راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شیعه‌‌و كورد چاویان له‌كورسییه‌كانیانه‌
مه‌سیحییه‌كان به‌ حه‌وت هاوپه‌یمانی ده‌چنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
مه‌سیحییه‌كان له‌كه‌شێكی جیاوازدا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق ده‌كه‌ن، چونكه‌ داعش به‌هه‌زارانی‌ لێ‌ ئاواره‌كردن‌و له‌ناوخۆدا كه‌رت بوون، ئێستاش هێزه‌ گه‌وره‌كانی شیعه‌‌و كورد چاویان له‌كورسییه‌كانیانه‌.
15.03.2018  |  به‌غدا
 ( :وێنه البطرياركية البابلية الكلدانية )
( :وێنه البطرياركية البابلية الكلدانية )

هه‌ینی رابردوو رووداوی كوژرانی خێزانێكی مه‌سیحی سێ ئه‌ندامی به‌غدای پایته‌ختی هه‌ژاند كه‌ بریتی بوون له‌ گه‌نجێك‌و هاوسه‌ركه‌ی كه‌ هه‌ردووكیان پزیشكن له‌گه‌ڵ دایكی ژنه‌كه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ رایگه‌یاندووه‌ تاوانه‌كه‌ جینائی بووه‌‌و به‌مه‌به‌ستی دزینی پاره‌ بووه‌، به‌ڵام رووداوه‌كه‌ سه‌رله‌نوێ رۆشنایی خسته‌سه‌ر دیارده‌ی به‌ئامانجگرتنی مه‌سیحییه‌كان له‌ وڵاتدا.

 

حزبه‌كان‌و كڵێساكانی مه‌سیحی یه‌كده‌نگبوون له‌سه‌ر مه‌حكومكردنی رووداوه‌كه‌‌و داواشیان له‌ حكومه‌تی عێراق كرد رێوشوێنه‌كانی بگرێته‌به‌ر بۆ راگرتنی به‌ئامانجگرتنی مه‌سیحییه‌كان كه‌ له‌ كه‌شێكی سیاسی‌و ئه‌منی جیاواز له‌ده‌یه‌ی رابردوو به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایاری داهاتوودا ده‌كه‌ن.

 

به‌ڵام پێده‌چێت دیارده‌ی دابه‌شبوون له‌نێو حزبه‌كانی شیعه‌‌و كورددا په‌لی هاویشتبێت بۆ حزبه‌ مه‌سیحییه‌كانیش دوای ئه‌وه‌ی شكستیانهێنا له‌ پێكهێنانی یه‌ك هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵكو بڕیاریان دا بچنه‌ نێو هه‌شت هاوپه‌یمانی هه‌ڵبژاردن بۆ ركابه‌ریكرن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پێنج كورسی ته‌رخانكرا‌و بۆ مه‌سیحییه‌كان له‌كۆی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ ژماره‌یان (328) كورسییه‌، ئه‌ویش به‌پێی سیستمی كۆتا.

 

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنی عێراق "ئه‌نجومه‌نی میللی كلدانی سریانی ئاشووری"، "یه‌كێتی بێت نه‌هره‌ینی نیشتمانی"، "بزووتنه‌وه‌ی گردبوونه‌وه‌ی سریانی"، "ئیئتیلافی كلدانی"، "ئیئتیلافی رافیده‌ین"، "حزبی ئه‌بنا ئه‌لنه‌هره‌ین"، "بزووتنه‌وه‌ی بابلیون"‌و كاندیدی سه‌ربه‌خۆ فیراس گۆرگیس، ئه‌و هێزه‌ مه‌سیحییانه‌ن كه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن.

 

هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و كڵێساییه‌ ناوخۆییه‌كان شكستیانهێنا له‌ یه‌كخستنی ئه‌و هێزانه‌ له‌ یه‌ك هاوپه‌یمانی هه‌ڵبژاردندا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگارییه‌ نوێیانه‌ی رووبه‌ڕووی مه‌سیحییه‌كان ده‌بنه‌وه‌ له‌دوای هێرشی "داعش" بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌‌و راگواستنی هه‌موو مه‌سیحییه‌كانی موسڵ كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌هه‌زاران مه‌سیحی به‌یه‌كجاری وڵات به‌جێبهێڵن، له‌ كاتێكدا شارۆچكه‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌ده‌ست كه‌مبوونه‌وه‌ی دانیشتووانه‌كه‌یان‌و ململانێی حزبه‌ سیاسییه‌كانیان‌و ته‌نانه‌ت گرووپه‌ چه‌كداره‌كانیشانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

 

سه‌رجۆن خوشابا چالاكوانی مه‌ده‌نی مه‌سیحی كه‌ نیشته‌جێی ده‌شتی نه‌ینه‌وایه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین هه‌وڵ بۆ یه‌كخستنی حزبه‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا شكستیان هێناوه‌، بوونی هه‌شت هاوپه‌یمانی مه‌سیحی جیاواز سوودی بۆ پێكهاته‌ی مه‌سیحی نابێت، به‌ڵام ئه‌م حزبانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتییان فه‌رامۆش كردووه‌‌و دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان كه‌وتوون به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی له‌ پێنج كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مان".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دابه‌شبوونی نێوان حزبه‌ مه‌سیحییه‌كان بۆ ئه‌و هێزه‌ سیاسییه‌ گه‌ورانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ن، چونكه‌ حزبیان هه‌یه‌ نزیك له‌ كورد‌و هه‌شیانه‌ نزیكن له‌ شیعه‌‌و سوننه‌".

 

ناكۆكی سه‌باره‌ت به‌ شێوازی به‌رٍێوه‌بردنی ناوچه‌ مه‌سیحییه‌كان‌و چۆنێتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌ئامانجگرتنی به‌رده‌وامی دانیشتووانه‌كانیان یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی دابه‌شبوون، به‌ڵام هۆكاری هه‌ره‌ گه‌وره‌ ململانێی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی شیعه‌‌و كورده‌ بۆ راكێشانی مه‌سیحییه‌كان بۆ ریزه‌كانیان‌و سوودوه‌رگرتن له‌و پێنج كورسییه‌ی بۆیان  ته‌رخانكراوه‌.

 

به‌درێژایی ده‌یه‌ی رابردوو كڵێسای مه‌سیحی له‌ وڵات پابه‌ندی بێلایه‌نی بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌ مه‌سیحییه‌ به‌شداره‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی‌و به‌ئاشكرا پشتیوانی هیچ حزبێكی نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر حسابی حزبێكی تر، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كڵێسا بڕیاری دا بچێته‌ پاڵ یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانییه‌كان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ لویس روفائیلی یه‌كه‌م ساكۆ پاتریاركی كلدان له‌ عێراق‌و جیهان كه‌ دیارترین پیاوی ئایینی مه‌سیحییه‌ له‌ عێراق پشتیوانی خۆی بۆ "ئیئتیلافی كلدان" ده‌ربڕی.

 

ئه‌و بڕیاره‌ له‌ نێوه‌نده‌ سیاسییه‌ مه‌سیحییه‌كاندا به‌ توڕه‌یی‌و ره‌خنه‌وه‌ پێشوازی لێكرا‌و به‌ هه‌نگاوێكیان دانا كه‌ ره‌نگه‌ تایفه‌گه‌ری له‌نێو هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سیحی له‌عێراق سریان‌و ئاشوور‌و كلدان بچێنێت، پێكهێنانی "هاوپه‌یمانی كلدان"یش ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاسته‌نگه‌كانی نێوان پێكهاته‌ مه‌سیحییه‌كانی زیاتر كرد، به‌ڵام دیارترین ناكۆكی بریتیه‌ له‌و ململانێ شاراوه‌یه‌ی له‌نێوان هێزه‌ شیعی‌و كوردییه‌كاندا له‌ئارادایه‌ له‌سه‌ر كورسی مه‌سیحییه‌كان.

 

"ئیئتیلافی رافیده‌ین" به‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسه‌تمه‌داری مه‌سیحی به‌ ئه‌زموون یونادم كنا كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كاتیی حوكم له‌دوای داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌ ساڵی 2003 به‌درێژایی ده‌یه‌ی رابردوو له‌ حزبه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ نزیك بوو.

ئه‌م ئیئتیلافه‌ كه‌  ئه‌مڕۆ له‌ "بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسی ئاشووری"‌و "حزبی نیشتمانی ئاشووری" پێكهاتووه‌، پێی وایه‌ هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ به‌هێزترین لایه‌ن له‌ وڵاتدا باشتر به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌ی مه‌سیحی ده‌هێنێته‌دی له‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كان بمێننه‌وه‌، چونكه‌ تێپه‌ڕاندنی یاسا گرنگه‌كان بۆ مه‌سیحییه‌كان پێویستی به‌ هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسی گه‌وره‌ هه‌یه‌.

 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هاوپه‌یمانی "ئه‌نجومه‌نی میللی كلدانی سریانی ئاشووری" به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نزیكه‌‌و پشتیوانی هه‌ڵوێست‌و سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات‌و په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ "پارتی دیموكراتی كوردستان"یش هه‌یه‌.

 

له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 2017دا چه‌ند هێزێكی مه‌سیحی به‌ پشتیوانی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی ئه‌وروپا كۆنگره‌یه‌كیان بۆ تاووتوێكردنی ئاینده‌ی مه‌سیحییه‌كانی عێراق له‌دوای قۆناغی "داعش" به‌ست، به‌ڵام له‌ دوا ساتدا هێزه‌ مه‌سیحییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ دابه‌شبوون، "ئیئتیلافی رافیده‌ین"‌و كڵێسای سریانی به‌ سه‌ركردایه‌تی لویس ساكۆ لێی كشانه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی زانیان كه‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆنگره‌كه‌ داوای پێكهێنانی هه‌رێمێكی مه‌سیحی ده‌كات له‌ ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

 

هاوپه‌یمانی "ئه‌نجومه‌نی میللی كلدانی سریانی ئاشووری"یش كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ "ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی كلدانی"‌و "بزووتنه‌وه‌ی گردبوونه‌وه‌ی سریان"‌و "سه‌كۆی نه‌ته‌وه‌یی كلدانی"‌و "حزبی دیموكراتی بێت نه‌هره‌ین"‌و "یه‌كێتی بێت نه‌هره‌ینی نیشتمانی" له‌خۆده‌گرێت، ئاماده‌ی كۆنگره‌كه‌ بوو، دوای سێ رۆژیش له‌ به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌برد‌و ئه‌و حزبه‌ مه‌سیحییانه‌ش پشتیوانییان بۆ راگه‌یاند.

 

یه‌عقوب گۆرگیس ئه‌ندامی "بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری" به‌ "نیقاش"ی وت: "نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانییه‌ مه‌سیحییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌یه‌ كه‌ مه‌سیحییه‌كان تێیدا ده‌ژین كه‌ به‌ده‌ست كۆچ‌و تایفه‌گه‌ری‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ موسڵ‌و ده‌شتی نه‌ینه‌وا‌و ململانێی نێوان هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی‌و هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچانه‌، ده‌ناڵێنن".

 

وتیشی: "دوو رووداو جیاوازی سیاسی نێوان هێزه‌ مه‌سیحییه‌كانیان لاوازكرد، یه‌كه‌میان كۆنگره‌ی برۆكسێل بوو كه‌ چه‌ند هێزێكی مه‌سیحی گرنگ بایكۆتیان كرد، ئه‌وی دیكه‌ش هه‌ڵوێست بوو له‌به‌رامبه‌ر ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌ویش دابه‌شبوونی نێوان حزبه‌ مه‌سیحییه‌كانی به‌خۆوه‌ بینی".

 

ئه‌و پێنج كورسییه‌ی له‌ په‌رله‌مان بۆ مه‌سیحییه‌كان ته‌رخانكراوه‌ ئه‌مڕۆ دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر "ئیئتیلافی رافیده‌ین" دوو كورسی له‌ به‌غدا‌و كه‌ركوك‌و "ئه‌نجومه‌نی میللی كلدانی سریانی ئاشووری" كه‌ ئه‌ویش دوو كورسی له‌ نه‌ینه‌وا‌و دهۆك هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ "لیستی وه‌ركا" كه‌ یه‌ك كورسی له‌ هه‌ولێر به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

خولی ئێستای په‌رله‌مان كه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت چه‌ند ململانێیه‌كی له‌نێوان په‌رله‌مانتاره‌ مه‌سیحییه‌كاندا به‌خۆوه‌ بینی، له‌ تشرینی یه‌كه‌می رابردووشدا پاتریارك لویس ساكۆ داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی كرد له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار جۆزێف سڵێوه‌ ئه‌ندامی "لیستی وه‌ركا"‌و به‌وه‌ تۆمه‌تباری كرد كه‌ تۆمه‌ت‌و ره‌خنه‌ی ناڕه‌وای ئاڕاسته‌ی كڵێسا‌و په‌رله‌مانتاره‌ مه‌سیحییه‌كان كردووه‌، هاوكات جۆزێف سڵێوه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ لایه‌نگیری "ئیئتیلافی رافیده‌ین"ی كردووه‌ وه‌ك نوێنه‌ری مه‌سیحییه‌كان‌و حزبه‌ مه‌سیحییه‌كانی دیكه‌ی فه‌رامۆش كردووه‌.

 

 له‌ هه‌مانكاتیشدا پاتریارك لویس ساكۆ ناو به‌ناو ره‌خنه‌ی ناڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌ی "ئیئتیلافی رافیده‌ین" ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا له‌ ئاست خواستی نوێنه‌رایه‌تیكردنی مه‌سیحییه‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا نه‌بووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی دواجار ساكۆ پشتگیری هاوپه‌یمانییه‌كی هه‌ڵبژاردن بكات.

 

ئه‌و فه‌وزا سیاسی‌و هه‌ره‌سهێنانه‌ ئه‌منییه‌ی عێراق له‌دوای ساڵی 2014وه‌ به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت مه‌سیحییه‌كانی ناچار كرد به‌شداری له‌ دیارده‌ی پێكهێنانی میلیشیای چه‌كدار بكه‌ن كه‌ وڵاتی گرتبووه‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕه‌وان، بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ مێژووی هاوچه‌رخی وڵاتدا مه‌سیحییه‌كان بوونه‌ خاوه‌نی هێزی چه‌كداری تایبه‌ت به‌خۆیان كه‌ به‌ناچاری په‌نایان بۆبرد به‌مه‌ستی پارێزگاریكردن له‌ شار‌و ناوچه‌كانیان له‌ دوای هه‌ره‌سهێنانی هێزه‌ ره‌سمییه‌كانی سه‌ر به‌ غدا‌و هه‌ولێر.

 

بزووتنه‌وه‌ی "بابلیون" یه‌كێكه‌ له‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌‌و ریان كلدانی له‌ به‌غداوه‌ فه‌رمانده‌یی ده‌كات‌و جه‌نگاوه‌رانیشی له‌ مه‌سیحییه‌كانن، ئه‌م گرووپه‌ چه‌كداره‌ به‌ پشتیوانی گرووپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران پێكهێنرا بۆ ركابه‌ریكردنی هێزه‌ مه‌سیحییه‌كانی نزیك له‌ كورد له‌ ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

 

 له‌به‌رامبه‌ریشدا "یه‌كینه‌كانی پاراستنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا" هه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ "ئیئتیلافی رافیده‌ین" به‌ سه‌رۆكایه‌تی یونادم كنا، به‌ڵام دژایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی "بابلیون" ده‌كات‌و زیاتر له‌ جارێك په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو گرووپه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ پێكدادانی چه‌كداری كه‌ دیارترینیان له‌ ته‌مموزی ساڵی رابردوودا بوو كاتێك هێزه‌كانی "بابلیون" هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر شارۆچكه‌ی حه‌مدانییه‌‌و له‌ وه‌ڵامیشدا "یه‌كینه‌كانی پاراستنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا" ته‌قه‌یان لێكردن‌و ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌ستگیركردن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌