راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌بادی‌ یان مالیكی‌؟
هه‌رێم چاوه‌ڕێی‌ ئه‌سپی براوه‌ی‌ به‌غدایه‌

هه‌ستیار قادر
هێزه‌ كوردییه‌كان دووجار ده‌ستیان سووتاوه‌و ئه‌مجاره‌ش به‌رچاویان روون نییه‌ ئاخۆ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ عێراق پشتگیری‌ كێ‌ بكه‌ن تا ببێته‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران.
15.02.2018  |  هه‌ولێر
 ( :وێنه حمه سور )
( :وێنه حمه سور )

گۆڕانی‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان چاوه‌ڕوانده‌كرێت سروشتی‌ مه‌رجه‌كانی كوردیش بۆ ده‌نگدان به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتوو  بگۆڕێت، به‌جۆرێك بودجه‌و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بخه‌نه‌ ریزبه‌ندی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌.

 

سه‌ردانی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كی‌ لیژنه‌ جیاوازه‌كانی‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ودبینیكردن له‌لیستی‌ موچه‌خۆران به‌ر له‌ناردنی‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ هیوای‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم گه‌ڕاندنه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ به‌غدا موچه‌كانیان نانێرێت، هاوكات ده‌رخه‌ری‌ نیازپاكییه‌كی‌ سیاسی حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ بوو بۆ كورد به‌ر له‌چه‌ند مانگێك له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق.

 

هێشتا ئاسۆی‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق دیارنییه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام له‌ئێستاوه‌ هه‌وڵی‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ پاڵپشتی‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی‌ دیكه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنی‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵات له‌عێراقدا كه‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌.

 

كورد بۆ لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ماوه‌ی‌ نێوان 2005 بۆ 2013 هاوپه‌یمانی‌ كلاسیكی‌‌و نه‌گۆڕ بوو، هه‌میشه‌ پاڵپشتی كورد بۆ تاكه‌ پاڵیوراوه‌كه‌یان مۆسگه‌ر بوو.

 

ره‌نگه‌ بۆ ئه‌مجاره‌ وێنه‌كه‌ زۆر روون نه‌بێت كه‌ كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتوو تا ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرا نه‌بن.

 

كورد ئه‌زموونی‌ هه‌شت ساڵی‌ حوكمڕانی‌ له‌گه‌ڵ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ پێشوو چوار ساڵیشی له‌گه‌ڵ عه‌بادی‌ به‌رێكرد كه‌ وه‌ك به‌شێك له‌لایه‌نه‌ كوردیه‌كان وه‌سفی‌ ده‌كه‌ن هه‌ریه‌كه‌یان له‌وی‌ تریان "تاڵتر" بووه‌.

 

ره‌سوڵ ره‌زگه‌یی جێگری‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كانی‌ پارتی دیموكراتی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "ئێمه‌ وه‌ك پارتی‌ تا هه‌ڵبژاردن راده‌وه‌ستین‌و ئه‌وكات بڕیار ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ كێ هاوپه‌یمانێتی‌ بكه‌ین".

 

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ پارتی‌ زۆرینه‌ی‌ جومگه‌كانی‌ هه‌ژموون كردووه‌ له‌ 2010ه‌وه‌ تا ئه‌مساڵ ئه‌زمونێكی‌ پڕ له‌گرژی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ئه‌زمونی‌ حوكمڕانی‌ پێشتوی‌ مالیكی‌‌و ئێستای‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ هه‌بووه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر به‌رچاوی‌ نارونكردووه‌ بۆ داهاتوو كه‌ پارسه‌نگی‌ كامیان به‌لای‌ كامیاندا بخات.

 

ره‌سوڵ ره‌زگه‌یی ده‌ڵێت "مالیكی‌ موچه‌ی‌ بڕی‌و عه‌بادیش هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام له‌سیاسه‌تدا هه‌مووشتێك چاوه‌ڕوانكراوه‌‌و دۆست‌و دوژمنی‌ تاسه‌ر نییه‌، كێ ناڵێت لایه‌نێكی‌ تر ده‌بێته‌ زۆرینه‌ له‌به‌غدا؟".

 

به‌ڵێنه‌كانی‌ عه‌بادی‌ بۆ ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌پاش ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م هات له‌ئه‌نجامدانی‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ له‌گه‌ڵ نوری‌ مالیكی‌ له‌لایه‌ن كه‌ناڵی‌ روداوی‌ نزیك له‌ نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتییه‌وه‌ كه‌ تیایدا خه‌رجنه‌كردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ به‌ "هه‌ڵه‌" زانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر له‌سه‌رده‌می‌ خۆیدا بڕدرابوو.

 

ئه‌و پێشهاته‌ به‌نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ته‌كتیكی‌ سیاسی‌ مالیكی‌ هه‌ژماركرا له‌گه‌ڵ كورد، هه‌رچه‌نده‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ هه‌رێم ساڵی‌ رابردوو له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت وتی‌" ئه‌گه‌ر مالیكی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكوه‌زیران سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی‌ كوردستان راده‌گه‌یه‌نم".

 

كورد له‌نێوان عه‌بادی‌‌و مالیكیدا كه‌ تائێستا زۆرترین چانسی وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكوه‌زیرانیان هه‌یه‌ دوودڵه‌، هه‌رچه‌نده‌ گه‌مه‌ی‌ ئه‌وان بۆ راكێشانی‌ رای‌ كورد به‌ر له‌ئاشكرا بوونی‌ ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژادنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ شاراوه‌و ئاشكرا بوونی‌ هه‌یه‌.

 

ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق پێیوایه‌ جارێ دیار نییه‌ خودی‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان بۆ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هاوپه‌یمانێتی‌ دروست ده‌كه‌ن یان نا، "ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌ چاوه‌ڕێی‌ لیستی‌ براوه‌ین‌و ده‌شبێت دڵنیابین له‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ ده‌یدات ئه‌گه‌رنا به‌دوای‌ به‌دیلدا ده‌گه‌ڕێین".

 

ئارێز عه‌بدوڵا به‌"نیقاش"ی وت "نابێت بژارده‌ی‌ كورد بۆ پاڵپشتی سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ داهاتوو به‌ته‌نیا له‌نێوان مالیكی‌‌و عه‌بادی‌ سنورداربكرێت‌و مه‌رج نییه‌ یه‌كێك له‌و دوو كه‌سه‌ زۆرینه‌بن، به‌ڵام بۆ كورد ناخۆشترین سه‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی‌ عه‌بادی‌ بووه‌ ئه‌زمونێكی‌ خراپمان هه‌بوو له‌گه‌ڵی‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و ریفراندۆم‌و قه‌یرانی‌ دارایی".

 

تاكه‌ ئه‌زمونی‌ ڤیتۆی‌ كورد كه‌ هه‌یبوو بۆ پاڵێوراوی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ 2005دا بوو كه‌ رێی‌ نه‌دا ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ بچێته‌ ئه‌و پۆسته‌ هه‌رچه‌نده‌ شیعه‌كان پاڵاوتیان، ئه‌وكات كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور بوو كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ئاینده‌ی‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌وه‌.

 

به‌ڵام پێناچێت ئه‌مجاره‌ پرسی‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان پێشینه‌ بێت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ پاڵپشتی سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ داهاتوو به‌لای‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ئه‌و ناوچانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست سوپاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ عێراق.

 

له‌ئێستادا پرسی ناردنی‌ بودجه‌و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خه‌می‌ گه‌وره‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، پاڵه‌وانی‌ ساڵ ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ خولی‌ داهاتوودا به‌ڵێنی‌ گره‌نتی‌ ناردنی‌ له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ نوێ وه‌رده‌گرێت.

 

محه‌مه‌د عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ ژوری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات پرسی ناردنی‌ موچه‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ پاكێجی‌ ئه‌و داواكارییانه‌ بێت كه‌ كورد له‌سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ داهاتووی‌ عێراقی‌ ده‌وێت هه‌رچه‌نده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ به‌رچاوی‌ رون نییه‌ كه‌ پاڵپشتی‌ كێ ده‌كات.

 

محه‌مه‌د عه‌لی‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌وه‌ی‌ به‌لامانه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ كارنامه‌ی‌ پاڵێوراوانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتووی‌ عێراقه‌ نه‌ك كه‌سه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ پێشوی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ كه‌سه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی‌‌و پاڵپشتیكردنیان ده‌بێت".

 

ئه‌و دوو دڵیه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كورد له‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی‌ پاڵشتی خۆیان بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ داهاتوو له‌كاتێكدایه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ خوله‌كانی‌ تری‌ عێراق بۆ ئه‌م خوله‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق په‌رتن‌و ئیئتلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانیان وه‌ك خوله‌كانی‌ رابردوو پێكنه‌هێنایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ كێشه‌كانیان له‌ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

په‌رتبوونی‌ ماڵی‌ كورد له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا پێكه‌وه‌ پێده‌چێت كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر پاڵپشتی كوردیش هه‌بێت بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتوو.

 

به‌رده‌وامی‌ دووره‌ په‌رێزی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تا دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق به‌لای‌ عومه‌ر محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی یه‌كگرتووی‌ ئیسلامییه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستییان ده‌بێت له‌سه‌ر پاڵێوراوی‌ سه‌رۆكروه‌زیرانی‌ داهاتوو.

 

عومه‌ر محه‌مه‌د به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر زۆره‌ له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش لایه‌نه‌كان دابه‌شبن له‌پرسی‌ پاڵپشتیكردنی‌ سه‌رۆك وه‌زیراندا". 

 

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیش له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر لیستی‌ جیاواز هه‌بێت به‌جۆرێكی‌ تر له‌گه‌ڵ عێراق رێده‌كه‌وین‌و هه‌ر حزبه‌و ئاو له‌ئاشتی‌ خۆی‌ ده‌كات‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ره‌و لایه‌ك ده‌ڕوات".

 

وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ وه‌ك چۆن بۆ لایه‌نه‌ عێراقه‌كان دیارنییه‌ له‌پرسی سه‌رۆكی وه‌زیراندا ئاوهاش له‌لای‌ كورد ته‌موژمژاوییه‌، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و نارونییه‌ له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق  چاوه‌ڕوانده‌كرێت كاریگه‌ریی‌ وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌‌و هاوكێشه‌ی‌ ململانێیه‌ نێوخۆییه‌كانیان كاری‌ خۆیان له‌نێو لایه‌نه‌ كوردیه‌كاندا بكه‌ن.

 

 واسق هاشمی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵی‌ عێراقی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان پێی‌ وایه‌ پێشتر كورد ژماره‌یه‌كی‌ ئاڵۆز بووه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكوه‌زیران، به‌ڵام ئێستا دابه‌شبوونی سیاسی‌ له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم هه‌یه‌ به‌هۆی‌ ده‌رنجامی‌ ریفراندۆمه‌وه‌و هه‌رلایه‌ك هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندی‌ نهێنی‌ له‌گه‌ڵ عه‌بادی‌ یان مالیكی‌ یان لایه‌نێكی‌ تر هه‌بێت‌و "ئه‌وه‌ی‌ ئیستا ده‌گوزه‌رێت هاوپه‌یمانێتی‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌".

 

هاشمی‌ به‌"نیقاش"ی وت "لایه‌نه‌ كوردییه‌كان تا دوای‌ هه‌ڵبژاردن خۆیان یه‌كلایی ناكه‌نه‌وه‌ تا بزانن كێ گره‌وی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كاریگه‌ریی‌ وڵاتانی‌ هه‌رێمیش رۆڵی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌پرسی سه‌رۆك وه‌زیرانداو به‌تایبه‌ت كاریگه‌ری‌ ئێران له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و كاریگه‌ری هاوشێوه‌ی‌ توركیاش له‌سه‌ر لایه‌نی‌ باڵا ده‌ستی‌ هه‌ولێر".

 

هاشمی‌ وتیشی‌ "پێشینه‌ی‌ داواكاری‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردی بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ داهاتوو گۆڕدراوه‌، ئه‌وان ئێستا به‌دوای‌ ده‌ستكه‌وتی‌ خێرادا ده‌گه‌ڕێن بۆ قایلكردنی‌ شه‌قامی‌ كوردی‌". 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌