راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حه‌كیم پێیه‌كی‌ له‌كوردستان داده‌نێ‌
ره‌وتی‌ حیكمه‌ هاوكێشه‌ی‌ یارییه‌كه‌ ده‌گۆڕیت

کۆسار عوسمان
عه‌ممار حه‌كیم له‌وه‌ده‌چێت بیه‌وێت هاوكێشه‌ی‌ یارییه‌كه‌ بگۆڕێت، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌زموونێكی‌ نوێ‌ تاقیده‌كاته‌وه‌و تۆپه‌كه‌ بۆ گۆڕه‌پانێكی‌ دیكه‌ فڕێده‌دات.
22.02.2018  |  سلێمانی
حه‌كیم له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانیدا
حه‌كیم له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانیدا

جوڵه‌ی‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌ممار حه‌كیم له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگی‌ ناڕازی‌ خه‌ڵكه‌ له‌حزبه‌ كوردییه‌كان، هه‌م بۆ سه‌لماندنی‌ ئه‌و فڕه‌ ره‌نگیه‌یه‌ كه‌ له‌ساتی‌ دروستبوویه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆده‌كات وه‌ك حزبێكی‌ تێپه‌ڕێنه‌ری‌ تایفی.

 

كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ی‌ عێراقی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 19ی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵدا پێشهاتێكی‌ نوێ بوو، ئه‌و ره‌وته‌ زۆرینه‌ شیعه‌یه‌ كه‌ له‌پاش جیابوونه‌وه‌ی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ له‌ 24ی‌ ته‌مووزی‌ ساڵی‌ پار راگه‌یه‌ندرا، ده‌یه‌وێت پێیه‌كی‌ تری‌ له‌ هه‌رێم هه‌بێت.

 

ئه‌و ره‌وته‌ كه‌ له‌لایه‌ن عه‌مار حه‌كیم (47 ساڵ) سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، ده‌یه‌وێت چۆن له‌شاره‌ زۆرینه‌ شیعه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشووری‌ عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو ده‌نگ بهێنێت ئاوهاش له‌هه‌رێم جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی‌ په‌یدا بكات.  

 

پێده‌چێت حیكمه‌ بیه‌وێت دروشمی‌ حزبی یه‌ك تائیفه‌ تێپه‌ڕێنێت كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ هێزه‌ شیعه‌كان به‌رێیدا رۆیشتوون، كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌كه‌شیان له‌سلێمانی‌ وه‌ك هه‌ڵسوڕاوانی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌ده‌ن بۆ هه‌مان مه‌به‌سته‌.

 

عیسا ره‌شید به‌رزنجی كه‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كانی ره‌وتی حیكمه‌یه‌ له‌سلێمانی‌و كوردێكی‌ سوننه‌ مه‌زهه‌به‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌مانه‌وێت پردێكی خێربین بۆ ئه‌وه‌ی نێوه‌ندگیری بكه‌ین‌و خزمه‌ت به‌گه‌لی كوردستان‌و گه‌لانی عیراقیش بكه‌ین". ده‌شڵێت "ئێمه‌ وه‌كو كورد كارده‌كه‌ین نه‌ك وه‌ك سوننه‌".

 

په‌یوه‌ندی‌ هێزه‌ شیعه‌كان‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاته‌ رژێمی‌ به‌عسدا به‌هێز بوو، ئه‌وكاته‌ی‌ هه‌ردوولا له‌به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ دژ به‌و رژێمه‌ بوون، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵی‌ رابردوودا په‌یوه‌ندی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ زۆرینه‌ شیعه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی‌ چووه‌ تا ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ پرسی ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ ناكۆكییه‌كان گه‌یشته‌ ئاستی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ سه‌ربازیی‌. 

 

كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ حیكمه‌ له‌سلێمانی‌ وێرای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئامانجی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌گه‌ر به‌روكه‌شیش بێت رێگایه‌ك بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ كه‌ له‌نێوان شیعه‌و كورددا دروستبووه‌.

 

به‌رزنجی ده‌ڵێت "سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ره‌وته‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كورده‌و ئه‌گه‌ر ده‌نگی هاوڵاتیانی كورد به‌ده‌ست بهێنین كاری گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌كه‌شمان هۆكارێك ده‌بێت بۆ باشكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند".

 

ره‌وتی‌ حیكمه‌ نوسینگه‌یه‌كی‌ هاوشێوه‌ی‌ له‌هه‌ولێری‌ پایته‌ختیش هه‌یه‌ كه‌ پێشتر باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ بوو، به‌ڵام ئاشنایه‌تی‌ شیعه‌كان له‌گه‌ڵ سلێمانی‌ زیاتره‌ كه‌ له‌نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ یه‌كه‌م مزگه‌وتی‌ حوسه‌ینییه‌ی‌ تێدا كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ ئه‌و زۆنه‌ زۆرترین سنوری‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌ كه‌ هاومه‌زهه‌بی شیعه‌كانی‌ عێراقن.  

 

به‌پێی‌ یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ عێراق هه‌ر حزبێك له‌به‌غدا تۆمار كراوبێت‌و له‌كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش وه‌كو قه‌واره‌ ناوی‌ هه‌بێت، بۆی هه‌یه‌ نووسینگه‌ی هه‌بێت له‌سه‌رانسه‌ری‌ عێراقدا.

 

د.ئه‌حمه‌د وه‌رتی پسپۆری‌ یاسایی‌و ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ یاسای حزبه‌كانی‌ هه‌رێم تایبه‌ته‌ به‌حزبه‌كانی ناو هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام هه‌ر حزب‌و لایه‌نێكی‌ غه‌یره‌ كوردی‌ كه‌ بیه‌وێت نووسینگه‌ یان لق‌و باره‌گای خۆی‌ بكاته‌وه‌ پێویستی به‌ ۆڵه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌ یاسه‌یه‌كی تایبه‌ت نییه‌ ئه‌و بواره‌ی رێكخستبێت.

 

تائێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ریزبه‌ندی‌ بۆ هاوڵاتیان نه‌كراوه‌ به‌پێی‌ مه‌زهه‌به‌كانیان، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ سونه‌ مه‌زهه‌بن، به‌ڵام ئینتیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ زاڵتره‌ به‌سه‌ر ئینتیما مه‌زهه‌بییه‌كه‌دا ئه‌گه‌رچی‌ كوردی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بیش له‌هه‌رێم هه‌ن. 

 

مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان‌و پێكه‌وه‌ژیان له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت " 17%ی رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم به‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانیشه‌وه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن، به‌ڵام ئه‌و رێژه‌یه‌ زۆر ده‌قیق نییه‌".

 

زۆرینه‌ سوننه‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێم رێگری‌ نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ له‌سلێمانی‌ ده‌رگای‌ ناونوسین بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌ندامه‌كانی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نوسینگه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن سوننه‌ مه‌زهه‌بن.

 

پێده‌چێت په‌یوه‌ندی‌ مێژوویی خێزانه‌كانیش رۆڵیان له‌و نزیكبوونه‌وه‌دا هه‌بوبێت، به‌و پێیه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ره‌وته‌كه‌ له‌سلێمانی‌ له‌كه‌سه‌ دیاره‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ن.

 

مسته‌فا كاوه‌ حه‌فید، كوڕه‌زای شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فید جێگری ئه‌مینداری سلێمانی ره‌وتی‌ حیكمه‌یه‌، باپیری‌ به‌مه‌لیكی‌ كوردستان ناسراوه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا بۆماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك بووه‌ پادشای‌ به‌شێك له‌ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌پاش جه‌نگان له‌ دژی‌ به‌ریتانیه‌كان.

 

شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فید په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ موحسین حه‌كیم باپیره‌ گه‌وره‌ی‌ عه‌ممار حه‌كیمدا هه‌بووه‌و له‌شه‌ڕی‌ شوعه‌یبه‌ی‌ ساڵی‌ 1914 ه‌وه‌ یه‌كتریان ناسیوه‌.

 

بابه‌تی‌ كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ هه‌روا به‌ئاسانی‌ تێپه‌ڕنابێت به‌تایبه‌ت كه‌ ره‌خنه‌گرانی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش له‌پاڵ پاڵپشتیكه‌رانی‌ هه‌بوون.

 

ئه‌بوبه‌كر كاروانی ئه‌ندامی‌ پێشوی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "نائاسایی دۆخه‌كه‌ واده‌كات سڵ له‌و جۆره‌ چالاكییانه‌ بكرێته‌وه‌، ده‌بێت مه‌ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه‌ ئه‌وان كه‌ڵك له‌خراپی دۆخی ئابووری خه‌ڵك وه‌ربگرن‌و به‌پێچه‌وانه‌ی خواست‌و ئاڕاسته‌و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمه‌وه‌ سودیان لێوه‌ربگیرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ئاسایی بێت ئه‌وا له‌ڕووی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ئاسایی نییه‌".

 

هه‌ندێكی‌ تریش پێیان وایه‌ مه‌ترسی كردنه‌وه‌ی‌ باره‌گای‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ به‌و قه‌باره‌یه‌ نییه‌و وه‌ك حزبێكی‌ عێراقی‌ مافی‌ خۆیانه‌ له‌كوێ بیانه‌وێت باره‌گا بكه‌نه‌وه‌.

 

كاوه‌ محه‌مه‌د ئه‌ندمی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌"نیقاش"ی وت "چۆن بۆ حزبه‌ كوردستانییه‌كان رێگه‌پێدراوه‌ له‌به‌غدا باره‌گا بكه‌نه‌وه‌، حزبه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراقیش بۆیان هه‌یه‌ له‌هه‌رێم باره‌گا بكه‌نه‌وه‌".

 

وتیشی‌ "ره‌نگه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ له‌دوای ڕیفراندۆمه‌وه‌ دروستبوو له‌هه‌رێم هه‌ندێكجار خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ كردنه‌وه‌ی‌ باره‌گای‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ بكرێت‌و پێشبینی‌ مه‌ترسی لێبكرێت به‌وه‌ی‌ حیزبه‌ شیعه‌كان ده‌نگی خه‌ڵكی هه‌رێم بۆ خۆیان ڕابكێشن".

 

كرۆكی‌ هاوكێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ ده‌یه‌وێت بۆ یه‌كه‌مجار پێیه‌كی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ عێراق له‌هه‌رێم هه‌بێت كه‌ بڕیاره‌ له‌مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت‌و بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌ده‌نگی‌ كورده‌ له‌به‌شداری‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بۆ دیاریكردنی‌ نوێنه‌رانیان له‌به‌غدا، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌وڵده‌دات به‌شێك له‌و شكسته‌ی‌ له‌ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراق توشی ده‌بێت له‌هه‌رێم قه‌ره‌بووی‌ بكاته‌وه‌.

 

حه‌كیم ده‌یه‌وێت به‌و به‌رده‌ چۆله‌كه‌یه‌كی‌ تریش بخاته‌ خواره‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ساتی‌ دروستبوونی‌ ره‌وتی‌ حكیمه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌زمونی‌ تاك مه‌زهه‌بی تێپه‌ڕێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ره‌وته‌كه‌ی‌ شیعه‌ن.

 

د.عابد خالید پسپۆری سیاسی‌و راگری كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانی‌ زانكۆی سلێمانی پێی‌ وایه‌ كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی حیكمه‌ كارلێكی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌بێت‌و جێی‌ خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ به‌ ره‌وتێكی‌ میانڕه‌و داده‌نرێت به‌رامبه‌ر به‌كورد به‌به‌راورد به‌هێزه‌ شیعه‌كانی‌ ترو ده‌شتوانێت ده‌نگی‌ ئه‌و شیعانه‌ مسۆگه‌ربكات كه‌ هاوسۆزی‌ كوردن.

 

د.عابد خالید به‌"نیقاش"ی وت "كردنه‌وه‌ی‌  نوسینگه‌ی‌ حیكمه‌ له‌سلێمانی زیاتر مه‌به‌ست لێی‌ ئه‌وه‌یه‌ واپیشانی‌ بدات كه‌ ڕه‌وتێكی عێراقی گشتگیرو نیشتیمانییه‌و له‌سه‌ر حسابی تایفه‌گه‌ری دروست نه‌بووه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌