راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مۆده‌ی دوای داعش
گه‌نجانی موسڵ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردن كاندید ده‌كه‌ن

تایبه‌ت
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعش كۆتایی‌ هات گه‌نجانی‌ موسڵ ده‌ستیانكرد به‌چالاكی‌ خۆبه‌خشانه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌نگاوێكی بوێرانه‌ی دیكه‌ ده‌نێن به‌ره‌و گۆڕه‌پانی كاری سیاسی.
18.01.2018  |  موسڵ

له‌ژێر كۆمه‌ڵێك داری كالیپتۆسدا له‌دارستانه‌كانی موسڵ، زیاتر له‌ 150 گه‌نج كۆبوونه‌وه‌‌و جیاواز له‌جاران كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ سه‌یران یاخود ئاهه‌نگ نه‌بوو، به‌ڵكو دیدارێكی سیاسی بوو گه‌نجانی موسڵ به‌جیاوازی ئینتیمایانه‌وه‌ رێكیان خستبوو تێیدا به‌شداربوون.

 

 

له‌سه‌ر سه‌كۆی قسه‌كه‌ران چه‌ند گه‌نجێكی رێكپۆش به‌ قاتی ره‌سمی‌و بۆینباخیی جوانه‌وه‌ ریزیان گرتبوو تا وتار پێشكه‌ش به‌و جه‌ماوه‌ره‌ بكه‌ن كه‌ سه‌رسپییان تێدا نه‌بوو، وته‌یه‌كی خۆڕسكانه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا كه‌ تازه‌ ته‌مه‌نی ده‌بووه‌ 30 ساڵ، ئه‌وه‌ش مشتومڕێكی فراوانی له‌ دوو مانگی رابردوودا هێنایه‌ ئاراوه‌.

 

ئه‌و گه‌نجه‌ ناوی د. عه‌لی ئه‌غوانه‌‌و مامۆستای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ له‌ زانكۆی به‌یان له‌ شاری هه‌ولێر‌و خۆی وه‌ك كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا ناساند ئه‌و كاته‌ی پۆسته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به‌تاڵ بوو.

 

ئه‌غوان به‌ده‌م هاتووچۆكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌كۆكه‌ بۆ سه‌رنجڕاكێشانی ئاماده‌بووان، وتی: "ده‌رفه‌ت ره‌خساوه‌ بۆ گه‌نجان تا پۆستی سیاسی له‌ موسڵ بگرنه‌ ده‌ست، ئه‌ویش دوای ئه‌و ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ی گه‌نجان له‌ كاری خۆبه‌خشانه‌دا پێشكه‌شیان كرد له‌دوای ئازادكردنی شاره‌كه‌ له‌ ده‌ستی رێكخراوی داعش‌و ژیان به‌به‌رداكردنه‌وه‌ی پاش ئه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌ زۆر بۆنه‌دا له‌دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، بێ توانابوو".

 

چه‌ند پاڵنه‌رێكی بابه‌تی دیكه‌ش هه‌ن كه‌ بریتین له‌ شۆڕش له‌دژی شكستی گه‌وره‌ی بڕیار به‌ده‌ستانی پارێزگا‌و حكومه‌تی خۆجێی له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كاره‌ساته‌ی رووبه‌ڕووی شاره‌كه‌ بووه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و كاولكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی جه‌نگ له‌دژی "داعش" دروستی كردووه‌.

 

فاكته‌ری دیكه‌ش هه‌ن په‌یوه‌ندیان به‌ ره‌وشی ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و قه‌ده‌غه‌ ئه‌منییانه‌ی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌تایبه‌تی رێكخراوی داعش پێش كۆنترۆڵكردنی موسڵ‌و دواتریش سه‌پاندبوویان، نه‌ماون‌و بوارێك له‌ ئازادی هه‌یه‌ بۆ به‌ستنی كۆبوونه‌وه‌‌و كۆنگره‌‌و جموجوڵ به‌ بێ ترسی كاری توندوتیژی‌و تیرۆركردن.

 

ئه‌غوان ئه‌م پاساوانه‌ی هێنایه‌وه‌ تا هۆكاری ئه‌و هه‌نگاونانه‌ گه‌وره‌یه‌ی گه‌نجان به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان روون بكاته‌وه‌.

 

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ 12ی ئایاری 2018 ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق تۆماركردنی 143 پارتی سیاسی بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا راگه‌یاند، هاوكات هاوپه‌یمانییه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش گه‌یشتوونه‌ته‌ 27 هاوپه‌یمانی وه‌ك موعته‌مه‌د نوعمه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاندووه‌.

 

له‌نێو ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی حزبه‌كانیشدا كه‌ هه‌ندێكیان له‌دوای ساڵی 2003وه‌ باڵیان به‌سه‌ر دیمه‌نی سیاسی عێراقدا كێشاوه‌‌و پۆسته‌ سیاسی‌و ئیدارییه‌ گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تیان قۆرغ كردووه‌، پێده‌چێت كۆبوونه‌وه‌ی گه‌نجانی موسڵ هه‌نگاوی یه‌كه‌می رێگای هه‌زار میل بێت.

 

عومه‌ر سالم (31 ساڵ) ده‌ستپێشخه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی گه‌نجانی په‌رۆش بۆ كاری سیاسی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ناوی (كۆڕبه‌ندی سیاسی گه‌نجانی نه‌ینه‌وا)ی لێنراوه‌.

 

ئه‌و ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی بینیم گه‌نجان چه‌ند بۆچوونێكیان هه‌یه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن یان هاندانی به‌شداریكردن تێیدا، پێشنیارم كرد له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه‌ كۆڕبه‌ندێك رێكبخرێت‌و بیرۆكه‌كه‌ش كارلێكی هه‌بوو، بۆیه‌ جێبه‌جێ كرا".

 

وتیشی: "په‌یمانی شه‌رفی ئه‌خلاقیمان ده‌بێت‌و له‌لایه‌ن ئه‌و گه‌نجه‌ كاندیدانه‌وه‌ ئیمزا ده‌كرێت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتگیرییان ده‌كه‌ین".

 

عومه‌ر سالم ئه‌وه‌شی وت: "چه‌ند هه‌وڵێك له‌ئارادان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گه‌نجان له‌ یه‌ك لیستدا، له‌ئاینده‌شدا بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ دوای چوار ساڵ كۆڕبه‌نده‌كه‌ بكه‌ینه‌ كوتله‌یه‌كی سیاسی مه‌ده‌نی‌و گه‌نجان لۆبی‌و سه‌كۆیه‌كی به‌هێزیان هه‌بێت كه‌ گوزراشت له‌ خواسته‌كانیان بكات به‌وپێیه‌ی هێزێكی كاریگه‌رن كه‌ له‌دوای ئازادكردنی موسڵ به‌گوڕێكی زۆره‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتوون".

 

فه‌هد یوسف چالاكوانێكی مه‌ده‌نیه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجانه‌ی پلان بۆ خۆكاندیدكردن له‌ هه‌ڵبژاردندا داده‌نێن، ئه‌و به‌ راشكاویه‌كی زۆره‌وه‌ قسه‌ی كرد‌و وتی: "پێویستمان به‌ دروشم نییه‌ وه‌ك ئه‌وانه‌ی سیاسییه‌كان ده‌یانڵێنه‌وه‌‌و بوونه‌ته‌ كاڵایه‌كی به‌كارهاتوو له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا ده‌خرێنه‌ڕوو، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت گۆڕانكاری دروست بكه‌ین ده‌بێت هه‌نگاوی كرده‌ییمان هه‌بێت".

 

وتیشی: "كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌نگاوێكی گرنگه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌ی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا رووی داوه‌ ده‌گرینه‌ ئه‌ستۆ، شتێكی نایابیشه‌ له‌ نووسینی فه‌یسبووك‌و ره‌خنه‌گرتن له‌ ره‌وشی سیاسی‌و ئیداریه‌وه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ هێنانه‌دی ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ كه‌ هه‌نگاوێكی كرده‌ییه‌، چونكه‌ گوزارشت له‌ خواستێكی راسته‌قینه‌ی زۆرێك له‌ گه‌نجان بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له‌ پارێزگاكه‌ ده‌كات".

  

له‌كۆتایی قسه‌كانیشیدا یوسف وتی: "با له‌سه‌ر ئامانجه‌كان رێككه‌وین، ئه‌گه‌ر له‌ رێگاكانی به‌دهێنانیشیاندا ناكۆك بین".

 

ده‌ستپێكردنی ماراسۆنی هه‌ڵبژاردن ته‌پوتۆزێكی چڕی له‌ پێی ئه‌و فیلانه‌وه‌ دروست ده‌كات كه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی پێشبڕكێی پرۆسه‌ی سیاسیدان، ئه‌وه‌ش گه‌یشتن به‌ هێڵی كۆتایی به‌لای گه‌نجانه‌وه‌ ده‌كاته‌ ئه‌ركێكی دژوار كه‌ ئێستا لاوازترین لایه‌نن‌و كه‌مترین شاره‌زاییشیان هه‌یه‌، به‌ڵام دیاره‌ عه‌لی‌و عومه‌ر‌و فه‌هد‌و هاوڕێكانیان درك به‌ هه‌لومه‌رجی ده‌وروبه‌ر‌و ده‌رفه‌ته‌كانی سه‌ركه‌وتنیشیان ده‌كه‌ن. له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ عومه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌كه‌ی وت: "ئێمه‌ ئێستا لاوازین، پاره‌و شاره‌زاییمان نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵمان نه‌بێت دواتر كه‌ به‌هێز بووین، پێویستمان پێی نابێت".

 

لایه‌نه‌ سیاسییه‌ دیاره‌كانی ئێستا له‌ نه‌ینه‌وا بریتین له‌ حزبی ئیسلامی‌و پاشكۆكانی‌و كوتله‌ی نوجێفی (ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و ئه‌سیل نوجێفی برای پارێزگاری پێشوو)‌و كوتله‌ی خالید عوبه‌یدی وه‌زیری پێشووی به‌رگری‌و هه‌ردوو حزبه‌ كوردییه‌كه‌ (پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان)‌و چه‌ند پارتێكی تر، پێشبینیش ده‌كرێت كاندیده‌ گه‌نجه‌كان خۆیان بخزێننه‌ نێو ئه‌و كوتلانه‌وه‌‌و ره‌نگیشه‌ هه‌ندێكیان له‌ ده‌رچووانی (كۆڕبه‌ندی سیاسی گه‌نجانی نه‌ینه‌وا) بن.

 

كاتێك كاره‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ ته‌واوبوون، به‌رله‌وه‌ی ئاماده‌بووان بڵاوه‌ی لێ بكه‌ن، عومه‌ر‌و هاوڕێكانی كۆبوونه‌وه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ بگرن به‌مه‌به‌ستی به‌دۆكیۆمێنتكردنی ئه‌و ساته‌ی هه‌ندێك كه‌س به‌ چاره‌نووسسازی داده‌نێن بۆ گه‌نجان، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ بڕێك پاره‌ی كه‌م له‌ به‌شداربووان كۆبكه‌نه‌وه‌ تا خه‌رجییه‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ی لێ بده‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌