راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مۆدێلێكی‌ نوێی‌ ناڕه‌زایی‌
له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان تۆڵه‌ له‌به‌رپرسه‌كان ده‌كرێته‌وه‌

مەعاز فەرحان
ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سانی‌ ناڕازی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان پێیان ناكرێت له‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن‌و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپا تۆڵه‌ له‌به‌رپرسه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌نه‌وه‌.
8.03.2018  |  سلێمانی

هه‌ر كه‌ وه‌فد یاخود به‌رپرسێكی‌ باڵا له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕێ‌ بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا، قادر نادر چالاكوانی‌ كورد له‌سوید، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانییدا له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌كاونته‌كه‌یانه‌وه‌ ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ له‌كات‌و شوێنی‌ گه‌یشتنی‌ وه‌فده‌كه‌ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌‌و ده‌ست به‌جموجوڵ ده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت مۆدێلێكی‌ نوێی‌ ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕین په‌ره‌پێبده‌ن‌و له‌ده‌ره‌وه‌ ئێخه‌ی‌ به‌رپرسه‌كان بگرن.

 

چالاكییه‌كانی‌ قادر نادر‌و هاوڕێكانی‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ به‌رپرسان‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمه‌، له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ "گه‌نده‌ڵ‌و هۆكاری‌ نه‌هامه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و تیرۆری‌ رۆژنامه‌نوسان" تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن.

 

"ئێمه‌ ده‌بێت رێگای نوێ‌و كاریگه‌رتر بگرینه‌به‌ر بۆیه‌ بیرمان له‌م رێگایه‌ كرده‌وه‌، له‌ 2011 ده‌ستمان به‌م كاره‌ كرد، سه‌ره‌تا له‌كۆڕو سیمناره‌كان ده‌چوین به‌گژ به‌رپرسان‌و سكڵامان له‌سه‌ر تۆماركردون تاگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی بۆیه‌كه‌مجار خۆپیشاندان دژ به‌ بارزانی بكه‌ین له‌ ساڵی‌ 2014دا". قادر نادر وای‌ به‌ "نیقاش" وت.

 

قادر نادر، له‌وڵاتی‌ سوید نیشته‌جێیه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌و چالاكوانانه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، پێیوایه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌ی‌ له‌ناوخۆی‌ كوردستان تاقیكرانه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ دوو حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ ڕانه‌چڵه‌كاندوه‌.

 

ده‌شڵێت "ئه‌و به‌رپرسانه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی نوسین‌و خۆپیشاندان هیچ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ریان نییه‌، ته‌نیا كاتێك ڕووبه‌ڕوویان ده‌بیته‌وه‌‌و قسه‌یان پێده‌ڵێیت، ئه‌و كات ره‌نگه‌ هه‌ست بكه‌ن كه‌ یاساو دیموكراسیه‌ت‌و ره‌خنه‌گرتن چییه‌".

 

ئه‌م كه‌سه‌ ناڕازییانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شێوازه‌كه‌شیان زیاتر كاریگه‌ریی‌ هه‌بێت، له‌و كاته‌ی‌ قسه‌ به‌به‌رپرسه‌كان ده‌ڵێن، به‌مۆبایله‌كه‌ی‌ ده‌ستیان قسه‌كانی‌ خۆیان‌و كاردانه‌وه‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ تۆمارده‌كه‌ن‌و دواتر له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاوی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

له‌كۆنفرانسی‌ وزه‌ كه‌ له‌برۆكسلی‌ پایته‌ختی‌ به‌لجیكا كۆتایی‌ مانگی‌ شوبات به‌ڕێوه‌چوو، پارێزگاره‌كانی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌‌و دهۆك، به‌شدارییان كرد، نه‌وزاد هادی‌، پارێزگاری‌ هه‌ولێر كه‌وته‌ داوی‌ یه‌كێك له‌چالاكوانه‌ كورده‌كان، چالاكوانه‌كه‌ كاره‌كه‌ی‌ به‌ته‌نیا كرد‌و هه‌ر به‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ خۆشی‌ وێنه‌ی‌ گرت، ئه‌م چالاكییه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا له‌نێوان لایه‌نگرو دژدا.

 

له‌سه‌روبه‌ندی‌ ریفراندۆمی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، فه‌ره‌یدون كونجرینی‌ چالاكوانی‌ كورد له‌ئه‌ڵمانیا، چاوی‌ كه‌وت به‌ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و یه‌كێك له‌پشتیوانه‌كانی‌ بارزانی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆمدا، فه‌ره‌یدونی‌ یه‌كه‌م فه‌ره‌یدونی‌ دووه‌می‌ به‌"گه‌نده‌ڵ‌و به‌شدار له‌شكستی‌ حكومڕانی‌ هه‌رێم" تۆمه‌تباركرد.

 

فه‌ره‌یدون كونجرینی‌، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ین، تا چیتر خه‌ڵك وێنه‌ی سێڵڤی نه‌چركێنن له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا پیشه‌یان گه‌نده‌ڵییه‌ ئه‌م دیاریده‌یه‌ ده‌بێته‌ زیاتر گه‌وره‌كردن‌و له‌خۆبایی بونی به‌رپرسه‌كان".

 

له‌كوردستان كاتێك به‌رپرسان ده‌چنه‌ ناو بازاڕ‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌شێك له‌هاوڵاتیان وێنه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌گرن، فه‌ره‌یدون ده‌ڵێت "ده‌مانه‌وێ‌ ئه‌م نه‌ریته‌ بنه‌بڕ بكه‌ین هه‌ر كات رووبه‌ڕووی به‌رپرسێكی گه‌نده‌ڵ بونه‌وه‌ به‌دیوه‌ ڕاسته‌كه‌دا ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌ تا چیدی به‌سه‌ر هاوڵاتییانه‌وه‌ وه‌ك دێوه‌زمه‌ خۆیان نیشان نه‌ده‌ن‌و كۆشك‌و ته‌لاره‌كانیان به‌رزتر هه‌ڵنه‌چنن".

 

له‌كوردستان كه‌م رێگه‌ هه‌یه‌ چالاكوانان‌و هاوڵاتیان تاقییان نه‌كردبێته‌وه‌ بۆ خستنه‌ڕووی‌ گله‌یی‌‌و گازنده‌كانیان، له‌سه‌ره‌تای 2015 رێگاكانی‌ خۆپیشاندان‌و مانگرتن زۆرترین جار په‌نایان بۆ برا، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌شێك له‌میدیاكان ده‌زگاكانیان كردوه‌ته‌ سه‌كۆیه‌ك‌و له‌رێگه‌یانه‌وه‌ هاوڵاتیان خه‌می‌ نه‌بونی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و موچه‌‌و كار‌و نه‌بونی‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین هه‌ڵده‌ڕێژن.

 

میدیای‌ ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازی‌ به‌رنامه‌ی‌ تایبه‌تیان بۆ گه‌یاندنی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیان به‌به‌رپرسان داناوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌هاوڵاتیانیش له‌رێگه‌ی‌ په‌یج‌و ئه‌كاونته‌كانیانه‌وه‌ به‌رپرسان ده‌ده‌نه‌ به‌ر نه‌شته‌ری‌ ره‌خنه‌.

 

تائێستا ئه‌و رێگایانه‌ی‌ گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ گه‌یاندنی‌ كێشه‌‌و گیروگرفته‌كان، به‌رهه‌مێكی‌ ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌، دانیشتوانی‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌ده‌ست نه‌بونی‌ موچه‌‌و بێ‌ كاری‌‌و بێ‌ خزمه‌تگوزاری‌ ده‌ناڵێنن، به‌ڵام پێناچێت شێوازه‌كه‌ی‌ چالاكوانه‌كانی‌ ئه‌وروپا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رابچه‌ڵه‌كێنێت.

 

نوری‌ عوسمان، به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ به‌دواداچون‌و زانیاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ كه‌ی‌ چالاكوانن، كێ‌ پێیان ده‌ڵێت چالاكوان، چالاكییان چییه‌ تێكدان‌و حه‌یابردون‌و كارێكی‌ قێزه‌ونه‌، خۆپیشاندانیان دژی‌ چ وڵاتێك یان دژی‌ داگیركردنی‌ كه‌ركوك كردوه‌، بۆ مه‌به‌ستێكی‌ حزبی‌ ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن".

 

وتیشی‌ "جگه‌ له‌تێكدان چییان كردوه‌ با یه‌ك شتمان پێبڵێن، چالاكی‌ ئه‌وه‌یه‌ جنێو به‌ پارێزگاره‌كانی‌ خۆیان بده‌ن ئه‌وه‌ چالاكی‌ نییه‌ شتێكی‌ بێ‌ په‌روه‌رده‌ییه‌‌و ته‌عبیر له‌ناخیان ده‌كه‌ن".

 

نوری‌ عوسمان، پێیوایه‌، ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رگری‌ له‌ گه‌لی‌ كورد بكات‌و "به‌ڵام ئه‌مان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت چی‌ بكه‌ن‌و داوای‌ چی‌ ده‌كه‌ن؟".

 

ئه‌گه‌ر ئه‌و چالاكوانانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بونایه‌ پێنده‌چوو به‌ئاسانی‌ له‌سزادان ڕزگاریان ببێت، به‌ڵام یاسا‌و رێساكانی‌ ئه‌وروپا ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان به‌ستووه‌، "كه‌یفی‌ خۆیان چی‌ ده‌كه‌ن له‌و وڵاتانه‌ ئێمه‌ بۆمان نییه‌ ته‌داخول له‌وڵاتان بكه‌ین‌و یاسا‌و رێسایی‌ خۆیان هه‌یه‌". نوی‌ عوسمان وای‌ وت.

 

یه‌كه‌م چالاكی‌، چالاكوانه‌ كورده‌كان كه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ساڵی‌ 2015 ئه‌نجامدرا، كاتێك چوار چالاكوان به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ سێ‌ رۆژنامه‌نوسی‌ تیرۆركراو، له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ سوید هوتافیان دژی‌ فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كێشا.

 

كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوش، ژماره‌یه‌ك چالاكوان له‌شوێنی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئه‌ڵمانیا گردبونه‌وه‌‌و هوتافیان كێشا، به‌هۆی‌ رێوشوێنی‌ ئه‌منییه‌وه‌ رێگه‌ نه‌درا ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ نه‌وزاد هادی‌ كرا، به‌رامبه‌ر كه‌سی‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌می‌ حكومه‌ت ئه‌نجامبدرێت.

 

ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌مجۆره‌ چالاكییه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌ په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن، خۆیان ده‌ڵێن له‌ئه‌وروپاش رووبه‌ڕووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن بونه‌ته‌وه‌.

 

"ده‌بێت نهێنی بێت، ئه‌م چالاكییه‌ پێویستی به‌خه‌ڵكی‌ زۆر نییه‌ ده‌كرێت به‌یه‌ك كه‌سیش بكرێت"، قادر نادر وای‌ وت كه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت چه‌ندینجار رووبه‌ڕووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن بووه‌ته‌وه‌.

 

تائێستا ئه‌و كه‌سه‌ ناڕازییانه‌ لانی‌ كه‌م له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتیوانی‌ زۆریان به‌ده‌ستهێناوه‌و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دژی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تن ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نگرانی‌ دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێم دژی‌ ئه‌م جموجۆڵه‌ن‌و هه‌ر به‌رپرسێك له‌ده‌ره‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر، ئه‌مانه‌ له‌ناوخۆی‌ كوردستان وێنه‌ی‌ پرۆفایلی‌ به‌رپرسه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌وێنه‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ وه‌ك جۆرێك له‌ده‌ربڕینی‌ پشتگیری‌ بۆیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌