هه‌فته‌ی رابردوو هه‌واڵێكی هه‌ڵبه‌ستراو له چه‌ند په‌یجێكی فه‌یسبووك له عێراق بڵاوبووه‌وه ده‌ڵێت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن 75 كاندیدی ژنی به‌هۆكاری ئه‌خلاقی له هه‌ڵبژاردن ده‌ركردووه، تیمی "نیقاش"یش درۆكه‌ی ئاشكراكرد‌و به‌رپرسانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن هه‌واڵه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش رایگشتی باوه‌ڕی پێكرد، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی سێكسی یه‌كێك له ژنه كاندیده‌كان له فه‌یسبووك بڵاوبووه‌وه‌و ئه‌وه به‌س بوو بۆئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك گرته ڤیدیۆییه سێكسییهكهو هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوه‌كه پێكه‌وه گرێبدهنو بگه‌نه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی راستییه هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتداران ره‌تیان كردووه‌ته‌وه.
دوای چه‌ند سه‌عاتێك هه‌واڵێكی دیكه‌ی درۆ بڵاوبووه‌وه كه ده‌ڵێت ئه‌و ژنه كاندیده‌ی له گرته سێكسییهكهدا ده‌ركه‌وتووه خۆی كوشتووه به‌هۆی ئه‌و ئابڕووچوونو داب‌و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه كه گوشار له‌سه‌ر ئه‌و ژنانه دروست ده‌كه‌ن كه تووشی ئابڕووچوون دهبنو ناچار به‌خۆكوشتن ده‌بن، بۆیه عێراقییه‌كان گه‌یشتنه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی هه‌واڵه‌كه راسته، هه‌رچه‌نده ژنه كاندیده‌كه له كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی ناوخۆیی ناسراو دهركهوتو هه‌واڵه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه.
هه‌نا ئه‌دوه‌ر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ل به "نیقاش"ی وت: "چه‌ند رۆژێكه به‌ره‌وپێشچوونێكی مه‌ترسیدار له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا روویداوه، هه‌واڵی درۆ بووه‌ته فاكته‌رێك بۆ دروستكردنی رایگشتی دژ به ژنان به به‌كارهێنانی ئابڕووچوونی سێكسی له‌ڕێی وێنه‌ی ساخته‌وه، به‌داخیشه‌وه زۆرێك له عێراقییه‌كان باوه‌ڕیان پێكردووه‌و ده‌ستیانكردووه به بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوونی توندڕه‌وانه سه‌باره‌ت به ژنان‌و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه دووباره ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌ڵێت شوێنی ژنان ته‌نیا ماڵه‌وه‌یه".
ئه‌دوه‌ر وتیشی: "سوپای ئه‌لیكترۆنی رێكخراو پلانی باشیان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردووه‌و هه‌واڵی ساخته له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنن، ئه‌مه‌ش كاتێك رووده‌دات كه شه‌فافیه‌ت له‌لای بڕیاربه‌ده‌ستان نهبێتو به‌رپرسان رازینه‌بن قسه له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگه‌كان بكه‌ن، هاوكات به‌داخه‌وه كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بوونه‌ته ناپیشه‌یی به‌هۆی شوێنكهوتهییان بۆ حزبه‌كان، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی دروست كردووه".
به‌درێژایی چه‌ند مانگی رابردوو تیمی "نیقاش" به‌ده‌یان هه‌واڵی ساخته‌ی له عێراق ئاشكراكرد، كێشه‌كه‌ش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا نییه، به‌ڵكو چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی به‌ناوبانگی ناوخۆ ئه‌و هه‌واڵانه‌یان بڵاوكرده‌وه، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ش كه ئاشكراكرا ئه‌و هه‌واڵانه ساخته‌ن، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له سایته‌كانیان نهیانسڕینهوه، چونكه چاودێری یاسایی نییه.
به‌وته‌ی نووسهرانو به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌یجه به‌رفراوانه‌كانی فه‌یسبووك كه له‌وباره‌یه‌وه قسه‌یان بۆ "نیقاش" كرد، پێش به‌رهه‌مهێنانی هه‌واڵه ساخته‌كان چه‌ند قۆناغێك هه‌ن، یه‌كه‌میان ئاڕاسته‌كردنی رایگشتییه به‌ره‌و بیرۆكه‌یه‌كی دیاریكراو‌و چه‌سپاندنی بیرۆكهكو، پاشان هه‌واڵه ساخته‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه.
به‌ڵام كێ له‌پشت به‌رهه‌مهێنانی هه‌واڵی ساخته‌وه‌یه؟ شێوازی داڕشتنی ئه‌و هه‌واڵانه‌و ئه‌و توانایه‌ی له مۆنتاجكردنی وێنه‌و گرته ڤیدیۆییه‌كان به‌كارده‌هێنرێت به‌زۆری ناپیشه‌یین، به‌ڵام چه‌ند پۆستێكی دیكه ئاماژه‌ن بۆئه‌وه‌ی پسپۆر‌و شاره‌زایانی نووسینی هه‌واڵ‌و مۆنتاجكردنو ته‌نانه‌ت ده‌روونناسیش له‌پشتیانه‌وه‌ن، كات‌و چۆنیه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌یان زیره‌كییان تێدایه.
به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌یان په‌یجی فه‌یسبووك رازی نه‌بوون وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌نه‌وه كه تیمی "نیقاش" سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵه ساختانه‌ی له په‌یجه‌كانیان بڵاویان كردبوونه‌وه، بۆی ناردبوون، ژماره‌یه‌ك له‌و په‌یجانه "بلۆك"یان هه‌ڵبژارد تا چیتر به پرسیار هه‌راسان نه‌كرێن، هه‌ندێك په‌یجیش به هه‌ڕه‌شه‌و هاككردنی ئه‌كاونته‌كه‌مان وه‌ڵامیان داینه‌وه.
تا كاتێكی نزیكیش هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ههڕهمهكیو به‌بێ ئامانجی سیاسی روون له وڵات‌دا بڵاوده‌بوونه‌وه ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه بۆ په‌یداكردنی بینه‌ر زیاتر بوون، به‌ڵام دواتر سیاسییهكانو به‌رپرسان خۆیان خزانده نێو بواره‌كه ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وت تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له كه‌ناڵه ته‌قلیدییه‌كانی راگه‌یاندن گرنگترن بۆ عێراقییه‌كان.
حه‌یده‌ر جه‌لیل (17 ساڵ) به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێك له په‌یجه‌كان كه داوایكرد ناوه‌كه‌ی نه‌هێنرێت، به "نیقاش"ی وت: "به‌ڕێوه‌بردنی په‌یجه‌كان له فه‌یسبووك ماندووكهرهو وه‌ك ئه‌وه نییه كه بیری لێده‌كرێته‌وه، له‌گه‌ڵ 10 كه‌سدا په‌یجه‌كه بهڕێوهدهبهمو خشته‌یه‌كمان هه‌یه بۆ كاتی كاركردن له په‌یجه‌كه‌دا، بۆ نموونه ئێستا ئه‌ركی من به‌ڕێوه‌بردنی پهیجهكهیه له سه‌عات نۆی شه‌و تا سه‌عات 12ی شه‌و، له‌كاتێكدا هاوكارانم به‌دوای ئه‌و هه‌واڵ‌و بڵاوكراوه سهرنجڕاكێشانهدا ده‌گه‌ڕێن كه بینه‌ر راده‌كێشن، به‌ڕاشكاوی ده‌یڵێم ئامانجمان كۆكردنه‌وه‌ی هه‌زاران بینه‌ره‌و توانیویشمانه ئه‌و كاره بكه‌ین تا گه‌یشتینه زیاتر له نیو ملیۆن بینه‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دۆلار بده‌ین".
ئه‌و په‌یجه‌ی حه‌یده‌ر كاری تێدا ده‌كات له تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو وێنه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه كه درزێكی گه‌وره له زه‌ویدا پیشان دهداتو وتی ئه‌وه وێنه‌ی وێرانكاریی ئه‌و بوومهلهرزهیهیه كه له‌و ماوه‌یه‌دا عێراقی گرته‌وه‌و هه‌واڵه‌كه‌شی دوای ته‌نیا 10 ده‌قیقه له بوومه‌له‌رزه‌كه بڵاوكرده‌وه كه عێراقییه‌كان چاویان له‌سه‌ر هه‌ر هه‌واڵ‌و وێنه‌یه‌ك بوو له‌وباره‌یه‌وه بڵاوبكرێته‌وه.
به‌ڵام تیمی "نقاش" ئاشكرای كرد كه وێنه‌كه هی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی پێشتره كه مه‌غریبی گرتۆته‌وه‌و وێنه‌كه‌ش له رۆژدا گیراوه، هه‌رچه‌نده ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ی عێراقی گرته‌وه له شه‌ودا روویدا ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ده‌بووایه ئه‌و وێنه‌یه‌ی په‌یجه‌كه دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك له بوومهرلهزهكه بڵاویكرده‌وه، تاریك بێت، كه‌چی عێراقییهكا باوه‌ڕیان به وێنه‌كه كرد.
حه‌یده‌ر ده‌ڵێت"ئه‌و هه‌واڵه‌م له‌بیره كه له یه‌كێك له پهیجهكاندا بڵاوبوه‌وه، ئێمه‌ش له پهیجهكهمان بڵاومان كرده‌وه بۆ په‌یداكردنی بینه‌ر". وتیشی: "هه‌ندێك جار له كاتی روودانی رووداوی گه‌وره‌ی وه‌كو بوومهرلهزهدا چه‌ند هه‌واڵێك دروست ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌زۆری ئێمه ئه‌و هه‌واڵانه له په‌یجه‌كانی دیكه‌وه وه‌رده‌گرین كه پێش ئێمه هه‌واڵه‌كه‌یان بهههرمهێناوه، ئێمه ئازاری كه‌س نادهینو ته‌نیا هه‌وڵده‌ده‌ین ببینه باشترین له نێو پهیجهكاندا".
ئاشكرایه كه زۆربه‌ی هه‌واڵ‌و پۆسته ساخته‌كان له په‌یجی دیكه‌وه كۆپی ده‌كرێن، تیمی "نیقاش" له‌ڕێی چه‌ندین هه‌واڵی ساخته‌وه ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد‌و ده‌رده‌كه‌وێت په‌یجه‌كان به جیاوازی چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك یان چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م به‌هه‌مان شێوه‌و وێنه‌وه بڵاویان كردووه‌ته‌وه، وه‌كو ئه‌م هه‌واڵه:
یوسف موسه‌وی مامۆستای دهروونناسیو رێنمایی ده‌روونی به "نیقاش" وت: "هه‌واڵی درۆ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا دروستده‌كرێن كه به‌گومان ده‌وره دراون، ئه‌و هه‌واڵانه ئامانجیان چاندنی گومانه‌و ره‌وشی سیاسی‌و ئهمنیو كۆمه‌ڵایه‌تی ئاڵۆز ده‌قۆزنه‌وه، رۆژانه له عێراقدا ده‌یان هه‌واڵی درۆ بڵاوده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ندێكیان ده‌بنه جێی بایه‌خی جه‌ماوه‌ر، چونكه په‌یوه‌ستن به خواسته ئایینی‌و سیاسییه‌كانیانه‌وه، بۆیه كۆمه‌ڵگه هه‌واڵه ساخته‌كان دهجووڵێنێتو واده‌كات بڵاوببنه‌وه یاخود سنووردار بن، ئه‌ویش له نه‌زانییه‌وه‌یه".
سوپای ئه‌لیكترۆنی سه‌ر به سیاسییه‌كان
چه‌ند مانگێكه سیاسییهكانو به‌رپرسان به‌شدارن له پرۆسه‌ی دروستكردنی هه‌واڵی ساخته له ئاستێكی نوێی ململانێی نێوان حزبهكانو دوور له كهنالًه ته‌قلیدییه‌كان وه‌كو یه‌كترتۆمه‌تباركردن له‌ڕێی لێدوان‌و مشتومڕی نێو په‌رله‌مان، به‌ڵكو ئێستا ململانێكه له‌ڕێی سوپا ئه‌لیكترۆنییه نادیار‌و به‌كرێگیراوه‌كانی نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا هه‌واڵه ساخته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی تێبینیكراو زیادیان كردووه، زۆربه‌ی عێراقییه‌كانیش له‌ڕێی گه‌ڕان له "فه‌یسبووك"دا ده‌یان په‌یجی سپۆنسه‌ركراو ده‌بینن كه داوای په‌یوه‌ندییان لێدهكهنو زۆر جاریش له چه‌ند رۆژێكی كه‌مدا له‌ڕێی به‌كارهێنانی "ریكلامی سپۆنسه‌ركراو" هه‌روه‌ها له‌ڕێی ئه‌و هه‌واڵه ساختانه‌ی سیاسییه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج، به‌هه‌زاران بینه‌ر زیاد ده‌كه‌ن.
تیمی "نیقاش" تێبینی ژماره‌یه‌ك هه‌واڵی ساخته‌ی كرد كه بۆ یه‌كه‌مجار له په‌یجه سپۆنسهركراوهكانهوه بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و دواتر په‌یجه‌كانی دیكه‌و بلۆگهرهكان وهریانگرتوونهتهوهو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان بڵاوبوونه‌ته‌وه، بۆ نموونه په‌یجی "حه‌رامیه" (سپۆنسه‌ركراو) پۆستێكی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا هێرش ده‌كاته سه‌ر هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی یه‌كێك له حزبه‌كان له‌ڕێی چه‌ند وێنه‌یه‌كی ساخته‌وه، دواتر چه‌ند په‌یجێكی گشتی دیكه هه‌واڵه‌كه‌یان به‌هه‌مان داڕشتن‌و وێنه‌وه بڵاوكرده‌وه.
سامر دلێمی كه فه‌رمانبه‌ری یه‌كێك له بانكه‌كانه له به‌غدا به "نیقاش"ی وت: "ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه تێبینیمان كردووه داواكاری بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤێزا كارد زیادی كردووه، بانكه‌كه‌مان یه‌كێكه له‌و چه‌ند بانكه‌ی كه له به‌غدا خزمه‌تگوزاری ڤیزا كارد دابین ده‌كه‌ن، كڕیاره نوێیه‌كان داوای ڤیزا كارد دهكهنو بڕێك پاره داده‌نێن كه له هه‌زار دۆلار زیاتر نه‌بێت، كاتێكیش فۆرمی ئه‌و راپرسییه ده‌خوێننه‌وه كه سه‌باره‌ت به مه‌به‌ستیان له كڕینی ڤیزاكارد به‌سه‌ریاندا دابه‌شكراوه، زۆربه‌یان ده‌ڵێن بۆ كڕینی ئهلیكترۆنیو به‌كارهێنانیه‌تی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا".
دوای ئه‌وه‌ی له‌نێو عێراقییه‌كاندا قسه له‌سه‌ر سوپا ئه‌لیكترۆنییه سپۆنسهركراوهكان كرا، ئه‌مجاره سیاسییه‌كان په‌نایان بۆ كڕینی پهیجو گرووپی گشتی برد كه په‌یوه‌ندیان به سیاسه‌ته‌وه نییه تا چالاكییه‌كانیان بشارنه‌وه، تیمی "نیقاش" تێبینی ئه‌وه‌ی كرد كه ناوی ده‌یان گرووپ گۆڕاون به ناوی نوێ كه ناوی حزب‌و بهرپرسو كاندیده‌كانیان لێنراوه، به‌ڵام ئاخۆ پرۆسه‌ی كڕینی په‌یجه‌كان چۆن ئه‌نجام دهدرێتو به چ بڕه پاره‌یه‌ك؟
ئه‌ركان شممه‌ری یه‌كێكه له‌و حه‌وت ئه‌دمینه‌ی گرووپێك له فه‌یسبووك به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن كه ژماره‌ی ئه‌ندامانی 300 هه‌زار كه‌سه، به‌ڵام ئه‌و له به‌ڕێوه‌بردنی په‌یجه‌كه كشایه‌وه پاش ئه‌وه‌ی هاوكارێكی په‌یجه‌كه‌ی به یه‌كێك له حزبه‌كان فرۆشت، شممه‌ری به "نیقاش"ی وت: "تێبینیم كرد هه‌ندێك له هاوكارانم له ئه‌دمینه‌كانی گرووپه‌كه ده‌ستیانكردووه به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ستایشی یه‌كێك له حزبه‌كان دهكهنو له‌ڕێی هه‌واڵی ساخته‌وه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر حزبی دیكه، ده‌ركه‌وت هه‌ندێك له ئه‌دمینه‌كان رێككه‌وتوون په‌یجه‌كه به یه‌كێك له حزبه‌كان بفرۆشن له‌به‌رامبه‌ر پێنج هه‌زار دۆلار‌و مووچه‌ی 500 دۆلاری مانگانه بۆ هه‌ر ئهدمینێك كه ره‌زای بێت به به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر كار، كاتێكیش من‌و سێ له هاوكارانم ره‌تمانكرده‌وه دوورخراینهوهو چالاكیمان له گرووپه‌كه‌دا بلۆككرا. هه‌وڵمدا لهپۆستێكدا له‌ئه‌كاونته تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆم ئه‌و كاره ئاشكرا بكه‌م، به‌ڵام له‌لایه‌ن هاوكارانم له گرووپه‌كه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه بوومه‌وه‌و داوایانلێكردم پۆسته‌كه بسڕمه‌وه یاخود هاكم ده‌كه‌ن یان له‌ڕێی هه‌زاران به‌كارهێنه‌ری گرووپه‌كه‌وه ئهكاونتهكهم داده‌خه‌ن".
ئیراده جبوری یاریده‌ده‌ری راگری كۆلیجی راگه‌یاندن له زانكۆی به‌غدا به "نیقاش"ی وت: "بێگومان چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی له‌پشت ئه‌و هه‌واڵه ساختانهوهن كه له‌ڕێی په‌یجی سپۆنسه‌ركراو بڵاوده‌بنه‌وه به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردندا، له‌ڕێی ئه‌و هه‌واڵانه‌وه خواستی جه‌ماوه‌ر ده‌قۆزنه‌وه‌و ده‌یانترسێنن، به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌واڵانه‌ش به‌ئاسانی بڵاوده‌بنه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسا نییه چاودێری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكات".
عێراقییه‌كان شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه یاساكانی تایبه‌ت به سزاكانی كهتنو باری شاستانی له باشترین‌و كۆنترین یاساكانن له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له چاره‌سه‌ركردنی پێشكه‌وتنه تهكنۆلۆجییهكانی ئه‌م دواییه‌دا دواكه‌وتوون، بۆ نموونه هێشتا یاسای چاپهمهنیو بڵاوكردنه‌وه كه ساڵی 1968 ده‌رچووه به‌ركاره‌و تایبه‌ته به كه‌ناڵه‌كانی راگهیاندنو رۆژنامه‌كان، به‌ڵام ئه‌ی چی ده‌رباره‌ی بڵاوكردنه‌وه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا؟
ئه‌حمه‌د حهمهدهڵڵا مامۆستای یاسای جینائی له زانكۆی قادسیه دووپاتی ده‌كاته‌وه كه پێویستمان به شۆڕشێك له یاسادا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆجی بگرێته‌وه به‌تایبه‌تی له ئینته‌رنێتدا، هه‌روه‌ها به "نیقاش"ی وت:"هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ركردنی یاسای تایبه‌ت به بڵاوكردنه‌وه‌و ئینتهرنێتو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بهردهوامنو پرۆژه‌یاسای تاوانه دیجیتاڵیه‌كان هه‌یه ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌وا كێشه‌ی زۆر گه‌وره سه‌باره‌ت ئینته‌رنێت چاره‌سه‌ر ده‌كات".
دیارده‌ی هه‌واڵی ساخته له وڵات‌دا خێرابووهو ئێستا بووه‌ته جێی بایه‌خی مامۆستایانی راگهیاندنو یاسا له زانكۆكاندا، له‌وباره‌یه‌شه‌وه مامۆستا ئیراده جبوری ده‌ڵێت كولیجهكهیان په‌یڕه‌وێكی نوێی تایبه‌ت به دژایه‌تیكردنی هه‌واڵی ساخته داناوه، هاوكات مامۆستا ئه‌حمه‌د حهمهدهڵڵا ده‌ڵێت چه‌ندین خوێندكاری ماجستێرو دكتۆرا بابه‌تی تایبه‌ت به هه‌واڵی ساخته‌یان بۆ توێژنه‌وه‌ی ده‌رچوونیان هه‌ڵبژاردووه.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش ئه‌حمه‌د حهمهدهڵڵا یه‌كێك بوو له سه‌رپه‌رشتیارانی گفتوگۆی نامه‌ی ماسته‌ری یه‌كێك له خوێندكارانی كۆلیجی ماف له زانكۆی نههرهینو ناونیشانه‌كه‌ی بریتی بوو له "به‌رپرسیارێتی سزایی بانگه‌شه‌كردن بۆ پروپاگه‌نده‌ی درۆ‌و مه‌به‌ستدار له‌ڕێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه".