راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌ئێستاوه‌ هه‌رایه‌
زۆرینه‌ی سیاسی یان ته‌وافوق.. كامیان گره‌وه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌؟

موسته‌فا حه‌بیب
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، مشتومڕێك له‌نێوان حزبه‌ عێراقییه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌شێوه‌ی حكومه‌تی داهاتوو هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌ندێك داوای په‌یڕه‌وكردنی زۆرینه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی دیكه‌ش سوورن له‌سه‌ر ته‌وافوق.
29.03.2018  |  به‌غدا

17ی مانگی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند جێبه‌جێكردنی زۆرینه‌ی سیاسی ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و له‌میانی ئاهه‌نگێكدا له‌ به‌غدا وتی: له‌گه‌ڵ "بنه‌مای ته‌وافوقی سیاسیدایه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات له‌به‌رچاو ده‌گرێت". هه‌مان رۆژ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو له‌میانی دیداری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك شێخی عه‌شیره‌ته‌كاندا رایگه‌یاند زۆرینه‌ی سیاسی په‌سه‌ند ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی نوێیه‌ بۆ دژبه‌یه‌كی نێوانیان كه‌ هه‌ردووكیشیان له‌ حزب ده‌عوه‌ن كه‌ له‌ساڵی 2005وه‌ به‌رزترین پۆستی سیاسی وڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

 

به‌ڵام ئه‌م دژبه‌یه‌كییه‌ ته‌نیا ناكۆكییه‌ك نییه‌ له‌نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا‌و پێشوودا، به‌ڵكو مشتومڕێكی سیاسیشه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ له‌نێوان حزبه‌ عێراقییه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌ شێوازی حكومه‌تی نوێی عێراق له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ئایاری داهاتوو، به‌ڵام سروشتی یاسای هه‌ڵبژاردن‌و جیاوازییه‌ قووڵه‌كان‌و ترس له‌ په‌راوێزخستن فاكته‌ری رێگرن له‌ گواستنه‌وه‌ به‌ره‌و زۆرینه‌ی سیاسی.

 

به‌پێی نه‌ریتی سیاسی له‌ عێراق له‌ دوای 2003وه‌، حوكمڕانی به‌پێی رێسای مێزی سێ قاچ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، كورد پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار وه‌رده‌گرن‌و شیعه‌ش سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران‌و سوننه‌ش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.

 

تاكو هه‌فته‌ی رابردووش حزبه‌ گه‌وره‌كان ببوون به‌دوو گرووپه‌وه‌، یه‌كه‌میان پشتیوانی زۆرینه‌ی سیاسی ده‌كات‌و هه‌ریه‌ك له‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی ره‌وتی "حیكمه‌" له‌خۆده‌گرێت، سوپرایزه‌ گه‌وره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئوسامه‌ نوجێفی سه‌ركرده‌ی دیاری سوننه‌ش پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌.

 

مه‌نسوور بعێجی په‌رله‌مانتاری "ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌ "نیقاش"ی وت: "با راشكاو بین، سیستمی پشككاری‌و ته‌وافوقی سیاسی شكستی خۆی له‌ حوكمڕانیدا سه‌لماندووه‌‌و هه‌مووانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن، گه‌نده‌ڵی كارگێڕی له‌سایه‌ی پشككاریدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مانیش ناتوانێت لێپێچینه‌وه‌ بكات، چونكه‌ هه‌موو كوتله‌كان له‌حكومه‌تدا به‌شدارن".

 

وتیشی: "زۆرینه‌ی سیاسی باشترین چاره‌سه‌ره‌‌و دیمه‌نی سیاسیش له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا گه‌شه‌یكردووه‌‌و به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت له‌پێناو هێنانه‌دی گه‌شه‌كردن له‌وڵاتدا".

 

مالیكی به‌ یه‌كه‌م كه‌س داده‌نرێت كه‌ بیرۆكه‌ی زۆرینه‌ی سیاسی له‌ ساڵی 2010دا خسته‌ڕوو كاتێك كوتله‌كه‌ی "ده‌وڵه‌تی یاسا" (89) كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا‌و پێش هه‌موو حزبه‌ شیعه‌كان كه‌وت پێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ (78) كورسیان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام حزبه‌ شیعه‌كان تووشی سوپرایزێك بوون كاتێك ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی برده‌وه‌‌و (91) كورسی به‌ده‌ستهێنا، ئیتر مالیكی ناچاربوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ته‌وافوقی سیاسی‌و هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ حزبه‌ شیعه‌كان تا پارێزگاری له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌ن.

 

له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014یشدا هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی مالیكی به‌ (100) كورسی پله‌ی یه‌كه‌می له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ده‌ستهێنا‌و مالیكیش نزیكه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام شكستی هێنا له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌دا ئه‌ویش دوای ئه‌و ره‌خنانه‌ی سوننه‌‌و كورد‌و شیعه‌ له‌ شێوازی حوكمڕانییه‌كه‌ی گرتیان، له‌ كۆتاییشدا پۆسته‌كه‌ درایه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی هاوكاری له‌ حزبدا كه‌ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستنه‌هێنابوو.

 

ئه‌و كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌ی رووبه‌ڕووی جێبه‌جێكردنی زۆرینه‌ی سیاسی له‌ عێراق ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ قورسه‌ یه‌ك كوتله‌ نیوه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ ژماره‌یان (328) كورسییه‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ش به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ براوه‌ ببه‌خشێت به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ سازشكردن بێت بۆ كوتله‌یه‌كی دیكه‌ به‌مه‌به‌ستی په‌یداكردنی هاوپه‌یمان.

 

كیفاح مه‌حمود كه‌ریم توێژه‌ری سیاسی پێیوایه‌ "وڵاتێكی فره‌ پێكهاته‌‌و تایفه‌ی وه‌ك عێراق‌و دوور له‌ چه‌مكی هاووڵاتیبون، ناتوانێت زۆرینه‌ی سیاسی جێبه‌جێ بكات، چونكه‌ دواجار ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تایفه‌یه‌ك یاخود پێكهاته‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات كۆنترۆڵ بكات".

   

له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوودا حزبه‌ عێراقییه‌كان له‌ڕێی كوتله‌كانی سوننه‌‌و شیعه‌‌و كورده‌وه‌ یه‌كگرتووتر بوون‌و سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ش هیچیان نه‌یانتوانی زۆرینه‌ به‌ده‌ستبهێنن هه‌رچه‌نده‌ حزبه‌ شیعه‌كان پێكه‌وه‌ (179) كورسیان به‌ده‌ستهێنا.

 

دوای چه‌ند قه‌یرانێكی سیاسی‌و جه‌نگ له‌دژی توندڕه‌وان له‌ چوار ساڵی رابردوودا ئێستا ئه‌ركه‌كه‌ سه‌ختتر بووه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كوتله‌كان دابه‌شبوون، چونكه‌ حزبه‌ شیعه‌كان به‌ چوار هاوپه‌یمانی ركابه‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌: "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌سه‌رۆكایه‌تی مالیكی‌و "نه‌سر" به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی‌و "حیكمه‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم‌و "سائیرون نه‌حوه‌ لئیسڵاح" به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، له‌ كاتێكدا پێشتر پێكه‌وه‌ له‌ ژێر ناوی "هاوپه‌یمانی نیشتمانی"دا به‌شداری هه‌لًَبژاردنیان ده‌كرد.

 

به‌هه‌مان شێوه‌ حزبه‌ سوننه‌كانیش به‌ پێنج هاوپه‌یمانی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن كه‌ دیارترینیان بریتین له‌ "وه‌ته‌نییه‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی‌و "قه‌رار" به‌سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی، به‌هه‌مان شێوه‌ كوردیش كه‌ به‌درێژایی ساڵانی رابردوو یه‌كگرتووترین كوتله‌ بوون، قه‌یرانی ریفراندۆم دابه‌شبوونێكی قووڵی خسته‌ نێوان هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كی "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌و "پارتی دیموكراتی كوردستان"‌و ناكۆكی گه‌یشته‌ نێو ئه‌مانیش، له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح سیاسه‌تمه‌داری به‌ ئه‌زموون له‌ "یه‌كێتیی نیشتمانی" جیابووه‌وه‌‌و حزبێكی نوێی پێكهێنا، له‌كاتێكدا چه‌ند كوتله‌یه‌كی نوێش ده‌ركه‌وتن له‌ دیارترینیان "گۆڕان" به‌ سه‌رۆكایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا سیاسه‌تمه‌داری كۆچكردو‌و "نه‌وه‌ی نوێ" به‌سه‌رۆكایه‌تی بزنسمان شاسوار عه‌بدولواحید.

 

 ئه‌م له‌تبوونانه‌ له‌ هه‌ڵبژرادنی داهاتوودا دوو ده‌رئه‌نجامیان ده‌بێت، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كورسییه‌كانی په‌رله‌مان په‌رشوبڵاو ده‌بن له‌نێوان چه‌ندین حزب‌و هیچیان كورسی زۆر به‌ده‌ستناهێنێت وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، دووه‌میشیان قورسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێیه‌‌و ره‌نگه‌ دانوستانی پێكهێنانی چه‌ندین مانگ بخایه‌نێت.

 

هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵی جوانكردنی چه‌مكی زۆرینه‌ی سیاسی ده‌ده‌ن له‌ڕێی ناوی دیكه‌ی وه‌كو "زۆرینه‌ی نیشتمانی" كه‌ عه‌ممار حه‌كیم‌و ئوسامه‌ نوجێفی به‌كاریان هێناوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ئه‌وه‌ مانای قۆرغكردنی ده‌سه‌ڵات نییه‌ له‌لایه‌ن یه‌ك تایفه‌وه‌، به‌ڵكو هێزی جیاجیا ده‌گرێته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، هه‌رچی كوتله‌كانی دیكه‌شه‌ ئه‌وا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ده‌گێڕن.

 

به‌ڵام له‌ عێراقدا به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تانی دیموكراتی، كوتله‌یه‌كی سیاسی به‌رهه‌ڵستكاری حكومه‌ت له‌ په‌رله‌ماندا نییه‌، چونكه‌ هه‌موو كوتله‌كان رازی نین بچنه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌‌و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی وه‌زاره‌ت‌و پۆست له‌ حكومه‌تدا ده‌ده‌ن، ده‌بێت هۆكاری ئه‌وه‌ چی بێت؟

 

په‌رله‌مانتار ره‌حیم ده‌ڕاجی له‌ "هاوپه‌یمانی نیشتمانی" ده‌ڵێت: "زۆرینه‌ی سیاسی ته‌نیا دروشمێكه‌ هه‌ندێك حزب رایده‌گه‌یه‌نن له‌ هه‌وڵێكدا بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئێستا، به‌ڵام به‌بێ جێبه‌جێكردن ده‌مێنێته‌وه‌ به‌هۆی سروشتی سیستمی سیاسی‌و رازی نه‌بوونی كوتله‌كان كه‌ رۆڵی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان بگێڕن، دوای هه‌ڵبژاردنیش هه‌مووان ده‌چنه‌ لای كوتله‌ی براوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆست".

 

ئه‌زموونی سیاسی له‌ ساڵی 2003وه‌ سه‌لماندوویه‌تی كه‌ چوونه‌ ناو حكومه‌ت باشتره‌ له‌ به‌رهه‌ڵستیكردنی، چونكه‌ ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌ئاسانی پشتگوێ ده‌خرێت.

 

دیارترین نموونه‌ش بۆئه‌وه‌ ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ بوو كه‌ له‌ماوه‌ی حوكمڕانی مالیكیدا (2006 – 2014) له‌ ئارادابوو،  چونكه‌ له‌ ساڵی 2013 دا په‌رله‌مان ده‌یان داواكاری پێشكه‌ش به‌ حكومه‌ت كرد‌و داوای له‌ مالیكی ده‌كرد بێته‌ په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی‌و سیاسی قه‌یراناوی ئه‌و كاته‌، به‌ڵام مالیكی به‌ئاسانی ئه‌و داواكاریانه‌ی پشتگوێخست.

 

بڕگه‌ی حه‌وت له‌ مادده‌ی (61)ی ده‌ستوور ته‌ئكید له‌ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان ده‌كاته‌وه‌ له‌ بانگكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و تێیدا هاتووه‌: "ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌توانن پرسیار له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێكه‌وه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی پسپۆریاندا بێت، ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و وه‌زیره‌كان بكه‌ن، هه‌ر یه‌كێكیشیان بۆی هه‌یه‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌ندامان بده‌نه‌وه‌، ته‌نیا خاوه‌نی پرسیاره‌كه‌ش مافی خستنه‌ڕووی سه‌رنجی له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ هه‌یه‌".

 

پاساوی مالیكی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی چوونی بۆ په‌رله‌مان ئه‌وه‌ بوو كه‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن هه‌وڵی رووخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌ده‌ن به‌پێی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی، هه‌روه‌ك سڵی له‌وه‌ش نه‌كرده‌وه‌ هه‌ندێكیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار بكات كه‌ به‌عسین‌و هاوسۆزی تیرۆریستانن، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ حزبه‌كان چیتر متمانه‌یان به‌خۆی‌و ئامانجه‌كه‌ی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ نه‌ده‌كرد.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا خه‌ریكه‌ گرووپێكی سیاسی له‌دژی زۆرینه‌ی سیاسی پێكدێت، له‌پاڵ عه‌بادیشدا كه‌ دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ ته‌وافوقی سیاسی پێ باشتره‌، موقته‌دا سه‌دری سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در به‌مدواییانه‌ چووه‌ پاڵی‌و هه‌فته‌ی رابردوو له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا وتی: "له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی سیاسیدا نیم".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌