راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی دۆڕاو
دەنگی کوردەکانی بەغدا بۆ هێزە شیعەکان دەڕوات

ئیبراهیم ساڵح
به‌شداریكردنی كوردانی به‌غدا له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌ماندا هاوكێشه‌یه‌كی سه‌خت دێنێته‌ ئاراوه‌، چونكه‌ ده‌نگده‌ر‌و كاندیدی كورد له‌به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ ده‌نگ ناده‌ن.
5.04.2018  |  به‌غدا
 ( :وێنه ليفي كلانسي :الموسوعة الحرة)
( :وێنه ليفي كلانسي :الموسوعة الحرة)

وا باو بووه‌ كوردانی‌ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی ئاینی یاخود باوه‌ڕی كه‌سی ده‌نگده‌ده‌ن‌و به‌وه‌ش زۆربه‌ی ده‌نگه‌كانیان بۆ كاندیدانی غه‌یره‌ كورد ده‌ڕوات.

 

نیاز مه‌هدی (39 ساڵ) له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانی له‌كاتی پشوودانی له‌سه‌ر كار له‌ ژوورێكی بچووك له‌ باره‌گای ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ن، دانیشتوون‌و پێكه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ باشترین كاته‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ گوشاری كار دووربكه‌ونه‌وه‌.

 

ته‌له‌فزیۆنی ناو ژووره‌كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌واڵی په‌خش ده‌كات باسی دوا پێشهاته‌كانی كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و بۆچوونی هاووڵاتیان له‌باره‌ی رووداوه‌كانه‌وه‌ ده‌كات.

 

نیاز كه‌ ته‌نیا كورده‌ له‌نێو هاوكاره‌كانیدا خۆی له‌به‌رده‌م پرسیاره‌كانیان ده‌بینێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌به‌شداریكردنی یان نه‌كردنی له‌ هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌ماندا له‌ دوانزه‌ی مانگی ئایاری داهاتوو ده‌نگی پێ ده‌دات.

 

نیاز له‌وه‌ڵامی پرسیاری هاوڕێكانیدا ده‌ڵێت "یه‌كێتی" واته‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دیارترین حزبه‌ كوردییه‌كانی عێراق.

 

نیاز كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانییه‌‌و پێشتر له‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌دا نوێنه‌ری حزبه‌كه‌ی بووه‌، گواستنه‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونی بۆ به‌غدا نه‌بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ ئینتیمای سیاسی خۆی كه‌ بژارده‌كانی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا دیاری ده‌كات.

 

نیاز ده‌ڵێت: "ئێمه‌ لێره‌ له‌ به‌غدا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین حزب ناوی ئه‌و كاندیدانه‌مان بۆ بنێرێت كه‌ پشتیوانیان ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردن‌و ئێمه‌ش به‌ویستی خۆمان بڕیار ده‌ده‌ین ده‌نگ به‌كام كاندید ده‌ده‌ین".

 

به‌ڵام نیاز ته‌نیا گوزارشت له‌ رای خۆی‌و رای هه‌ندێك له‌و كوردانه‌ ده‌كات كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ هاتوونه‌ته‌ به‌غدای پایته‌خت‌و ده‌یانه‌وێت ده‌نگ به‌ لیسته‌ كوردییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بده‌ن، چونكه‌ زۆربه‌ی كورده‌كانی به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ ده‌نگ ناده‌ن‌و خوله‌كانی پێشووی هه‌ڵبژاردنیش ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ به‌تایبه‌تی كوردانی فه‌یلی كه‌ زۆرجار ده‌نگ به‌ لیسته‌ شیعه‌كان ده‌ده‌ن.

 

له‌ به‌غدای پایته‌خت سه‌ره‌ڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كوردانی نیشته‌جێی شاره‌كه‌ چ له‌ سه‌رده‌می رژێمی پێشوو یان دوای رووداوه‌كانی ساڵی 2003، به‌ڵام هێشتا بەهەزارانیان له‌ پایته‌خت ماون‌و رێژه‌یه‌كی باشی ده‌نگده‌ران پێكده‌هێنن له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ی له‌ پایته‌خت دیاریكراوه‌.

 

زۆرێك له‌ هۆزه‌ كورده‌كان له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد له‌ پایته‌خت نیشته‌جێببن وه‌ك هۆزه‌كانی ئه‌ركه‌وازی‌و سوره‌میری‌و جاف‌و باجه‌لان‌و زه‌هاوی‌و چه‌ندینی دیكه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاكه‌ییه‌كان‌و زۆر عه‌شیره‌تی كوردی دیكه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زۆر له‌ ناوچه‌كانی به‌غدا به‌وناوانه‌وه‌ نراون كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ كورد یان ئه‌و هۆزانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌كو ناوچه‌ی حه‌ی ئه‌كراد‌و عه‌گد ئه‌كراد‌و چه‌ندینی دیكه‌.

 

به‌ڵام ده‌نگه‌كانی كورد له‌ به‌غدا له‌نێو خۆیاندا كۆك نین له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌ ره‌وتێكی سیاسی دیاریكراو یان یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان، به‌ڵكو له‌ بنچینه‌دا كۆكیش نین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی كاندیدێك له‌ لیستێكی كوردیدا.

 

چونكه‌ زۆرێك له‌ كورده‌كانی به‌غدا وه‌ك ناویان ده‌برێت، كاریگه‌ر نابن به‌ فاكته‌ری نه‌ته‌وه‌یی به‌هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌باكوور، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌ به‌غدا له‌دایكبوون‌و ژیاون‌و ئه‌وه‌ی به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ ته‌نیا ناوه‌كه‌یه‌.

 

زۆربه‌ی كورده‌كان ده‌نگ به‌لیستی سیاسی حزبێك ده‌ده‌ن كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌ندامێكی كوردیش له‌ نێو كاندیده‌كانیدا له‌خۆی ناگرێت‌و له‌و بیركردنه‌وه‌‌و خواسته‌شیاندا له‌ خه‌ڵكی غه‌یره‌ كوردی پایه‌ته‌خت ده‌چن وه‌ك عه‌ره‌ب‌و مه‌سیحی‌و توركمان‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌.

 

شیروان محه‌مه‌د كوردێكه‌ له‌ به‌غدا له‌ دایكبووه‌‌و ئێستاش له‌وه‌ێ نیشته‌جێیه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: "نه‌خێر لیستێكی كوردی‌و كاندیدێكی كورد هه‌ڵنابژێرم، لیستێكی دیاریكراوم هه‌یه‌ كه‌ له‌ رابردوودا باوه‌ڕم به‌ بۆچوونه‌كانی هه‌بووه‌‌و ده‌نگی پێده‌ده‌م".

 

كوردانی فه‌یلی بۆچوونی رێكخراوتریان هه‌یه‌ له‌ كورده‌كانی دیكه‌ی به‌غدا، به‌ڵام ره‌نگه‌ هه‌ندێكیان له‌و رێسایه‌ لابده‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كاندیدانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردانی فه‌یلییه‌وه‌ نییه‌.

 

پوخته‌ی قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك ده‌نگی كوردانی به‌غدا بۆ لیست یان كاندیدی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌چن له‌كاتێكدا هه‌ندێكی دیكه‌ی ئه‌گه‌ر زۆربه‌شی نه‌بێت بۆ لیست‌و كاندیدی سوننه‌ یاخود شیعه‌ ده‌چن‌و به‌وپێیه‌ش گره‌وكردن له‌سه‌ر چوونی ئه‌و ده‌نگانه‌ بۆ یه‌ك لایه‌ن ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی كوردیش بێت، گره‌وكردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌سپێكی دۆڕاو.

 

له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی دیاری كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایانگه‌یاند به‌نیازن له‌ لیستی غه‌یره‌ كوردیدا به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان بكه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش شۆكێك بوو بۆ چاودێرانی ره‌وشی سیاسی عێراق.

 

ئاڵا تاڵه‌بانی، سروه‌ عه‌بدولواحید‌و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ بڕیاریان دا له‌و حزبه‌ كوردییانه‌یان جیاببنه‌وه‌ كه‌ گه‌یاندبوونیانه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ عێراق‌و ئه‌و بژارده‌یه‌یان هه‌ڵبژارد له‌نێو لیستی سیاسی دیاری دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و كوردستان به‌شداری كێبڕكێكه‌ بكه‌ن وه‌كو لیستی وه‌ته‌نییه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی‌و لیستی نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی‌و لیستی دیكه‌، هه‌رچه‌ند دواتر سروه‌ كشایه‌وه‌.

 

هه‌ندێكیش هه‌ن بڕیاریان داوه‌ لیستێكی جیا بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ به‌غدا پێكبهێنن وه‌كو شاسوار عه‌بدولواحید، به‌و هیوایه‌ن له‌به‌غدا ده‌نگی‌ كورد كۆبكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ هیوایه‌ك نییه‌ ئه‌نجامیان هه‌بێت.

 

ماجید شه‌نگالی په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌درێژایی ساڵانی رابردوو كورد كورسییه‌كی په‌رله‌مانی له‌ به‌غدای پایته‌خت به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌غدا پایته‌ختی هه‌موو عێراقییه‌كانه‌".

 

شه‌نگالی پێیوایه‌ بڕیاری كاندیدانی كورد بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ به‌غدا وه‌ك هه‌وڵی خۆكوشتنی سیاسی وایه‌، روونیشیكرده‌وه‌ "چانسی كورد له‌ به‌غدا زۆر كه‌مه‌ جگه‌ له‌ كوردانی فه‌یلی ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كورسی په‌رله‌مانمان له‌ به‌غدا به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌".

 

ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو سه‌لماندوویه‌تی كورد له‌ به‌غدا ده‌نگ به‌ نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ناده‌ن، به‌ڵكو لایه‌نگری تایفه‌ ئاینییه‌كه‌یان ده‌كه‌ن‌و كاریگه‌رن به‌و كه‌شه‌ی له‌نێو دانیشتووانی پایته‌ختدا هه‌یه‌ كه‌ زۆرجار كوردانی فه‌یلی ده‌نگ به‌ لیستی شیعه‌ ده‌ده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا روویدا كاتێك ده‌نگیان به‌ لیستی (555) دا كه‌ چه‌ند ره‌وتێكی شیعه‌ی له‌خۆده‌گرت‌و له‌ ساڵانی دواتریشدا به‌هه‌مان شێوه‌، هه‌رچی سوننه‌كانیشیانه‌ ئه‌وا ده‌نگ به‌ لیسته‌ سوننه‌كان یان كورده‌كانی به‌غدا ده‌ده‌ن.

 

هه‌موو هه‌وڵی حزبه‌ كوردییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی كوردانی به‌غدا له‌ خوله‌كانی پێشووی هه‌ڵبژاردندا سه‌ریان نه‌گرت ئه‌گه‌رچی پشت به‌ده‌نگی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌به‌ستن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی په‌رله‌مان له‌ پایته‌خت.

 

گره‌وكردن هه‌میشه‌ دۆڕاو نابێت، بۆیه‌ وادیاره‌ هه‌ندێك له‌ كاندیدانی كورد چانسیان زیاتره‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وانیش خودی كوردانی به‌غدان كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یان له‌و كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌كارنه‌هێناوه‌ كه‌ به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.

 

ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و كوردانه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان وه‌ك كه‌سێكی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورد نایانناسن له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا له‌دایكبوون‌و تێیدا نیشته‌جێبوون‌و كاری وه‌زیفی‌و ته‌نانه‌ت سیاسیشیان له‌لای جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان له‌ ناونیشانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یان دووریخستوونه‌ته‌وه‌، له‌ نموونه‌ی ئه‌و كوردانه‌ش سه‌رمه‌د عه‌بدولئیلا سه‌رۆكی یه‌كێتی مه‌له‌وانی عێراقه‌ كه‌ ناتوانرێت بزانرێت كورده‌ یان عه‌ره‌ب، به‌ڵكو زمانه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌ شێوه‌زاره‌ به‌غداییه‌كه‌ی ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ عه‌ره‌بێكی ته‌واوه‌.

  

سه‌رمه‌د پێی وایه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی له‌ماوه‌ی ساڵانی نوێنه‌رایه‌تیكردنی عێراق له‌ وه‌رزشی مه‌له‌وانیدا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستیهێناوه‌‌و نزیكییه‌كه‌ی له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی كه‌ زۆربه‌یان له‌ به‌غدای پایته‌ختن، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێنن بگاته‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.

 

په‌یوه‌ندی كورده‌كان‌و به‌غدا له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كی نا هاوسه‌نگ ده‌بێت، چونكه‌ ده‌نگده‌ری‌ كوردی به‌غدا مه‌رج نییه‌ ده‌نگ به‌ كاندیدی كورد بدات‌و كاندیدی كوردی به‌غداش ده‌نگی عه‌ره‌بی پایته‌خت به‌ده‌ستده‌هێنێت.

 

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ری كوردی دانیشتووی پایته‌ختیش بڕیار بدات ده‌نگ به‌و كاندیده‌ كورده‌ی هه‌رێمی كوردستان بدات كه‌ بڕیاری داوه‌ له‌رێی به‌غداوه‌ خۆی كاندید بكات، ئه‌وا ئه‌و ده‌نگانه‌ ئه‌و كاندیده‌ یاخود كاندیدی دیكه‌ ناگه‌یه‌ننه‌ رێژه‌ی ده‌نگی پێویستی هه‌ڵبژاردن به‌تایبه‌تی له‌ بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا كه‌ به‌ مه‌ترسیدار وه‌سف ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌غدای پایته‌خته‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌