راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڵایه‌كی‌ تر له‌كوردستان
خه‌ڵك موچه‌ی‌ نییه‌ كه‌چی‌ په‌رله‌مان خه‌ریكی‌ ماڵپه‌ری‌ سێكسییه‌

هه‌ستیار قادر
له‌كاتێكدا هه‌رێمی‌ كوردستان غه‌رقی‌ دنیایه‌ك قه‌یرانی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ بووه‌، كه‌چی‌ په‌رله‌مانه‌کەی‌ به‌كۆمه‌ڵە یاسایه‌كه‌وه‌ خه‌ریكه‌ كه‌ كه‌مترین سوودی‌ راسته‌وخۆی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ تێدایه‌.
8.03.2018  |  هه‌ولێر
sex on computer
sex on computer

له‌لای‌ زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی‌ "بێ كاریگه‌ر" ناوده‌برێ‌، چونكه‌ له‌و كاتانه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ خه‌ڵك پێویسته‌ ده‌نگیان هه‌بێت، ئه‌وان بێده‌نگن، كاتێكیش دێنه‌ قسه‌ خۆ به‌بابه‌تی‌ لاوه‌كییه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن، دواهه‌مین به‌رهه‌میشیان مقۆمقۆیه‌ له‌سه‌ر فیلته‌ركردنی‌ ماڵپه‌ڕ سێكسییه‌كان له‌كوردستان.

 

پێشكه‌شكردنی‌ پڕۆژه‌ بڕیارێك بۆ فلته‌ركردنی‌ ماڵپه‌ڕه‌ سێكسییه‌كان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ جارێكیتر به‌ره‌ی‌ عه‌لمانی‌‌و ئیسلامی‌ دا به‌یه‌كدا، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌پاڵپشتیه‌كه‌رانی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌و هێزانه‌ش بوون كه‌ له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌كان هه‌ژمار ده‌كران.

 

لایه‌نگرانی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێیان وایه‌ هه‌نگاوه‌كه‌یان بۆ پاراستنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌ له‌لادان‌و نه‌یارانیشی‌ به‌به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ ئازادیه‌ كه‌سیه‌كانی‌ داده‌نێن، هه‌رچه‌نده‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌ له‌باری‌ په‌سه‌ندكردنیشدا ناتوانێت رێگر بێت له‌كردنه‌وه‌ی‌ ماڵپه‌ره‌ سێكسیه‌كان.

 

به‌وپێیه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ موسڵمانه‌، به‌شێك له‌ئاماژه‌كانی‌ پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش به‌هه‌وڵدان بۆ قایلكردنی‌ جه‌ماوه‌ر له‌قه‌ڵه‌م ده‌زانرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژاردنی‌ چاره‌نوسسازی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و سه‌رۆكایه‌تی‌‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستاندایه‌.

 

كۆتایی‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوو سیانزه‌ په‌رله‌مانتار یاداشتێكیاندا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان‌و تیایدا داوا ده‌كه‌ن ماڵپه‌ڕه‌ سێكسییه‌كان له‌كوردستان فلته‌ر بكرێت، ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ش دیسانه‌وه‌ باس‌و خواسی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌رمبووه‌ته‌وه‌.

 

نه‌جیبه‌ له‌تیف ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ ئیمزای‌ له‌سه‌ر یاداشته‌كه‌ كردووه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات بیرۆكه‌كه‌ بۆ ساڵی‌ 2015 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌ویش په‌كی‌ كه‌وتووه‌ بۆیه‌ ئێستا پێشكه‌شكراوه‌.

 

نه‌جیبه‌ له‌تیف به‌"نیقاش"ی وت "ده‌مانه‌وێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌بكرێت كه‌ سانسۆرێك له‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌ سێكسیانه‌ دابندرێت‌و ده‌شتوانرێت ئه‌و كاره‌ بكرێت له‌رێگه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو هه‌موو كه‌س نه‌توانێت بچێته‌ ناو ماڵپه‌ره‌كانه‌وه‌، هه‌ستمان به‌و مه‌ترسیانه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌سه‌ر گه‌نجانی‌ هه‌رێم هه‌یه‌تی‌".

 

 بۆ پاڵپشتی‌ ئه‌و بڕیاره‌ تائێستا هیچ ئامارێك یان راپۆرتێكی‌ باوه‌ڕپێكراوی‌ زانستی نییه‌ كه‌ زیانه‌كانی‌ ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی‌ رونكردبێته‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌نجان كه‌ پاساوی‌ سه‌ره‌كی‌ پڕۆژه‌كه‌یه‌.

 

 نه‌جیبه‌ ده‌ڵێت "پێشتر به‌دواداچون هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا خه‌ریكین به‌شێوازێكی‌ ورد له‌رێگه‌ی‌ راپرسیه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ین تا ئه‌و كاته‌ی‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ ده‌كرێت".

 

ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیسلامییه‌كانی په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، به‌ڵام له‌و سیانزه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی‌ كه‌ ئیمزایان له‌سه‌ر كردووه‌، شه‌شیان له‌و هێزانه‌ن كه‌ سه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ نین كه‌ له‌به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ سیاسیدان، بگره‌ له‌به‌ره‌ی‌ عه‌لمانییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت له‌وانه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.

 

ئاواز حه‌مید ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ كه‌ ئیمزای‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ كردووه‌ به‌"نیقاش"ی وت "من خۆم كه‌سێكی‌ عه‌لمانیم، به‌ڵام پاڵپشتی‌ پڕۆژه‌كه‌م كردووه‌ وه‌ك ئامانجێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌واقعی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك بۆچونێكی‌ ئایدۆلۆژی‌".

 

ئاواز حه‌مید وتیشی‌ "ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ زۆر كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیان دروستكردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌ ناگونجێن‌و گه‌نجانی‌ له‌پرسه‌ زانستییه‌كان دوورخستووه‌ته‌وه‌".

 

جگه‌ له‌گاڵته‌پێكردنی‌ به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ خه‌ڵكی‌ به‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌‌و دروستكردنی‌ چه‌ند ڤیدۆیه‌ك له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ بۆ جارێكی‌ تر په‌رده‌ی‌ له‌سه‌ر ململانێی‌ نێوان عه‌لمانی‌‌و ئیسلامییه‌كان هه‌ڵدایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هاوكێشه‌ی‌ ململانێكه‌ نابه‌رانبه‌ره‌، چونكه‌ لایه‌نگرانی‌ فلته‌ركردنی‌ ماڵپه‌ره‌ سێكسیه‌كان له‌په‌رله‌ماندا له‌نه‌یارانی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ زیاترن.

 

فراكسیۆی‌ ئازادی‌ تائێستا تاكه‌ فراكسیۆنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌ كه‌ به‌ئاشكرا نه‌یاری‌ خۆی‌ بۆ پڕۆژه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌.

 

ئه‌بو كاروان ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ ئازادی‌ كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی‌ حزبی شیوعی كوردستانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ رووی‌ راسته‌قینه‌ی‌ عه‌لمانی‌‌و ئیسلامییه‌كانی‌ له‌په‌رله‌مان ده‌رخست".

 

ئه‌بو كاروان پێیوایه‌ فلته‌ركردنی‌ ماڵپه‌ڕه‌ سێكسییه‌كان به‌شێكه‌ له‌ئازدیه‌ كه‌سییه‌كان‌و پێویست ناكات به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت، ده‌شڵێت "پێكهاته‌ی‌ په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستایه‌وه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌ی‌ نابێت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، چونكه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئیسلامی‌ هه‌رێم ده‌ترسن‌و به‌شێكی‌ ئه‌و پاڵپشتیه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌".

 

پڕۆژه‌ یاسای به‌ده‌ر نییه‌ له‌تێبینی‌ پێكهاته‌ ناموسڵمانه‌كانی‌ په‌رله‌مانیش كه‌ پێشتریش له‌كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ ره‌شنوسی ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی‌ ئاینی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كاندا كه‌وتنه‌ ناكۆكییه‌وه‌.

 

سرود سه‌لیم ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ (ئه‌بنا نه‌هره‌ین)ی‌ مه‌سیحی‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و بڕیاره‌ ئازادیه‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كان سنوردار ده‌كات، له‌بنه‌ڕِه‌تیشدا په‌رله‌مان ئیشی ئه‌وه‌ نییه‌ بڕیاری‌ له‌وجۆره‌ ده‌ربكات‌و ئه‌و رێگرییه‌ش ناتوانرێت بكرێت له‌ماڵپه‌ره‌ سێكسیه‌كان یان قه‌ده‌غه‌ بكرێت‌و به‌ڵكو ده‌بێت هۆشیاری‌ گه‌نجان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌رزبكرێته‌وه‌".

 

له‌كاتێكدا به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌م جۆره‌ جموجۆڵانه‌ی‌ په‌رله‌مان توڕه‌ بوون، كه‌چی‌ په‌رله‌مان هه‌نگاوێكی‌ دیكه‌ی‌ هه‌ڵهێنا ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر توڕه‌یی‌ خه‌ڵكی‌ زیادكرد.

 

په‌رله‌مانی‌ كوردستان رۆژی‌ 27ی‌ شوبات پڕۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی‌ خانه‌نشینی‌ په‌سه‌ند كرد كه‌ رووبه‌ڕووی‌ ناڕه‌زایی بووه‌وه‌، چونكه‌ په‌رله‌مان له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵك بڕیار بدات، كه‌چی‌ موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ كه‌سانی‌ ئاسایی‌ كرد به‌ 300 هه‌زار دینارو موچه‌ی‌ خه‌نانشینی‌ په‌رله‌مانتارو پله‌باڵاكانی‌ كرد به‌چوار ملیۆن دینار، هه‌رچه‌نده‌ دواتر سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان یاساكه‌ی‌ ئیمزا نه‌كردو گێڕایه‌وه‌.

 

ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ دووساڵ به‌په‌كخراوه‌یی مایه‌وه‌و كاری‌ نه‌كرد نه‌یتوانی‌ ده‌ست بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ ببات كه‌ قورساییی سه‌ر شانی‌ هاوڵاتیان سوك بكات به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

 

نیعمه‌ت عه‌بدوڵا سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان  به‌"نیقاش"ی وت "پرسی یاسای‌ زۆر گرنگتر هه‌بوو كه‌ په‌رله‌مان به‌لایدا نه‌چووه‌ له‌رووی‌ ئابوریی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ژیانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌ماندا كه‌ دووساڵ كاری‌ نه‌كردووه‌‌و ئه‌و كێشه‌یه‌ش له‌خوله‌كانی‌ پێشتری‌ په‌رله‌ماندا هه‌بووه‌".

 

 به‌ڕای‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ په‌رله‌مانتاران تاوتوێنه‌كردنی‌ پرسه‌ گرنگه‌كان له‌په‌رله‌ماندا په‌یوه‌ندی‌ به‌هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت توخنی‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ نه‌كه‌ون‌و به‌شتی‌ لابه‌لاوه‌ سه‌رقاڵبن".

 

ترس له‌ له‌ده‌ستدانی‌ جه‌ماوه‌ر له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شێكی‌ زۆری‌ هێزه‌ نا ئیسلامیه‌كانیشی وا لێكردووه‌ له‌دژی‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ نه‌وه‌ستنه‌وه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ری‌ زۆرینه‌ ئیسلامی‌ پێ توڕه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌رچی‌ ده‌ستبردنیش بێت بۆ ئازادیه‌ كه‌سیه‌كان.

 

ئومێد ره‌فیق سه‌رۆكی‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆلێنه‌وه‌ی‌ ئاینده‌یی به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێویسته‌ له‌خستنه‌روی‌ پڕۆژه‌ی‌ له‌م جۆره‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ئازادی‌ تاكه‌ كه‌سییه‌و هه‌یه‌ تێڕوانینی‌ حزبه‌ عه‌لمانیه‌كان له‌موحافیزكاره‌كان جیاواز تر بێت".

 

ده‌شڵێت "حزبی سیاسی‌ كوردی‌ باگراوندی‌ سیاسی‌و فكیری‌ به‌هێز نییه‌، ئه‌و تێكه‌ڵكردنه‌ش كه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌موجامه‌له‌و موزایه‌ده‌ی‌ سیاسیه‌وه‌ هه‌یه‌و حزبه‌كان راست نین له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ره‌كانیداو هه‌میشه‌ له‌ترازان له‌بیروباوه‌ڕی‌ گشتی‌ ده‌ترسن بۆ له‌ده‌ستدانی‌ ده‌نگه‌كانی‌".

 

دوور له‌ململانێ ئایدلۆژییه‌كانی‌ سه‌ر پڕۆژه‌ بڕیاری‌ فلته‌ركردنی‌ ماڵپه‌ڕه‌ سێكسیه‌كان پێناچێت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌و جۆره‌ خۆر ببینێت كه‌ لایه‌نگرانی‌ هیوایان پێی‌ هه‌یه‌.

 

پێشتر ئه‌زمونی‌ فلته‌ركردنی‌ ماڵپه‌ره‌ سێكسیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق شكستی‌ هێنا، لێی‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵی‌ 2015 دا په‌رله‌مانی‌ عێراق بڕیارێكی‌ له‌وباریه‌وه‌ ده‌كرد.

 

زانا رۆستایی ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و بڕیاره‌ له‌روی‌ عه‌مه‌لییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، حكومه‌تیش  جێبه‌جێی نه‌كرد".

 

 هه‌ڵدانی‌ تۆپی‌ فلته‌ركردنی‌ ماڵپه‌ڕه‌ سێكسیه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانی‌ حكومه‌تیش پێده‌چێت به‌هه‌مان رێگادا بڕوات كه‌ عێراق به‌ر له‌ سێ ساڵ پێیدا رۆیشتووه‌ .

 

ئومێد محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی‌ هه‌رێم به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكات وه‌ك لایه‌نی‌ حكومی‌ پابه‌ندین به‌جێبه‌جێكردنیه‌وه‌، به‌ڵام له‌روی‌ كرداریه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ قورسه‌".

 

به‌وته‌ی‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن سێ میلۆن ماڵپه‌ری‌ سێكسی هه‌یه‌ له‌جیهانداو ناتوانرێت وه‌ك سایت بلۆك بكرێت‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بكرێت، ده‌توانرێت دواتر فلته‌ره‌كه‌ی‌ بشكێندرێت و ئه‌گه‌ر به‌ وشه‌ی‌ (SEX)یش پرۆسه‌ی‌ فلته‌ره‌كه‌ بكرێت رێگری‌ له‌كردنه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌كانیش ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ له‌ماڵپه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌نته‌رنێت بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

 

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌شه‌ زۆر له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ئه‌دای‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان توڕه‌ن پێیان وایه‌ هه‌موو ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ بۆ دروستكردنی‌ هه‌ڵایه‌كی‌ ئیعلامییه‌ تا له‌سایه‌یدا په‌رله‌مانتاران كۆتایی‌ به‌م خوله‌ بهێنن‌و ئه‌وه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كات كه‌ خه‌ڵك چاوه‌ڕێی‌ ده‌كه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌