راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌نده‌ڵی‌ شاره‌كه‌ی‌ خواردووه‌
كه‌ربه‌لاییه‌كان بڕیار له‌چاره‌نووسی حزبه‌ ئاینیه‌كان ده‌ده‌ن

عه‌باس سه‌رحان
حزبه‌ ئیسلامیه‌كان تا دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بژارده‌ی زۆربه‌ی ده‌نگده‌ران بوون له‌پارێزگای كه‌ربه‌لا، به‌ڵام به‌هۆی‌ گۆڕانكارییه‌ خێراكانی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو ئێستا هاوكێشه‌كه‌ گۆڕاوه‌.
8.02.2018  |  كه‌ربه‌لا

له‌ ساڵی 2015وه‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا له‌پاڵ چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی باشووری وڵات خۆپیشاندانی به‌خۆوه‌ بینی كه‌ داوای چاكسازی‌و لێپێچینه‌وه‌ی له‌ تێوه‌گلاوان به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كرد، خۆپیشانده‌ران دروشمی دژ به‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كانیان ده‌وته‌وه‌ له‌ نموونه‌ی "به‌ناوی ئاینه‌وه‌ دزه‌كان دزیان لێكردین" ئه‌ویش له‌ ئاماژه‌یه‌كدا بۆئه‌وه‌ی حزبه‌ ئاینیه‌كان ئاینیان قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات‌و به‌ده‌ستهێنانی سوودی خۆیان‌و لایه‌نگرانیان به‌ده‌ر له‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی دیكه‌ كه‌ هه‌ڵیانبژاردوون.

 

ئه‌م ئاماژانه‌ش به‌ڕوونی به‌ڵگه‌ی پاشه‌كشه‌كردنی ئاستی جه‌ماوه‌ری حزبه‌ ئیسلامییه‌كانه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانیان له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی توڕه‌وه‌ چه‌ند جارێك ده‌ستدرێژیان كرایه‌ سه‌ر‌و وایان لێهات نه‌یانده‌وێرا به‌ ئازادی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا وه‌كو چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ربكه‌ون.

 

ئه‌و حزبانه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ڵمه‌تی پێشوه‌ختی هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستپێكردووه‌ وه‌كو ئاماده‌بوون له‌ میوانخانه‌ی شێخی عه‌شیره‌ته‌كان یاخود بانگهێشتكردنی ئه‌و شێخانه‌ بۆ باره‌گای خودی حزبه‌كان، ئه‌و دیداره‌ به‌رته‌سكانه‌ش بێبه‌ش نه‌بوون له‌ ره‌خنه‌ی توندی چالاكوانانی كه‌ربه‌لا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی میدیا.

 

به‌مه‌به‌ستی سه‌رله‌نوێ نزیكبوونه‌وه‌ش له‌ جه‌ماوه‌ره‌ دووره‌په‌رێزه‌كه‌یان، ئه‌و حزبانه‌ به‌مدواییانه‌ په‌نایان برد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و لافیتانه‌ی هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ به‌زاندنی پیرۆزییه‌كانی شاره‌كه‌ له‌ نموونه‌ی گوێگرتن له‌ گۆرانی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان یاخود پیشاندانی جلوبه‌رگی ژنانه‌ له‌به‌رده‌م رووكاری دوكانه‌كان یان پۆشینی جلوبه‌رگی دانه‌پۆشراو له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌.

 

به‌ڵام لافیته‌كان كاردانه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌یان لێكه‌وته‌وه‌‌و هاووڵاتیان ره‌تیانكردنه‌وه‌‌و چالاكوانانیش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵمه‌تیان له‌دژ ده‌ستپێكردن‌و به‌ هه‌وڵێكی شكستخواردووی حزبه‌ ئاینیه‌كانیان دانا بۆ سه‌رله‌نوێ به‌كارهێنانی ئاین بۆ مه‌به‌ستی سیاسی، داواشیان له‌و حزبانه‌ كرد كه‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن له‌به‌ری باسكردنی مه‌سه‌له‌ی حه‌ڵاڵ‌و حه‌رام خزمه‌تگوزاری دابین بكه‌ن‌و خۆڵ‌و خاشاكی كه‌ڵه‌كه‌بوو نه‌هێڵن.

 

كه‌سانی نزیك له‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان هێشتا هه‌ست به‌ گه‌شبینی ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ فوئاد دوركی سه‌ركرده‌ له‌ حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی‌و په‌رله‌مانتاری پێشوو به‌ "نیقاش"ی وت: "شه‌قام له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا‌و ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشوور شوناسی ئیسلامیه‌‌و بژارده‌كانی له‌ده‌ست نادات".

 

كه‌سانی نزیك له‌و حزبانه‌ ره‌خنه‌ له‌وه‌ ده‌گرن كه‌ به‌ "هه‌ڵمه‌تێكی سته‌مكارانه‌" وه‌سفی ده‌كه‌ن‌و كردوونیه‌ته‌ ئامانج، عه‌لمانی‌و به‌عسیه‌كانیش به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ له‌پشت ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ن، ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ حزبه‌كانیان له‌دوای ساڵی 2003وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان كۆنترۆڵ كردبێت، چونكه‌ حوكم به‌ هاوبه‌شی بووه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق.

 

دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حزبه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ كرداری حوكمیان كۆنترۆڵ كردبێت ئه‌وا ده‌یانتوانی یاسا عه‌لمانیه‌ باوه‌كان بگۆڕن‌و حیجاب بسه‌پێنن‌و بازرگانی مه‌ی له‌وڵات‌و به‌تایبه‌تی له‌ به‌غدای پایته‌خت قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن.

 

فوئاد دوركی دوورتر له‌وه‌ش ده‌ڕوات‌و ده‌ڵێت: "سه‌رۆك وه‌زیرانی شیعه‌ نه‌یتوانیوه‌ یه‌ك بڕیار له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تێپه‌ڕێنێت به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌".

 

پێشی وایه‌ ئازادكردنی خاكی عێراق له‌ داعش‌و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی وڵات‌و باشبوونی گوزه‌ران‌و بژێوی توێژێكی به‌رفراوانی هاووڵاتیان به‌ر له‌ قه‌یرانی دارایی، چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكن له‌سایه‌ی سه‌ركردایه‌تی دوو سه‌ركرده‌ی حزبێكی ئیسلامیدا به‌ده‌ستهاتوون كه‌ ئه‌وانیش مالیكی‌و عه‌بادین.

 

رائید عه‌سه‌لی چالاكوانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌شداری له‌ چه‌ند خۆپیشاندانێك بۆ داواكردنی چاكسازی سیاسی‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌ تێوه‌گلاوان به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا كردووه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌وه‌ی هه‌ندێك حزب به‌ ده‌ستكه‌وتی ده‌زانن له‌ راستیدا شكسته‌، چونكه‌ به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌‌و له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵی سێیه‌كی خاكی عێراقیش له‌ سایه‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌مان ئه‌و حزبه‌ ئیسلامیانه‌دا بووه‌ كه‌ پێیانوایه‌ ده‌ستكه‌وتیان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ ئازادكردنی عێراق‌و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی".

 

ره‌نگه‌ حزبی دیكه‌ پاشه‌كشه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ری حزبه‌ ئیسلامییه‌كان وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆ حزبه‌ عه‌لمانییه‌كا ببینن به‌تایبه‌تی حزبی شیوعی عێراق كه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ده‌ڵێن پاكترین حزبی سیاسییه‌ له‌دوای ساڵی 2003وه‌ له‌ حوكمدا بووبێت به‌تایبه‌تی كه‌ پۆستی گرنگی نه‌گرتووه‌ته‌ ده‌ست‌و هه‌ر دوور بووه‌ له‌ پشككاری كه‌ حزبه‌ جیاجیاكان له‌ ساڵی 2003وه‌ پۆسته‌ باڵاكانی وڵاتیان پێ دابه‌ش كردووه‌.

 

كیفاح حه‌سه‌ن سه‌ركرده‌ی پێشوو له‌ حزبی شیوعی گه‌شبینییه‌كی زۆر پیشان ده‌دا به‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی ئه‌نجامی گرنگ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه‌ پاشه‌كشه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ری حزبه‌ ئیسلامییه‌كان‌و نه‌بوونی جێگره‌وه‌یه‌كی كاریگه‌ر له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقدا واده‌كه‌ن حزبی شیوعی عێراق زۆرترین چانسی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی له‌ هه‌ڵبژاردندا هه‌بێت.

 

كیفاح به‌ "نیقاش"ی وت: "حزبی شیوعی مێژوویه‌كی گه‌وره‌‌و ناوبانگێكی باشی هه‌یه‌‌و له‌ هه‌ڵبژاردندا ئه‌نجامی باش به‌ده‌ستده‌هێنێت به‌مه‌رجێك به‌ لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری تێدا بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبانه‌ ببه‌ستێت كه‌ پێشتر به‌شداریان له‌ حوكمدا كردووه‌".

 

به‌ڵام هیچ شتێك نییه‌ به‌كرده‌وه‌ ئاماژه‌ بێت بۆئه‌وه‌ی حزبه‌ عه‌لمانییه‌كان به‌ حزبی شیوعیشه‌وه‌ لایه‌نگرییه‌كی فراوانیان له‌لای ده‌نگده‌ران هه‌بێت، بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ پاشه‌كشه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ری حزبه‌ ئیسلامییه‌كان مانای به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ری حزبه‌ عه‌لمانییه‌كان بێت، چونكه‌ ناتوانرێت پێشوه‌خت پێشبینی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بكرێت.

    

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا له‌دوای ساڵی 2015 ماوه‌یه‌ك درێژه‌ی كێشا كه‌م نه‌بوو، به‌ڵام ره‌وتێكی سیاسی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌ داواكارانی چاكسازی‌و نه‌یارانی به‌رده‌وامبوونی هه‌ژموونی حزبه‌ ئیسلامییه‌كان كۆبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ دیمه‌نه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ناڕوون بێت‌و به‌ ئاسانی پێشبینی بۆ نه‌كرێت.

 

 ئه‌وه‌ی ده‌كرێت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێشبینی بكرێت ئه‌وه‌یه‌ ره‌نگه‌ ده‌نگده‌ران به‌زۆری به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نه‌كه‌ن وه‌ك به‌شداریكردنیان له‌ خوله‌كانی پێشوودا، ئه‌مه‌ش زۆر له‌ واقیعه‌كه‌ ناگۆڕێت، چونكه‌ لایه‌نگرانی حزبه‌كان جارێكی دیكه‌ ده‌یانگه‌یه‌ننه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات مادام ده‌ستووری عێراق‌و یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌مترین رێژه‌ی به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردندا دیاری نه‌كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتوو یاخود سه‌رنه‌كه‌وتوو وه‌سف بكرێت.

   

سه‌رباری ئه‌وه‌ش رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ نموونه‌، مافی ده‌ستوه‌ردان‌و تانه‌دانیان له‌ شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن نییه‌ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌شداری تێداكردنی نزمه‌ وه‌ك هه‌ندێك له‌ نه‌یارانی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن بۆی ده‌چن، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌واو ناوخۆییه‌‌و رێكخراوه‌ نێده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نیا مافی چاودێریكردنیان هه‌یه‌‌و هیچی تر.

 

به‌ڵام نزمی رێژه‌ی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ئه‌گه‌ر به‌كرده‌وه‌ رووبدات، هه‌رایه‌كی سیاسی‌و میدیایی له‌ گۆڕپانی عێراقدا دروست ده‌كات‌و به‌رهه‌ڵستكاران وتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ زیاتر ده‌كه‌ن كه‌ گومان له‌ راستی نوێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌موو یاخود به‌شی زۆری عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن.

 

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ دكتۆر خالید عه‌رداوی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری فورات بۆ گه‌شه‌پێدان‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی هۆشداری ده‌دات‌و پێی وایه‌ پاشه‌كشه‌ی زۆری رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن مانای پاشه‌كشه‌ی رێژه‌ی پشتگیری جه‌ماوه‌رییه‌ بۆ هه‌موو پرۆسه‌ی سیاسی، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو ئیحراج ده‌كات.

 

عه‌رداوی به‌ "نیقاش"ی وت: "زیادبوونی جه‌ماوه‌ری توڕه‌ له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان ره‌نگه‌ وڵات به‌ره‌‌و چه‌ند كێشه‌یه‌ك ببات كه‌ ئاسایش‌و سه‌قامگیری تێكبدات، به‌تایبه‌تی كه‌ حزبه‌كان پلانێكیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی نییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ به‌تایبه‌تی بێكاری په‌ره‌ده‌سێنێت‌و له‌ مه‌ودای چاوه‌ڕوانكراودا ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی پێكدادانی شه‌قام‌و ده‌سه‌ڵات.

 

له‌پاڵ ئه‌و كه‌موكوڕییه‌ سیاسی‌و خزمه‌تگوزاری‌و ئابوورییانه‌شدا كه‌ له‌سه‌ر ئه‌دای حزبه‌ ئیسلامییه‌كان تۆمار ده‌كرێن، كه‌سانێك هه‌ن ئه‌و حزبانه‌ به‌ به‌رپرسیار داده‌نێن له‌ فروانبوونی بێ باوه‌ڕی له‌ڕیزی ئه‌و گه‌نجانه‌ی متمانه‌یان به‌ سوودی ئاین نه‌ماوه‌ كاتێك ده‌بینن حزبه‌ ئاینیه‌كان تێوه‌ ده‌گلێن له‌ گه‌نده‌ڵی‌و خراپ ئیداره‌دان، هه‌ڵبژاردنی داهاتووش ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئایا جیابوونه‌وه‌ له‌نێوان كه‌ربه‌لاییه‌كان‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌كاندا رووده‌دات یان نا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌