راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سیاسه‌ت دیندارو بێدین كۆده‌كاته‌وه‌
سه‌در له‌شیعه‌كان یاخی ده‌بێت‌و ده‌بێته‌ دۆستی‌ شیوعییه‌كان

موسته‌فا حه‌بیب
هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی‌و بزووتنه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ته‌نیا یاخیبوون نییه‌ له‌حزبه‌ شیعییه‌كان، به‌ڵكو یاخیبوونیشه‌ له‌و وێنه‌ نه‌ریتیه‌ی زۆر ده‌مێكه‌ شیوعیه‌كانی به‌ كافر داناوه‌.
8.02.2018  |  به‌غدا

موقته‌دا سه‌در سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در هه‌موو پێشبینیه‌كانی تێپه‌ڕاند‌و سوپرایزێكی نوێی ته‌قانده‌وه‌ كاتێك هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ چه‌ند حزبێكی چه‌پ‌و مه‌ده‌نی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش چووه‌ نێو تۆماره‌ پڕ له‌ سوپرایزه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كه‌ دوایینیان هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی بوو له‌ ژێر عه‌بای ئێران‌و یاخیبوون له‌ حزبه‌ شیعه‌ فه‌رمانڕه‌واكان، له‌كاتێكدا سه‌در خاوه‌نی یه‌كه‌م بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی میلیشیای چه‌كداری "سوپای مه‌هدی" بوو به‌ پشتیوانی ئێران له‌ دوای ساڵی 2003.

 

سه‌در بڕیاری دا به‌ دامه‌زراندنی حزبێكی نوێ به‌ناوی "ئیستیقامه‌" بچێته‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌بری ناوی "ئه‌حرار"، هه‌روه‌ها له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كدا به‌ناوی "سائیرون نه‌حوه‌ لئیسڵاح" له‌ حزبه‌ چه‌پ‌و لیبراڵه‌كان نزیك بووه‌وه‌، ئه‌و ناوه‌ش هه‌مان ئه‌و دروشمه‌یه‌ كه‌ سه‌در به‌رزی كردبوه‌وه‌ كاتێك بڕیاری دا بچێته‌ پاڵ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ هێمنانه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر حزبی شیوعی‌و چه‌ند بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی رێبه‌رایه‌تیان ده‌كرد.

 

به‌مه‌ش سه‌در دابڕانی له‌ حزبه‌ شیعه‌كان نوێكرده‌وه‌‌و هێرشی كرده‌ سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ كاتییه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌گه‌ڵ گرووپه‌ شیعه‌كان كۆكردبووه‌وه‌‌و به‌ تایفی وه‌سفیكرد، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا سه‌در له‌لایه‌ن لایه‌نگران‌و دوژمنانیه‌وه‌ دووچاری شه‌پۆلێك ره‌خنه‌ی توند بووه‌وه‌ به‌هۆی به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ شیوعییه‌كان.

 

هه‌ینی رابردوو سه‌در له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی دایه‌وه‌‌و وتی: "كاتێك هاوپه‌یمانیمان له‌گه‌ڵ شیعه‌ به‌ست وتیان تایفییه‌، كاتێكیش هاوپه‌یمانیمان له‌گه‌ڵ سوننه‌ به‌ست پێیان وتم وه‌هابی‌و سعودی‌و به‌عسیه‌، كاتێكیش له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نییه‌كان هاوپه‌یمانیمان به‌ست وتیان بووه‌ به‌ شیوعی، كاتێكیش له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی نزیك له‌ ئێران هاوپه‌یمانیمان به‌ست وتیان سه‌فه‌وی ئێرانییه‌، كاتێكیش له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی نزیك له‌ عه‌ره‌ب هاوپه‌یمانیمان به‌ست وتیان به‌كرێگیراوه‌، من له‌پێناو عێراق‌و دوورخستنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ توندڕه‌وه‌كان‌و پشتیوانی ده‌نگه‌ میانڕه‌وه‌كاندا به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌م بۆ پشتیوانی چاكسازی‌و له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی‌و تیرۆر".

 

هاوپه‌یمانی "سائیرون نه‌حوه‌ لئیسڵاح" كه‌ سه‌در رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، شه‌ش حزب له‌خۆده‌گرێت كه‌ دیارترینیان حزبی "ئیستیقامه‌"‌و حزبی دێرینی شیوعی عێراقی‌و "گردبوونه‌وه‌ی كۆماری عێراقی" به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌عد عاسم جه‌نابی بزنسمانی سوننه‌ كه‌ به‌ بۆچوونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناسراوه‌، هه‌موو ئه‌م هێزه‌ نه‌گونجاوانه‌ش له‌ڕووی فیكرییه‌وه‌ له‌ یه‌ك هاوپه‌یمانیدا یه‌كیان گرتووه‌.

 

جاسم حه‌لفی سه‌ركرده‌ له‌ حزبی شیوعی به‌ "نیقاش"ی وت: "ئامانج له‌ پێكهێنانی هاوپه‌مانی سائیرون گۆڕینی ته‌رازووی هێزه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی لاوازكردنی حزبه‌كانی پشككاری تایفی‌و گه‌مارۆدانی گه‌نده‌ڵكاران‌و كۆكردنه‌وه‌ی بنكه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی له‌ گۆڕانكاریدا هه‌بێت، ئه‌م ئامانجه‌ گرنگانه‌ن كه‌ چه‌ند حزبێكی جیاوازیان له‌رووی فیكرییه‌وه‌ له‌ یه‌ك هاوپه‌یمانیدا كۆكردووه‌ته‌وه‌".

 

وتیشی: "هاوپه‌یمانییه‌كه‌ هه‌وڵ ده‌دات داواكاریی خۆپشاندانه‌كانی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌خۆبگرێت‌و داكۆكی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جه‌ماوه‌ر بكات، چونكه‌ خۆپیشانده‌ران به‌درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو نوێنه‌رایه‌تییه‌كی سیاسی كاریگه‌ریان له‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌ماندا نه‌بوو بۆیه‌ هیچ كه‌س گوێی بۆ نه‌ده‌گرتن".

 

له‌ 31ی ته‌مموزی ساڵی 2015دا خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایه‌ته‌خت ده‌ستیپێكرد به‌ پشتیوانی حزبی شیوعی‌و هێزه‌ سیاسیه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی وڵات كه‌ داوای چاكسازی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی‌و كۆتاییهێنان به‌ پشككاری تایفی‌و گه‌نده‌ڵیان ده‌كرد، دواتر ناڕه‌زاییه‌كان پارێزگاكانی باشووری وڵاتیشیان گرته‌وه‌.

 

دوای چه‌ند مانگێك له‌ خۆپیشاندانه‌كان ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران كه‌مبووه‌‌و هێنده‌ی نه‌مابوو بوه‌ستێن، به‌ڵام موقته‌دا سه‌در هاوكێشه‌كه‌ی گۆڕی ئه‌ویش كاتێك له‌ نیسانی ساڵی 2016دا داوای له‌ هه‌زاران له‌ لایه‌نگرانی كرد بچنه‌ پاڵ خۆپیشاندانه‌كان، بۆیه‌ ناڕه‌زاییه‌كان له‌رابردوو به‌هێزتر بوون تا له‌ رووداوێكی مێژوویدا كه‌ عێراقییه‌كان له‌ یادی ناكه‌ن، گه‌یشتنه‌ نێو ناوچه‌ی سه‌وزی پارێزراو، ئیتر له‌و كاته‌وه‌ نیشانه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كی ده‌گمه‌ن له‌نێوان بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامی شیعه‌‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی هه‌ڵگری پره‌نسیپی عه‌لمانیه‌ت‌و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی ده‌ركه‌وت.

 

ته‌ها ره‌شید ئه‌ندامی حزبی شیوعی ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "هاوپه‌یمانی نێوان حزبه‌كه‌مان‌و ره‌وتی سه‌در له‌پڕ دروست نه‌بووه‌، به‌ڵكو دوای خه‌باتێكی هاوبه‌ش له‌دژی گه‌نده‌ڵی هات له‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌پێناو كاركردن بۆ هێنانه‌دی چاكسازی راسته‌قینه‌‌و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی".

 

 هه‌روه‌ها چه‌ند خاڵێكی هاوبه‌ش هه‌ردوولایان كۆكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دیارترینیان دژایه‌تیكردنی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووه‌، چونكه‌ ره‌وتی سه‌در به‌ سه‌رسه‌ختترین دوژمنی مالیكی داده‌نرێت‌و موقته‌دا سه‌در هه‌میشه‌ به‌ دیكتاتۆر وه‌سفی ده‌كات، هه‌روه‌ك لیژنه‌كانی هاوئاهه‌نگی خۆپیشاندانه‌كان كۆنه‌ دوژمنایه‌تییه‌كیان له‌گه‌ڵ مالیكی هه‌یه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جموجوڵی جه‌ماوه‌ری كه‌ له‌ 25ی شوباتی 2011دا به‌ڕێوه‌چوو كاتێك سه‌رۆك وه‌زیران سوپا‌و فڕۆكه‌ی به‌كارهێنا بۆ لێدانی خۆپیشانده‌رانی بێ چه‌ك و ده‌ستگیركردنیان.

 

به‌ڵام هاوپه‌یمانی نێوان سه‌در‌و شیوعییه‌كان كاریگه‌ریی لاوه‌كیشی هه‌بووه‌، هه‌ندێك هێز‌و حزبی مه‌ده‌نی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌ماندا له‌پاڵ حزبی شیوعیدا بوون، به‌ستنی هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در ره‌تكرده‌وه‌‌و بڕیاریان دا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن كه‌ دیارترین سه‌ركرده‌شیان بریتین له‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانتار فایه‌ق شێخ عه‌لی‌و شروق عه‌بایچی كه‌ پێیانوابوو ئه‌سته‌مه‌ ره‌وتێكی ئایینی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نیدا كۆببنه‌وه‌.

 

ئه‌و حزبه‌ شیعانه‌ی له‌دوای ساڵی 2003وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر حوكمی عێراقدا گرتووه‌، شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییان له‌و سێ هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌ماندا به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ له‌ ساڵانی (2005، 2009، 2014) به‌ڕێوه‌چوون‌و له‌ دوا هه‌ڵبژاردنیشدا ئه‌و حزبانه‌ 178 كورسییان له‌ كۆی 328 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستهێنا.

 

هاوپه‌یمانی شیعه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ره‌وتی سه‌در (34 كورسی)‌و ئیئتیلافی "مواتن" به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم (30 كورسی)‌و ره‌وتی "چاكسازی نیشتمانی" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ (6 كورسی)‌و ئیئتیلافی "فه‌زیله‌" (6 كورسی)‌و ئیئتیلافی "ده‌وڵه‌تی یاسا" (101 كورسی) هه‌روه‌ها كوتله‌ی "سادیقون"ی سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" (یه‌ك كورسی).

 

جیابوونه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ "هاوپه‌یمانی شیعه‌" مانای له‌ده‌ستچوونی نزیكه‌ی 30 كورسی په‌رله‌مانه‌‌و به‌وه‌ش هاوپه‌یمانی سیاسی شیعه‌ ئه‌و زۆرینه‌ سیاسییه‌ له‌ده‌ستده‌دات كه‌ دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌ده‌ستی ده‌هێنا، هاوكات سه‌در به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نییه‌كان‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ ببه‌ستێت له‌وانه‌ش ئیئتیلافی "وه‌ته‌نییه‌" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار كه‌ ستایشی هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌در ده‌كات‌و به‌دووریشی نه‌زانیوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ببه‌ستێت.

 

جه‌عفه‌ر موسه‌وی سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتی سه‌در به‌ "نیقاش"ی وت: "ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ین له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانمان له‌ له‌ناوبردنی پشككاری تایفی‌و پشتیوانیكردنی كه‌سایه‌تییه‌ ته‌كنوكراته‌كان بۆ گرتنه‌ده‌ستی پۆسته‌ باڵاكانی وڵات".

 

هه‌روه‌ها وتی: "ره‌وتی سه‌در ئاماده‌یی راگه‌یاندووه‌ بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ر حزبێكی سیاسی كه‌ ئه‌و ئامانجانه‌ی هه‌ڵگرتبێت به‌چاوپۆشین له‌ پاشخانه‌ ئایدیۆلۆجیه‌كه‌ی مادام ئامانجه‌كه‌ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت‌و له‌ناوبردنی ئه‌و گه‌نده‌ڵه‌ییه‌یه‌ كه‌ وڵاتی خاپوركردووه‌".

 

هاوپه‌یمانی سه‌در‌و شیوعییه‌كان ته‌نیا رووداوێكی سیاسی سه‌رنجڕاكێش نه‌بوو، به‌ڵكو یاخیبوونێكی مێژووییشه‌ له‌ باوه‌ڕی ئاینی ئیسلامی كه‌ زۆر ده‌مێكه‌ شیوعییه‌كان به‌ كافر داده‌نێت‌و به‌پێویستی ده‌زانێت دژایه‌تی بكرێن.

 

مێژووی عێراق بیره‌وه‌ری یه‌كه‌م ململانێی نێوان شیوعییه‌كان‌و ئیسلامییه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گێڕێته‌وه‌، دوای گۆڕینی رژێمی حوكم له‌ عێراق له‌ رژێمی پاشایه‌تییه‌وه‌ بۆ كۆماری له‌ ساڵی 1958دا كه‌ ئه‌فسه‌رانی سوپا به‌سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم رێبه‌رایه‌تیان كرد به‌ پشتیوانییه‌كی زۆری حزبی شیوعی كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌هێزترین‌و به‌ربڵاوترین حزب بوو له‌ وڵات‌و ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا.

 

له‌ ساڵی 1961دا موحسین حه‌كیم دیارترین پیاوی ئاینی شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف (كه‌ باپیری عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی حزبی "حیكمه‌"یه‌) فه‌توایه‌كی ئاینی ئاشكرا ده‌ركرد تێیدا هاتبوو "نابێت كه‌س ببێته‌ ئه‌ندامی حزبی شیوعی، چونكه‌ ئه‌وه‌ كوفر‌و بێ باوه‌ڕییه‌".

له‌ ئه‌نجامی به‌رفراوانبوونی شیوعیه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی‌و گه‌یشتنی به‌ پارێزگاكانی باشووریشدا یه‌كه‌م بیرۆكه‌ له‌ مێژووی مه‌زهه‌بی شیعه‌دا له‌ شاری نه‌جه‌ف سه‌ریهه‌ڵدا سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی حزبێكی سیاسی كه‌ پێشتر به‌شداریكردنی له‌ كاری سیاسیدا ره‌تده‌كرده‌وه‌، له‌ ساڵی 1960یشدا حزبی "ده‌عوه‌ی ئیسلامی" دامه‌زرا كه‌ له‌دوای ساڵی 2003وه‌ گه‌یشته‌ ده‌سه‌ڵات.

 

تائێستا ناتوانرێت پێشبینی ئه‌و كورسیانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت كه‌ هاوپه‌یمانی نێوان سه‌در‌و حزبی شیوعی له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت، چونكه‌ زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی سه‌در ره‌خنه‌یان له‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ گرتووه‌، هه‌روه‌ك حزبی شیوعیش به‌هۆی به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئاینی هه‌ندێك له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ ، به‌ڵام زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان هاوپه‌یمانییه‌كه‌ به‌ ده‌رفه‌تێكی مێژوویی ده‌بینن بۆ شكاندنی به‌ربه‌ستی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ تایفییانه‌ی ماوه‌ی 15 ساڵه‌ رێچكه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ وڵاتدا دیاری ده‌كه‌ن.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌