سه‌ر یه‌كگرتن له‌ دوای هه‌ڵبژاردن، ده‌چوونه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ ناكۆكییه‌كانی ئێستایان فراوانن، حزبی "ده‌عوه‌" كه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌لایه‌ كه‌ به‌هێزترین پۆستی وڵاته‌، دابه‌شبووه‌ بۆ دوو باڵ له‌نێوان عه‌بادی‌و مالیكیدا، هه‌روه‌ك ره‌وتی سه‌دریش كه‌ به‌ سه‌رسه‌ختییه‌كانی له‌گه‌ڵ حزبه‌ شیعه‌كان ناسراوه‌، ئه‌مجاره‌ دوور رۆیشتووه‌‌و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی به‌ستوه‌.

 

یه‌كه‌م جاریشه‌ هاوپه‌یمانییه‌كی نوێی شیعه‌ به‌شداری ده‌كات كه‌ ئه‌ویش هاوپه‌یمانی "فه‌تح"ه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ هاوپه‌یمانی گرووپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران، چونكه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و  ئاسته‌ جه‌ماوه‌رییه‌ بقۆزنه‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ رێكخراوی "داعش" به‌ده‌ستیان هێناوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ژموونیان له‌نێو گه‌ڕه‌ك‌و ناوچه‌كان، له‌ڕێی نووسینگه‌كانیان له‌ گه‌ڕه‌كه‌ شیعه‌‌و سوننه‌كاندا.

 

هه‌ریه‌ك له‌م هێزه‌ شیعانه‌ (137) كاندیدیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ كێبڕكێی گه‌رمی نێوانیان له‌سه‌ر كورسییه‌كانی پایته‌خت.

 

ئه‌م حزبه‌ شیعانه‌ كێبڕكێیه‌كی توند ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڕه‌كه‌ شیعه‌كانی به‌غدا كه‌ بریتین له‌ "مه‌دینه‌ سه‌در"‌و "حسێنییه‌"‌و شه‌عب" له‌ باكووری پایته‌خت‌و "به‌له‌دیات"‌و "عوبه‌یدی"‌و "به‌غداد جه‌دیده‌"‌و "زه‌عفه‌رانیه‌" له‌ خۆرهه‌ڵاتی پایته‌خت‌و "به‌یاع"‌و "ئیعلام"‌و "شوڕته‌"‌و "ئه‌بو دشیر" له‌باشووری پایته‌خت‌و "كازمیه‌"‌و "حوڕیه‌"‌و "شوعله‌"‌و "عه‌تیفییه‌"‌و "وه‌شاش" له‌ خۆرئاوای پایته‌خت.

 

له‌سه‌ر ئاستی كێبڕكێی سوننه‌ش له‌ به‌غدا ئه‌وا چڕبووه‌ته‌وه‌ له‌نێوان هاوپه‌یمانی "قه‌رار" به‌سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و هاوپه‌یمانی "وه‌ته‌نییه‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر كه‌ چه‌ند حزبێكی گرنگی سوننه‌ هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ به‌ستووه‌ له‌وانه‌ "حزبی ئیسلامی عێراق" به‌سه‌رۆكایه‌تی  سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و هاوپه‌یمانی "عه‌ره‌بییه‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی سیاسه‌تمه‌دار ساڵح موتڵه‌گ.

 

له‌پاڵ هێزه‌ سوننه‌ ته‌قلیدییه‌كانیشدا، چه‌ند هاوپه‌یمانییه‌كی نوێ ده‌ركه‌وتوون هه‌وڵی كێبڕكێ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ سوننه‌كان ده‌ده‌ن كه‌ دیارترینیان بریتیه‌ له‌ هاوپه‌یمانی "ته‌زامون" به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زاح سه‌دید كه‌سایه‌تی ناسراوی عه‌شایری، هه‌ر یه‌كه‌شیان لیستێكی به‌ (137) كاندید پێشكه‌ش كردووه‌.

 

ئه‌م حزبانه‌ش له‌ نێو گه‌ڕه‌كه‌ سوننه‌كانی پایته‌ختدا كێبڕكێ ده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌ "غه‌زالییه‌"‌و "عه‌دل"‌و "حه‌ی جامیعه‌"‌و "خه‌زرا"‌و "مه‌نسور"‌و "یه‌رموك"‌و "عامریه‌"‌و "حه‌ی جیهاد" له‌ خۆرئاوای پایته‌خت‌و "ئه‌عزه‌مییه‌"‌و "سڵێخ"‌و "سه‌بع ئه‌بكار" له‌ باكووری پایته‌خت‌و "سه‌یدییه‌"‌و "دۆره‌"‌و "عه‌ره‌ب جبور"‌و "هۆر ره‌جه‌ب" له‌باشووری پایته‌خت.

 

حزبه‌ عه‌لمانی‌و مه‌ده‌نییه‌كانیش كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا یه‌كگرتوو بوون، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دووچاری دابه‌شبوون بوونه‌ته‌وه‌، ناكۆكییه‌ گه‌وره‌كه‌ش له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ی "ته‌مه‌دون" به‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانتار فایه‌ق شێخ عه‌لی‌و حزبی شیوعیدایه‌، هۆكاری ناكۆكییه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ حزبی شیوعی له‌ دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌ندا له‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در (ئیسلامی) به‌ستووه‌، هاوكات "هاوپه‌یمانی مه‌ده‌نی دیموكراتی" به‌سه‌رۆكایه‌تی غه‌سان عه‌تییه‌ بڕیاری داوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات.

 

زیادبوونی ره‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌دژی حزبه‌ ئیسلامییه‌كان‌و هه‌ڵكشانی ئاستی جه‌ماوه‌ری هێز‌و ره‌وته‌ مه‌ده‌نی‌و عه‌لمانییه‌كان له‌دوای رێبه‌رایه‌تیكردنی خۆپیشاندانه‌كان له‌دژی ده‌سه‌ڵات له‌ هاوینی ساڵی 2015وه‌، وای له‌ هێز‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌كان كردووه‌ ناوه‌كانی خۆیان بگۆڕن بۆ ناونیشانی نوێ كه‌ هه‌ڵگری ناوی مه‌ده‌نین.

 

بۆ نموونه‌ "حزبی مه‌ده‌نی" كه‌ به‌ به‌هێزی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كات له‌ڕێی هه‌ڵمه‌ته‌ فراوانه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌مه‌د موسه‌وی كه‌ له‌ڕاستیدا هاوپه‌یمانێكی ناسراوی "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا"یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی.

 

سه‌ره‌ڕای ناكۆكی قووڵی نێوان حزبه‌ كوردییه‌كان‌و پاشه‌كشه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌رییان له‌ به‌غدا‌و پارێزگاكانی دیكه‌ له‌دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئه‌یلۆلی ساڵی رابردوو، به‌ڵام بڕیاریان داوه‌ له‌ به‌غداش كێبڕكێ بكه‌ن، "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان" به‌ (10) كاندید به‌شداری ده‌كات، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانتاری دیاری كورد ئاڵا تاڵه‌بانی له‌ هاوپه‌یمانی "به‌غداد" به‌شداری هه‌ڵبژاردنی پایته‌خت ده‌كات.

 

جوڵانه‌وه‌ی "نه‌وه‌ی نوێ"ش به‌سه‌رۆكایه‌تی شاسوار عه‌بدولواحیدی بزنسمان كه‌ به‌ نه‌یاری حزبه‌ كوردییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناسراوه‌، بڕیاری داوه‌ به‌شداری كێبڕكێ له‌ به‌غدا بكات له‌ڕێی (27) كاندیده‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی دانیشتووانی كورد له‌ به‌غدا هه‌روه‌ك پشت به‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانی پایته‌خت ده‌به‌ستێت له‌و سوننه‌‌و شیعانه‌ی خوازیارن حزب‌و هێزی نوێ هه‌ڵبژێرن نه‌ك كۆنه‌كان.

 

هه‌رچی مه‌سیحییه‌كانیشه‌ ئه‌وا به‌ شه‌ش قه‌واره‌ی سیاسی به‌شداری هه‌ڵبژاردن له‌ به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ كێبڕكێكردن له‌سه‌ر یه‌ك كورسی ته‌رخانكراو بۆیان به‌پێی سیستمی كۆتا، ئه‌و هێزانه‌ش بریتین له‌ "ئه‌نجومه‌نی میللی كلدانی سریانی ئاشووری"‌و "یه‌كێتی به‌یت نه‌هره‌ینی نیشتمانی"‌و "بزووتنه‌وه‌ی گردبوونه‌وه‌ی سریانی"‌و "هاوپه‌یمانی كلدانی"‌و "هاوپه‌یمانی رافیده‌ین"‌و "بزووتنه‌وه‌ی بابلیون" كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"یه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت.

 

به‌ هه‌مان شێوه‌ش بۆ كه‌مینه‌ی ئاینی سابیئه‌ كه‌ به‌پێی سیستمی كۆتا یه‌ك كورسی له‌ به‌غدا هه‌یه‌، شه‌ش كه‌سایه‌تی سه‌ر به‌و كه‌مینه‌ ئاینیه‌ كێبڕكێی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ش له‌لایه‌ن حزبه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن كه‌ چاویان له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و كورسییه‌یه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌