راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بوونه‌ته‌ خاوه‌نی مافی ده‌نگدان
ده‌نگده‌رانی نوێی ئه‌نبار خه‌ون به‌ به‌شداری‌و گۆڕانكارییه‌وه‌ ده‌بینن

که‌مال عه‌یاش
زیاتر له‌ 160 هه‌زار ده‌نگده‌ر بۆ تۆماری ده‌نگده‌رانی پارێزگای ئه‌نبار زیادكراون ئه‌ویش پاش نوێكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌دایكبووانی نوێ كه‌ مافی به‌شداریكردنیان هه‌یه‌.
5.04.2018  |  ئه‌نبار

ئه‌وان توێژێكی گرنگ‌و گه‌وره‌ن‌و پێویستیان به‌ هاندانه‌‌و تێشده‌كۆشن بۆئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار مافی خۆیان له‌ دانگداندا په‌یڕه‌وبكه‌ن.

 

ده‌نگده‌ره‌ نوێیه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) له‌دایكبووانی (1997، 1998، 1999، 2000)ن‌و ته‌مه‌نی یاساییان ته‌واوكردووه‌ كه‌ مافی به‌شداریكردنیان له‌ ده‌نگداندا پێده‌دات، ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ بده‌ن كه‌ پێیان وایه‌ نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌رچی زۆربه‌یان پێیان وایه‌ ئه‌ركه‌كه‌ ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ رووبه‌ڕووی گوشاری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه‌وه‌ له‌ هه‌ژموونی خێزان‌و كاریگه‌ری خزم‌و كه‌سوكار كه‌ ئه‌وانیش ده‌بنه‌ رێگر له‌ په‌یڕه‌وكردنی مافی ده‌ستووریان به‌ متمانه‌‌و دڵنیاییه‌وه‌.

 

كاركردن بۆ راكێشانی ئه‌م توێژه‌ گرنگه‌ی گه‌نجان له‌ده‌ره‌وه‌ی حساباتی حزبه‌ سیاسییه‌كاندا نه‌بووه‌، چونكه‌ پلانیان بۆ جێبه‌جێكردنی میكانیزمێكی دیراسه‌كراو داناوه‌ له‌پێناو راكێشانی ئه‌و ده‌نگانه‌ی په‌رۆشی كه‌سایه‌تییه‌ گه‌نجه‌كانن كه‌ هه‌ستیان به‌ خه‌ونه‌كانیان كردووه‌‌و خواست‌و واقیعیان به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێك سه‌ركرده‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار سه‌ركرده‌ی گه‌نجن‌و بوونه‌ته‌ نموونه‌‌و رێبه‌ر بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌.

 

له‌ حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی ئاماده‌یی خوارزمی له‌ باشووری شاری فه‌لوجه‌ هه‌ندێك له‌ خوێندكاره‌كان باسی ئه‌وه‌یان بۆ كردین كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، به‌ڵام كارتی ده‌نگدانیان وه‌رنه‌گرتووه‌‌و كه‌سوكاریان له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنیان نین‌و نه‌چوون بۆ ده‌رهێنانی كارتی ده‌نگدان بۆ رۆڵه‌كانیان.

 

عه‌بدولعه‌زیز كامیل (18 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ خوێندكارانی قۆناغه‌ كۆتاكان له‌و ئاماده‌ییه‌، ئه‌و پێی وایه‌ به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن پێویسته‌، به‌ڵام باوه‌ڕنه‌بوونی خێزان به‌ هه‌ڵبژاردن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی به‌شداریكردنی توێژی ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌مدواییانه‌ مافی ده‌نگدانیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

كامیل بۆ "نیقاش"ی دووپاتكرده‌وه‌ "زۆرێك له‌ گه‌نجانی شاری فه‌لوجه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداری بكه‌ن، به‌ڵام هێشتا له‌ژێر كاریگه‌ری خێزان‌و كۆمه‌ڵگه‌دان كه‌ ئه‌وانیش میكانیزمی هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌و به‌ سیستمێكی گه‌نده‌ڵی داده‌نێن كه‌ رێگه‌ نادات ئه‌و ده‌نگه‌ راسته‌قینانه‌ بناسرێن كه‌ هه‌وڵی گۆڕانكاری ده‌ده‌ن".

 

هه‌روه‌ها وتی: "ته‌نیا خه‌ون به‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن نابینین، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی خه‌ونی ده‌نگدان‌و راده‌ربڕینمان هاته‌دی، خه‌نێكی نوێمان بۆ دروست بووه‌ به‌وه‌ی پشتیوانی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ بین كه‌ رێبه‌رایه‌تی ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نموونه‌ی زۆری گه‌نجان له‌ پارێزگاكه‌دا هه‌ن توانیویانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن‌و په‌ره‌ی پێبده‌ن".

 

عه‌لا هانی كه‌ جلوبه‌رگی وه‌رزشی له‌به‌ردا بو‌و تۆپێكی پێی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد "پاڵه‌وانه‌كانی قۆناغی داهاتوو به‌ته‌واوی له‌ گه‌نجان ده‌بن‌و ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی ئه‌مڕۆمانه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ ده‌بینین سه‌ركرده‌‌و كه‌سایه‌تییه‌ گه‌نجه‌كان ده‌ستپێشخه‌رییان بۆ گرنگیدان به‌ گه‌نجان كردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش قۆناغی داهاتوو به‌ڕوونی جێپه‌نجه‌ی گه‌نجانی پێوه‌ دیارده‌بێت چ له‌ سیاسییه‌كان بن یاخود ده‌نگده‌ران".

 

بوونی ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی نایانه‌وێت به‌شداری بكه‌ن‌و هه‌وڵیان بۆ نوێكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانیان نه‌داوه‌، ده‌ریده‌خات كه‌سانێك هه‌ن له‌سه‌ر رێچكه‌ی باوانیان ده‌ڕۆن یاخود ره‌نگه‌ نموونه‌یه‌كی زیندوو بن بۆ پرۆسه‌ی كاریگه‌ربوون كه‌ نه‌وه‌ی گه‌نجان‌و ده‌نگده‌ره‌ نوێیه‌كان دووچاری هاتوون‌و ئه‌و باوه‌ڕه‌ی له‌لا دروست كردوون كه‌ به‌شداری نه‌كه‌ن.

 

عیماد ئه‌حمه‌د (19 ساڵ) له‌ دوكانی وشكه‌فرۆشی باوكی له‌ ناوه‌ڕاستی شاری رومادی كارده‌كات، ئه‌و هیچ گرنگییه‌كی به‌و گفتوگۆیه‌ نه‌دا كه‌ له‌نزیكیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران‌و قه‌باره‌ی به‌شداریكردنی پێشبینیكراو ده‌مانكرد، ته‌نیا یه‌ك موداخه‌له‌ی ساده‌ی هه‌بوو كه‌ تێڕوانینی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو پوخت ده‌كرده‌وه‌‌و وتی: "له‌م وڵاته‌دا خۆپیشاندان‌و كوده‌تا‌و هه‌ڵبژاردن سوودیان نییه‌‌و ئه‌و رێوشوێنه‌ سیاسی یاخود ئه‌منیانه‌ش كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن ده‌رئه‌نجامی ویستی نێوده‌وڵه‌تی‌و هه‌رێمایه‌تین‌و رای گه‌لیش ته‌نیا مره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زه‌".

 

هه‌ڵبژاردنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئایاری 2018 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ ده‌نگده‌ره‌ نوێیه‌كان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ شتێكی ئه‌وتۆ نییه‌ به‌لای ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان وایه‌ هه‌ڵبژاردن بێسووده‌، به‌ڵام وه‌ك كاریگه‌رییه‌كی جه‌ماوه‌ری وایه‌ گه‌نجه‌كان هه‌وڵی تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن به‌ره‌و هێنانه‌دی خه‌ونه‌كه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانیان یاخود لانی كه‌م ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا پشتیوانیان كردوون، ئه‌ویش له‌ڕێی پاڵپشتیكردنیان‌و چاودێریكردنی به‌ژه‌وه‌ندی‌و خواسته‌كانیان.

 

ئه‌مجد ته‌ڵاڵ كه‌ هێنده‌ نابێت چووه‌ته‌ هه‌ژده‌یه‌مین به‌هاری ته‌مه‌نییه‌وه‌، بڕیاری داوه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی خوێندنگه‌دا كارتی ده‌نگدان وه‌ربگرن‌و تۆماری ده‌نگدانیان نوێبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵگه‌نامه‌كانیان برد‌و روویان له‌ بنكه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران كرد له‌ناوه‌ڕاستی شاری فه‌لوجه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌یران بن دڵخۆش‌و به‌حه‌ماس بوون به‌ره‌و چالاكییه‌ك كه‌ وه‌ك سه‌ركێشییه‌كی نوێ وایه‌.

 

ته‌ڵاڵ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "هیوادار بووم ببمه‌ خاوه‌نی ئه‌و كارته‌ كه‌ مافی ئه‌وه‌م پێده‌دات ده‌نگ به‌و كه‌سه‌ بده‌م نوێنه‌رایه‌تیم ده‌كات، ئه‌مڕۆش بوومه‌ته‌ خاوه‌نی ده‌نگێكی هه‌ڵبژاردن كه‌ من‌و هاوڕێكانم ده‌توانین له‌ڕێیه‌وه‌ كه‌سی گونجاو هه‌ڵبژێرین‌و به‌رپه‌رچی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی به‌كه‌مزانین‌و بێبه‌شكردنمان له‌مافی خۆمان‌و خه‌ونه‌كه‌مان له‌ به‌شداریكردن له‌ گۆڕانكاری بده‌ینه‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها وتی: "ئه‌مڕۆ هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئاراسته‌ی من ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن هه‌ست‌و بۆچوونم به‌ره‌و لای كه‌سایه‌تییه‌كی دیاریكراو یان حزبێك رابكێشن، له‌رابردوودا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنم ده‌بینی، به‌ڵام جێی بایه‌خم نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ من‌و هاوڕێیانم باسی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی پاڵێوراو له‌ پارێزگاكه‌دا ده‌كه‌ین‌و به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كه‌ین‌و هه‌وڵده‌ده‌ین باشترینیان هه‌ڵبژێرین".

 

ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ده‌نگده‌رانی نوێ له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و خێزانانه‌دا بن كه‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌سانێك هه‌ن توانیویانه‌ بۆچوونی خێزانه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن بگۆڕن‌و تۆماری ده‌نگدانی خۆیان‌و خێزانه‌كانیان نوێكردووه‌ته‌وه‌‌و ده‌توانن بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یان ده‌نگ بده‌ن.

 

عه‌بدولحه‌مید فه‌واز (43 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌، ئه‌و ئه‌گه‌رچی كارتی ده‌نگدانی وه‌رگرتبوو، به‌ڵام به‌شداری هه‌ڵبژاردنی پێشووی نه‌كرد به‌هۆی تێڕوانین‌و بۆچوونه‌ نه‌رێنیه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و كوڕه‌كه‌ی‌و هه‌ردوو كچه‌كه‌ی به‌شداری ده‌نگدان ده‌كه‌ن له‌پێناو به‌دیهێنانی گۆڕانكارییدا ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی باوه‌ڕی پێهێنا تا به‌شداری بكات‌و زانیارییه‌كانی تۆماری ده‌نگده‌رانی نوێ بكاته‌وه‌.

 

فه‌واز ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد "نه‌وه‌ی نوێ خه‌ون به‌ گۆڕانكارییه‌وه‌ ده‌بینن‌و پێویسته‌ پشتیوانی بكرێن تا به‌بێ گوشار یان كاریگه‌ری مافی خۆیان په‌یڕه‌و بكه‌ن، به‌ڵكو بتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌واندا عێراق بگێڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌به‌ڕێوه‌بردن‌و بنیاتنانیدا داهێنه‌رن‌و بتوانین گه‌نده‌ڵكاران له‌ چاره‌نووسی خۆمان دووربخه‌ینه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"رۆژێك له‌ رۆژان باوه‌ڕم به‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر وره‌ی ئه‌م گه‌نجانه‌ بۆ به‌شداریكردن هه‌ست به‌ شه‌رم ده‌كه‌م، له‌دڵی خۆمدا وتم ره‌نگه‌ داهاتوو له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا باشتر بێت‌و پێویسته‌ پشتیوانیان بكه‌ین‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر وره‌و حه‌ماسیان نه‌كه‌ین‌و به‌ئه‌زموون‌و شاره‌زاییمان پالًپشتیان بین".

 

نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای سڕینه‌وه‌ی ناوی مردووان‌و زیادكردنی ناوی له‌دایكبووانی نوێ بنیاتنراوه‌‌و به‌پێی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق تۆماری ده‌نگده‌ران به‌سڕینه‌وه‌ی ناوی نزیكه‌ی 600 هه‌زار مردو‌و زیادكردنی ناوی له‌دایكبووانی نوێ نوێكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن ده‌نگده‌رن له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌