راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

باس له‌ 400 هه‌زار ناو ده‌كرێت
تۆماری‌ ده‌نگده‌ران گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستانه‌

هونەر حەمەرەشید
به‌ر له‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك ببنه‌وه‌ باس‌و خواسی‌ گه‌رموگوڕ له‌كوردستاندا لیستی‌ ناخاوێنی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌رانه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو ده‌بێت.
18.01.2018  |  سلێمانی
 ( :وێنه سفين اسماعيل )
( :وێنه سفين اسماعيل )

ساڵێكی‌ چاره‌نووسسازو پڕ له‌هه‌ڵبژاردن چاوه‌ڕێی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق ده‌كات، له‌ئێستاوه‌ هه‌موو هێزه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ خۆ، به‌شێك له‌و هێزانه‌ش "پاككردنه‌وه‌ی‌ لیستی‌ ده‌نگده‌ران"یان كردووه‌ته‌ بانگه‌شه‌ی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ خۆیان.

 

زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دانده‌نێن به‌وه‌دا كه‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌رانی‌ خاوێن نییه‌، به‌ڵام به‌شێكیان له‌وه‌ زیاتر ده‌ڕۆن‌و ده‌ڵێن به‌سه‌دان هه‌زار ناوی‌ زیاده‌ی‌ تێدایه‌و بۆ ساخته‌كاری‌ به‌كاردێن.

 

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ لێدراوه‌ 12ی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵ واده‌ی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگاكان ده‌بێت، هه‌ر له‌مساڵیشدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌یان هێشتا واده‌كه‌ی‌ دیارینه‌كراوه‌.

 

لیستێكی‌ گوماناوی‌

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان لیستێكی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران هه‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ كۆبۆنی‌ خۆراك دروستكراوه‌ (ئه‌و كۆبۆنه‌ی‌ ساڵی‌ 1996 بۆ پێدانی‌ به‌شه‌ خۆراكی‌ مانگانه‌ ئاماده‌كراوه‌) به‌شێكی‌ زۆر له‌لایه‌نه‌كان گومانیان له‌ناوه‌كانی‌ لیسته‌كه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێن: له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و تۆماره‌وه‌ ساخته‌كاری‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت.

 

لایانه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌كوردستان ده‌ڵێن نزیكه‌ی‌ (400) هه‌زار ناوی‌ گوماناوی‌ له‌لیسته‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی‌ دیكه‌ بۆ زۆر زیاتر له‌وه‌ ده‌چن.

 

په‌یمانگای "ئه‌نیستۆی په‌ی" بۆ چاودێری‌ په‌رله‌مان‌و په‌روه‌رده‌ی‌ په‌رله‌مانتاری‌ كه‌ په‌یمانگایه‌كی‌ ناحكومیه‌، ئاشكرایكردووه‌ به‌پێی ئه‌و به‌دواداچوونه‌ی بۆ تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كردوویانه‌ زیاتر له‌ 900 هه‌زار ناوی "ساخته‌" هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌شی زیاتر له‌ 40 كورسی ده‌كات هه‌یه‌.

 

سه‌روه‌ر عه‌بدولره‌حمان كه‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ پێشووی‌ یه‌كێنی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌و سه‌رۆكی‌ رێكخراوه‌كه‌یه‌، سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ رایگه‌یاند "ناوی‌ دووباره‌و گوماناوی‌و ساخته‌و وه‌همی‌و مردوو، چه‌نده‌ها ناوی كوردانی‌ پارچه‌كانی ترو ناوی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ناو ئه‌و لیسته‌دا هه‌ن".

 

`ژووری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌ڵێت له‌ساڵی‌ 2001 بۆ 2017 به‌پێی‌ داتاكانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نزیكه‌ی‌  220 هه‌زار كه‌س له‌هه‌رێمی‌ كوردستان مردوون، به‌ڵام كۆمیسیۆن ته‌نیا ناوی‌ 440 مردووی‌ سڕیوه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ناوی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان زیاتر له‌دوو سه‌د هه‌زار ناوه‌و زۆربه‌یان هه‌م له‌ده‌نگدانی‌ تایبه‌تدا به‌شدارن‌و هه‌م له‌ده‌نگدانی‌ گشتیدا ناویان نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌و ده‌توانن دووباره‌ ده‌نگ بده‌ن.

 

ئامارێكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ناوی‌ دووباره‌ له‌نێوان پارێزگاكانی‌ (سلێمانی‌ - كه‌ركوك)، (سلێمانی‌ - دیاله‌)، (هه‌ولێر - كه‌ركوك)، (هه‌ولێر - موسڵ)،  (دهۆك - موسڵ) هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌نێوان 100 بۆ 150 هه‌زار ناو له‌دوو پارێزگای‌ جیاواز هه‌ن‌و له‌هه‌ردوولا مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ٩٦ هه‌زار ناوی لێكچوو، شه‌ش هه‌زار ناوی دووباره‌و نزیكه‌ی ٤٢ هه‌زار ناوی سه‌روو ٩٠ ساڵ هه‌ن.

 

نه‌ك هه‌ر له‌ناوخۆی‌ عێراق، به‌ڵكو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌ڵێن له‌وڵاتانی‌ توركیاو ئێران‌و سوریاوه‌ خه‌ڵكی‌ مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستاندا، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك كراوه‌ كه‌ هاوڵاتیانی‌ كوردی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقیان پێدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن به‌شداری‌ ده‌نگدان بكه‌ن.

 

ساڵح ئیبراهیم پوور، كه‌سێكی‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ ئێرانه‌ له‌شاری‌ سه‌رده‌شت كه‌ له‌سه‌ر سنووری‌ ئێران‌و عێراقه‌، له‌ساڵی‌ 2009 ناسنامه‌و ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ خۆی‌‌و خانه‌واده‌كه‌ی‌ ده‌رهێنراوه‌.

 

ساڵح ئیبراهیم پوور، كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ خۆی‌ ناوی‌ خوازراوی‌ بۆ نووسراوه‌، بۆ "نیقاش" وتی‌ "له‌سه‌رده‌شت ده‌ژین‌و له‌سه‌ر شاری‌ قه‌ڵادزێ‌ ره‌گه‌زنامه‌و ناسنامه‌و كۆبوونی‌ خۆراكمان بۆ ده‌رهاتووه‌‌و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانین له‌كوردستان ده‌نگبده‌ین بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ كارئاسانی‌ بۆ كردین له‌ده‌رهێنانی‌ ناسنامه‌كان".

 

وانه‌بێت ته‌نیا لایه‌نه‌كان، به‌ڵكو كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنیش ده‌زانێ‌ كه‌موكوڕی‌ له‌و لیسته‌دا هه‌یه‌، شیروان زرار، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ش گومانمان له‌ژماره‌كان هه‌یه‌و كار له‌سه‌ر چاكردن‌و پاككردنه‌وه‌ی‌ لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ین".

 

گه‌ر به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و ژمارانه‌ بێت كه‌ هه‌م لایه‌نه‌كان‌و هه‌م كۆمسیۆنیش دانی‌ پیادا ده‌نێن، ئه‌وا مه‌زه‌نده‌ی‌ (400) هه‌زار ناوی‌ گوماناوی‌ ئه‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌ڕٍاستی‌ ئه‌م ژمارانه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌كاربێن ئه‌وا به‌شی‌ زیاتر له‌ 15 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌كات.

 

زمناكۆ جه‌لال رێكخه‌ری‌ ژووری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌ یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ی‌ داوای‌ پاكردنه‌وه‌ی‌ لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌كات پێداگری‌ ده‌كات له‌بوونی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ گوماناویانه‌‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و داتاو زانیارییانه‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌گۆڕێت، ده‌بێت كۆمیسیۆن هه‌موو هه‌وڵه‌كانی‌ له‌و باره‌وه‌ بخاته‌ گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌پێی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ خۆیان ده‌نگ  بهێنن، نه‌ك له‌رێگه‌ی‌ ساخته‌كارییه‌وه‌، وه‌ك له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردوو كراوه‌".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆن دان به‌بوونی‌ كه‌موكوڕییدا ده‌نێت، به‌ڵام پێی‌ وایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ زیاد له‌قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ دراوه‌تێ‌.

 

كاروان جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی داتاكان له‌كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی هه‌رێم، له‌باره‌ی ئه‌و گومانانه‌ی‌ له‌لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران هه‌یه‌، بۆ "نیقاش" وتی‌ "له‌لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌رانی‌ هه‌رێم كۆمه‌ڵێك ناو هه‌یه‌ گومانیان له‌سه‌ره‌".

 

وتیشی‌ "پرسی پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران زیاد له‌پێویست گه‌وره‌ كراوه‌، چونكه‌ پاككردنه‌وه‌ی تۆماره‌كه‌ كاتێكی زۆری نه‌ماوه‌ بۆ ته‌واوبوون".

 

به‌ڵام لایه‌نه‌كان دڵیان به‌م قسه‌یه‌ ئاو ناخواته‌وه‌و پێیان وایه‌ وه‌ك چۆن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوودا "ساخته‌كاری‌" كراون، ئه‌مجاره‌ش ئه‌و ناوه‌ گوماناویانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌كارده‌هێنرێن.

 

هاوژین عومه‌ر به‌رپرسی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌و باره‌وه‌ بۆ "نیقاش" وتی‌ "به‌رپرسانی‌ كۆمیسیۆن چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ پاكسازی‌ له‌لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن، به‌ڵام تائێستا هیچ هه‌نگاوێكی‌ كرده‌كییان له‌و باره‌وه‌ نه‌ناوه‌".

 

هاوژین به‌دووریشی‌ زانی به‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی‌ له‌به‌رده‌ست كۆمیسیۆن هه‌یه‌، چاكسازی‌ له‌لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران بكات‌و وتیشی‌ "هه‌وڵی‌ ئه‌م دوایانه‌شی‌ هه‌مان هه‌وڵ ده‌بێت كه‌ له‌پێشوو دراون‌و هیچ ئه‌نجامێكی‌ نه‌بووه‌".

 

ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان)ی‌ تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی‌ ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباره‌كانی‌ كۆمیسیۆن ده‌كه‌ن‌و "رێگه‌ناده‌ن پاكسازی‌ له‌و لیسته‌دا بكه‌ن".

 

ئه‌مه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌لایه‌ن ئه‌و دوو لایه‌نه‌وه‌ ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر سه‌دان هه‌زار ناوی‌ گوماناویش هه‌بن، خۆ هه‌موویان لایه‌نگری‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ نین‌و گه‌ر ساخته‌كاری‌ بكرێت بۆ هه‌موو هێزه‌كان ده‌كرێت.

 

خه‌سره‌و گۆران به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌وان ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن له‌كاروباری‌ كۆمیسیۆن‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌رچی‌ زووه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران پاكبكرێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌لایه‌نه‌كان گۆمانیان له‌سه‌ری‌ هه‌یه‌و ده‌یانه‌وێت پاكبكرێته‌وه‌".

 

 

ناكۆكی‌ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن

جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌عێراق كۆمسیۆنێكی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌، هه‌رێمی‌ كوردستانیش ئێستا كۆمسیۆنێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ له‌تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ناڕازین، ئه‌وه‌ش ناشارنه‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ی‌ كوردستان له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كارده‌كات، بۆیه‌ وه‌ك هه‌وڵێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ باڵاده‌ستی‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێی‌ به‌غداوه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ی‌ كوردستان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

 

ئێستا له‌كوردستان هه‌وڵێكی‌ جدی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ مانگی‌ ئازار هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و "هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌" -ئه‌و هێزه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركرده‌ی‌ پێشووی‌ یه‌كێتی‌ دروستی‌ كردووه‌- له‌گه‌ڵ ئه‌و واده‌یه‌دا نین بۆ هه‌ڵبژاردن‌و پێیان وایه‌ به‌بوونی‌ ئه‌م كۆمسیۆنه‌وه‌ ته‌نیا له‌قازانجی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌بێت.

 

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" كه‌ له‌چه‌ند به‌رپرسێكی‌ ئه‌و سێ لایه‌نه‌وه‌ ده‌ستی‌ كه‌وتووه‌، ئێستا ئه‌و سێ‌ هێزه‌ ده‌یانه‌وێت باڵاده‌ستی‌ به‌غدا بقۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیار له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆنه‌كانی‌ كوردستان بدرێت كه‌ په‌رله‌مان له‌ساڵی‌ 2015 بڕیاری‌ دروستكردنی‌ داوه‌ به‌و بیانووه‌ی‌ "كه‌وتووه‌ته‌ ژێر هه‌ژموونی‌ لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێم".

 

گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و هاوپه‌یمانی‌ رۆژی‌ 4 ئه‌م مانگه‌ شاندێكیان نارده‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ش بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌ت‌و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، به‌پێی‌ قسه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ شانده‌كه‌ ته‌وه‌رێكی‌ گفتوگۆكه‌یان قسه‌كردن بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و گومانه‌كانی‌ سه‌ر لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران.

 

شۆڕش حاجی‌ ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ سه‌رۆكی‌ شاندی‌ سێ‌ لایه‌نه‌كه‌ش بوو بۆ به‌غدا، زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش"ی‌ پشتراستكرده‌وه‌و وتی‌ "ئێمه‌ وه‌ك گۆڕان‌و ته‌نانه‌ت چه‌ند لایه‌نێكی‌ تریش گومانی‌ سه‌دا سه‌دمان له‌سه‌ر كاره‌كانی‌ كۆمیسیۆنی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، بۆیه‌ نامانه‌وێت ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ سه‌رۆكاری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات".

 

شۆڕش حاجی‌ وتیشی‌ "له‌سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ به‌غدا داوامان له‌سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت (حه‌یده‌ر عه‌بادی‌) كردووه‌، كه‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ عێراق راسپێرێت بۆ كاركردن‌و به‌رێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌جیاتی‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ی‌ هه‌رێم".

 

ئه‌م داواكارییه‌ی‌ لایه‌نه‌كان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ لایه‌نی‌ عێراقی‌ له‌كاره‌كانی‌ كۆمیسیۆنی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رازی‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ ده‌ركردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ 25ی‌ ئه‌یلوولی‌ رابردوو له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌كه‌.

 

هه‌ندرێن محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ كۆمیسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بایه‌خی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ لایه‌نه‌كان‌و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی‌ عێراقیشی‌ كه‌مكرده‌وه‌و رایگه‌یاند "كۆمسیۆن له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ دیاریكراوه‌و ئه‌ندامه‌كانی‌ متمانه‌یان وه‌رگرتووه‌، هه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانه‌ش ده‌توانێت بڕیار له‌چاره‌نووسیان بدات".

 

هه‌ندرێن بۆ "نیقاش" وتی‌ "كۆمیسیۆنی‌ هه‌رێم له‌كاره‌كانی‌ به‌رده‌وامده‌بێت"، دڵنیاییشیدا به‌وه‌ی‌ سه‌ره‌ڕای‌ فشاره‌كانی‌ ناوخۆو حكومه‌تی‌ عێراقیش كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم به‌رێوه‌به‌رن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌