راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بانگه‌شه‌ی نابه‌رامبه‌ر‌و بێ متمانه‌یی
هه‌ڵبژاردن له‌ئه‌نبار ته‌نیا دروشمی سه‌ر پاشماوه‌ی وێرانكارییه‌كانه‌

که‌مال عه‌یاش
هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كان له‌نێو پاشماوه‌ی وێرانكاری‌و سوپایه‌ك له‌ده‌ربه‌ده‌ربووانی نێو كامپه‌كانی ئاواره‌یی، ئه‌ركی راكێشانی لایه‌نگر سه‌خت ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌سته‌میش نه‌بێت.
15.02.2018  |  ئه‌نبار

حزب‌و كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌ ئه‌نبار كێبڕكێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن له‌نێو ملیۆنێك‌و 54 هه‌زار ده‌نگده‌ری پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) كه‌ به‌سه‌ر (71) بنكه‌ی ده‌نگداندا دابه‌ش بوون‌و (11) یان تائێستاش داخراون كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی خۆرئاوای ئه‌نبار كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ ژێرده‌ستی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان ئازاد بوون.

 

به‌گوته‌ی نووسینگه‌ی ئه‌نباری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژادنه‌كان ته‌نیا (31%)ی ده‌نگده‌ران زانیارییه‌كانیان نوێكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی خواستی راسته‌قینه‌ی به‌شداریكردنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا‌و وه‌ك تاشه‌ به‌ردێك وایه‌ ئومێدی ئه‌و گه‌نجه‌ خوێنگه‌رمانه‌ی له‌سه‌ر تێكده‌شكێت كه‌ بڕیاریان داوه‌ بچنه‌ كێبڕكێی سیاسییه‌وه‌.

 

ئه‌حمه‌د فه‌یاز (42 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ كاندیدانی بزووتنه‌وه‌ی رابوونی گه‌نجان له‌ شاری رومادی، ئه‌و پێیوایه‌ گۆڕه‌پانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو سه‌ختترین ده‌بێت، ئه‌ویش به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی به‌شداری ئه‌و گه‌نجانه‌ی گوێڕایه‌ڵی هه‌ر ئه‌جێندایه‌كی سیاسی نابن كه‌ چه‌ند به‌رنامه‌و میكانیزمێكیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت ئامانجه‌كانی راستكردنه‌وه‌ی رێچكه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی به‌دینه‌هێنن.

فه‌یاز قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "له‌ كۆنفرانسه‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌و بۆنانه‌شدا كه‌ به‌گشتی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا كۆمانده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ لایه‌نگر یاخود به‌رهه‌ڵستكاریش بن، گوتاره‌كانمان خاڵین له‌ به‌ڵێنی ماددی، چونكه‌ ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌یه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ به‌به‌شداری جه‌ماوه‌ره‌كه‌مان هه‌وڵی به‌دیهێنانی ده‌ده‌ین، ره‌نگه‌ ئه‌و گوتاره‌ش به‌هۆی ژاوه‌ژاوی زوڕناژه‌نانی گه‌نده‌ڵه‌كانه‌وه‌ كه‌ تائێستاش به‌رز‌و كاریگه‌ن، گوێی بۆ نه‌گیرێت".

 

هه‌روه‌ها ده‌شلًێت: "خۆمان له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی سه‌خت‌و ره‌وتێكی پێچه‌وانه‌دا ده‌بینینه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی شكستپێهێنانی پرۆژه‌كه‌مان‌و هێشتا پێویستمان به‌ هۆكاره‌كانی خۆڕاگرییه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و كوتله‌ گه‌ورانه‌ی خاوه‌نی پاره‌‌و هه‌ژموونن، له‌به‌رامبه‌ریشدا جه‌ماوه‌رێك هه‌یه‌ متمانه‌ی به‌ هه‌موو گوتارێكی سیاسی‌و پرۆژه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌‌و گاڵته‌ی به‌ هه‌موو چالاكییه‌كی هه‌ڵبژاردن دێت".

 

فه‌یاز هه‌روه‌ها وتی: "پێده‌چێت ئه‌ركه‌كه‌مان ئه‌سته‌م بێت به‌تایبه‌تی كه‌ هاووڵاتی متمانه‌ی به‌هیچ شتێكی ده‌وروبه‌ری نه‌ماوه‌‌و چیتر باوه‌ڕ به‌ ناوه‌رۆكی به‌رنامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ناهێنێت، ته‌نانه‌ت هه‌موو پرۆسه‌كه‌ش هانی نه‌داوه‌ بچێت زانیارییه‌كانی نوێبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌لێكی زێڕین ده‌خاته‌ به‌رده‌م هه‌ندێك كوتله‌ی سیاسی له‌ڕێی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ نوێنه‌كراوانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان".

 

ئه‌و پرسیاره‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ له‌كاتی بینینی هه‌ر چالاكییه‌كی هه‌ڵبژاردندا ده‌یڵێنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و چالاكیانه‌ی ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ربه‌خۆن‌و له‌ ناو نه‌هامه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، ئه‌وه‌یه‌ چۆن چه‌ند كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ كه‌ سه‌ر به‌هیچ حزب یان هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسی نین، ئاهه‌نگ‌و میهره‌جانی هه‌ڵبژاردن به‌ پاره‌یه‌كی زۆر رێكده‌خه‌ن‌و چۆن ده‌توانن ئه‌و حزبه‌ نوێیانه‌ تۆمار بكه‌ن ئه‌گه‌ر پشتگیری ته‌واویان بۆ دابین نه‌كرابێت.

 

عه‌بدولحه‌مید سه‌غیر له‌ ده‌یه‌ی شه‌شه‌می ته‌مه‌نیدایه‌‌و نیشته‌جێی شاری رومادیه‌، ئه‌و نه‌كه‌وتووته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و به‌رنامانه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ تا ساڵی 2014 له‌گه‌ڵیان ژیاوه‌‌و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ كارێكی "یه‌كلاكراوه‌" وه‌سف كرد‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و بانگه‌شه‌‌و به‌رنامانه‌ش كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن له‌ كات‌و پاره‌ به‌فیڕۆدان به‌ولاوه‌ هیچی دیكه‌ نین –وه‌ك خۆی ده‌ڵێت-.

 

سه‌غیر به‌ "نیقاش"ی وت: "هه‌مان ئه‌و ده‌موچاوانه‌ن‌و هه‌ر جاره‌ی به‌رگێك ده‌پۆشن له‌گه‌ڵ ئه‌و قۆناغه‌دا بگونجێت كه‌ تێیدا ده‌ژین، یه‌كه‌مجار به‌ به‌رگی ئاینه‌وه‌ هاتن كاتێك حزبه‌ ئیسلامییه‌كان خۆیان كاندید كرد، پاشان به‌رگی عه‌شایریان پۆشی وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و حزبانه‌ی شه‌قامی عێراقیان لێ دووركه‌وته‌وه‌، وا ئه‌مڕۆش له‌ شێوه‌یه‌كی نوێی گه‌نجانه‌دا هاتوون تا لاسایی گه‌نجانی خوێنگه‌رم بكه‌نه‌وه‌ به‌پاساوی هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی خوێنی نوێ بۆ پرۆسه‌ی سیاسی، به‌ڵام بزوێنه‌ری هه‌موو ئه‌م ده‌موچاوانه‌ یه‌كێكه‌".

 

پرۆسه‌ی چوونه‌ نێو ڕیزی حزبه‌ سیاسییه‌كان ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌كی نوێش بێت، به‌ڵام بووه‌ته‌ كارێكی ئاسایی، به‌تایبه‌تی دوای نه‌مانی دیمه‌كانی تیرۆركردن‌و له‌ناوبردنی سیاسی كه‌ پێشتر له‌میانی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌مانبینین ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ ئه‌منییه‌ی پارێزگاكه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌‌و نه‌مانی گرووپه‌كانی داعش‌و ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرد.

 

ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك بێت له‌و هۆكارانه‌ی هانی قه‌واره‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كانی داوه‌ بۆ قۆستنه‌وه‌ی توانای گه‌نجان وه‌ك هه‌وڵێك بۆ راكێشانی توێژێكی گرنگ‌و كاریگه‌ر كه‌ هه‌وڵی به‌شداریكردن له‌ گۆڕانكاری به‌ره‌و باشتر ده‌دات به‌تایبه‌تیش كه‌ راگواستن‌و ده‌ربه‌ده‌رییان چه‌شتووه‌‌و خواستی ئه‌وه‌یان له‌لا دروست بووه‌ گۆڕانكاری بكه‌ن‌و به‌ڕه‌ له‌ ژێرپێی ئه‌و حزب‌و كه‌سایه‌تیانه‌ رابكێشن كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری سته‌ملێكردن‌و په‌راوێزخستنیان.

 

مازن خه‌لیفاوی (38 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری رومادی‌و كاندیدی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌، ئه‌و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی كاندیده‌ نوێیه‌كان رووكارێكی گه‌نجانه‌ن بۆ ئه‌و كوتله‌ سیاسیه‌ گه‌ورانه‌ی چیتر له‌ شه‌قامی عێراقی‌و به‌تایبه‌تی له‌ پارێزگای ئه‌نباردا قبوڵكراو نین.

 

خه‌لیفاوی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ته‌نیا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ساده‌ له‌ پاشخانی ئه‌و ناو‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی له‌میانی دیداره‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان یان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ ناوه‌رۆكێكی بانگه‌شه‌ئامێزی ناڕێكوپێك، به‌ر گوێی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ون، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ناوانه‌ ئه‌جێندای ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ به‌تاڵانبردنی پاره‌ی عێراق‌و وێرانكارییه‌كانی تۆمه‌تبارن، زۆر جاریش ئه‌و ناوانه‌ له‌میانی بۆنه‌ ره‌سمییه‌كاندا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ دیاره‌كاندا كۆده‌بنه‌وه‌".

 

محه‌مه‌د رازی حه‌لبوسی (46 ساڵ) كه‌ نیشته‌جێی شاری كه‌رمه‌یه‌ (10 كم له‌ خۆرهه‌ڵاتی فه‌لوجه‌)، نایه‌وێت به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بكات، چونكه‌ باوه‌ڕی به‌ هیچكام له‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیانه‌ نییه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریدان‌و ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌و "گه‌مه‌ بێبه‌ها"یه‌ وه‌ك خۆی وه‌سفی ده‌كات.

 

حه‌لبوسی به‌ "نیقاش"ی وت: "كه‌ باسی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌م وایده‌بینم باسی گه‌مه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاشكرابوو ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی پشتیوانی ئه‌و چالاكییانه‌ ده‌كه‌ن بێگومانن له‌وه‌ی ئاماده‌بووان پشتگیریان ناكه‌ن‌و چاره‌یان ناون، هه‌روه‌ها ئاماده‌بووانیش باش ده‌زانن كه‌ ئه‌و قه‌واره‌‌و حزبانه‌ی ئیدیعای نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن ته‌نیا ئامانجیان به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كانیانه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ هه‌ر وه‌رزێكی هه‌ڵبژاردندا چه‌ند ده‌ڵاڵێك هه‌ن كه‌ باش ده‌یانناسین له‌به‌رامبه‌ر پڕه‌ پاره‌یه‌كدا ده‌نگ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، له‌م وه‌رزه‌شدا پێشوه‌خت پرۆسه‌ی ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌ له‌ڕێی كڕینی كارتی ده‌نگده‌ران له‌به‌رامبه‌ر 50 هه‌زار دینار وه‌ك مووچه‌ی مانگانه‌ تا واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ش دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌، كێش ده‌توانێت ده‌نگی خه‌ڵك بكڕێت جگه‌ له‌ كه‌سانێك ده‌ستێكی باڵایان له‌و بواره‌دا نه‌بێت".

 

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی وه‌رزی هه‌ڵبژاردنیشدا له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا باس باسی حزبه‌ سیاسییه‌كان‌و هاوپه‌یمانییه‌كان‌و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانه‌‌و له‌ڕێی كه‌ناڵه‌ زۆروزه‌وه‌نده‌كانی میدیا‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ته‌ركیز ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌روازانه‌ ته‌نیا ده‌رگای كاندیده‌كان نین بۆ نێو ده‌روون‌و باوه‌ڕه‌ی جه‌ماوه‌ر، بۆیه‌ روو له‌ شێخی عه‌شیره‌ته‌كان ده‌كرێت به‌وپێیه‌ی گه‌وره‌ترین گه‌نجینه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانن.

 

بێگومان به‌حوكمی نه‌ریتی عه‌شایری شێخی عه‌شیره‌ت توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ لایه‌نگرانی بهێنێت ده‌نگ به‌ حزبێك یان كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی بده‌ن كه‌ خۆی پشتیوانی‌و پاڵپشتی ده‌كات، به‌ڵام به‌وته‌ی شێخ مه‌حمود جه‌ربوع (58 ساڵ) یه‌كێك له‌ ریشسپیانی شاری رومادی ئه‌و وێرانكاری‌و كاولكارییه‌ی به‌سه‌ر شاره‌كانی پارێزگاكه‌دا هاتووه‌ له‌ ئه‌نجامی كرده‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كاندا بووه‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌ پێشوازی له‌ هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ناكات كه‌ چاوی بڕیبێته‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی خه‌ڵكی ئاواییه‌كه‌ی.

 

جه‌ربوع به‌ "نیقاش"ی وت: "ناكرێت شێخانی عه‌شیره‌ته‌كان‌و ریشسپیانی پارێزگاكه‌ له‌وانه‌ی پێگه‌یه‌كی به‌رزیان له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ عه‌شایرییه‌كاندا هه‌یه‌، گوشار له‌ شوێنكه‌وتووانیان بكه‌ن بۆ ده‌نگدان به‌ كه‌سایه‌تییه‌ك‌و ده‌نگنه‌دان به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ پارێزگاكه‌ هێشتا به‌ده‌ست وێرانكاری‌و كه‌می خزمه‌تگوزاریه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، دووه‌میش نه‌بوونی متمانه‌یه‌ له‌نێوان كاندیده‌كان‌و ده‌نگده‌راندا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌