راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بانگه‌شه‌ی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ هه‌ڵبژاردن
خۆپیشاندانه‌كانی‌ كوردستان پڕ ده‌بن له‌كاندیدی‌ په‌رله‌مان

مەعاز فەرحان
خه‌می‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران ئه‌وه‌یه‌ موچه‌ی‌ مانگانه‌یان بچێته‌وه‌ دۆخی‌ ئاسایی‌، به‌ڵام له‌ولاوه‌ به‌شێك له‌كاندیدی‌ حزبه‌كان خۆیان خزاندوه‌ته‌وه‌ ناو خۆپیشاندان‌و له‌ئێستاوه‌ كار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ ده‌كه‌ن.
29.03.2018  |  سلێمانی
خۆپیشاندانی بەردەم دادگای سلێمانی ( :وێنه معاذ فرحان)
خۆپیشاندانی بەردەم دادگای سلێمانی ( :وێنه معاذ فرحان)

ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كانیان بۆ لابردنی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ چڕكردوه‌ته‌وه‌، هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا جموجوڵی‌ كاندیدی‌ حزبه‌كان فراوانتر بووه‌.

 

به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2016ه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ناوی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌وه‌، موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌پێی‌ پله‌كه‌یان كه‌مكرده‌وه‌، به‌درێژایی‌ ئه‌م 3 ساڵه‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران به‌رێگه‌ی‌ مانگرتن‌و خۆپیشاندان داوای‌ لابردنی‌ پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ن.

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ خه‌ریكه‌ دۆخه‌كه‌ له‌فه‌رمانبه‌ران تێكده‌دات، كاندیدی‌ حزبه‌كانن، كاندیده‌كان له‌مه‌یدانی‌ خۆپیشاندانه‌كاندا ته‌راتێن ده‌كه‌ن.

 

فه‌رمان ره‌شاد، سه‌رۆكی‌ "رێكخراوی ستۆپ بۆ دژه‌ گه‌نده‌ڵی"، كه‌ رێكخراوه‌كه‌یان له‌هه‌ولێر به‌شدارێكی‌ كارای له‌خۆپیشاندانه‌كان هه‌یه‌، ئه‌مجۆره‌ چالاكییه‌ی كاندیده‌كان "به‌ئاسایی" ده‌زانێت "به‌و مه‌رجه‌ی هه‌وڵنه‌ده‌ن ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و ڕووی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ببه‌ن‌و گوتاری موزایه‌ده‌ به‌كاربهێنن".

 

ره‌شاد، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "ئاماده‌بونی كاندیده‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆپشاندانه‌كان بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بناسرێن".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رۆكی‌ "رێكخراوی‌ ستۆپ"، پێیوایه‌ خه‌ڵك ئێستا هۆشیارتره‌و به‌ئاسانی به‌ یه‌ك ده‌ركه‌وتنی پێش هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كاندیده‌كان بڕیاری خۆی نادات، "هه‌ندێكجار كاریگه‌ری پێچه‌وانه‌شی ده‌بێت واده‌كات خه‌ڵك رقیان لێهه‌ڵبگرێت، چونكه‌ وا لێكی ده‌داته‌وه‌ ئه‌و ده‌ركه‌وتنانه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكه‌و كاندیده‌كان ئه‌وان به‌ساویلكه‌ ده‌بینن".

 

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئایاری‌ داهاتوو ده‌ستی‌ پێنه‌كردووه‌، به‌ڵام كاندیدی‌ هێزه‌ جیاوازه‌كان له‌كوردستان ده‌یانه‌وێت له‌رێی‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ پێشوه‌خته‌ بكه‌ن.

 

یه‌كه‌مجار نییه‌ كاندیده‌كان بخزێنه‌ ناو خۆپیشاندانی‌ هاوڵاتیانه‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2011، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ گه‌یانده‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و عێراق، كه‌ به‌شداری‌ كارایان هه‌بوو رۆژانه‌ گوتاری‌ حه‌ماسییان ده‌دات‌و ره‌خنه‌ی‌ توندیان له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گرت.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوباتیان ده‌كرد، زۆرترین كه‌سیان له‌رێگه‌ی‌ "سه‌رای‌ ئازادییه‌وه‌"_مه‌یدانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوبات له‌سلێمانی‌_ چوونه‌ په‌رله‌مان.

 

ئه‌گه‌رچی‌ كاته‌كه‌ گۆڕاوه‌، به‌ڵام ناسنامه‌ی‌ هێزه‌كان گۆڕانكارییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، ئێستاش به‌شێك له‌كاندیده‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، له‌گه‌ڵ كاندیده‌كانی‌ هێزه‌ تازه‌كان له‌ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانن.

 

هاوژین عومه‌ر، به‌رپرسی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، هه‌ست به‌و حاڵه‌ته‌ ده‌كات، به‌ڵام پێیوایه‌ "ره‌نگه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ راست بێت كه‌ وه‌كو موزایه‌ده‌ سه‌یری‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن، ئێمه‌ حزبێكین خۆپیشاندان هه‌بوبێت یان نا له‌م سیاسه‌ته‌ی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناڕازین‌و له‌پشتی‌ زۆرێك له‌خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه‌ بووین".

 

هاوژین عومه‌ر، بۆ "نیقاش" وتی‌ "له‌سه‌رێكیشه‌وه‌ كاندید پێشینه‌یه‌كی‌ باشی‌ هه‌بوبێت‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا بوبێت نابێته‌ شتێكی‌ غه‌ریب كه‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندان بكات، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك هێزی‌ سیاسی‌ خۆیان به‌شێكن له‌و كاره‌ساته‌ی‌ ڕووی‌ له‌ هه‌رێمكردوه‌، به‌ڵام له‌ژێر ناوی‌ جیادا خه‌ڵكی‌ خۆی‌ ده‌نێرێته‌ ناو خۆپیشانده‌ران".

 

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵ جه‌ختیكرده‌وه‌ "نابێت ناره‌زایه‌تیه‌كانی‌ خه‌ڵك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆمان به‌كاربهێنین، به‌ڵام له‌كوردستان به‌هۆی‌ موزایه‌ده‌ی‌ سیاسیه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ رووده‌ده‌ن".

 

خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ كه‌ دوای‌ زنجیره‌یه‌ك بایكۆتی‌ ده‌وامه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، رووی‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، كه‌ ئێستا به‌ ته‌نیا له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

 

به‌رپرسانی‌ ئه‌و دوو حزبه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌گه‌ڵ "خۆپیشاندانی‌ هێمنانه‌ی‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانن" به‌ڵام ده‌شیانه‌وێ‌ له‌گرنگی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كه‌مبكه‌نه‌وه‌‌و هه‌موو جارێكیش پێیانوایه‌ به‌ده‌ستی‌ حزبه‌كان خۆپیشاندانه‌كان ئه‌نجامده‌درێن.

 

ئه‌كره‌م ساڵح، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ده‌ڵێت "خۆپیشاندانی‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران بۆ چاككردنی‌ باری‌ ژیانیان بابه‌تێكی‌ ره‌وایه‌‌و ئه‌ركی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ به‌خێرایی‌ هه‌وڵبدات چاره‌سه‌ری‌ گرفتی‌ موچه‌ بكات".

 

به‌ "نیقاش"ی‌ وت "به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ تێبینیه‌ زۆرێك له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ك كارتێك بۆ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ به‌كارده‌هێنن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ هه‌ندێكجار به‌هۆی‌ هاندانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌رێڕه‌وی‌ خۆیان لابده‌ن‌و له‌خۆپیشاندانی‌ ئاشتیانه‌‌و مه‌ده‌نیانه‌ به‌ره‌و توندوتیژی‌ بڕۆن".

 

مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێشبینی‌ ده‌كرێت تا كۆتایی‌ ساڵ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش ئه‌نجامبدرێت، ئه‌كره‌م ساڵح، پێیوایه‌ "ئه‌مه‌ش واده‌كات لایه‌نه‌كان هه‌ندێك بابه‌ت بوروژێنن، بۆ زیادكردنی‌ ده‌نگه‌كانیان، ئه‌گه‌رنا ئه‌و ماوه‌ی‌ له‌به‌رده‌سته‌ ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بتوانێت چاكسازی‌ ریشه‌یی‌ بكات".

 

چوونه‌ناوه‌وه‌ی‌ كاندیده‌كان بۆ ریزی‌ خۆپیشانده‌ران، له‌كاتێكدایه‌ چوار ساڵی‌ رابردو ره‌نگه‌ به‌قه‌یراناویترین ساڵه‌كانی‌ حكومڕانی‌ كوردی‌ پێناسه‌ بكرێت، قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و سیاسی‌‌و شه‌ڕی‌ داعش‌و ململانێی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا‌و یه‌كلابونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان به‌سودی‌ لایه‌نی‌ دووه‌میان، دیارترین ئه‌و كێشانه‌بوون كه‌ گوزه‌رانی‌ هاوڵاتیانیان به‌ته‌واوه‌تی‌ سه‌ختر كرد.

 

هیچ كام له‌حزبه‌كان نه‌یانتوانی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ ببه‌نه‌ سه‌ر كه‌ له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2013دا به‌خه‌ڵكیاندان، پرۆژه‌كانیش بۆ چاكسازی‌‌و باشكردنی‌ بژێوی‌ خه‌ڵك نه‌چونه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

به‌بڕوای‌ كه‌مال چۆمانی‌، نوسه‌رو چاودێری‌ سیاسی‌، ده‌ركه‌وتنی‌ كاندیده‌كان له‌خۆپیشاندانه‌كاندا دوو دیوی‌ هه‌یه‌،  "زۆرجار ئه‌وه‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر بێتو وا له‌ كاندیده‌كه‌ بكات بۆ دوور مه‌ودا بۆ چوار ساڵی‌ داهاتوو كار له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵك بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆرجار ئه‌مه‌ ڕوونادات".

 

چۆمانی‌ زیاتر وتی‌ "له‌كاتی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوباتی‌ 2011 كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك بوونه‌ كاندید له‌په‌رله‌ماندا تووشی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ ئه‌خلاقی‌ بوون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌ ئه‌خلاقیه‌كه‌یان هه‌ڵگرت كه‌مبوون، ئه‌وانه‌ی‌ خیانه‌تیان له‌گوتاره‌كانیان كرد ژماره‌یان زیاتره‌".

 

پێیوایه‌ ده‌بێت كاندیده‌كان له‌رێگه‌ی‌ دونیابینی‌‌و ستراتیژ‌و فیكر‌و پرۆژه‌كانیانه‌وه‌ خۆیان له‌ده‌نگده‌ره‌كان نزیك بكه‌نه‌وه‌، ده‌كرێت له‌رێگه‌ی‌ كه‌مپین‌و پرۆژه‌ی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بكه‌ن.

 

به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ڵام له‌كوردستان به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپاڵاوتن ته‌ندروست نیه‌‌و به‌هۆی‌ نزیكبونه‌ له‌م به‌رپرس‌و ئه‌و به‌رپرس‌و كاندیده‌كان هیچ شتێكیان نیه‌ خۆیانی‌ پێبناسێنن ناچارن له‌ ناو خۆپیشانده‌راندان خۆیان بنوێنن‌و خۆیان ده‌ربخه‌ن".

 

جگه‌ له‌به‌كارهێنانی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌لایه‌ن كاندیده‌كانه‌وه‌، هه‌ندێكجاریش خۆپیشانده‌ران سود له‌و ده‌موچاوانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا دیارن‌و ڕه‌خنه‌ی‌ توندیان له‌ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، زۆرجار ئه‌مانه‌ وه‌كو خۆراك بۆ به‌رده‌وامی‌ خۆپیشاندانه‌كان سه‌یر ده‌كرێن، به‌ڵام له‌چاو كاندیده‌كان ژماره‌یان هێنده‌ كه‌مه‌ له‌په‌نجه‌ی‌ ده‌ست تێپه‌ڕناكات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌