له‌كاتێكدا عێراقییه‌كان هیواخوازی سه‌رده‌مێكی سیاسی نوێن بگونجێت له‌گه‌ڵ نیشانه‌كانی ئه‌و یه‌كێتییه نیشتمانییه‌ی له‌دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا سه‌ریهه‌ڵداوه، ئه‌نجامی هاوپه‌یمانییه سیاسییه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌كخست، چونكه هاوپه‌یمانی نێوان عهبادیو گرووپه شیعه‌كان هه‌مووانی تووشی شۆك كرد، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانی حزبه عێراقییه‌كان هه‌مووانی تووشی شۆك كرد‌و پێچه‌وانه‌ی پێشبینیكراو بوو، ئه‌و وته‌یه‌شی دووپات كرده‌وه كه ده‌ڵێت دوژمنی هه‌تا سه‌رو دۆستی هه‌تا سه‌ر نییه مادام ئامانجه‌كه بریتیه له به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات له یه‌كێك له گرنگرتین پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌دوای ساڵی 2003وه، چونكه هاوپه‌یمانی سه‌رنه‌كه‌وتووی نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ گرووپه شیعه‌كانی نزیك له ئێران دیارترین رووداو بوو له عێراق له‌دوای راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا.
هه‌فته‌ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران پێكهێنانی هاوپه‌یمانی "نه‌سر"ی بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردندا راگهیاندو ده‌ستبه‌جێش هاوپه‌یمانی "فه‌تح" كه ئه‌و گرووپه شیعانه له‌خۆده‌گرێت له‌دژی رێكخراوی داعش جهنگاونو هادی عامری سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، چووه پاڵی، سه‌یر له‌وه‌شدا ئه‌وه‌یه هه‌ردوولا تا پێش چه‌ند رۆژێكیش دوژمنی یه‌ك بوون‌و یه‌كتریان تۆمه‌تبار ده‌كرد، له‌كاتێكدا موقته‌دا سه‌دری سه‌ركرده‌ی شیعه دیارترین ره‌خنه‌گرانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه بوو به "تایفی" ناوی برد.
به‌ڵام هه‌ر زوو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌بادی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و گرووپه شیعه‌كان ته‌نیا یه‌ك رۆژ دوای راگهیاندنیو له‌رووداوێكی دراماتیكیدا كه بووه مایه‌ی له‌ده‌ستدانی جه‌ماوه‌رێكی زۆری سه‌رۆك وه‌زیران، كشانه‌وه‌یان لێی راگه‌یاند، هه‌روه‌ك چه‌ند ده‌نگێكی نهێنیش له نه‌جه‌فه‌وه كه شوێنی نیشته‌جێی عه‌لی سیستانی مه‌رجی شیعه‌یه، به‌رزبوونه‌وه‌و نیگه‌رانییان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جووڵه‌یه‌ی عه‌بادی له‌خۆگرتبوو.
تا هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كان ئاماژه‌ی بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی عه‌بادی له‌گه‌ڵ سه‌در ده‌كرد له‌دژی نزیكبوونه‌وه‌ی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو له‌گه‌ڵ گرووپه شیعه‌كان، به‌ڵام چه‌ند دانوستانێكی ناڕوون كه نزیكترین شرۆڤه‌كاره‌كان پێشبینییان نه‌ده‌كرد، عهبادیو سه‌دریان كرده دوژمن‌و گرووپه شیعه‌كان‌و عه‌بادیشیان كرده دۆستی یه‌كتر، له كاتێكدا مالیكی به ته‌نیا بێ هاوپه‌یمان مایه‌وه، له هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌شدا جێده‌ستی ئێران ون نه‌بوو.
به‌قسه‌ی چاودێران‌و شرۆڤه‌كاران ناكرێت ئه‌م وه‌رچه‌رخانه دراماتیكیانه له شه‌وو رۆژێكدا رووبده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئێران ده‌ستی تێیاندا نه‌بێت، زانیارییه دزه‌پێكراوه‌كانیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده له‌سوپای پاسدارانی ئێران‌و به‌رپرسی دۆسێی عێراق له‌پشت ئه‌و سهودانامهوهیهو ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی له‌نێوان عهبادیو گرووپه شیعه‌كان رێكخستووه بۆ زامنكردنی یه‌كڕیزی شیعه، چونكه ئامانجی ئێران ئه‌وه‌یه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ده‌ستی شیعه‌وه بمێنێته‌وه ئیتر نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كان هه‌رچۆنێك بێت.
به‌ڵام با وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌بادی ئاره‌زووی ده‌كرد ههڵینهكرد، چونكه ئه‌و پیاوه‌ی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی نیشتمانی لێی ده‌ڕوانرێت كه توانیویه‌تی شیعه‌و سوننه بۆ دژایه‌تیكردنی توندڕه‌وان یه‌كبخات، له‌نێو عێراقییه‌كاندا رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ره‌خنه بووه‌وه رهقترینیان هه‌ڵوێستی موقته‌دا سه‌در بوو كه له راگه‌یه‌ندراوێكدا هاوپه‌یمانی نێوان عهبادیو گرووپه شیعه‌كانی به "تایفی" وه‌سف كرد‌و دووپاتیشی كرده‌وه پشتیوانی ئه‌و جۆره هاوپه‌یمانییه ناكات.
له واقیعدا سێ هۆكار له‌پشت هه‌ره‌سهێنانی هاوپه‌یمانی عهبادیو گرووپه شیعه‌كانه‌وه بوو به‌و خێراییه، شه‌پۆلی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری، نه‌بوونی پێكه‌وه‌گونجان له نێوان حزبه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عهبادیو نه‌بوونی یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردن كه شێوازی دابه‌شكردنی كورسییه‌كان دیاری بكات.
ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری
هاوپه‌یمانی عهبادیو گرووپه شیعه‌كان ته‌نیا هێزه سیاسییه‌كانی تووشی شۆك نه‌كرد، بگره هاووڵاتیانیشی تووشی شۆك كرد، چونكه وا لهعهبادییان ده‌ڕوانی پیاوی قۆناغهكهیهو توانیویه‌تی شكست به داعش بهێنێتو شاره سوننه‌نشینه‌كان ئازاد بكات‌و سه‌ركه‌وتوو بووه له سیاسه‌تی بێ لایه‌نی له نێوان هه‌ردوو لایه‌نی ململانێی ئێران‌و ویلایهتهیهكگرتووهكانو توانیویشیه‌تی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسیه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو بگێڕێته‌وه.
به‌سه‌دان پۆست له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌روونی سه‌رسوڕمانی خۆیان له هاوپه‌یمانی نێوان هه‌ردوولا ده‌ربڕی، پۆسته‌كان چه‌ند گرته‌یه‌كیان له قسه‌ی عه‌بادی له‌خۆگرتبوو كه چه‌ندینجار ره‌خنه له‌و گرووپه چه‌كدارانه ده‌گرێت كه له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت كار ده‌كه‌ن، یان قسه‌كانی له‌باره‌ی پێویستی هێشتنه‌وه‌ی چه‌ك ته‌نیا له‌ده‌ستی دهوڵهتو وازهێنان له پشككاری تایفی، كه ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی هۆشیاری جه‌ماوه‌ری.
ئازادكردنی موسڵ یه‌كێك بوو له ساته مێژووییه‌كانی وڵات‌و دیمه‌نی عه‌بادی له ناوه‌ڕاستی جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی سوپادا له‌ناوجه‌رگه‌ی موسڵ كاتێك ئازادكردنی شاره‌كه‌ی له ده‌ستی توندڕه‌وان راگه‌یاند، سۆزی دانیشتووانی شاره‌كه‌ی جوڵاند، پێش ئه‌وه‌ش ئه‌و پیاوه دیمه‌نێكی دیكه‌ی هه‌بوو له شاری فه‌لوجه كه توانی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ناوه‌نده‌كانی سوننه‌دا به‌ده‌ستبهێنێت كه هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێك به‌درێژایی ده‌یه‌ی رابردوو به‌ده‌ستی نه‌هێناوه.
به‌ڵام دانیشتووانی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان تائێستاش بهترسو نیگه‌رانیه‌وه له‌و گرووپه شیعانه ده‌ڕوانن كه به‌شدار شه‌ڕه‌كانی ئازادكردنهوهیان كردووه، چونكه هێشتا ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی دوای ئازادكردنی تكریت‌و دیارنه‌مانی سه‌دان كه‌س له دانیشتووانی ئه‌نبار له مێشكیاندا ماون، بۆیه هاوپه‌یمانی عه‌بادی له‌گه‌ڵ گرووپه شیعه‌كاندا تووشی شۆكی كردن، له‌به‌ر ئه‌وه عه‌بادی له ماوه‌ی دوو رۆژدا به‌شێك له‌و ئاسته جه‌ماوه‌رییه‌ی له‌ده‌ستدا كه به‌درێژایی سێ ساڵ له‌كاری سه‌خت هه‌وڵی بنیاتنانیدا.
ره‌قترین وه‌ڵام بۆ عه‌بادی له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در پیاوی ئاینیه‌وه هات كه دیارترین پشتیوانی بوو له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا له‌به‌رامبه‌ر به‌رهه‌ڵستكارانی له‌حزبه شیعه‌كان‌و به‌دیاریكراویش نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوودا، بۆیه ئه‌و سهدرهی مانگی رابردوو به‌راشكاوی پشتیوانی بۆ عه‌بادی ده‌ربڕی له به‌ده‌ستهێنانی ویلایه‌تێكی دیكه‌دا، پاشگه‌زبووه‌وه‌و له راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا وتی: "هاوپه‌یمانییه نوێیه‌كه تایفییهو پشتیوانی ناكهمو ناچمه ناویشیهوه، ته‌نیا پشتیوانی ئه‌و هاوپه‌یمانیانه ده‌كه‌م كه كه‌سایه‌تی ته‌كنۆكرات له‌خۆده‌گرن".
لهنهجهفیش كه عه‌لی سیستانی مه‌رجی شیعه‌ی تێدا نیشته‌جێیه، كه‌سانی نزیك له سیستانی باسیان له نیگهرانیو نائومێدبوونی كرد لههاوپهیمانییه نوێیه‌كه‌ی عه‌بادی، دوو كه‌سایه‌تی ئایینی نزیك له سیستانی به "نیقاش"یان وت: "عه‌بادی پێگه‌یه‌كی باشی هه‌بوو له‌لای مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی‌و به‌چاوی رێزه‌وه لێی ده‌ڕوانرا، به‌ڵام مه‌رجه‌عیه‌ت له جوڵه‌ی ئه‌م دواییه‌ی عه‌بادی تێنه‌گه‌یشتووه".
هاوپه‌یمانییه‌كی نه‌گونجاو
هاوپه‌یمانی "نه‌سر" كه عه‌بادی رایگه‌یاندووه 67 حزبی سیاسی له‌خۆده‌گرێت كه زۆرترین ژماره‌یه هاوپه‌یمانییه‌كی هه‌ڵبژاردن له‌عێراق به‌درێژایی ده ساڵی رابردوو به‌خۆوه‌ی بینیبێت، چونكه خواستی زۆرێك له حزبه‌كان بۆ سوودوه‌رگرتن له ئاستی جه‌ماوه‌ری عه‌بادی پاڵی پێوه‌ناون بۆئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ببه‌ستن به ئومێدی به‌ده‌ستهێنانی كورسی زیاتری په‌رله‌مان.
به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م حزبانه له‌گه‌ڵ یه‌ك نهگونجاونو بگره ناكۆكی قووڵیش له‌نێوانیاندا هه‌یه، بۆ نموونه هاوپه‌یمانییه‌كه 17 گرووپی شیعه له‌خۆده‌گرێت كه به نزیكییان له ئێران ناسراون‌و له دیارترینیشیان "به‌در"و "سه‌رایا خۆراسانی"و عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"و كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا"، له‌به‌رامبه‌ریشدا هاوپه‌یمانییه‌كه چه‌ند حزبێكی سوننه له‌خۆده‌گرێت له دیارترینیان هاوپه‌یمانی "بهیاریقو لخهیر" له موسڵ به‌سه‌ركردایه‌تی خالید عوبه‌یدی وه‌زیر پێشووی بهرگریو هاوپه‌یمانی "موعاهیدون" به‌سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولله‌تیف هومهیم سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننه‌و هاوپه‌یمانی "وه‌فا" له ئه‌نبار به‌سه‌ركردایه‌تی قاسم فه‌هداوی وه‌زیری كاره‌با.
ته‌نانه‌ت ناكۆكی له‌نێوان حزبه شیعه‌كانی نێو هاوپهیمانییهكهشدا هه‌یه‌و كاتێك حزبی "ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی" به‌سه‌ركردایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم چووه پاڵ عه‌باد، چه‌ند گرووپ‌و حزبێكی شیعه به‌رهه‌ڵستیان كرد له‌دیارترینیشیان "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی" كه هه‌ست ده‌كات مافی خوراوه پاش ئه‌وه‌ی حه‌كیم له هاوینی رابردوودا لێی جیابووه‌وه‌و ره‌وتێكی سیاسی نوێی به‌ناوی "حیكمه" دامه‌زراند.
نه‌بوونی یاسای هه‌ڵبژاردن
هۆكاری سێیه‌میش كه ره‌نگه گرنگترینیشیان بێت، بریتیه له نه‌بوونی یاسایه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پهرلهمانو پارێزگاكان، تائێستاش په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه ده‌نگ له‌سه‌ر یاسا گرنگه‌كان بدات، چونكه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویستی به یاسایه‌كه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ر له شه‌ش مانگ له واده‌ی ده‌نگدان بۆئه‌وه‌ی رێكاره‌كانی رێكخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بگرێته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له چوار مانگ نزیك ده‌بێته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی هه‌بێت، هه‌رچه‌نده حكومه‌تی عێراق بڕیاری داوه له 12ی مانگی ئایاری داهاتوودا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، له‌به‌ر كه‌می ماوه‌ش ئه‌وا دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان تائێستاش بژارده‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراوه.
به‌بێ یاسایه‌كی روونی هه‌ڵبژاردنیش حزبه عێراقییه‌كان ناتوانن بچنه دانوستانی جددی‌و واقعیه‌وه بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كانیان، چونكه یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان شێوازی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی پهرلهمانو دابه‌شكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ران به‌پێی ریزبه‌ندی كاندیده‌كان له نێو هاوپهیمانییهكاندا له‌خۆده‌گرێت، ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ش ناوه‌رۆكی دانوستانه‌كانی هه‌ڵبژاردنن، به‌ڵام نه‌بوونی یاساكه تائێستا حزبه‌كانی ناچار كردووه هاوپه‌یمانی به په‌له‌و نالۆجیكی ببه‌ستن كه زۆرێك له حزبه‌كانی خستووه‌ته ته‌نگژه‌وه له‌وانه‌ش هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌بادی.