راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌خه‌یاڵی‌ هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
سوننه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئامێزی عه‌لاوی

موسته‌فا حه‌بیب
سوننه‌كان خۆیان یه‌كلایی كرده‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان‌و بڕیاریاندا له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی هاوپه‌یمانی ببه‌ستن به‌ئومێدی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.
1.02.2018  |  به‌غدا

نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كانی سوننه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی ئایاری داهاتوودا به‌ڕێوه‌بچێت، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی واقیعی ئه‌و حزبه‌ ناته‌بایانه‌یه‌، چونكه‌ هێرشی داعش بۆ سه‌ر شار‌و پارێزگا سوننه‌نشینه‌كانی ئه‌نبار‌و موسڵ‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌ ناكۆكییه‌كانی نێوانیانی زیاتر كرد‌و ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ هه‌ڵكشانی ئاستی جه‌ماوه‌ری چه‌ند حزبێك له‌به‌رامبه‌ر دابه‌زینی ئاستی جه‌ماوه‌ری هه‌ندێكی دیكه‌یان.

 

حزبی ئیسلامی به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و حزبی "عه‌ره‌بییه‌" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ساڵح موتڵه‌گ بڕیاریان دا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی "وه‌ته‌نیه‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار ببه‌ستن، هاوكات ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داری سوننه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر به‌ست بۆئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن كه‌ هه‌ردووكیان به‌ ته‌به‌نیكردنی پرۆژه‌ی هه‌رێمی سوننه‌ ناسراون.

 

نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌كانی سوننه‌ سه‌رله‌نوێ گرێكوێره‌ی هێزه‌ سوننه‌كان دووپات ده‌كاته‌وه‌ له‌ گه‌وره‌یی پارچه‌ پارچه‌بوونیان، چونكه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌ی سوننه‌ هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌ كه‌ لێكه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌مان بوون له‌ ساڵی 2014دا ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی داگیركردنی شاره‌ سوننه‌ نشینه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كه‌ به‌درێژایی سێ ساڵ شه‌ڕی سه‌ختی لێكه‌وه‌‌و تێیدا پارێزگاكانی ئه‌نبار‌و نه‌ینه‌وا‌و سه‌ڵاحه‌دین دووچاری وێرانكارییه‌كی گه‌وره‌ بوونه‌وه‌.

 

"حزبی ئیسلامی" عێراقی به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و ئیئتیلافی "موته‌حیدون" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و ئیئتیلافی "عه‌ره‌بییه‌" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ساڵح موتڵه‌گ‌و بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ل" به‌ سه‌رۆكایه‌تی جه‌مال كه‌ربولی‌و حزبی "وته‌نییه‌"به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و "پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی" به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رمایه‌دار خه‌میس خه‌نجه‌ر له‌ساڵی 2003وه‌ نوێنه‌رانی سه‌ره‌كی سوننه‌ن له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا.

 

"حزبی ئیسلامی" گه‌وره‌ترین دۆڕاوی سوننه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2014 بوو، ئه‌و كات ناچار بوو له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی سوننه‌ی تازه‌هه‌ڵكشاو ئوسامه‌ نوجێفی هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی لقی ئیخوان موسلمین ده‌كات له‌ عێراق توانی له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا به‌هۆی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری خۆی چاكبكاته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ڕێی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ حزبه‌ شیعه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نوجێفی كه‌ ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ ركابه‌ری.

 

جبوری پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی نوێی به‌ناوی "گردبوونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ چاكسازی" راگه‌یاند به‌بێ به‌كارهێنانی ناوی "حزبی ئیسلامی" تا خۆی بگونجێنێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ئاستی جه‌ماوه‌ری ئه‌و ره‌وته‌ مه‌ده‌نیانه‌ی داوای چاكسازی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵح موتڵه‌گ كه‌سایه‌تی عه‌لمانی سوننه‌ هاوپه‌یمانییه‌كی نوێی به‌ناوی "به‌ره‌ی عێراقی" پێكهێناوه‌‌و هه‌ریه‌ك له‌ جبوری‌و موتڵه‌گ بڕیاریان داوه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی دۆستی دێرینیان ببه‌ستن.

 

حزبه‌ سوننه‌كان هه‌وڵی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010 ده‌ده‌ن كاتێك چوونه‌ هاوپه‌یمانی لیستی "عێراقییه‌" له‌گه‌ڵ عه‌لاوی‌و پله‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی به‌ 91 كورسی به‌ده‌ستهێنا‌و پێش ئیئتیلافی "ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو كه‌وت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌ركی پێكهێنانی حكومه‌تیان له‌ده‌ست دا، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی نه‌ریتی سیاسی تایفی بوو كه‌ پێیوایه‌ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت پشكی شیعه‌یه‌.

 

پێده‌چێت هه‌ڵكشانی ئاستی جه‌ماوه‌ریی ره‌وه‌ته‌ مه‌ده‌نییه‌كان‌و ناڕه‌زایی عێراقییه‌كان به‌رامبه‌ر حزبه‌ ئیسلامییه‌كان پاڵنه‌ری حزبه‌ سوننه‌كان بووبێت بۆئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ له‌گه‌ڵ عه‌لاوی هاوپه‌یمانی ببه‌ستن دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014دا به‌ته‌نیا به‌جێیان هێشت ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ زیادبوونی ناكۆكی نێوان سوننه‌‌و شیعه‌ له‌سه‌رده‌می حوكمی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوودا، جه‌مسه‌رگیری تایفی له‌ وڵاتدا له‌ئارادا بوو.

 

مه‌یسون ده‌مه‌لوجی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی "وه‌ته‌نییه‌" به‌ "نیقاش"ی وت: "په‌یوه‌ندیكردنی هێزه‌ سوننه‌كان به‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌مانه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ستبه‌رداری پره‌نسیپه‌كانمان ببین له‌ نه‌فره‌تكردن له‌ پشككاری تایفی، تائێستاش له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی عێراقین‌و هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون ده‌ده‌ین به‌وپێیه‌ی به‌رزترین ئامانجی ئێمه‌یه‌".

 

وتیشی: "هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌ ده‌رگاری كراوه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردنی هه‌موو ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ی هه‌مان ئامانجی ئێمه‌یان هه‌ڵگرتووه‌‌و مه‌رجی پێشوه‌خته‌مان دانه‌ناوه‌ به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ڵگری ئامانجی تایفی نه‌بن كه‌ دژبه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ په‌ره‌نسیپی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت‌و سه‌روه‌ری یاسادا، ئه‌مڕۆش هاوپه‌یمانییه‌كه‌مان زیاتر له‌ 30 حزب‌و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له‌خۆده‌گرێت".

 

له‌لایه‌كه‌ی دیكه‌شدا ئه‌و حزبه‌ سوننانه‌ی ته‌به‌نی پرۆژه‌ی هه‌رێمی سوننه‌‌و گۆڕینی پارێزگا سوننه‌كان بۆ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ك هاوپه‌یمانیدان به‌ناوی "بڕیاری عێراقی" كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئوسامه‌ نوجێفی سه‌رۆكی ئیئتیلافی "موته‌حیدون"‌و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی "پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی"‌و ئه‌حمه‌د مساری سه‌رۆكی حزبی "ئه‌لحه‌ق لوه‌ته‌نی"‌و سه‌لمان جومه‌یلی سه‌رۆكی حزبی "ئاینده‌ی نیشتمانی" له‌خۆده‌گرێت.

 

له‌و كاته‌وه‌ كه‌ داعش موسڵ‌و شار‌و پارێزگا سوننه‌ نشینه‌كانی دیكه‌ی داگیركرد، نوجێفی‌و خه‌نجه‌ر حكومه‌تی فیدراڵییان به‌ كه‌وتنی شاره‌ سوننه‌ نشینه‌كان به‌ده‌ستی توندڕه‌وان تۆمه‌تبار كرد، داواشیان كرد كه‌ ده‌بێت پارێزگا سوننه‌ نشینه‌كان بكرێنه‌ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ به‌پێی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ رێگه‌ به‌ پێكهێنانی هه‌رێم ده‌دات وه‌كو ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌وه‌ رووبه‌ڕووی به‌رهه‌ڵستی زۆری شیعه‌ بووه‌وه‌.

 

"حزبی ئیسلامی" له‌ ململانێدایه‌ له‌گه‌ڵ "موته‌حیدون" له‌سه‌ر هه‌ژموونی سیاسی له‌ موسڵ، "حزبی "وه‌ته‌نییه‌"ش له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ل" له‌ ململانێدان له‌دژی "حزبی ئیسلامی" له‌سه‌ر ئه‌نبار، هاوكات به‌ره‌ی "دیالۆگی نیشتمانی"‌و "حزبی ئیسلامی" له‌ ململانێدان له‌دژی حزبی "وه‌ته‌نییه‌" له‌ سه‌ڵاحه‌دین.

 

به‌ڵام ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ك عه‌لاوی‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ نوجێفی سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كه‌ن، بڕیاریان داوه‌ هاوپه‌یمانی لاوه‌كی له‌ناو پارێزگا سوننه‌ نشینه‌كان پێكبهێنن بۆئه‌وه‌ی زۆرترین كورسی مسۆگه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ چه‌ند حزبێكی نوێی تازه‌پێگه‌یشتوو هه‌ن هه‌وڵی ركابه‌ریكردنی حزبه‌ ته‌قلیدییه‌كانی سوننه‌ ده‌ده‌ن له‌و پارێزگایانه‌دا.

 

دیارترین هێزه‌ نوێیه‌كانی سوننه‌ش جه‌نگاوه‌رانی عه‌شایرن كه‌ شانبه‌شانی سوپا‌و گرووپه‌ شیعه‌كان جه‌نگاون‌و ئه‌مڕۆ به‌ پشتیوانی حزبه‌ شعه‌كان هه‌وڵی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها چه‌ند وه‌زیر‌و په‌رله‌مانتارێكی سوننه‌ش هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ حزبه‌ شیعه‌كان راگه‌یاندووه‌ تا مانه‌وه‌یان له‌ پۆسته‌كانیاندا مسۆگه‌ر بكه‌ن.

 

دیارترینی ئه‌و هێزانه‌ش بریتین له‌ "هاوپه‌یمانی عابیرون" به‌سه‌رۆكایه‌تی قاسم فه‌هداوی وه‌زیری كاره‌با كه‌ عه‌بدولله‌تیف هومه‌یم سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننه‌شی له‌گه‌ڵه‌‌و هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران راگه‌یاندووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی "نه‌سر"دا.

 

له‌پێناو رێگرتن له‌و هاوپه‌یمانییه‌ نوێیانه‌ش تا كورسی به‌ده‌ستنه‌هێنن‌و دواجار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌ شیعه‌كان بڕوات، حزبه‌ ته‌قلیدییه‌كانی سوننه‌ هاوپه‌یمانی لاوه‌كییان له‌ پارێزگا سوننه‌ نشینه‌كان پێكهێناوه‌، وه‌ك "هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك" كه‌ ساڵح موتڵه‌گ‌و ئه‌حمه‌د مساری‌و خه‌میس خه‌نجه‌ر له‌خۆده‌گرێت.

 

له‌ سه‌ڵاحه‌دینیش هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌و ساڵح موتڵه‌گ هاوپه‌یمانییه‌كیان به‌ناوی "ئه‌لبه‌یت لعیراقی" پێكهێناوه‌ تا پێكه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن‌و كێبڕكێی ئه‌و هێزه‌ سوننانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ نزیكییان له‌ شیعه‌ ناسراون له‌وانه‌ش په‌رله‌مانتاری جێ مشتومڕ مشعان جبوری كه‌ یه‌زنی كوڕی فه‌رمانده‌یی لیوایه‌ك له‌ جه‌نگاوه‌رانی عه‌شایر له‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌كات به‌ پشتیوانی گرووپه‌ شیعه‌كان.

 

په‌رله‌مانتار نوره‌ بجاری نوێنه‌ری موسڵ به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌م جاره‌ش هه‌مان كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی سوننه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن، به‌ڵام جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ له‌ شێوازی هاوپه‌یمانییه‌كاندا به‌گوێره‌ی پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییان، پێشبینیش ده‌كرێت ئه‌و هێزانه‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردن پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانی ببه‌ستن بۆ كێبڕكێكردنی هێزه‌كانی دیكه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌