راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ململانێی‌ ژێربه‌ژێری‌ دوو ئامۆزا
ئاینده‌ی‌ پارتی‌ بۆ كامیانه‌.. نێچیرڤان بارزانی‌ یان مه‌سرور بارزانی‌؟

هونەر حەمەرەشید
له‌ناو حیزبه‌كانی‌ كوردستاندا هیچ حیزبێك هێنده‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ناوخۆیدا تۆكمه‌ نییه‌، به‌ڵام هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌ پاش پاشه‌كشه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ ئه‌و حیزبه‌ ئاوها یه‌كده‌ست بمێنێت.
1.03.2018  |  سلێمانی

له‌نه‌ریتی‌ سیاسه‌تكردندا له‌كوردستان واباوه‌ كه‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان تووشی‌ په‌تای‌ باڵباڵێن ده‌بن‌و ده‌بن به‌چه‌ند كه‌رتێكه‌وه‌، به‌ڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ده‌گمه‌ن ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی‌ گرتووه‌، ره‌نگه‌ نهێنییه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بێت كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك حیزبێكی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌و ده‌سه‌ڵات له‌باوكه‌وه‌ بۆ كوڕ گواستراوه‌ته‌وه‌.

 

بۆ نزیكه‌ی‌ چل ساڵ ده‌چێت، به‌دیاریكراوی‌ له‌ساڵی‌ 1979وه‌ مه‌سعود بارزانی‌ له‌هه‌ره‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتیدایه‌و توانیوێتی‌ مه‌ركه‌زییه‌تی‌ ئه‌و حیزبه‌ بپارێزێت، به‌ڵام له‌مساڵانه‌ی‌ دواییدا ململانێیه‌كی‌ ژێر به‌ژێر له‌نێوان مه‌سرور بارزانی‌ كوڕی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ برازایدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌و له‌سه‌روبه‌ندی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ ئه‌یلولی‌ پاریشه‌وه‌ هێڵه‌كانی‌ ئه‌و ململانێیه‌ روونتر ده‌كه‌ون.

 

پێش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم، هه‌ر شاندێكی‌ عێراقی‌‌و بیانی‌ سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بكردایه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی‌ كۆده‌بوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر شاندێكی‌ فه‌رمی‌ هه‌رێم بچوایه‌ته‌ به‌غدا، یان وڵاتانی‌ جیهان، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد، به‌ڵام له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ پاره‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ ده‌ستی‌ له‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كێشاوه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو ئامۆزاكه‌ جۆرێك له‌ململانێیان هه‌یه‌ بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی‌ "بارزانی‌ گه‌وره‌".

 

به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كه‌ ئێستا نێچیرڤان بارزانی‌ له‌و پۆسته‌دایه‌، به‌ڵام ره‌نگبێت سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت نه‌توانێ‌ موماره‌سه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ بكات، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ نه‌یاری‌ زۆرن، له‌ناوخۆشدا به‌ر دیواری‌ مه‌سرور بارزانی‌ ئامۆزای‌ ده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشه‌و هه‌موو سه‌ره‌داوه‌كانی‌ ئه‌منیه‌تی‌ كوردستانی‌ به‌ده‌سته‌.

 

چه‌ند مانگێكه‌ بارزانی‌ نه‌ وه‌فدێكی‌ ره‌سمی‌ ده‌بینێت‌و نه‌ به‌سه‌ردانی‌ ره‌سمی‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌بری‌ ئه‌و نێچیرڤان بارزانی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ راده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌وه‌ ده‌چێت مه‌سرور بارزانیش بیه‌وێت ببێته‌ به‌شێك له‌و گه‌مه‌یه‌.

 

عه‌لی‌ عه‌ونی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هیچ حاڵه‌تێكی‌ نائاسایی‌ له‌ده‌رنه‌كه‌وتنی‌ مه‌سعود بارزانیدا نابینێت‌و ده‌ڵێت "سه‌رۆك بارزانی‌ پێشتر پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و پۆسته‌ی‌ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ شانده‌كانیش كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ تری‌ هه‌رێم، وه‌ك سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و به‌رپرسانی‌ تر ده‌كه‌ن".

 

عه‌لی‌ عه‌ونی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هۆكارێكی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ بارزانی‌ خۆی‌ نایه‌وێت به‌شێك له‌شانده‌كان ببینێت".

 

دواین جار نێچیرڤان بارزانی‌‌و مه‌سرور بارزانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌ركه‌وتن‌و له‌جیاتی‌ مه‌سعود بارزانی‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كرا، بانگهێشتكردنیان بوو بۆ كۆنگره‌ی‌ ئاسایشی‌ میونیخ له‌ئه‌ڵمانیا، كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ شوبات ئه‌نجامدرا.

 

ململانێی‌ نیمچه‌ دیاری‌ ئه‌م دوو كاراكته‌ره‌ی‌ پارتی‌ شتێكی‌ تازه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌دوای‌ پاشه‌كشه‌ی‌ بارزانییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ به‌هێزتره‌.

 

نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌و له‌ناو حیزبه‌كه‌شدا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتییه‌، هه‌رچی‌ مه‌سرور بارزانییه‌، راوێژكاری‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشه‌و ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و حیزبه‌یه‌، هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ رۆژانه‌ له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ چالاكییه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كانی‌ سه‌ردان‌و پێشوازی‌ وه‌فده‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

 

ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ له‌ناو حیزبه‌كه‌یان‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌ش هێزو ده‌سه‌ڵاتێكی‌ زۆریان هه‌یه‌و زه‌حمه‌ته‌ له‌ئێستادا بتوانرێت باڵاده‌ستی‌ یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌وی‌ دیكه‌یاندا ده‌ربخرێت.

 

له‌سه‌ر ئاستی‌ میدیا نێچیرڤان بارزانی‌ خاوه‌ندارێتی‌ كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ (رووداو) ده‌كات كه‌ گه‌وره‌ترین كه‌ناڵی‌ كوردییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌فته‌نامه‌و ده‌زگای‌ رۆشنبیری‌ دیكه‌ش، له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی‌ خاوه‌نی‌ كه‌ناڵێكی‌ دیاری‌ وه‌ك (كوردستان 24) ده‌كات دیسانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌و چه‌ند ناوه‌ندێكی‌ میدیایی‌‌و رۆشنبیری‌ دیكه‌.

 

زانكۆی‌ كوردستان هی‌ نێچیرڤان بارزانییه‌و زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌دهۆك هی‌ مه‌سرور بارزانییه‌، نێچیرڤان بارزانی‌ "ده‌زگای‌ روانگه‌ی‌" خێرخوازی‌ هه‌یه‌و مه‌سرور بارزانیش خاوه‌نی‌ "ده‌زگای خێرخوازی بارزانی"یه‌.

 

بۆ هه‌موو سێكته‌رو بواره‌كانی‌ دیكه‌ش به‌م شێوه‌یه‌یه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ دیارترینیان ئاستی‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازی‌ بێت كه‌ له‌مه‌یاندا مه‌سرور بارزانی‌ باڵاده‌ستتر ده‌نوێنێت، چونكه‌ مه‌سرور بارزانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ر ده‌زگاكانی‌ ئاسایش‌و دژه‌تیرۆری‌ كوردستان‌و هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی‌‌و به‌شێكی‌ زۆر له‌لیواكانی‌ یه‌كه‌ی‌ هه‌شتای‌ سه‌ر به‌پارتی‌ هه‌یه‌و نێچیرڤان بارزانیش له‌رێگه‌ی‌ ره‌وان ئیدریس بارزانی‌ برایه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ر چه‌ند لیوایه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌.

 

عه‌بدوڵڵا حه‌وێز رۆژنامه‌نووس له‌دیسكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رٍاستی تۆڕی‌ "بی بی سی"‌و لێكۆڵه‌ری دیراساتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌زانكۆی كینگس كۆلێج له‌له‌نده‌ن، ده‌ڵێت: "هه‌بوونی میدیاو زانكۆ‌و ده‌زگای جیاواز‌و كۆمپانیا‌و وه‌به‌رهێنانی جیاواز هه‌مووی ئاماژه‌ی‌ بوونی‌ باڵی جیاوازن له‌ناو پارتیدا".

 

عه‌بدوڵڵا حه‌وێز كه‌ به‌وردی‌ چاودێری‌ ناوخۆی‌ پارتی‌ دیموكرات ده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ریه‌ك له‌نێچیرڤان‌و مه‌سرور له‌دنیابینی‌و شێوه‌ی سیاسیه‌تكردنیشیدا جیاوازن، كه‌ ئه‌وه‌ش ململانێكانی‌ نێوانیان زیاتر ده‌كات".

 

ئه‌و توێژه‌ره‌ نموونه‌ی‌ به‌وه‌ هێنایه‌وه‌، كه‌ دنیابینی گروپی مه‌سرور بارزانی‌ "نه‌ته‌وه‌په‌رست‌و توند‌و ته‌قلیدین، زیاتر رێكخراوترن‌و دسپلینیان زیاتره‌، عه‌سكه‌رتارن‌و باوه‌ڕیان به‌زمانی زبر هه‌یه‌و له‌ناو ئه‌ندامانی پارتیش زۆرینه‌ پشتیوانیانه‌"، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دونیابینی گروپی نێچیرڤان بارزانی‌ "لیبراڵ‌و نه‌رم‌و نزیكن له‌توركیاو زیاتر گرنگی‌ به‌ بازرگانی‌ ده‌ده‌ن".

 

وه‌ك هه‌موو حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان له‌كاتی‌ ئاماده‌بوونی‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌مدا به‌ده‌گمه‌ن باسی‌ شوێنگره‌وه‌ ده‌كرێت، بۆ پارتیش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، به‌ڵام له‌دوای‌ پاشه‌كشه‌ی‌ مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ زۆر كه‌س پێیان وایه‌ جموجۆڵه‌ ناوخۆیی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ ئه‌و دوو ئامۆزایه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك شوێنگره‌وه‌ی‌ "بارزانی‌ گه‌وره‌" خۆیان نمایش بكه‌ن.

 

له‌مانگی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ رابردووه‌وه‌ گرژی‌‌و پێككدادانی‌ سه‌ربازی‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی‌ عێراقدا روویدا، ئه‌وكات رۆڵی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ زیاتر كه‌وته‌ به‌رچاوان‌و له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانیدا بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگا داخراوه‌كانی‌ هه‌رێم، چه‌ند جارێك سه‌ردانی‌ به‌غداو وڵاتانی‌ دراوسێ‌‌و ئه‌وروپای‌ كرد، به‌ڵام ئه‌م جموجوڵه‌ دیبلۆماسییانه‌ بێ وه‌ڵام نه‌بوون، مه‌سرور بارزانیش به‌سه‌ردانێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ 22ی‌ شوبات سه‌ردانی‌ ئه‌مریكای‌ كردو له‌كۆشكی‌ سپی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌.

 

كامه‌ران مه‌نتك مامۆستای‌ زانكۆی‌ هه‌ولێرو چاودێری‌ سیاسی‌ ئه‌و جوڵانه‌ به‌جوڵه‌ی‌ ئاسایی نابینێت‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "كێشه‌و ململانێی‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی‌‌و مه‌سرور بارزانی‌ كێشه‌یه‌كی‌ له‌مێژینه‌یه‌و به‌درێژایی مێژووی‌ پارتی‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌بووه‌".

 

وتیشی‌ "كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ بارزانی‌ له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان، رێگه‌ی‌ بۆ تووندبوونه‌وه‌ی‌ ململانێكان زیاتر كردووه‌و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌داهاتووش ئه‌و ململانێیانه‌ زیاتر بن، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانه‌كه‌... هه‌موو جوڵه‌ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و مه‌سرور بارزانی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ جێگه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ بگرنه‌وه‌و په‌یوه‌ندی‌ زیاتر دروستبكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ پاڵپشتی‌ به‌هێز ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌داهاتوو ببنه‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌رێم".

 

ته‌نانه‌ت له‌بابه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمیشدا ئه‌و دوو سه‌ركرده‌ دیاره‌ بۆچونیان جیاواز بوو، مه‌سرور بارزانی‌ به‌سه‌رسه‌ختانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمدا بوو، نێچیرڤان بارزانیش خۆی‌ دووره‌په‌رێز گرتبوو.

 

عه‌بدوڵڵا حه‌وێزی‌ رۆژنامه‌نووس له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: "جیاوازی‌و ناكۆكیه‌كانیان له‌باره‌ی ریفراندۆم به‌شێوه‌یه‌ك بوو كه‌ مه‌سرور به‌مه‌كینه‌ی پشت ریفراندۆم داده‌نرێت، به‌ڵام نێچیرڤان ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی له‌م كاته‌ پێباش نه‌بوو".

 

ئه‌و وتیشی‌: "دوای شكستهێنانی ریفراندۆمیش مه‌سرور له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوو ئه‌گه‌ر به‌هێزیش بێت ته‌نیا پارتی ده‌سه‌ڵاتی له‌سنووره‌كانی فیشخابوورو ئیبراهیم خه‌لیل هه‌بێت، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ گفتوگۆو رێككه‌وتنه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌ڕێوه‌ببرێن".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌زۆربه‌ی‌ ئاسته‌كاندا ململانێی‌ دوو ئامۆزا دیاره‌، به‌ڵام تائێستا هه‌ردوولا ده‌ستیان به‌مه‌ركه‌زییه‌تی‌ پارتییه‌وه‌ گرتووه‌و له‌تۆكمه‌ییدا كه‌وتونه‌ته‌ پێش حیزبه‌كانی‌ ترو ره‌نگه‌ له‌ئاینده‌شدا به‌پێچه‌وانه‌ی‌ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌وه‌ له‌سه‌ر جۆرێك له‌دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات رێك بكه‌ون كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردوولایان بپارێزێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌