راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دیموكراسی‌ به‌ڵام به‌چه‌كه‌وه‌
هێزه‌ كوردییه‌كان خورمژیان ده‌وێت

مەعاز فەرحان
هه‌ر كاتێك واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كوردستان نزیك ده‌بێته‌وه‌، بابه‌تی‌ بوونی‌ هێزی‌ چه‌كدار دێته‌وه‌ به‌رمه‌یدان، هێزه‌ كوردییه‌كان هه‌م له‌گه‌ڵ دیموكراسیدان‌و هه‌م ده‌ست له‌چه‌كه‌كه‌شیان به‌رناده‌ن.
8.02.2018  |  سلێمانی
 ( :وێنه الموسوعة الحرة )
( :وێنه الموسوعة الحرة )

له‌فه‌رهه‌نگی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسی‌ كوردیدا وشه‌ی‌ "خورمژ" زۆر به‌كاردێت، ئه‌مه‌ش بۆ كه‌سێكه‌ كاتێك دوو بژارده‌ی‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ست، ده‌یه‌وێت هه‌ردوكیان بۆ خۆی‌ بێت، وشه‌كه‌ش له‌لێكدانی‌ (خورما+مێوژ)دا هاتووه‌، واته‌ كاتێك له‌كه‌سێك ده‌پرسن ئایا خورما ده‌خوات یان مێوژ، ئه‌و هه‌ردوكیانی‌ ده‌وێت، ئه‌م ماوه‌یه‌ش بارودۆخی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان رێك به‌و شێوه‌یه‌یه‌.

 

به‌پێی‌ یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ عێراق‌و كوردستان نابێت ئه‌و هێزانه‌ی‌ باڵی‌ سه‌ربازییان هه‌یه‌ به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن، به‌ڵام زیاتر له‌چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ زۆربه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست له‌چه‌كه‌كه‌یان هه‌ڵبگرن.

 

ئه‌وه‌ یه‌كلابووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌مانگی‌ ئایاری‌ داهاتوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، مقۆمقۆ گه‌رمه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌شدا كوردستان هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ خۆی‌ به‌ڕێوه‌ ببات، جگه‌ له‌بوونی‌ ساخته‌كاری‌‌و ناوی‌ زیاده‌و پێشێلكاری‌، بابه‌تی‌ بوونی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا له‌كوردستان ناوی‌ دێت.

 

له‌كوردستان زیاتر له‌ سی‌ حیزبی‌ سیاسی‌ هه‌ن، به‌ڵام پێنج له‌وانه‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ر زۆری‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانیان لایه‌ (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌).

 

ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ عێراق ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ ره‌نگه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان رۆژێك له‌رۆژان باڵی‌ چه‌كداریی‌ خۆیان به‌رامبه‌ر یه‌كتر به‌كاربهێنن، ئه‌م ترسه‌ له‌كوردستان بووه‌ته‌ واقیع‌و به‌ڕاستی‌ ئه‌زموونكراوه‌، دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌) بۆ چه‌ند ساڵێك به‌هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان شه‌ڕی‌ ناوخۆیان كرد، له‌هیچ قۆناغێكیشدا مه‌ترسی‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ گه‌وره‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆیانن، ده‌زگای‌ ئه‌منی‌‌و هه‌واڵگری‌‌و ئاسایش‌و جۆره‌ها هێزی‌ چه‌كداری‌ دیكه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، جگه‌ له‌مانه‌ش حزبی‌ سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ خاوه‌نی‌ تاقه‌ كورسییه‌كه‌ له‌په‌رله‌مان خاوه‌نی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ خۆیه‌تی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیش تا ساڵی‌ 2003 خاوه‌نی‌ هێزی‌ چه‌كداربوون، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا به‌فیعلی‌ مه‌كته‌بی‌ عه‌سكه‌رییان سڕكراوه‌، به‌ڵام رووبه‌رووی‌ هه‌ر ناكۆكییه‌ك ببنه‌وه‌، چه‌كداری‌ خۆیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ بۆ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ هێزه‌كانی‌ دیكه‌ش راسته‌.

 

ئێستا كه‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق نزیكبووه‌ته‌وه‌و باس له‌رێگری‌ هێزی‌ چه‌كداریی‌ ده‌كرێت، چه‌ندین كه‌س‌و لایه‌ن به‌ده‌رفه‌تی‌ ده‌زانن سوود له‌باڵاده‌ستی‌ عێراق وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ كوردستانیش به‌نیزامی‌ بكرێت‌و له‌ژێر سایه‌تی‌ حیزبه‌كاندا بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

ئه‌مین به‌كر، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق_گۆڕان_، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "له‌عێراقدا باس له‌وه‌ ده‌كرێت مادام هێزه‌كانی‌ حه‌شد چه‌كدارن نابێت بچنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانیش هه‌مان شته‌ به‌شێك له‌حزبه‌ سیاسیه‌كانیش هێزی‌ چه‌كداریان هه‌یه‌، به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه‌، تائێستاش ئه‌و هێزانه‌ وه‌لائیان بۆ ئه‌و دوو حیزبه‌یه‌ كه‌ دایانمه‌زراندوون".

 

ئه‌مین به‌كر، ترسی‌ خۆی‌ نه‌شارده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "ئێستاش ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ پێكدادانی‌ ناوخۆییدا به‌كاربهێنرێت‌و له‌سه‌ر خواست‌و ئیراده‌ی‌ حزب هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت".

 

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان 14 لیوای‌ هاوبه‌شی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌و ژماره‌یان 45 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌و به‌ڕێككه‌وتنی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دانراون، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی لیوایه‌ك به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌ بێت جێگره‌كه‌ی پارتییه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

 

جگه‌ له‌وه‌ش، هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ خاوه‌نی‌ هێزی‌ تایبه‌تی‌ خۆیانن، یه‌كێتی خاوه‌نی یه‌كه‌كانی 70و پارتییش خاوه‌نی یه‌كه‌كانی 80 یه‌و ژماره‌یان نزیكه‌ی 150 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت.

 

ئه‌مین به‌كر، جه‌ختیكردوه‌ "وه‌سفه‌كانی‌ هێزێكی‌ سه‌ربازی‌ رێكخراوی‌ ناحزبی‌ به‌سه‌ر هێزه‌كانی‌ حه‌فتاو هه‌شتادا ناچه‌سپێت، هه‌ردوو یه‌كه‌كه‌ سه‌ربه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتین وه‌كو به‌رێوه‌بردن‌و ئیداره‌دان، بۆیه‌ ناتوانرێت بوترێت هێزی‌ بێلایه‌نن".

 

لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ كوردستان ده‌ڵێن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشتری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، جگه‌ له‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بۆ "چاوترساندن"ی‌ ده‌نگده‌ران به‌كارهێنراون، له‌ هه‌مانكاتدا له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ ساخته‌كاری‌ له‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌ به‌وه‌ی‌ هه‌بووه‌ چه‌ند جارێك ده‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

 

یاسای حزبه‌كان له‌ عێراق كه‌ په‌رله‌مان له‌ ساڵی 2015 په‌سه‌ندی كرد، به‌شداریكردنی گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات‌و مادده‌ی 8ی كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندنی حزبه‌كان، تێیدا هاتووه‌ "نابێت دامه‌زراندنی حزب‌و كاركردنی له‌ شێوه‌ی رێكخراوی سه‌ربازی یاخود نیمچه‌ سه‌ربازیدا بێت، هه‌روه‌ك نابێت په‌یوه‌ندیان به‌ هیچ هێزێكی چه‌كداره‌وه‌ هه‌بێت".

 

دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌گه‌وره‌یی‌ دروشمی‌ دیموكراسییان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كاتێك بارودۆخه‌كه‌ به‌دڵی‌ ئه‌وان نه‌بووبێت باسی‌ به‌كارهێنانی‌ هێزی‌ چه‌كداریان هێناوه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌.

 

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كه‌ به‌یه‌كێك له‌دیموكراسخوازترین به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ ناسراوه‌، له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ كه‌ناڵی‌ رووداو له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵدا وتی‌ "ئه‌گه‌ر یه‌ك كورسی‌ یان سه‌د كورسی‌ بێنین، هه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانین... ئێمه‌ چه‌كمان هه‌یه‌و كه‌س ناتوانێت چه‌كمان بكات".

 

ئه‌م لێدوانه‌ له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌رایه‌كی‌ زۆری‌ نایه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی‌ گومانیان له‌دیموكراسی‌ كوردستان هه‌یه‌، هه‌میشه‌ وه‌ك باڵگه‌ی‌ قسه‌كانی‌ خۆیان باسیان ده‌كرد.

 

یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ پاساوی‌ یاسایی‌ ده‌هێننه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌ڵێن "هێزی‌ چه‌كداریان نییه‌"‌و له‌ چوارچێوه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌مینه‌كاندا رێكخراون.

 

شوان داودی‌، وته‌بێژی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دا تۆماركراون‌و وه‌زاره‌ت سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات‌و سه‌ر به‌ حكومه‌تن‌و چوارچێوه‌ی‌ یاساییان هه‌یه‌".

 

به‌ڵام پێیوایه‌ له‌ "عێراقدا هێزی‌ چه‌كدار هه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌نزومه‌ی‌ به‌رگرین"، وتیشی "هێزه‌كانی‌ یه‌كه‌ی‌ حه‌فتا‌و هه‌شتا وه‌كو هێزی‌ ره‌سمی‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".

 

هه‌روه‌ها شاخه‌وان عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، پشتیوانی‌ قسه‌كانی‌ داودی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "هیچ هێزێكی‌ چه‌كدار‌و حزبی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن‌و سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ن".

 

وتی‌ "به‌ڵام له‌ عێراقدا حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ شیعه‌كان خانه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌ تێیدا، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هێزی‌ حزبه‌‌و ده‌بوایه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌كراو به‌نیازن به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ بكه‌ن".

 

وتیشی‌ "هه‌ردوو یه‌كه‌ی‌ حه‌فتا‌و هه‌شتا، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بنه‌ هێزێكی‌ هاوبه‌ش، له‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌ی‌ ئه‌مریكا راهێنانیان پێده‌كرێت، دوای‌ ئه‌وه‌ ده‌بنه‌ لیوایه‌كی‌ هاوبه‌ش".

 

به‌ڵام قسه‌ی‌ ئه‌م دوو په‌رله‌مانتاره‌ له‌گه‌ڵ واقیعی‌ كوردستاندا یه‌ك نایه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كێتی‌ بووبێت، ئه‌وا جێگره‌كه‌ی‌ پارتی‌ بووه‌و هه‌ریه‌كه‌شیان ده‌ستی‌ به‌سه‌ر هێزه‌كه‌ی‌ ئه‌وی‌ تردا نه‌ڕۆیشتووه‌، كاتێكیش له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2013 وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ درا به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، وه‌زیره‌كه‌ی‌ گۆڕان ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی‌ پۆسته‌كه‌ی‌ پێبوو هیچ كاتێك ده‌ستی‌ به‌سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌ حیزبییه‌كاندا نه‌ده‌ڕۆیشت.

 

به‌گوێره‌ی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، دوا واده‌ی پێشكه‌شكردنی‌ ناوی‌ كاندیده‌كان به‌ كۆمسیۆن نزیكبووه‌ته‌وه‌و دوای‌ هه‌ڵسه‌نگاندن، ناوه‌كان په‌سه‌ند یاخود ره‌تده‌كرێنه‌وه‌.

 

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌یی‌ یاسایی‌ ده‌كات نه‌ك واقیع بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن دووربخاته‌وه‌.

 

سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، به‌"نیقاش"ی‌ وت "یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ ژێر چه‌تری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دا هێزه‌كانیان رێكخستووه‌، حه‌شدی‌ شه‌عبیش له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی‌ سه‌رۆكی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان رێكخستووه‌، به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ئه‌م حزبانه‌ هێزی‌ چه‌كدارییان هه‌بێت".

 

كاكه‌یی‌ وتی‌ "باسی‌ واقیع ناكرێت باسی‌ به‌ڵگه‌ ده‌كرێت، وه‌كو كۆمسیۆن به‌پێی‌ به‌ڵگه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ واقیع هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ین، به‌پێی‌ یاسا ئه‌م هێزانه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ هه‌بێت نكوڵی‌ له‌وه‌ بكات، ئه‌وا دادگا یه‌كلایده‌كاته‌وه‌، هه‌ر هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسای‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ هه‌بێت نابێت به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بكات".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌