راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تۆڵه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ یا بیریان چووه‌ته‌وه‌؟
هه‌مووان گره‌و له‌سه‌ر ده‌نگه‌ خۆڵه‌مێشییه‌كان ده‌كه‌ن

مەعاز فەرحان
گه‌ر پێوه‌ری‌ ئێستا وه‌ربگیرێت، خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستان توڕه‌ن‌و بڕیاریان داوه‌ ده‌نگ نه‌ده‌ن، هێزه‌كان گره‌و ده‌كه‌ن‌و نازانرێت چه‌ند رۆژی‌ داهاتوو چاره‌نووسی‌ ده‌نگه‌ خۆڵه‌مێشییه‌كان چی‌ ده‌بێ‌.
25.04.2018  |  سلێمانی‌
 ( :وێنه حمه سور )
( :وێنه حمه سور )

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ( 32 ساڵ) به‌چه‌ترێكه‌وه‌ له‌به‌ر باران به‌ته‌نیشت ته‌كسیه‌كه‌وه‌ وه‌ستاوه‌‌و چاوه‌ڕێی‌ نه‌فه‌ر ده‌كات، ئومێدی‌ به‌ هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌، چوار ساڵی‌ پڕ له‌قه‌یرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و بڕوایه‌ی‌ له‌لا دروستكردوه‌ كه‌ چیتر وه‌ك جاره‌كانی‌ پێشوو په‌نجه‌ی‌ بۆ هیچ كاندید‌و لیستێك مۆر نه‌كات.

 

"یه‌ك شتێكی‌ خۆشم نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات‌و نه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌بینیوه‌، عه‌لمانی‌ بێت یان ئیسلامی‌ چه‌پ بێت یان راست متمانه‌م به‌ هیچیان نییه‌". محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د كه‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ سلێمانی‌ شۆفێری‌ ته‌كسیه‌ وای‌ وت.

 

محه‌مه‌د، یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دانه‌ كه‌سه‌ی‌ بریاریانداوه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ چواره‌می‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق نه‌كه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا زۆرێك هه‌ن، پێشوه‌خت بڕیاریانداوه‌ به‌شداری‌ پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن‌و هه‌رچییه‌ك بێت له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ به‌و لایه‌نه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌جێی‌ هیوای‌ خۆیانی ده‌زانن.

 

مه‌هدی‌ محه‌مه‌د، (39 ساڵ) فیته‌ر، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ قه‌یرانه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی‌ دروستكردوه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت ده‌چێت ده‌نگ ده‌ده‌ت "هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم هیچ كاریگه‌رییه‌كی‌ له‌سه‌ر بژێوی‌ ژیانی‌ من نییه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌ پێمباشه‌ بڕۆم ده‌نگ بده‌م".

 

له‌و كاته‌ی‌ مه‌هدی‌ بۆنیتی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ به‌رزكردبۆوه‌‌و خه‌ریكی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ بوو، وتیشی‌ "ده‌زانم ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێك سه‌ركه‌وتوو بێت هیچ له‌ ژیانی‌ من‌و پیشه‌وه‌ره‌كانی‌ هاوڕێم ناگۆڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر پێمباشه‌ ده‌نگ بده‌م".

 

بڕیاره‌ 12ی ئایار، عێراقیه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ خولی‌ چواره‌می‌ په‌رله‌مان بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ پڕ له‌ قه‌یرانیان به‌ڕێكردوه‌ ئێستا خه‌ڵكی‌ كوردستان دابه‌شبون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، به‌ره‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن له‌رێگه‌ی‌ بایكۆتی‌ پرۆسه‌كه‌وه‌ تۆڵه‌ له‌سه‌رجه‌م هێزه‌كان بكه‌نه‌وه‌‌و لایه‌نێكی‌ دیكه‌ش هێشتا هیوایان به‌ ماوه‌ به‌ده‌نگه‌كانیان گۆڕانكاری‌ دروستبكه‌ن.

 

له‌دوا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق 60% خه‌ڵكی‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنیان كرد، به‌ڵام به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ "تۆڕی‌ شه‌مس" مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌مساڵ له‌كوردستان رێژه‌ی‌ به‌شداریكردنی‌ خه‌ڵك 50% بێت.

 

تۆڕی‌ شه‌مس له‌ساڵی‌ 2004 پێكهاتووه‌و 113 رێكخراوی‌ عێراقی‌ تیایدا به‌شدارن‌و له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا به‌هه‌زاران چاودێری‌ له‌ناوه‌نده‌كانی‌ ده‌نگدان هه‌ن.

 

هۆگر چه‌تۆ، رێكخه‌ری‌ تۆڕی‌ شه‌مس، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "كۆی‌ ئاماژه‌كان ئیجابی‌ نین بۆ به‌شداری‌ هاوڵاتیان له‌هه‌ڵبژاردندا". هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆ 3 خاڵ گه‌ڕانده‌وه‌؛ یه‌كه‌میان هیچ پێشهاتێكی‌ گه‌وره‌ له‌ هێز‌و لایه‌نه‌ به‌شداره‌كاندا رووینه‌داوه‌ واته‌ هێزێك نییه‌ بتوانێت كۆی‌ ده‌نگده‌ران له‌م دۆخه‌ رزگاربكات‌و مۆدێلێكی‌ نوێی‌ حكومڕانی‌ بهێنێته‌ كایه‌وه‌.

 

هۆكاری‌ دووه‌میش به‌بڕوای‌ هۆگر په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌وه‌ هه‌یه‌ "زۆربه‌یان جێبه‌جێنه‌كراون‌و له‌عێراق‌و هه‌رێم، گۆڕانكاری‌ له‌ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك رووینه‌داوه‌".

 

"هێز‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌هێزترن له‌ ده‌وڵه‌ت پڕوپاگه‌نده‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بایۆمه‌تری‌‌و رێوشوێنه‌كانی‌ كۆمسیۆن سودی‌ نیه‌ بۆ رێگری‌ له‌ ساخته‌كاری‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات جارێكی‌ دیكه‌ خه‌ڵك بێ‌ ئومێد بێت له‌ هه‌ڵبژاردن". رێكخه‌ری‌ تۆڕی‌ شه‌مس له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ سێیه‌مه‌وه‌ وای‌ وت.

 

له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، 503 كاندید هه‌ن، له‌ ناو 25 قه‌واره‌ی سیاسی كێبڕكێ‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر 46 كورسی‌ په‌رله‌مان، سێ‌ ملیۆن 144 هه‌زار‌و 730 كه‌س مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌

 

به‌شێكی‌ دیكه‌ له‌هاوڵاتیان ده‌چنه‌ ئه‌و ریزه‌وه‌ كه‌ ده‌نگی خۆڵه‌مێشی ناوده‌برێن، بڕیاری‌ بایكۆتیان نه‌داوه‌ به‌ڵام یه‌كلانه‌بونه‌ته‌وه‌ ده‌نگ به‌ چ لایه‌نێك بده‌ن.

 

سه‌روه‌ر عومه‌ر، مامۆستا، ده‌ڵێت "من خۆم له‌گه‌ڵ بایكۆت نیم‌و پێموایه‌ بایكۆت خزمه‌ت به‌ یه‌كێتی‌و پارتی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌ شایانی ئه‌وه‌ نازانم ده‌نگ‌و متمانه‌ی خۆمی پێببه‌خشم".

 

سه‌روه‌ر به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی جارانمان له‌ حكومه‌تدا بینیی‌و خراپترین ئه‌دایان پێشكه‌ش كردو ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان وه‌زیره‌كه‌یان خۆی به‌ده‌سه‌ڵات فرۆشت، ئه‌و هێزانه‌ی تازه‌ش هاتوونه‌ته‌ مه‌یدانه‌كه‌ یان پێشتر له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات بوون، یان گومان له‌ سه‌روه‌ت‌و سامان‌و په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێره‌كانیان ده‌كرێت".

 

یه‌كه‌مجاره‌ له‌پاڵ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو ‌و سۆسیالیست حزبه‌ دیاره‌كانی‌ كوردستان، دوو حزبی‌ دیكه‌ش به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن ئه‌وانیش هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌رهه‌م ساڵح جێگری‌ پێشووتری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق‌و سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ شاسوار عه‌بدولواحیدی‌ بزنسمان.

 

سه‌روه‌ر به‌جۆرێك له‌نیگه‌رانییه‌وه‌ باسی‌ هه‌ڵوێستی‌ خه‌ڵك ده‌كات "خه‌ڵكی ئێمه‌ تا ئێستایش حیزب به‌ فریادڕه‌س‌و فریشته‌ی ڕزگاركردن ده‌زانن، ئه‌وان گرنگیی به‌وه‌ ناده‌ن ئه‌م حیزبه‌ چه‌ندێك به‌ڵێنه‌كانی خۆی بردووه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌وان ته‌نها گوێ بۆ هاتوهاوار و بانگه‌شه‌ ده‌گرن،هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كان لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌كان ناكات".

 

رێكخه‌ری تۆڕی شه‌مس، پێیوایه‌ ده‌نگه‌ خۆڵه‌مێشییه‌كان زۆر له‌ ده‌نگی مسۆگه‌ر جێگه‌ی بایه‌خی كاندید‌و قه‌واره‌كانن "چونكه‌ ئه‌مان ده‌نگێكی زۆرن‌و شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌م توێژه‌یه‌ كه‌ زۆر یاری‌و هاوكێشه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌". هۆگر چه‌تۆ وتیشی‌ "چوار ته‌مه‌نی تازه‌ ده‌چنه‌ هه‌ڵبژاردن زۆر ئومێدییان به‌ ژیانی سیاسیی نییه‌و ئه‌مانه‌ ده‌توانرێت كارییان له‌سه‌ر بكرێت".

 

له‌ 15ی‌ مانگی‌ نیسانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان ده‌ستیپێكردوه‌ به‌شێك له‌شه‌قامه‌كان به‌وێنه‌‌و لافیته‌ی‌ كاندید‌و قه‌واره‌كان داپۆشراون، رۆژانه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، كاتێك به‌ ته‌كسیه‌كه‌وه‌ به‌ناو شاردا ده‌گه‌ڕێت چاوی‌ به‌ده‌یان وێنه‌‌و كاندید‌و دروشمی‌ حزبه‌كان ده‌كه‌وێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا قسه‌ی‌ گه‌رمی‌ ناو ته‌كسیه‌كه‌ی‌ باسی‌ هه‌ڵبژاردنه‌، "به‌شێكی‌ نه‌فه‌ره‌كان ده‌ڵێن ده‌نگده‌ده‌ن‌و به‌شێكی‌ دیكه‌یان ده‌ڵێن ده‌نگناده‌ین، من خۆم سه‌دا سه‌د بایكۆتی‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌م".

 

ئه‌گه‌رچی‌ محه‌مه‌د له‌ڕوانگه‌ی‌ ژیانی‌ ئێستایه‌وه‌ سه‌یری‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان ده‌كات، به‌ڵام بۆ هه‌ندێك كه‌س دیوێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌.

 

كه‌نعان سابیر (39ساڵ) له‌ شه‌قامی‌ مه‌وله‌وی‌ سلێمانی‌ له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌ كۆنترۆڵی‌ ته‌له‌فزیۆن‌و سه‌ته‌لایت ده‌فرۆشێت، له‌ئه‌سڵدا خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكن هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك ده‌چێته‌ كه‌ركوك ده‌نگده‌دات، "به‌ته‌مای‌ ئه‌وه‌ نیم یه‌ك حزب پاره‌م پێبدات، به‌ڵام هه‌ر ده‌چم ده‌نگ ده‌نگده‌ده‌م بۆچی‌ عه‌ره‌بێك ده‌چێت ده‌نگ به‌قه‌واره‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌دات بۆ من نه‌چم".

 

كه‌نعان بۆ "نیقاش" وتیشی‌ "ئه‌م چوار ساڵه‌ش كه‌ قه‌یران بووه‌ كاریگه‌ریشی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ من هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ر ده‌چم ده‌نگده‌ده‌م له‌به‌ر خاتری‌ كورد".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌