راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌می ژماره‌یان بایه‌خی نه‌هێشتوون
كامپی ئاواره‌كان چتر رووگه‌ی قه‌واره‌‌و كاندیده‌كان نین

که‌مال عه‌یاش
پێده‌چێت كامپی ئاواره‌كان كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوودا رووگه‌یه‌كی گرنگی كاندیده‌كان بوون، ئه‌و بایه‌خه‌یان نه‌مابێت، ئه‌م دۆخه‌ش ئه‌و ئاوارانه‌ی توڕه‌كردووه‌ كه‌ چاویان له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌.
3.05.2018  |  ئه‌نبار
کامپی ئاوارەکان ( :وێنه سفين حامد \ جيتي )
کامپی ئاوارەکان ( :وێنه سفين حامد \ جيتي )

كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار به‌نێو كامپی ئاواره‌كاندا له‌ عامرییه‌ی سمود (30 كم له‌باشووری شاری فه‌لوجه‌) ده‌گه‌ڕێیت، وا هه‌ست ده‌كه‌یت له‌ سنوور په‌ڕیویته‌وه‌ به‌ره‌‌و ده‌وڵه‌تێكی تر كه‌ خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنێكی نزیك ئاماده‌ ناكات، چونكه‌ ناكرێت قه‌باره‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كامپه‌كاندا به‌و پۆسته‌ر‌و لافیتانه‌ به‌راورد بكرێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ هه‌ردوو به‌ری رێگا لاوه‌كی‌و سه‌ره‌كییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

دوای ئۆپراسیۆنه‌كانی ئازادكردنی شاره‌كانی پارێزگاكه‌ له‌ چنگی داعش، زیاتر له‌ 30 كامپ له‌ بیابانی عامرییه‌ی سمود دروست كراون كه‌ ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ له‌خۆده‌گرن، هه‌ر كه‌ حكومه‌تی عێراقیش توانی ژێرخانی هه‌ندێك له‌ شاره‌كان ئاماده‌ بكاته‌وه‌ نزیكه‌ی 60%یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كانیان، ژماره‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ش كه‌ ماون نزیكه‌ی (3500) ئاواره‌ ده‌بن به‌پێی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندی كامپه‌كانی عامرییه‌ی سمود.

 

كامپی ئاواره‌كان كه‌ ساده‌ترین هۆكاره‌كانی ژیانیان تێدا نییه‌، هه‌موویان خاڵین له‌ پۆسته‌ر‌و ریكلام ته‌نیا چه‌ند وێنه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێت كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر تانكی ئاو‌و هه‌ندێك ستوونی كاره‌با‌و له‌ ده‌روازه‌ی هه‌ر كاپێكیشدا چه‌ند لافیته‌یه‌ك هه‌ن كه‌ دیاره‌ به‌ بێ بایه‌خی‌و سه‌رپه‌رشتی دانراون وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م كامپه‌ یان ئه‌و كامپه‌دا گیرابێت بۆ هه‌ندێك له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان.

 

یاسر مه‌حلاوی (43 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ ئاواره‌كانی قه‌زای قائیم (450 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) پێی وایه‌ كارێكی راستی كردووه‌ كه‌ زانیارییه‌كانی نوێكردووه‌ته‌وه‌‌و كارتی نوێی ده‌نگدانی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت به‌شداری پێبكات له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا.

 

مه‌حلاوی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ئه‌گه‌ر له‌و ریكلامه‌ كه‌مانه‌ وردبیته‌وه‌ كه‌ له‌نێو خێمه‌كانماندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ ده‌بینیت هی ژماره‌یه‌كی كه‌می كاندیده‌كانن كه‌ له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا كاندیدانی پارێزگای ئه‌نبار (800) كاندیدن، ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌م كاندیدانه‌‌و بانگه‌شه‌كانیان له‌ كامپه‌كانماندا ئاماژه‌یه‌ بۆ پیلانێك كه‌ هه‌وڵ ده‌دات مافی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانمان لێ زه‌وت بكات".

 

ده‌شڵێت: "پێیان وایه‌ به‌ هه‌ندێك رێوشوێن‌و ئاسته‌نگ ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر باوه‌ڕمان دروستبكه‌ن تا ده‌نگ به‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تی بده‌ین كه‌ ریكلامه‌كانیان به‌ خێمه‌كانماندا هه‌ڵواسراون، به‌ڵام نازانن ئێمه‌ كه‌س هه‌ڵنابژێرین ئه‌وانه‌ نه‌بن كه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ له‌م واقیعه‌ تاڵه‌ ده‌رمان ده‌هێنن".

 

وتیشی: "هه‌ر زوو چووم بۆ نوێكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانم تا كارتی ده‌نگدان وه‌ربگرم كه‌ له‌كاتی هه‌ڵاتنم له‌شاره‌كه‌م له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ونم كردبوو، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم كه‌ ده‌نگه‌كانی ئێمه‌ی ئاواره‌ جێی بایه‌خی كاندیده‌كان نییه‌ به‌هۆی كه‌می ژماره‌مان، به‌ڵام من به‌نیازم ئه‌و كه‌سه‌ گونجاوه‌ هه‌ڵبژێرم كه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌توانین ده‌موچاوه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان دووربخه‌ینه‌وه‌".

 

ره‌وتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌نیا به‌ لافیته‌ی ریكلامه‌وه‌ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو په‌لده‌كێشێت بۆ رێكخستنی ئه‌و كۆنگره‌‌و چالاكیانه‌ی ئاڕاسته‌ی هاووڵاتیان ده‌كرێن له‌ هه‌موو شارێكدا، ته‌نیا كامپی ئاواره‌كان نه‌بێت كه‌ نه‌چووه‌ته‌ نێو لیستی كاری له‌پێشینه‌ی قه‌واره‌ سیاسییه‌كان ته‌نانه‌ت خاڵیشن له‌ هه‌ر چالاكییه‌كی بانگه‌شه‌ كه‌ وێنه‌ی سیاسی هه‌ندێك له‌ كاندیده‌كان بۆ ده‌نگده‌ران روون بكاته‌وه‌.

 

عامر خه‌لیفاوی (38 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری رومادی‌و تا ئێستاش له‌ كامپدا ده‌ژی به‌هۆی چه‌ند دۆسێیه‌كی ئه‌منییه‌وه‌ كه‌ رێگرن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆسه‌ر زێدی خۆی، ئه‌و كارتی ده‌نگدانی هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا شاره‌زای میكانیزمی پرۆسه‌ی ده‌نگدان نییه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ناوی كاندیده‌ نوێیه‌كان یان به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنیان نازانێت.

 

خه‌لیفاوی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌نێو ئه‌م كامپانه‌دا ده‌یبینین ئاماژه‌ی خواستێكی راسته‌قینه‌ نییه‌ بۆ كاركردنی راستگۆیانه‌، ئه‌گه‌ر راستگۆ بوونایه‌ ئه‌وا ریكلامه‌كانیان هاوتای ئه‌و ریكلامانه‌ ده‌بوون كه‌ خودی خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردنی 2014دا بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵپه‌یان بوو بۆ كامپه‌كانی ئاواره‌كان له‌ باكووری عێراق‌و پێش ریكلام‌و پۆسته‌ره‌كانیشیان یارمه‌تی دارایی‌و ماددییان ده‌نارد".

 

هه‌روه‌ها وتی: "ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی گرنگیپێدانی قه‌واره‌ سیاسییه‌كان‌و كاندیده‌كانیان‌و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنیشداین، هه‌موویان هه‌وڵێكیان نه‌داوه‌ یارمه‌تیمان بدات بۆ ئاشنابوون به‌ میكانیزمی ده‌نگدان یاخود به‌رنامه‌ی كاندیده‌كان، ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ بودجه‌ی زه‌به‌لاح خه‌رج ده‌كرێت بۆ راكێشانی ده‌نگده‌ری عێراقی یاخود هۆشیاركردنه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌رۆژی ده‌نگداندا ده‌بێت چی بكات".

 

موسڵیح جومه‌یلی یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌كانی شاری رومادی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتوو، پێی وایه‌ وێنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و میكانیزمه‌كانی به‌ئامانجگرتنیان یان راكیشانیان، شێوێندراوه‌، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌نگی ئاواره‌كان گرنگه‌‌و ده‌كرێت رۆڵێكی گه‌وره‌ بگێڕن له‌و گۆڕانكارییه‌ی ئامانجی هه‌مووانه‌.

 

جومه‌یلی به‌ "نیقاش"ی وت: "ناكرێت ده‌ستبه‌رداری یه‌ك ده‌نگی ده‌نگده‌ران ببین، نه‌بوونی ریكلامه‌كانیشمان له‌ كامپی ئاواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ عامرییه‌ی فه‌لوجه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی راپرسی‌و تێبینییه‌ مه‌یدانییه‌كان باوه‌ڕمان وایه‌ ده‌نگی ده‌نگده‌ران له‌و كامپانه‌دا قۆرغكراون بۆ چه‌ند لایه‌نێكی دیاریكراو كه‌ هه‌ژموونی عه‌شایری‌و حزبییان له‌ ناوچه‌كانی عامرییه‌ی سموددا هه‌یه‌ به‌ كامپه‌كانیشه‌وه‌".

 

وتیشی: "ده‌زانین كه‌ ده‌نگده‌ری عێراقی په‌ندی وه‌رگرتووه‌‌و ناكرێت ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ بداته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئاوارانه‌ی ئێستا باش ده‌زانن كێ بووه‌ هۆكاری نه‌هامه‌تییه‌كان‌و ناكرێت جارێكی دیكه‌ ده‌نگی پێبده‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ ریكلامی ئاڵتونیش بانگه‌شه‌ بۆ خۆی بكات".

 

به‌پێی میكانیزمی ده‌نگدانی مه‌رجدار كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دایناوه‌‌و به‌شداریكردنی ئه‌و ئاوارانه‌ زامن ده‌كات كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كارتی ده‌گدان وه‌ربگرن، هه‌موو ئاواره‌كان ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌توانرێت ئه‌م میكانیزمه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك قه‌واره‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كاندیده‌كانیان به‌كاربهێنرێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاواره‌كان میكانیزمی ده‌نگدان‌و شوێنه‌كه‌ی نازانن.  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌