راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كۆپی‌‌و په‌یست
كاندیدانی ئه‌نبار وێنه‌یه‌كی نوێی سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانن

که‌مال عه‌یاش
هه‌ر كه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ وێنه‌ی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان روون بووه‌وه‌ ده‌ركه‌وت زۆرینه‌یان كۆپی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ن كه‌ ره‌واجیان نه‌ماوه‌.
12.04.2018  |  ئه‌نبار

دانیشتووانی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) له‌سه‌ر هه‌مان ده‌موچاوه‌كانی پێشوو راهاتوون له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا هه‌روه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و دروشمانه‌شیان راهاتوون كه‌ له‌ ڕێیانه‌وه‌ هه‌وڵی راكێشان‌و به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كانیان ده‌ده‌ن، ئه‌مجاره‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ له‌چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردندا ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌یان گرتووه‌ ئه‌ویش له‌ڕێی پاڵپشتیكردنی كاندیدی دیكه‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ كارتێكی نوێ بن له‌ هه‌ڵبژاردندا كه‌ هێشتا ئاشكرا نه‌كراوه‌.

 

بێگومان زۆرینه‌ی سیاسییه‌كان ئاگاداری ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ مه‌دانیانه‌ن كه‌ ده‌ریانخستووه‌ جه‌ماوه‌ر قبوڵیان ناكات، ئه‌مه‌ش وای لێكردون مانۆڕ بكه‌ن‌و كه‌سایه‌تی دیكه‌ی قبوڵكراو له‌ پارێزگاكه‌دا به‌كاربهێنن، به‌ڵام ئه‌م پلانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حساباتی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌دا نه‌بووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی هه‌موو كاندیده‌كان له‌ڕێی بانگه‌شه‌كه‌یانه‌وه‌، به‌پێی ئه‌م میكانیزمه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كاندیده‌كان پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن شكستیان هێناوه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن كه‌ متمانه‌یان له‌لای هاووڵاتیانی ئه‌نبار له‌ده‌ستداوه‌.

 

دانیشتووانی ئه‌نبار ئێستا زیاتر له‌باره‌ی كاندیده‌كانه‌وه‌ ده‌زانن، چونكه‌ ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌و كاندیدانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ ته‌نگانه‌دا ده‌ستبه‌رداریان بوون كاتێك له‌ ناوخۆی عێراقدا راگوێزران‌و ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ش بوون.

 

عیسا خه‌لیفاوی (48 ساڵ) دانیشتووی شاری فه‌لوجه‌یه‌‌و پێی وایه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هیچ شتێكی نه‌گۆڕیوه‌‌و ناگۆڕێت به‌وپێیه‌ی كاندیده‌ نوێیه‌كان ئه‌گه‌رچی سیڤیه‌كی باشیان هه‌یه‌، به‌ڵام كۆپیه‌كی كتومتی سیاسییه‌كانی پێشوون كه‌ شكستیان هێناوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا.

 

خه‌لیفاوی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "بوونی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ له‌ ریكلامی بانگه‌شه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسییه‌ دیارانه‌ی به‌وه‌ ناسراون كه‌ شكستیان هێناوه‌‌و كه‌مته‌رخه‌م بوون له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكه‌ی خۆیان، وه‌كو بڕیاری كۆتایی وایه‌ سه‌باره‌ت به‌و كاندیدانه‌ی شانازی ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ریكلامه‌كانیان له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی دیاردا له‌ده‌روازه‌ی شاره‌كانیان داده‌نێن، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌یان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ متمانه‌ی به‌و وێنه‌ كه‌سیانه‌ نییه‌ كه‌ كردوویانه‌ به‌ ریكلامی خۆیان".

 

هه‌روه‌ها وتی: "هه‌ندێك له‌ كاندیده‌كان شایه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌درێت كه‌ كاریان بۆ پارێزگاكه‌ كردووه‌‌و زۆربه‌شیان له‌وانه‌ن كه‌ ناوبانگێكی باش‌و جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانیان هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ كه‌سایه‌تی نوێن‌و ره‌نگه‌ بتوانن ئاڕاسته‌ی پرۆسه‌ی سیاسی راستبكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی گه‌نده‌ڵی توێژی سیاسه‌تمه‌دارانی پێشووه‌وه‌ له‌ڕێڕه‌وی خۆی لایداوه‌".

 

هه‌ڵبژاردنی چاوه‌ڕوانكراوی ئایاری 2018 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار له‌دوای ئازادكردنی له‌ده‌ستی داعش ئه‌نجام بدرێت، ترسی به‌شداریكردن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پرۆژه‌یه‌كه‌ بۆ گۆڕانكاری‌و ره‌نگه‌ هه‌مووانیش خه‌ونی پێوه‌ ببینن، به‌تایبه‌تی كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ خوازیاری هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و بێگه‌ردن كه‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنێكی راسته‌قینه‌ی خواسته‌كانیان بكات.

 

بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ چه‌ند روخسارێكی سیاسی نوێی ئاشكراكرد كه‌ هه‌وڵی به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی داهاتوودا ده‌ده‌ن به‌سه‌رپه‌رشتی‌و رێبه‌رایه‌تی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ بڕیاری سیاسییان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، بێگومان ئه‌م پاشكه‌وته‌ییه‌ ره‌نگه‌ باڵ به‌سه‌ر بۆچوونی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌دا بكێشێت كه‌ هێشتا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا نه‌داوه‌.

 

ئه‌مجه‌د عه‌لوانی (52 ساڵ) چالاكوانێكی بواری مافه‌كانی مرۆڤه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار، ئه‌و قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ئومێدی ئه‌وه‌  له‌م روخسارانه‌ ناكه‌ین یارمه‌تی یاخود داكۆكیكردن له‌ مافی كه‌س بكه‌ن، چونكه‌ زۆربه‌یان فه‌رمانبه‌ری دڵسۆزی ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ن كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر حوكم له‌عێراقدا گرتووه‌‌و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری نابن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شدارییه‌كی ساده‌شیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا هه‌بێت، چونكه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی هێز‌و هه‌ژموونیان بۆ دابین ده‌كات كه‌ ده‌یخه‌نه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووری‌و حزبییه‌كانیانه‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ده‌موچاوه‌كان گۆڕاون‌و زۆربه‌ی كاندیده‌كان هیچ چالاكییه‌كی نه‌رێنییان له‌سه‌ر تێبینی نه‌كراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌یان له‌لای ئێمه‌ نه‌ناسراون، هه‌ر كاندیدێك له‌ شارێك یان عه‌شیره‌تێكه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ پاڵپشتی ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وت له‌ڕێی ئه‌و كاندیده‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یان بۆ نێو راڕه‌وه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی تا ده‌ستكه‌وتی ئه‌منی‌و سیاسی‌و ئابووری بچننه‌وه‌".

 

پارێزگای ئه‌نبار بازنه‌یه‌كی ئاڵۆزی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌هۆی پێكه‌وه‌گونجاوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی كه‌ زه‌حمه‌ته‌ كۆنترۆڵ بكرێت‌و به‌ره‌و لای ئه‌م كاندید یان ئه‌و كاندید رام بكرێت، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ژموونی عه‌شایری یاخود پشتیوانی سیاسی یان حزبیه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ش دانیشتووانی ناوچه‌كه‌‌و سیاسییه‌كانیشیان سه‌رسام كردووه‌.

 

پێده‌چێت ئه‌و رووداوه‌ سیاسی‌و ئه‌منییانه‌ی له‌ ساڵی 2014وه‌ پارێزگای ئه‌نباریان گرتووه‌ته‌وه‌ بووبنه‌ هۆی كه‌وتنی ئه‌و سه‌ركرده‌‌و فه‌رماندانه‌ی بۆشایی سیاسی‌و ئایینی‌و عه‌شایریان دروستكرد‌و له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌ركردانه‌ی دیكه‌ی نه‌ناسراوه‌وه‌ قۆسترایه‌وه‌، به‌ڵام دوای ئۆپراسیۆنه‌كانی ئازادی‌و كه‌وتنه‌ڕێی كاروانی سه‌قامگیری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، بوونه‌ سه‌ركرده‌‌و فه‌رمانده‌ی نوێ‌و كاریگه‌ر.

 

موئه‌یه‌د جومه‌یلی (51 ساڵ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاندیدانی پێشووی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014ی په‌رله‌مان له‌ شاری رومای (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) ده‌ڵێت كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق (6904) كاندیدی تۆماركردووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ ساڵی 2018.

وتیشی: "ئه‌م ژماره‌یه‌ زۆر كه‌متره‌ له‌وه‌ی له‌ ساڵی 2014 تۆماركرابوو كه‌ ژماره‌ی كاندیده‌كان زیاتر له‌ نۆ هه‌زار كاندید بوو، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ به‌شدارینه‌كردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سیاسی‌و كاندیده‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا".

 

جومه‌یلی به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ شیكردنه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ن ده‌ڵێن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و سه‌ركرده‌‌و فه‌رماندانه‌ی گۆڕه‌پانی پرۆسه‌ی سیاسییان كۆنترۆڵ كردبوو وازیان له‌ كاری سیاسی هێناوه‌ ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا باوه‌ڕیان به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ریان له‌ده‌ستداوه‌‌و چیتر قبوڵكراو نین، یاخود بوونه‌ته‌ قوربانی ناكۆكی نێو حزب‌و لیسته‌كانیان، هه‌روه‌ك رایه‌كیش هه‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ره‌نگه‌ به‌ڵێنی پۆستی گرنگیان له‌ حكومه‌تی نوێدا پێدرابێت له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونی كاری سیاسی ئێستایان‌و پشتیوانیكردنی ده‌موچاوه‌ نوێیه‌كان".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌