راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هەڵبژاردنی سوور
کەرکووک لەسەر ئاگری هەڵبژاردن دەکوڵێت

شاڵاو محەمەد
پێكهاته‌و پارته‌ جیاوازه‌كانی‌‌ كه‌ركوك كه شه‌ری‌ ‌داعش كۆیكردبوونه‌وه‌،‌ ململانێیه‌كان له‌سه‌ر هه‌لبژاردنی‌ دا‌هاتووی‌ عێراق لێكیان جیاده‌كاته‌وه‌و له‌ئێستاوه‌ چه‌ندین ناكۆكی‌ له‌نێوانیاندا دروستبووه.
15.02.2018  |  كه‌ركوك
 ( :وێنه يادكار جلال)
( :وێنه يادكار جلال)

هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوكدا هه‌میشه‌ ره‌هه‌ندێكی‌ جیاوازی‌ له‌چاو پارێزگاكانی‌ تری‌ عێراق له‌خۆگرتوه‌، چونكه‌ شارێكی‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌‌‌و له‌گرنگترین ناوچه‌كانی‌ جێگه‌ی‌ ململانێی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.

 

"هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كه‌ بڕیاره‌ رۆژی‌ 12 ئایاری‌ ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ 328 كورسی په‌رله‌مانه‌و به‌سه‌ر 18 پارێزگادا دابەشكراوەو هەڵبژاردن بەفرە بازنەیی بەرێوەدەچێت، لەسەرتاسەری عێراق 24 ملیۆن‌و 400 هه‌زار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌رانیش له‌پارێزگای‌ كه‌ركوك 952 هه‌زار ده‌نگده‌ره‌ بۆ‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ 12 كورسی‌ كه‌ركوك له‌‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ داهاتو‌و" رزگار حاجی‌ حه‌مه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمیسۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق بۆ "نیقاش" وای‌ ووت.

 

نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌ كه‌ پێكهاته‌ی‌‌ سه‌ره‌كیی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌، له‌دوای‌ روداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ 2017 چالاكییەكانیان سنوردارە و ترسیان هەیە لە كەمبونەوەی رێژەی دەنگەكانیان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ باڵاده‌ستی‌ هێزە عیراقییەكان دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ پارێزگاكه‌، هه‌رچه‌نده‌ شه‌ش كۆبونه‌وه‌یان له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌ركوك ئه‌نجامداوه،‌ به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ ناكۆكییه‌كانیان بۆ دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانیه‌كی‌ هاوبه‌ش تێپه‌رێنن.

 

ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كه‌ركوكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند :"ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌كمان داوه‌ به‌ هه‌موو حزبه‌ كوردستانیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ كورد له‌ شاره‌كه‌ یه‌كبخه‌ین و به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ بكه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ دا‌هاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ڵام دیاره‌ تاكو ئێستا ناكۆكییه‌كان رێگربووه‌ له‌به‌رده‌م یه‌ك لیستی‌ كورد بۆ ناوچه‌ دابرێندراوه‌كان."

 

ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو:" مه‌ترسی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ كورد هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ یه‌ك لیست به‌شداری‌ ناكات له‌به‌رئه‌وه‌ یه‌كێتی‌ وه‌ك حزبێكی‌ باڵاده‌ست و به‌رپرسیار له‌ پارێزگاكه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی‌ خۆی‌ خستۆته‌ كار بۆ دروستكردنی‌ یه‌ك لیستی‌."

 

به‌‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌ستی‌ كه‌وتووه‌، له‌ كۆتا كۆبونه‌وه‌ی‌ حزبه‌ كوردستاینه‌كان كه‌ له‌ 7ی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵ له‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو كۆبوونەوەكه‌ نوێنەرانی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری ‌و دیموكراسی‌ ، سۆسیالیست ، ئاینده‌ ئاماده‌یی‌ بوون به‌ڵام یەك لیستی لە ناوچەكانی جێناكۆكه‌كان بریاری‌ لێنه‌درا ته‌نیا پاشگه‌زبونه‌وه‌ی‌ پارتی‌ بۆ به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ لێ سه‌وز بوو.

 

خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ ووت: "ئێمه‌ كه‌ بریارماندا له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق ناكه‌ین چونكه‌ پێمانوایه‌ له‌ دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ 2017 كه‌ركوك داگیركراوه‌ به‌ڵام كاتێك حزبه‌كان بریاریانداوه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ بكه‌ن ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌ بریاره‌كه‌ی‌ خۆمان پاشگه‌زببینه‌وه‌ چونكه‌ چاره‌نوسی‌ ئه‌و ناوچه‌نه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌سه‌رووی‌ بریاری‌ حزبیه‌وه‌یه‌."

 

پێشتر هەریەك لە گۆڕان، كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دادپه‌روه‌ری‌ و دیموكراسی‌ هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردن لە ناوچەكانی جێناكۆك پێكهێنا، بەڵام پارتی بڕیاریدابوو لە كەركوك بایكۆت بكات و یەكێتیش لیتسێكی‌ به‌ناوی‌ كه‌ركوك چاره‌نوسمانه‌ پێكهێنا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌لایه‌ن سێ‌ حزب تۆماركراوه‌.

 

له‌ به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد، پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان دابه‌ش بوون به‌سه‌ر مه‌زهه‌ب و ئینتمایی‌  سه‌ركرده‌كانی‌ عێراق، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ململانێكان بۆ یه‌ك لیستی‌ لای‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت ، هه‌رچه‌نده‌ جیاواز له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد هه‌ردوو پێكهاته‌كه‌ی‌ تر به‌رگری‌ له‌عێراقیبونی‌ كه‌ركوك ‌و مانه‌وه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ده‌كه‌ن.

 

راكان سه‌عید پارێزگاری‌ كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی‌ عه‌ره‌بی‌ پێشتر هه‌فته‌ی‌ رابردوو رایگه‌یاند :"داوا له‌ ته‌واوی‌ پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌ب ده‌كه‌ین به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن چونكه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ ئێستا به‌ده‌ست هاتووه‌ به‌هۆی‌ یه‌ك ده‌نگی‌ نه‌ته‌وه‌یمانه‌."

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ دیاره‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ سوونه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ئه‌و داواكارییه‌ی‌ خسته‌ڕوو به‌ڵام كوتله‌ عه‌ره‌بیه‌كان به‌سه‌ر حه‌وت قه‌واره‌ی‌ جیاجیا دابه‌ش بوون كه‌ زۆرینه‌یان له‌نێو لیسته‌كه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و سه‌رۆكی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌ و لیسته‌كه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عێراق ئه‌یاد عه‌لاویدان.

 

هه‌روه‌ها پێكهاته‌ی‌ توركمان دابه‌ش بوون‌ به‌سه‌ر ئه‌و لیسته‌نه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ شیعه‌ و سوونه مه‌زهه‌بن ، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ توركمانه‌كانی‌ كه‌ركوك دابه‌ش بن و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئه‌و كوتله‌ یه‌كگرتووه‌ی‌ توركمانیش هه‌بوو له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك.

 

هه‌فته‌ی‌ رابردوو دوو ئه‌ندامی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌ب له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ كوتله‌ی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ جیابونه‌وه‌و لیستی‌ خزمه‌تی‌ توركمانیان پێكهێنا هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ جیابونه‌وه‌كان ده‌ڵێت جیابونه‌وه‌مان به‌ ئامانجی‌ خزمه‌تكردنه‌. 

 

نه‌جات حسێن ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا و نوێنه‌ری‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌ له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ وت:" دروستكردنی‌ لیستێكی‌ نوێ‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ زیاتری‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكه‌ نه‌ك بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن."

 

هه‌وره‌ها محه‌مه‌د جاسم سه‌رۆكی‌ حزبی‌ توركمانی‌ قه‌ومی‌ به‌"نیقاش"ی‌ ووت :" ده‌بوایه‌ سه‌رجه‌م حزبه‌ توركمانیه‌كان به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكیان مسۆگه‌ر بكردایه‌ به‌ڵام ناكۆكییه‌كان رێگربوون له‌به‌رده‌م یه‌ك لیستی‌."

 

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هه‌ڵمه‌تی‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕه‌سمی‌ ده‌ستی‌ پێنه‌كردوه‌، به‌ڵام كه‌ سه‌ردانی‌ باره‌گای‌ حزب و پارته‌ جیاوازه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌كه‌یت باس باسی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ 12 كورسیه‌كه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ئه‌م هه‌لبژاردنه‌ لای‌ زۆرینه‌یان حزبه‌كان به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سوور بناسرێت به‌ تایبه‌ت كه‌ یه‌كه‌م كاندیدی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌ كه‌ركوك تیرۆركرا - عەلی ئەڵماس غائیب، کاندید لەلیستەکەی عەبادی-

 

هاوڕێ زه‌نگه‌نه‌ پارێزه‌رو شاره‌زای‌ بواری‌ هه‌ڵبژاردن به‌"نیقاش"ی‌ ووت :" هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ جیاواز له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ تر ده‌بێت، چونكه‌ كەره‌سته‌كانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن زۆرینه‌ی‌ سه‌ربازین هه‌ر له‌ كۆتایی‌ شه‌ری‌ داعش و باڵاده‌ستی‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان تا تاوانی‌ هێزی‌ میلیشیاكان بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ له‌بری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سپی‌ ده‌بێته‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سوور."

 

پارێزگای كەركوك له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوو 12 كورسی لە پەرلەمانی عیراق بۆ دانرابوو ، لەو ژمارەیەش حزبە كوردیەكان هەشت كورسی بەدەستهێنا كە شەشیان بۆ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و دوو كورسیش بۆ پارتی بوو ، هه‌روه‌ها گردبونه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ دوو كورسی‌ و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ دوو كورسیه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ مسۆگه‌ر كرد.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌