راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دیموكراسی‌ له‌سایه‌ی‌ تفه‌نگدا
ده‌یان گروپی‌ چه‌كدار به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق ده‌كه‌ن

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی له‌دژی داعش جه‌نگان، چه‌كه‌كانیان خسته‌ لاوه‌‌و سه‌ركرده‌كانیشیان به‌رگی سه‌ربازییان له‌به‌ر داكه‌ند وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان‌و پارێزگاكان.
25.01.2018  |  به‌غدا

تێكه‌ڵبوونی‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان به‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ پرسیار له‌باره‌ی كارایی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌وروژێنێت كه‌ گرنگترین هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ دیاریكردنی رێچكه‌ی وڵات له‌دوای قۆناغی داعش.

 

له‌ شاری به‌سره‌ له‌وپه‌ڕی باشووری وڵات كۆمه‌ڵێك جه‌نگاوه‌ری "فیرقه‌ی عه‌باس" به‌وریایی گوێیان بۆ قسه‌كانی مه‌یسه‌م زه‌یدی فه‌رمانده‌یان راگرتووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ناكه‌ین‌و هیچ حزبێكی سیاسی نوێنه‌رایه‌تیمان ناكات‌و راتان ده‌سپێرین كه‌ باشترین كه‌س هه‌ڵبژێرن له‌ڕووی لێهاتوویی‌و پیشه‌ییه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌یه‌ بانگه‌شه‌ بۆ هیچ حزبێك بكه‌ن، هۆشداریش ده‌ده‌ینه‌ كاندیدانی هه‌ڵبژاردن كه‌ ناو‌و وێنه‌ی شه‌هیده‌كانمان له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌كار نه‌هێنن".

 

"فیرقه‌ی شه‌ڕكه‌ری عه‌باس" یه‌كێكه‌ له‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی به‌ڕه‌سمی به‌شدارینه‌كردنی له‌ هه‌ڵبژاردندا راگه‌یاندووه‌، وه‌ك ملكه‌چبوونێك بۆ قسه‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك رازی نییه‌ به‌شداری له‌ سیاسه‌تدا بكات، به‌ڵام زیاتر له‌ 20 گرووپی دیكه‌ بڕیاریان داوه‌ به‌شداری له‌ هه‌لًَبژاردندا بكه‌ن‌و تێكه‌ڵی هاوپه‌یمانییه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش بوون.

 

هه‌فته‌ی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن لیستی كۆتایی ئه‌و حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی راگه‌یاند كه‌ ناویان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن تۆماركردووه‌، له‌وانه‌ش ده‌یان گرووپی چه‌كداری شیعه‌ كه‌ چوونه‌ته‌ هاوپه‌یمانییه‌ سیاسییه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ له‌ به‌ره‌كاندا یه‌كیخستبوون‌و سیاسیه‌ت لێكی جیاكردنه‌وه‌، ئه‌مڕۆش ترسه‌ زۆره‌كه‌ له‌وه‌یه‌ هه‌ژموونی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن دروست بكه‌ن.

 

یاسای حزبه‌كان له‌ عێراق كه‌ په‌رله‌مان له‌ ساڵی 2015 په‌سه‌ندی كرد، به‌شداریكردنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات‌و مادده‌ی 8ی كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندنی حزبه‌كان، ده‌ڵێت: "نا بێت دامه‌زراندنی حزب‌و كاركردنی له‌ شێوه‌ی رێكخراوی سه‌ربازی یاخود نیمچه‌ سه‌ربازیدا بێت، هه‌روه‌ك نابێت په‌یوه‌ندیان به‌ هیچ هێزێكی چه‌كداره‌وه‌ هه‌بێت".

 

به‌ڵام گرووپه‌ چه‌كداره‌كان توانیویانه‌ حزب بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا دابمه‌زرێنن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانیان رایانگه‌یاند جه‌نگاوه‌ره‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ژێر فه‌رمانی "ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی" سه‌ر به‌ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌ واقیعدا هێشتا جه‌نگاوه‌رانیان په‌یوه‌ستن به‌ فه‌رمانی سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كانه‌وه‌‌و به‌ ده‌یان نووسینگه‌ی ئه‌و گرووپانه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكاندا له‌نێو دانیشتوواندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

چه‌ند مانگێكه‌ مشتومڕ له‌ناوخۆی وڵاتدا له‌سه‌ر ئاینده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كانه‌‌و چه‌ندین هه‌وڵی حكومی بۆ تێكه‌ڵكردنیان به‌ سوپا‌و پۆلیس شكستیان هێناوه‌ به‌هۆی ئاره‌زووی سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كان بۆ مانه‌وه‌ وه‌ك هێزێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام خواستی سیاسی ئه‌م دواییه‌یان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا مشتومڕی له‌نێو عێراقییه‌كاندا هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، سیاسییه‌كانیش چه‌ند پێشنیارێكیان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش كردووه‌.

 

عه‌باس به‌یاتی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌ "نیقاش"ی وت: "حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ئه‌منی عێراقی شه‌رعیه‌‌و سێیه‌م هێزی وڵات پێكده‌هێنێت له‌ دوای سوپا‌و پۆلیسه‌وه‌، قبوڵی ناكه‌ین ده‌ستدرێژی بكرێته‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌م هێزه‌ پێویستی به‌ رێكخستن‌و دوورخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ حزبه‌كان‌و كاری سیاسی به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مان له‌باره‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ده‌ریكردووه‌".

 

به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دانانی "حه‌شدی شه‌عبی" به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی ره‌سمی، ورده‌كاری گرنگی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنیه‌وه‌ روون نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێك داوای كاراكردن‌و هه‌مواركردنی یاساكه‌ بكه‌ن، حاكم زاملی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگری له‌په‌رله‌مانیش داوای كردووه‌ نووسینگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش رووی نه‌دا.

 

له‌ تشرینی دووه‌می رابردوودا 10 گرووپی چه‌كدار پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسییان به‌ناوی "موجاهیدین" بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن راگه‌یاند، به‌ڵام دوای قسه‌یه‌كی توندی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌ 15ی كانونی یه‌كه‌می رابردوو سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارینه‌كردنی گرووپه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا، سه‌ركرده‌ی چه‌ند گرووپێك له‌وانه‌ هادی عامری سه‌ركرده‌ی رێكخراوی "به‌در"‌و قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" رایانگه‌یاند جه‌نگاوه‌رانیان ده‌خه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌موو جه‌نگاوه‌رانیان نا، تا ئێستاش هیچ گرووپێك راده‌ستكردنی چه‌كه‌كانی به‌ ده‌وڵه‌ت رانه‌گه‌یاندووه‌.

 

هاوپه‌یمانی "موجاهیدین" له‌ میدیادا دیار نه‌ما، به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردوو له‌ژێر ناوێكی نوێدا جارێكی دیكه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كدا به‌ناوی "فه‌تح" به‌ سه‌ركردایه‌تی هادی عامری، هه‌مان شت به‌سه‌ر گرووپه‌كانی دیكه‌شدا روویدا وه‌كو "سه‌رایا سه‌لام"‌و گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی" كه‌ هه‌موویان له‌ كێبڕكێدان بۆ هه‌ڵبژاردن.

 

په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ زۆر باوه‌ڕیان به‌ لێدوانی گرووپه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ چه‌ك نه‌هێنا‌و حزبه‌ سوننه‌كانیش دووشه‌ممه‌ی رابردوو له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا پێشنیاریان كرد بڕگه‌یه‌كی نوێ بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن ناوپێچ بكرێت كه‌ حكومه‌ت پابه‌ند بكات به‌وه‌ی "ئه‌و حزبانه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن باڵی سه‌ربازیان نه‌بێت‌و له‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن تا رۆژی ده‌نگدان چه‌ك قه‌ده‌غه‌ بكرێت"، به‌ڵام چه‌ند حزبێكی شیعه‌ تێبینیان له‌سه‌ر هه‌بوو.

 

ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن دوو به‌شن، یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن‌و دڵسۆزی ئاینیان بۆ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌‌و تائێستاش جه‌نگاوه‌ریان له‌ سوریا هه‌یه‌، دووه‌میشیان ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌ر حزب‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كانن‌و دوورن له‌ ئێرانه‌وه‌، هه‌رچی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ سیستانیشه‌ ئه‌وا ته‌نیا ئه‌وانن كه‌ رایانگه‌یاندووه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن.

 

هاوپه‌یمانی فه‌تح

هه‌موو گرووپه‌كانی نزیك له‌ ئێران چوونه‌ ژێر سایه‌ی هاوپه‌یمانی "فه‌تح" به‌ سه‌ركردایه‌تی هادی عامری كه‌ 18 پێكهاته‌ی سیاسی له‌خۆده‌گرێت‌و زۆرینه‌یان ناوی نوێ‌و جیاوازن له‌وانه‌ی له‌كاتی شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ داعش پێی ناسرابوون.

 

بۆ نموونه‌ "بزووتنه‌وه‌ی راستگۆیی‌و وه‌فا" رووكاری سیاسی گرووپی "ئه‌نساروڵڵا ئه‌لئه‌وفیا"یه‌‌و "بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی" رووكاری سیاسی "كه‌تائیب ئیمام عه‌لی"یه‌‌و بزووتنه‌وه‌ی "سادیقون" رووكاری سیاسی "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"ه‌‌و كوتله‌ی "مونته‌سیرون" رووكاری سیاسی "كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا"یه‌‌و حزبی "ته‌ڵیعه‌"ش رووكاری سیاسی "سه‌رایا خوراسانی"یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "حزبوڵڵای عێراق" كه‌ ناوه‌كه‌ی نه‌گۆڕیوه‌.

 

چه‌ند جیاوازییه‌كی فیكریش له‌نێوان ئه‌و گرووپانه‌‌و گرووپه‌كانی دیكه‌دا هه‌یه‌ كه‌ دیارترینیان دڵسۆزی ئاینیه‌ بۆ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران، هه‌روه‌ك عێراق‌و سوریا به‌ یه‌ك به‌ره‌ داده‌نێن‌و خۆیان ده‌خه‌نه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ "میحوه‌ری مقاوه‌مه‌" ناسراوه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بیروڕای سیاسی توندیشیان به‌رامبه‌ر به‌ كورد هه‌یه‌‌و نزیكبوونه‌وه‌ی دیپلۆماسی ئه‌م دواییه‌ی نێوان عێراق‌و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو به‌تایبه‌تیش سعودیه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

ئه‌و هێزانه‌ له‌به‌ر سنوورداری شاره‌زایی سیاسیان هاوپه‌یمانییه‌كی جێمشتومڕیان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ست بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌ی عه‌بادی هه‌یه‌تی، له‌ به‌رامبه‌ریشدا عه‌بادی هه‌وڵی دا به‌و هاوپه‌یمانییه‌ سوود له‌ هه‌ژموون‌و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و گرووپانه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام دوای كاردانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كان، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ هه‌ر زوو هه‌ره‌سی هێنا.

 

سه‌در‌و حه‌كیم

موقته‌دا سه‌در سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در‌و عه‌ممار حه‌كیم سه‌ركرده‌ی ره‌وتی "حیكمه‌" نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌ی گه‌نجی سیاسی شیعه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و دوو پیاوه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانییان به‌ست تا رێ له‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو بگرن له‌ساڵی 2014دا ویلایه‌تی سێیه‌م به‌ده‌ست نه‌هێنێت، رێچكه‌یه‌كی سیاسی نیشتمانیان گرتووه‌ دوور له‌ هه‌ژموونی ئێران، دوای هێرشی توندڕه‌وانیش له‌ عێراق هه‌ردووكیان ناچاربوون گرووپی چه‌كدار پێكبهێنن له‌پاڵ ئه‌و گرووپانه‌ی دیكه‌دا  كه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆریان كۆكردووه‌ته‌وه‌.

 

ره‌وتی سه‌در كه‌ گرووپی "سه‌رایا سه‌لام"ی هه‌یه‌، بڕیاری دا دوور له‌ حزبه‌ شیعه‌كانی دیكه‌ هاوپه‌یمانییه‌ك به‌ناوی "سائیرون" پێكبهێنێت، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ حزبی شیوعیش له‌خۆده‌گرێت به‌وه‌ش ئه‌و هاوكاریه‌ی نێوان هه‌ردوولای پته‌وتر كرد كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان له‌ساڵی 2015وه‌ ده‌ستی پێكرد كاتێك شوێنكه‌وتووانی ره‌وتی سه‌در چوونه‌ پاڵ خۆپیشانده‌رانی حزبی شیوعی‌و ره‌وتی مه‌ده‌نی.

 

هه‌رچی حه‌كیمیشه‌ كه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌زمونكردن ناسراوه‌، بڕیاری دا له‌گه‌ڵ عه‌بادی هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌ركێشی بكات‌و به‌ ته‌نیا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكات  ئه‌ویش دوای كشانه‌وه‌ی له‌ "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی" كه‌ گرێدراوی خانه‌واده‌ی حه‌كیم بوو.

 

كێ بێلایه‌نكردنی چه‌ك مسۆگه‌ر ده‌كات؟

له‌ 16ی ئه‌م مانگه‌دا "كه‌تائیب حزبوڵڵا" پلانێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای سوریا راگه‌یاند بۆ جێبه‌جێكردنی ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ عێراق بۆ رێگرتن له‌ بوونی ئه‌مریكا، هاوكات ئه‌و گرووپه‌ به‌ناوی "حزبوڵڵای عێراق" به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كات.

 

دوای دوو رۆژ له‌وه‌ی كه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی رایگه‌یاند جه‌نگاوه‌ره‌كانی ده‌خاته‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا له‌سه‌ر سنووری نێوان باشووری لوبنان‌و ئیسرائیل ده‌ركه‌وت‌و له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت ناساندنی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل وتی: "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ له‌ سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ ئیسرائیله‌وه‌ ئاماده‌یی راده‌گه‌یه‌نن بۆ پشتیوانیكردنی گه‌لی لوبنان‌و فه‌له‌ستین له‌دژی داگیركاری ئیسرائیل".

 

گرووپی "سه‌رایا خۆراسانی" یه‌كێكه‌ له‌و گرووپانه‌ی فه‌رمانده‌یه‌ك له‌ "سوپای پاسدارانی ئێران" پێكیهێناوه‌، عه‌باس محه‌مه‌داوی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ "نیقاش" وتی: "جیاوازی هه‌یه‌ له‌نێوان "حه‌شدی شه‌عبی"‌و گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌، یه‌كه‌میان ته‌نیا له‌ عێراق ده‌جه‌نگێت‌و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی عێراقدا، به‌ڵام دووه‌میان ئامانجی گه‌وره‌تری هه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا ده‌جه‌نگین تیرۆریستانی لێبێت له‌ سوریا‌و شوێنه‌كانی تر".

 

هه‌موو ئه‌وانه‌ ترسی ئه‌وه‌ی دروستكردووه‌ كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌ران پێكدادانی چه‌كداری یان كاریگه‌ری دروستكردن له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی لێبكه‌وێته‌وه‌ له‌ڕێی نووسینگه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌ پڕ له‌ دانیشتووانه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، حكومه‌تیش ئاڵنگاریه‌كی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌ له‌ رێكخستنی سه‌ختترین هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌‌و رێگرتن له‌وه‌ی ململانێی سیاسی له‌ڕێی تفه‌نگه‌وه‌ بكرێت نه‌ك سندوقی هه‌ڵبژاردن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌