راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ترس له‌داعش‌و میلیشیاكان هه‌یه‌
دێوه‌زمه‌ی تایفه‌گه‌ری باڵی به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌دیاله‌دا كێشاوه‌

موسته‌فا حه‌بیب
نیگه‌رانییه‌كی ئه‌منی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشاوه‌، ئه‌مه‌ دیارترین رووكاری هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ پارێزگای دیاله‌، ئه‌و پارێزگا فره‌ ره‌نگه‌ی‌ یه‌كه‌م جێگا بوو له‌داعش رزگاری‌ بوو.
1.03.2018  |  دیاله

(359) كاندید له‌ (36) حزب‌و هاوپه‌یمانی سیاسیدا كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی (14) كورسی ته‌رخانكراو بۆ پارێزگای دیاله‌ (60 كم له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی به‌غدای پایته‌خت)، حزبه‌كانیش له‌ هه‌وڵدان بۆ راكێشانی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ده‌نگده‌ری شیعه‌‌و سوننه‌‌و كورد كه‌ داواكاری سه‌ره‌كییان دابینكردنی ئاسایشه‌ له‌و پارێزگایه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ململانێ سیاسییه‌كان‌و ئاڵنگارییه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق 70%ی ده‌نگده‌رانی دیاله‌ زانیارییه‌كانی ده‌نگدانیان نوێكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رزترین رێژه‌یه‌ به‌راودر به‌ پارێزگاكانی دیكه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ قه‌باره‌ی كێبڕكێی نێوان حزبه‌كانی پارێزگاكه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌ران، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای به‌شداری به‌رفراوان له‌ هه‌ڵبژاردندا ناگه‌یه‌نێت.

 

قاسم ده‌هله‌كی فه‌رمانبه‌رێكه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی كاره‌با‌و له‌ شارۆچكه‌ی شاره‌بانی باكووری دیاله‌ نیشته‌جێیه‌، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "زۆرینه‌ی دانیشتووانی پارێزگاكه‌ چوون بۆ نووسینگه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بۆ نوێكردنه‌وه‌ی زیانیارییه‌كانیان تا ناسنامه‌ی ده‌نگدان وه‌ربگرن‌و مه‌رج نییه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا بێت".

 

ده‌هله‌كی وتیشی: "ده‌نگۆی ئه‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا بڵاوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ حكومه‌ت مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ببڕێت كه‌ ناسنامه‌ی ده‌نگدانیان نییه‌، ئه‌وه‌ش وای له‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵك كردووه‌ هه‌وڵبده‌ن به‌زووترین كات وه‌ریبگرن، به‌ڵام رۆیشتن بۆ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان شتێكی تره‌، تائێستا بڕیارم نه‌داوه‌ كێ هه‌ڵده‌بژێرم، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ جیاوازتره‌ له‌وه‌ی پێشوو به‌هۆی زۆری حزبه‌كانه‌وه‌".

 

پێشتر دیمۆگرافیای تێكه‌ڵاوی شیعه‌‌و سوننه‌‌و كورد حزبه‌كانی ناچار ده‌كرد له‌سه‌ر بنه‌مای تایفی‌و نه‌ته‌وه‌یی بچنه‌ به‌ك هاوپه‌یمانییه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌فیڕۆ نه‌چێت.

 

ئه‌و حزبه‌ سه‌ركیانه‌ی شیعه‌ كه‌ له‌ نۆ پارێزگاكه‌ی باشوور له‌نێو خۆیاندا كێبڕكێ ده‌كه‌ن، پێشتر پێكه‌وه‌ له‌ دیاله‌ هاوپه‌یمانیان ده‌به‌ست، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و حزبه‌ كوردیانه‌ش كه‌ له‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك كێبركێیان ده‌كرد، له‌ دیاله‌ پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانییان ده‌به‌ست، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بارودۆخه‌كه‌ جیاوازه‌.

 

هه‌رچی حزبه‌كانی سوننه‌یشه‌ كه‌ له‌ دیاله‌ كێبڕكێیان ده‌كرد به‌وپێیه‌ی دیاله‌ پارێزگایه‌كی زۆرینه‌ سوننه‌یه‌، ئه‌مجاره‌ بڕیاریان داوه‌ پێكه‌و هاوپه‌یمانی ببه‌ستن تا قه‌ره‌بووی له‌ده‌ستدانی پۆستی پارێزگار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بۆیه‌كه‌م جار له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا كه‌وته‌ ده‌ست حزبه‌ شیعه‌كان.

 

ئه‌مجاره‌ حزبه‌ كوردییه‌كان به‌ پێنج لیستی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ده‌یه‌ی رابردوودا به‌ یه‌ك لیست به‌ناوی "هاوپه‌یمانی كوردستان" به‌شداریان له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كرد تا ده‌نگی ده‌نگده‌ران له‌ ناوچه‌كانی مه‌نده‌لی‌و خانه‌قین‌و جه‌له‌ولای زۆرینه‌ كورد به‌ده‌ستبهێنن.

 

"پارتی دیموكراتی كوردستان"‌و "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌و "جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ" به‌سه‌رۆكایه‌تی شاسوار عه‌بدولواحیدی بزنسمان كه‌ به‌دژایه‌تیكردنی هه‌ردوو پارتی فه‌رمانڕه‌وای كوردستان ناسراوه‌‌و "حزبی شیوعی كوردستان"‌و دواجاریش هاوپه‌یمانی "نیشتمان" كه‌ هه‌رسێ هێزی "گۆڕان"‌و "هاوپه‌یمانی له‌پێناو دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری" به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح كه‌ له‌ "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان" جیابووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ "كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان" له‌خۆده‌گرێت، ئه‌و لیسته‌ كوردیانه‌ن كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له‌ پارێزگای دیاله‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن

 

عیماد عه‌بدولخاق كه‌ هاووڵاتییه‌كی كورده‌ له‌ خانه‌قین به‌"نیقاش"ی وت: "حزبه‌كان نائومێدیان كردووین‌و حكومه‌تی فیدرالًیش گوێ به‌ بارودۆخمان نادات، هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی حزبه‌كان له‌ شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا هه‌ڵاتن‌و به‌ته‌نیا له‌به‌رده‌م هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا به‌جێیان هێشتین كه‌ كۆنترۆڵی شاره‌كه‌یان كردووه‌، جگه‌ له‌ ئاسایش هیچی ترمان ناوێت، به‌ڵام هێشتا گرژی له‌نێوان حه‌شد‌و پێشمه‌رگه‌دا هه‌ر ماوه‌".

   

عه‌بدولخالق وتیشی: "هێشتا بڕیاری به‌شداریكردنم له‌ هه‌ڵبژاردندا نه‌داوه‌، له‌ راستیدا نازانم كێ هه‌ڵبژێرم، حزبه‌ كوردییه‌كان دابه‌شبوون، هه‌روه‌ك چه‌ند حزبێكی عه‌ره‌بی به‌م دواییانه‌ چه‌ند كاندیدێكی كوردیان خسته‌ نێو لیسته‌كانیان له‌ خانه‌قین ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگی كورد له‌ پارێزگاكه‌دا ده‌بێت".

 

دوای چه‌ند رۆژێك له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌ تشرینی یه‌كه‌می رابردوودا هێرشیان كرده‌ سه‌ر هه‌ردوو شارۆچكه‌ی مه‌نده‌لی‌و خانه‌قین، دواتریش هه‌ردوو شاره‌كه‌ خۆپیشاندانیان به‌خۆوه‌ بینی دژی بوونی حه‌شد، به‌ڵام به‌زه‌بری هێز سه‌ركوتكرا.

 

هه‌رچی هێزه‌ سوننه‌كانیشه‌ ئه‌وا بڕیاریان داوه‌ یه‌كبگرن له‌ هه‌ڵبژاردندا‌و حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كان هاوپه‌یمانییه‌كیان به‌ناوی "دیاله‌ی به‌ره‌نگاری" پێكهێناوه‌ كه‌ "یه‌كێتی هێزه‌ نیشتمانییه‌كان"‌و "حه‌ل"‌و "ئازادی‌و پێشكه‌وتن"‌و گردبوونه‌وه‌ی "ته‌عاون"‌و "یه‌كێتی رۆڵه‌كانی عێراق" له‌خۆده‌گرێت.

 

هێزه‌ سوننه‌كانی دیاله‌ هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی كه‌ ده‌كرێت به‌ "كوده‌تا" ناوی ببرێت به‌سه‌ر ته‌وافوقی سیاسیدا كه‌ له‌ ساڵی 2005وه‌ پارێزگاكه‌ی پێ حوكم ده‌كرا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆستی پارێزگار پشكی سوننه‌ بێت به‌وپێیه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتووان پێكده‌هێنن، هه‌رچی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاشه‌ ئه‌وا پشكی شیعه‌ بێت‌و چه‌ند پۆستێكی لاوه‌كیش بدرێت به‌كورد كه‌ به‌پله‌ی سێیه‌م دێن له‌ڕووی ژماره‌وه‌ له‌دوای شیعه‌‌و سوننه‌.

 

دوای شه‌ش مانگ له‌ هێرشی "داعش" بۆسه‌ر دیاله‌‌و كۆنترۆڵكردنی هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی كه‌ دیارترینیان میقدادیه‌ بوو، هێزه‌كانی سوپا‌و پۆلیس هه‌ره‌سیانهێنا، به‌ڵام هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌ گرووپه‌ شیعه‌كانی "به‌در"‌و "عه‌سائیب هه‌للحه‌ق" توانیان دوای چه‌ند شه‌ڕێكی كورتخایه‌ن "داعش" ده‌ربكه‌ن.

 

ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش وای كرد شیعه‌ به‌هێزتربن پاش ئه‌وه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سوننه‌ نشینیان كۆنترۆڵكرد، ئیتر حزبه‌ شیعه‌كان له‌ ئازاری 2015دا توانیان عامر عه‌جمی پارێزگار له‌ "حزبی ئیسلامی (سوننه‌)" له‌سه‌ركار لابده‌ن‌و له‌بری ئه‌و موسه‌ننا ته‌میمی هه‌ڵبژێردرا كه‌ له‌ رێكخراوی "به‌دره‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی "هادی عامری" سه‌ركرده‌ له‌ حه‌شدی شه‌عبی. 

 

ئه‌گه‌رچی حزبه‌ سوننه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ به‌هێزی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانه‌، به‌ڵام ترسیان له‌ ره‌وشی ئه‌منی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانیان، تائێستاش رێكخراوی "داعش" هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شارۆچكه‌كانی "عوزێم"‌و میقدادیه‌"‌و "مه‌نسوریه‌" ده‌كات كه‌ ده‌ڕوانن به‌سه‌ر بیابانی نێوان دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌دیندا كه‌ توندڕه‌وانی تێدا چالاكه‌، هاوكات چه‌ند گرووپێكی شیعه‌ له‌و شارانه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌‌و ده‌ترسن دانیشتووان دووچار گوشار ببنه‌وه‌‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگدانیان هه‌بێت.

 

دوای شه‌ش مانگ له‌ راگه‌یاندنی ئازادكردنی دیاله‌ له‌ توندڕه‌وان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، له‌ كانونی یه‌كه‌می 2016دا میلیشیا چه‌كداره‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر قه‌زای "میقدادیه‌"‌و نۆ مزگه‌وتی ناوچه‌كه‌یان خاپوركرد‌و ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌یان رفاند‌و دواتر چاره‌نووسیان نه‌زانرا.

 

محه‌مه‌د عوبه‌یدی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی عوزێم ده‌ڵێت: "هێشتا شارۆچكه‌كه‌ له‌ژێر مه‌ترسیدایه‌‌و دانیشتووانه‌كه‌ی به‌ شه‌و‌و به‌رۆژ له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان به‌هۆی چالاكییه‌كانی رێكخراوی داعش له‌ ناوچه‌كانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كه‌ كه‌مێك له‌ گونده‌كانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌كه‌مانه‌وه‌ دوورن".

 

وتیشی:"شارۆچكه‌كه‌ ئاماده‌ نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ ئایاری داهاتوودا، زۆربه‌ی دانیشتووانیش ته‌نیا بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ پاراستنی ماڵ‌و گونده‌كانیان بدۆزنه‌وه‌".

 

هه‌رچی حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شیعه‌یشه‌ "ده‌عوه‌"‌و "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی"‌و "ره‌وتی سه‌در"‌و "فه‌زیله‌"‌و "به‌در" پێشتر له‌ یه‌ك هاوپه‌یمانیدا به‌ناوی "هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیاله‌" به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر چه‌ند هاوپه‌یمانییه‌كدا.

 

ئه‌مڕۆ "هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیاله‌" هه‌ریه‌ك له‌ "ده‌عوه‌"‌و "ره‌وتی حیكمه‌"‌و "ره‌وتی چاكسازی"‌و حزبی "فه‌زیله‌" له‌خۆده‌گرێت، له‌ كاتێكدا "ره‌وتی سه‌در"‌و "رێكخراوی "به‌در" بڕیاریان داوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بچنه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌ڵكشانی ململانێی نێوان حزبه‌ شیعه‌كان له‌ دیاله‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌