راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌سه‌ڵات‌و پاره‌ له‌كێبڕكێدان
ترس له‌بایكۆت باڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ڵاحه‌دین ده‌كێشێت

غه‌زوان حه‌سه‌ن ئەلجبوری
ترس له‌بایكۆت‌و به‌شدارینه‌كردن له‌هه‌ڵبژاردن‌و پێشبڕكێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ئاواره‌كان دیارترین نیشانه‌كانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوون له‌ سه‌ڵاحه‌دین.
8.02.2018  |  تكریت

كێبڕكێ‌و نزیكبوونه‌وه‌ له‌نێوان چوار لیستی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردندا هه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كانی پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین.

 

حزبی "جه‌ماوه‌ری نیشتمانی" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د جبوری پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین‌و براوه‌ی یه‌كه‌م له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوو، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش به‌ به‌هێزی هاتووه‌ته‌ نێو كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه‌.

 

 

حزبه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌كی عه‌شایری ناوچه‌یی پێكهاتووه‌ كه‌ بنكه‌كه‌ی فراوانكردووه‌ به‌ هاوپه‌یمانییه‌كی چۆنایه‌تی له‌گه‌ڵ شیعه‌ له‌ هه‌ردوو قه‌زای به‌له‌د‌و دوجه‌یلی باشووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین (175 كم له‌ باكووری به‌غدا)‌و هاوپه‌یمانییه‌كی چۆنایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و توركمان له‌ قه‌زای دوزخورماتوو (90 كم له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی تكریتی ناوه‌ندی پارێزگا) به‌وه‌ش وه‌ك گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی هه‌ڵبژاردن له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌.

 

له‌ دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ "ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا جبوری ناسراو به‌ ئه‌بو مازن"ه‌ كه‌ جه‌ماوه‌رێكی تاڕاده‌یه‌ك باشی هه‌یه‌‌و خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی جێمشتومڕ‌و هه‌ڵوێست ناجێگیره‌‌و له‌ پارێزگاره‌وه‌ بووه‌ به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و پاشان وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری پارێزگاكان‌و دواتر ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌‌و دووباره‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ پۆستی پارێزگار‌و دوای ئه‌وه‌ش ده‌یان دۆسێی یاسایی له‌دژی وروژێندراون كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ده‌ستپاكی‌و ساخته‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی خوێندنه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ چه‌ند جارێك چووه‌ته‌ زیندان‌و دادگاش به‌ بێتاوانی داناوه‌.

حزبه‌كه‌ی پارێزگاری شاره‌كه‌ ته‌نیا به‌ به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ له‌ پارێزگاكه‌دا نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو هه‌وڵی داوه‌ لیسته‌ ناوچه‌ییه‌كانیش له‌خۆبگرێت ئه‌ویش له‌ڕێی به‌ڵینه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ پێدانی مافی ناوچه‌كان‌و به‌شداریپێكردنیان له‌ دروستكردنی بڕیار له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له‌ ئیداره‌ی پارێزگاكه‌‌و پێدانی چه‌ند پێگه‌یه‌كی ئه‌منی‌و ئیداری گرنگ‌و به‌ڵێنی ئیمتیازی تایبه‌ت، له‌ دیارترین ئه‌و كوتلانه‌ش لیستی "قه‌ڵای تكریت"‌و "گردبوونه‌وه‌ی گه‌نجانی شه‌رگات"ن‌و ئێستاش ئیئتیلافه‌كه‌ 11 حزب‌و كوتله‌ له‌خۆده‌گرێت.

 

شیت لهێبی جێگری پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین‌و یه‌كێك له‌ كاندیدانی ئیئتیلافی جه‌ماوه‌ری نیشتمانی به‌ "نیقاش"ی وت: "ئاستی جه‌ماوه‌ری پارێزگار له‌ نێو جه‌ماوه‌ری سه‌ڵاحه‌دین‌و هه‌مه‌جۆری لیسته‌كه‌مان كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌ له‌خۆده‌گرێت، ئه‌و دوو هێزه‌ن كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆی سه‌ركه‌وتنمان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و له‌ پێشه‌وه‌ ده‌بین، چونكه‌ ئیئتیلافه‌كه‌مان چه‌مكه‌كانی تایفه‌گه‌ری‌و عه‌شایری‌و ناوچه‌گه‌رێتی تێپه‌ڕاندووه‌‌و نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو گه‌لی سه‌ڵاحه‌دین ده‌كات‌و داواكاری‌و خواستی رۆڵه‌كانی بۆ نێو په‌رله‌مان هه‌ڵگرتووه‌".

 

یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ لیسته‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌ڵاحه‌دین لیستی "وه‌ته‌نییه‌"یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لا‌وی‌و سه‌لیم جبوری‌و ساڵح موتڵه‌گ (ئێستا 21 حزب‌و كوتله‌ی هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت) كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا له‌ ساڵی 2014 له‌ پله‌ی دووه‌مدا هات له‌ پارێزگاكه‌، سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كان‌و دابه‌زینی ئاستی جه‌ماوه‌ری حزبی ئیسلامیش، به‌ڵام سیاسیه‌تی حزبه‌كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕێی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ توانیویه‌تی به‌شێكی گرنگ له‌ جه‌ماوه‌ری حزبه‌ بگێڕێته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ڕێی پشت به‌ستن به‌ تواناكانی گه‌نجان‌و خوێندكاران‌و نوخبه‌‌و رێكخراوه‌كانی ژنان.

 

عه‌دنان فراجی سه‌ركرده‌ له‌ حزبی مه‌سار‌و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی عێراقییه‌ بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ كه‌ نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كان له‌ پارێزگاكه‌دا تائێستا روون نییه‌ ئه‌ویش به‌هۆی گۆڕانی بیروباوه‌ڕ‌و جیابوونه‌وه‌‌و دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش سروشتی كاری سیاسیه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت هاوپه‌یمانی "وه‌ته‌نییه‌" له‌ پێشه‌وه‌ بێت‌و دوای ئه‌ویش حزبی جه‌ماوه‌ری نیشتمانی‌و پاشان هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران".

وتیشی: "ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و هاوپه‌یمانییه‌كان له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردندا جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی مه‌زاجێكی سیاسییه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ بژارده‌ی نیشتمانی‌و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراق‌و ژیانی مه‌ده‌نیانه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی شێواز یاخود ئیداره‌دانی تایفی‌و ناوچه‌گه‌رێتی به‌روونی شكستیان هێنا، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی بوونی بیروباوه‌ڕی نوێیه‌ له‌دوای ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی پێشوو".

 

هاوپه‌یمانی "بڕیاری عێراقی" به‌سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و لیستانه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دیدندا قبوڵكراوه‌، حه‌وت حزب له‌خۆده‌گرێت‌و دیارترین خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌شی ئه‌وه‌یه‌ "پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی" به‌سه‌رۆكایه‌تی خه‌میس خه‌نجه‌ر به‌ به‌هێزی هاتووه‌ته‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا له‌ سه‌ڵاحه‌دین یه‌ك كورسی له‌سه‌ر لیستی "كه‌رامه‌" به‌ده‌ستهێنابوو.

 

حه‌مید كه‌ریم سه‌ركرده‌ له‌ "پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی" هۆكاره‌كانی پشت قبوڵكردنی ئه‌و بۆچوونانه‌ی بۆ "نیقاش" روونكرده‌وه‌‌و وتی: "هه‌ڵوێستی پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌ خۆڕاگره‌كان به‌رامبه‌ر داعشی تیرۆریست‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی گه‌نجه‌كان‌و برینداران‌و ئاواره‌كانیان‌و رێزلێنان له‌ شه‌هیدانیان ده‌بووایه‌ چاكه‌كه‌ی بدرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك تێڕوانینی سیاسی‌و نیشتمانی هاوپه‌یمانی بڕیاری عێراقی‌و كه‌سایه‌تییه‌كانی له‌ سه‌رتاسه‌ری سه‌ڵاحه‌دیندا له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رفراوان قبوڵكراون".

 

هه‌روه‌ها له‌ لیسته‌ گرنگه‌كانی دیكه‌ له‌ سه‌ڵاحه‌دین لیستی "فه‌تح"ه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی هادی عامری كه‌ ته‌ركیز ده‌كاته‌ سه‌ر ناوچه‌كانی باشووری سه‌ڵاحه‌دین‌و لیستی "نه‌سر"ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری سه‌ڵاحه‌دیندا نوێنه‌ری ده‌بێت به‌سوودوه‌رگرتن له‌‌و قبوڵكردنه‌ رێژه‌ییه‌ی كه‌سایه‌تی‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی هه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ لیستی "سه‌ڵاحه‌دین ناسنامه‌مانه‌" به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانتار شه‌علان كه‌ریم.

 

پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین وه‌كو زۆربه‌ی پارێزگاكان به‌ده‌ست كێشه‌ی بایكۆت‌و به‌شدارینه‌كردن له‌ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران گیرۆده‌یه‌‌و به‌و پێیه‌ش ترس هه‌یه‌ له‌ به‌شدارینه‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌ره‌ڕای ریكلامی چڕوپڕی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن‌و هه‌ڵمه‌ته‌ مه‌یدانییه‌كان‌و كارئاسانی ئیداری‌و كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی جێگره‌وه‌، به‌ڵام هێشتا كێشه‌كه‌ هه‌ر ماوه‌‌و ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا به‌ گرێكوێره‌یه‌‌و پێشبینیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركه‌وتووانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

 

یه‌كێك له‌ رووكاره‌كانی ئاڕاسته‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كێبڕكێی توند‌و پێشبڕكێیه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی گه‌ڕاوه‌ له‌ راگوێزراوانی نێوان ساڵانی 2014و 2018، بۆیه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن وێنه‌یه‌كی وا بده‌نه‌ ئاواره‌كان كه‌ دوای ساڵانێك له‌ راگواستن‌و هه‌ژاری‌و نه‌داری به‌ هه‌وڵی حزبه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان.

 

حزبه‌ گه‌وره‌كانیش له‌ هه‌وڵی سیاسی‌و ئه‌منیدان‌و ته‌نانه‌ت كار بۆ پێدانی پاره‌ی زۆریش به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی دروستكردنی بڕیار له‌ به‌غدا ده‌كه‌ن له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ناوچه‌كانی تریش كه‌ تائێستا نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌زای به‌له‌د (110 كم له‌ باشووری تكریت)‌و ناحیه‌ی سلێمان به‌گ‌و ناحیه‌ی سینییه‌‌و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ناوه‌ندی قه‌زای بێجی‌و گوندی عۆجه‌ی باشووری تكریت‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌.

 

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا عه‌لی جابر ساڵح چالاكوانی مه‌ده‌نی به‌ "نیقاش"ی وت: "حزبه‌كان هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پێیان وابێت گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاووڵاتی ئاسایی بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی خۆی چاكه‌‌و ده‌ستكه‌وته‌، كاری له‌پێشینه‌ی زۆربه‌ی ئاواره‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵیاندا ژیاوین، بریتیه‌ له‌ دابینكردنی بژێوی‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانووه‌ خاپوركراوه‌كانیان‌و دابینكردنی سووته‌مه‌نی‌و پێداویستییه‌كانی گوزرانیان‌و دوایین شت كه‌ خه‌می لێ بخۆن هه‌ڵبژاردنه‌، پێشبینی ده‌كه‌م بایكۆتێكی زۆری هه‌ڵبژاردن بكرێت له‌ زۆربه‌ی شار‌و پارێزگاكاندا".

 

ژماره‌ی كورسییه‌ ته‌رخانكراوه‌كان بۆ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ئێستادا (12) كورسییه‌ كه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی پارێزگاكه‌ كه‌ به‌پێی نووسینگه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگاكه‌دا زیاتر له‌ (901) هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌بن‌و نوێنه‌رایه‌تی هه‌شت قه‌زا‌و نۆ ناحیه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پارێزگاكه‌یان لێ پێكهاتووه‌.  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌