راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌یاری‌ دوێنێ‌و دۆستی‌ ئه‌مڕۆ
قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌خشه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كانیشی گۆڕی‌

هه‌ستیار قادر
هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو چاوه‌ڕێی‌ سوپرایزی‌ گه‌وره‌ن به‌پێی‌ گۆڕانی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان گۆڕانه‌ به‌سه‌دو هه‌شتا پله‌.
1.02.2018  |  هه‌ولێر
اعلام الاحزاب الكردية  ( :وێنه حمه سور )
اعلام الاحزاب الكردية ( :وێنه حمه سور )

هاوپه‌یمانێتی‌ هه‌ریه‌ك له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌رهه‌م ساڵح جێگری‌ پێشوی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ بۆ هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نوێ بوو.

 

ئه‌وان كه‌ پێكه‌وه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق ده‌كه‌ن، هه‌مان ویستیان بۆ شێوازی به‌شدارییكردن هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

 

ئه‌گه‌رچی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2009ه‌وه‌ دوو لایه‌نی‌ نزیك‌و هاوهه‌ڵوێست بوون له‌سه‌ر پرسه‌ جیاوازه‌كان، به‌ڵام ته‌نه‌ نامۆكه‌ به‌شداریپێكردنی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح بوو له‌گه‌ڵیاندا.

 

به‌رهه‌م ساڵح كه‌ سێهه‌م باڵاترین پۆستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو به‌رله‌وه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ حیزبه‌كه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی بكات، تا ساڵێك له‌مه‌وبه‌ریش رێبه‌رایه‌تی‌ باڵێكی‌ ناڕازی ناو ئه‌و حزبه‌كه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك به‌"ناوه‌ندی‌ بڕیار" ده‌ناسرا.

 

ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ جێگری‌ دووه‌می‌ پێشوی‌ تاڵه‌بانی ببێته‌ ركابه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ نێوخۆی‌ یه‌كێتیش وه‌ك چۆن پێشتر له‌ ساڵی‌ 2009 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌هه‌مان رێگادا رۆیشت‌و ئه‌وكات نه‌وشیروان مسته‌فا جێگری‌ پێشوتری‌ سكرتێری‌ گشتی‌‌و رێكخه‌ری‌ كۆچكردووی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كرد.

 

به‌ڵام گروپه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح بنه‌مای‌ هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ دوولایه‌نه‌كه‌ی‌ تر ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ "گۆڕینی‌ شێوازی‌ ئێستای‌ حوكمڕانیی" له‌ هه‌رێم.

 

رێبوار كه‌ریم وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوولایه‌نی‌ تر كرداره‌ نه‌ك كاردانه‌وه‌و به‌رهه‌م ساڵحیش له‌ئێستادا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌یه‌كێتیه‌وه‌ نه‌ماوه‌.

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "باشترین شوێن بۆ ئه‌نجامدانی‌ گۆڕانكاریی‌ له‌سیستمی‌ به‌رێوه‌بردندا گرتنه‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵام ئامانجمان له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێیه‌ راونانی‌ كه‌س نییه‌".

 

كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و سێ ره‌وته‌ له‌هاوپه‌یمانێتییه‌كدا به‌پێی‌ پێكهاته‌كه‌یان جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌، به‌وپێیه‌ی‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ئاڕاسته‌یه‌كی‌ فیكری‌‌و سیاسی‌ جیاوازدا كارده‌كه‌ن.

 

بزوتنه‌ی‌ گۆڕان به‌حزبێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵحیش هێشتا مۆركی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ ناڕازی‌ نێو یه‌كێتی‌ پێوه‌دیاره‌، كۆمه‌ڵی ئیسلامیش به‌یه‌كێك له‌ حزبه‌كانی‌ چوارچێوه‌ی‌ ئیسلامی‌ سیاسی داده‌نرێت.

 

سه‌لیم كۆیی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ئاشكرایده‌كات كه‌ تائێستا نه‌چوونه‌ته‌ ناو ورده‌كاری‌ تێروانینیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوولایه‌نه‌ی‌ ترو ده‌ڵێت "سه‌یر له‌وه‌دایه‌ له‌ یه‌كتر دوور ببینه‌وه‌ نه‌ك نزیكبین له‌یه‌كتر و هه‌ر كه‌سێكیش چاكسازیی‌ بكات پێشوازی‌ لێده‌كه‌ین به‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ عه‌لمانیه‌".

 

سه‌لیم كۆیی به‌"نیقاش"ی وت "یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ 27 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌به‌ن به‌رێوه‌ با خه‌ڵكیش له‌رێگه‌ی‌ ئێمه‌وه‌ چوار ساڵ تاقی بكاته‌وه‌، له‌به‌رنامه‌ماندایه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش بكه‌ین".

 

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوكێشه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌م سێ لایه‌نه‌ جیاواز بوو، ئه‌وكات له‌2009 دا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوو، گۆڕان‌و كۆمه‌ڵیش ئۆپۆزسیۆنێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بوون، ئه‌وكات نه‌یاری‌ ئۆپۆزسیۆن كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار پێكهێنرابوو بۆ حكومه‌ت گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ئاست.

 

له‌ ساڵی‌ 2011 به‌ به‌پشتیوانی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوبات و رۆژانی‌ دوایی ئه‌نجامدرا له‌ دژی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح كه‌ دیارترین داواكارییان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ بوو، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر داوای‌ لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌رهه‌م ساڵح بۆ په‌رله‌مان بانگكراو نزیكه‌ی‌ 10 كاتژمێر لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كرا.

 

كوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ ئه‌وكاته‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان بوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وكاته‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح نه‌بوو، به‌ڵكو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ سیستمی‌ به‌رێوه‌بردنه‌كه‌ هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی‌ له‌و حكوته‌كه‌شدا هه‌بوو".

 

كوێستان محه‌مه‌د پێیوایه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی‌ پێكیانهێناوه‌ گۆڕانكاریی‌ له‌نه‌خشه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كاندا ده‌كات له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

به‌دیوێكی‌ تردا ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سه‌دو هه‌شتا پله‌ جیاوازه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وئاسته‌ی‌ نه‌یاره‌كانی‌ دوێنێ ببنه‌ هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مڕۆ.

 

ده‌رهاویشته‌كانی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆیی و دروستبوونی‌ قه‌یرانی‌ دارایی و خراپی‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند، بوونه‌ته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ كه‌ ركابه‌ره‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كاری‌ تێدا بكه‌ن بۆ راكێشانی‌ ده‌نگی‌ جه‌ماوه‌ر.

 

به‌رای‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و سێ لایه‌نه‌ له‌هاوپه‌یمانێتییه‌كدا له‌یه‌ك كاتدا به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و كاری‌ هاوبه‌شیشه‌، پێشبینیش ده‌كات له‌ داهاتوودا گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا بێت به‌وپێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستانه‌و له‌"سیاسه‌تیشدا هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ نییه‌".

 

هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێكه‌ به‌لای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ركابه‌ریان نییه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ گوتاره‌ ره‌خنه‌ییه‌كانیان ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و حزبه‌یه‌.

 

عه‌لی عه‌ونی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ به‌ "نیقاش"ی وت"ئه‌وان به‌ ركابه‌ری‌ خۆمان نازانین‌و هیواداریشین ئه‌وان ئێمه‌ به‌دوژمن نه‌بینن، ئه‌گه‌ر ده‌نگی‌ پێویستیان هێنا ده‌سه‌ڵاتیان پیرۆزبێت، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش قبوڵ بكه‌ن".

 

عه‌ونی گۆڕان كۆمه‌ڵ‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌سێ "گیراوه‌ی‌" جیاواز ده‌زانێت به‌هۆی‌ جیاوازی‌ پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ و ده‌شڵێت "به‌شێك له‌ كه‌موكورتییه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌ئه‌ستۆی‌ خودی‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌".

 

یه‌كه‌م دژه‌ هێرشی كرداری‌ ئه‌و سێ لایه‌نه‌ پێكهێنانی‌ وه‌فدێكی‌ هاوبه‌ش بوو بۆ به‌غدا له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ كانونی‌ دووه‌مدا، كه‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ عێراق و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ ئه‌نجامدا دوور له‌ راوێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.

 

ئه‌و سه‌ردانه‌ كه‌ بۆ تاوتوێی‌ كێشه‌كانی‌ به‌غداو هه‌ولێر بوو، یه‌كه‌مجار بوو كه‌ لایه‌نی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بازنه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم ئه‌نجامی بده‌ن، ده‌رخه‌ری‌ ئه‌وه‌ش بوو كه‌ ئه‌و گروپه‌ ده‌یانه‌وێت تێڕوانینێكی‌ جیاواز بگه‌یه‌ننه‌ ناوه‌ند له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌رێم بۆ كێشه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌تی‌.

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ پێی‌ وایه‌ دوو تیرۆی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن كه‌ یه‌كه‌میان پێیوایه‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌به‌غدایه‌و دووه‌میشیان پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی‌، ده‌شڵێت"سێ لایه‌نه‌كه‌ له‌ تیرۆری‌ یه‌كه‌مدان و ئێمه‌ش دووه‌م".

 

 له‌ گۆڕانكاری‌ هاوپه‌یمانێیته‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێستادا یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ په‌ڕگیرترینیانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌ پێشتر هاوپه‌یمانی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ بوو ئێستا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ خه‌ریكی‌ دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كی‌ نوێی و لیستێكی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

 

به‌هزاد زێباری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "هاوپه‌یمانێتی‌ پێشوی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ به‌هێزتر بوو له‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ نێوان ئه‌وسێ لایه‌نه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ خاڵی‌ هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لیستی‌ هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت بۆ ئه‌و پرسه‌ش ده‌رگای‌ هاپه‌یمانێتییه‌كان له‌به‌رده‌مماندا كراوه‌ن".

 

ده‌ره‌نجامی‌ گره‌وی‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتیه‌كان تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستان ده‌رناكه‌وێت كه‌ تائێستا واده‌كه‌ی‌ دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام گۆڕانكاری‌ له‌ شێوازه‌و پێكهاته‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كاندا ئاماژه‌ن بۆ گه‌رمبوونی‌ ركه‌به‌رییه‌كانی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ له‌وێنه‌ی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ هه‌رێمدا روونه‌ تائێستا، بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سه‌ر زیاتر له‌سێ به‌ره‌دا دابه‌شده‌بێت، كه‌ سێ لایه‌نه‌كه‌و هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ به‌جیاو لیستی‌ ئیسلامییه‌كان گه‌مه‌كه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بن.

 

د. كامه‌ران مه‌نتك مامۆستای‌ زانسه‌ سیاسییه‌كانی‌ زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ دۆخێكی‌ شكستخواردوو وه‌سف ده‌كات و پێشیوایه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌كان سه‌ركه‌وتوو نابن به‌وپێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و له‌هه‌مان "منداڵدانی‌" شكستی‌ هه‌رێمه‌وه‌ له‌دایك بوون .

 

د. كامه‌ران مه‌نتیك به‌"نیقاش"ی وت "هاپه‌یمانێتیه‌كان گۆڕاون، به‌ڵام روخساری‌ كاره‌كته‌ره‌كان هه‌مان ئه‌وانه‌ن كه‌ بێزراون، له‌باری‌ نه‌بوونی‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی‌ باش له‌لایه‌ن ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌وه‌ یان هاوڵاتیان به‌شداری‌ ده‌نگدان ناكه‌ن یان ده‌نگ به‌و لایه‌نانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ پێشتر ئه‌زمونیان له‌به‌ڕێوه‌بردندا بینیون".

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێشبینیانه‌ی‌ ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیانه‌ی‌ له‌كوردستان دروست ده‌بن زه‌حمه‌ته‌ بتوانن گره‌وی‌ ده‌سه‌ڵات له‌هاوپه‌یمانێتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ببه‌نه‌وه‌ كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌و هه‌موو جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر لای‌ ئه‌وانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌