راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خۆشی‌ شكستی‌ داعشی‌ بیر بردنه‌وه‌
خۆپیشاندانه‌كانی ئێران دیسانه‌وه‌ عێراقییه‌كان دابه‌ش ده‌كات

موسته‌فا حه‌بیب
ماوه‌كی زۆر به‌سه‌ر خۆشحاڵی عێراقییه‌كان به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا تێنه‌په‌ڕیبوو كه‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران لێی تێكدان‌و سه‌رله‌نوێ له‌ ده‌ربڕینی بۆچوونیاندا به‌گوتاری تایفه‌گه‌ری دابه‌شبوونه‌وه‌.
11.01.2018  |  به‌غدا

ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاودێری خۆپیشاندانه‌كانی ناڕه‌زایی ئێران له‌ دژی رژێمی سیاسی له‌و وڵاته‌ بكه‌ن، ئه‌وا عێراقییه‌كان له‌ هه‌موو گه‌لان زیاتر بایه‌خی پێده‌ده‌ن، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ دوو گرووپ، یه‌كه‌میان خۆپیشاندانه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و به‌ پیلانگێڕییه‌كی داده‌نێت له‌ دژی رژێمی ئه‌و وڵاته‌، دووه‌میشیان پێشوازی لێده‌كات‌و هیواخوازه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ رووخاندنی رژێمدا.

 

له‌ 30ی كانوونی یه‌كه‌می رابردوودا خۆپیشاندان له‌ ژماره‌یه‌ك شاری ئێران سه‌ری هه‌ڵدا له‌وانه‌ش شاری مه‌شهه‌د دووه‌م گه‌وره‌ شاری ئه‌و وڵاته‌، ئه‌ویش وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ‌و رێژه‌ی بێكاری، دواتریش ئاستی به‌شداری ئێرانیه‌كان تێیدا فراوان بوو، دوای شه‌ش رۆژیش خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ رۆیشتن له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ رژێمی ئێران.

 

له‌رۆژانی سه‌ره‌تادا سیاسییه‌كانی عێراق خۆیان به‌دوور ده‌گرت له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر رووداوه‌كانی ئێران، به‌ڵام هاووڵاتیان هه‌ر له‌ سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌مه‌وه‌ چاودێری خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرد، تا بووه‌ گرنگترین بابه‌تی نێو عێراقییه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا.

 

چاودێرانی ئه‌و مشتومڕه‌ی له‌نێوان عێراقییه‌كاندا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت له‌ چایخانه‌‌و بازاڕه‌كانیشدا دروست بوو، تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دوو لایه‌نی ناكۆك په‌یدابوون ته‌نیا له‌به‌ر هۆكاری مه‌زهه‌بی، ئه‌وه‌ش شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌، چونكه‌ ئێران له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ رۆڵێكی سیاسی‌و ئه‌منی‌و ئاینی له‌ عێراق ده‌گێڕێت‌و ده‌بێت عێراقییه‌كانیش چاودێری رووداوه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێیه‌ بكه‌ن.

 

بۆ نموونه‌ چه‌ند په‌یجێكی عێراقی‌و كه‌سایه‌تی گشتی بڵاوكراوه‌یان ئاڕاسته‌ی جه‌ماوه‌ر‌و حزبه‌ شیعییه‌كانیش كردووه‌ له‌وانه‌ش چه‌ند كۆمێنتێك ده‌ڵێن: "ئه‌وه‌ ئێرانه‌ كه‌ زۆر كه‌س هاوسۆزن له‌گه‌ڵ رژێمه‌ سیاسییه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌دژی رژێم به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، ئێستا ئه‌و عێراقیانه‌ی هاوسۆزن له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه‌ چی ده‌ڵێن؟".

 

كۆمێنتێكی تر له‌ هه‌مان روانگه‌وه‌ ده‌ڵێت: "شێوازی كاری مه‌لاكان (رژێمی ئێران‌و لایه‌نگرانی) له‌ هه‌موو شوێن‌و كاتێكدا یه‌ك شته‌، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانێك له‌ عێراق بكرێت ده‌ڵێن حزبی به‌عسی له‌پشته‌، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانێكیش له‌ ئێران بكرێت ده‌ڵێن ئیسرائیلی له‌ پشته‌، عه‌مامه‌كانتان به‌سه‌ر گه‌ردنی خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ ئێران‌و عێراق درێژه‌ ناكێشێت‌و رۆژی كۆتاییتان خه‌ریكه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌".

 

كومێنتێكیش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ نێو عێراقیه‌كاندا بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌ی عێراقی ئازیز كه‌ دلًَسۆزیت بۆ ئێرانه‌، گه‌لی شیعه‌ی ئێران خۆپیشاندان ده‌كات، ئایا بوێری ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ پشتگیری بكه‌یت‌و بچیته‌ پاڵ ئه‌و سته‌مه‌ی رووبه‌ڕووی گه‌لی شیعه‌ی ئێران ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك چۆن پشتیوانی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دانیشتووانی شیعه‌ له‌ به‌حره‌ین‌و یه‌مه‌ن‌و قه‌تیف ئه‌نجامیاندا؟ ئه‌گه‌ر پشتگیری خۆپیشاندانه‌كانی ئێران نه‌كه‌یت ئه‌وا مانای وایه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێرانیت نه‌ك له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌بی شیعه‌ وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن".

 

له‌راستیدا ئه‌و كۆمێنتانه‌ هه‌مان هه‌ڵوێستی ئه‌و حزب‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ عێراقیانه‌یه‌ كه‌ هه‌ژموونی ئێران له‌ وڵاته‌كه‌یان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌و به‌زۆریش له‌ حزبه‌ سوننه‌كان‌و هه‌ندێك هێزی كوردی‌و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی تازه‌دروستبووی عێراقن كه‌ له‌ هاوینی ساڵی 2015وه‌ تا ئه‌مڕۆ رێبه‌رایه‌تی خۆپیشاندان بۆ چاكسازی سیاسی له‌ عێراق ده‌كات.

 

تائێستاش خۆپیشانده‌رانی ره‌وتی مه‌ده‌نی‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ ئه‌وه‌یان له‌بیرنه‌چووه‌ته‌وه‌  كه‌ چۆن به‌رپرسانی ئێران قسه‌یان له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ئابی ساڵی 2015ی گۆڕه‌پانی ته‌حریری ناوه‌ڕاستی به‌غدا ده‌كرد، ئه‌و كاته‌ لیوا حه‌سه‌ن فه‌یرۆزئابادی سه‌رۆكی ئه‌ركانی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران رێبه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ مسوڵمان نین‌و ده‌یانه‌وێت حزبه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ عێراق بڕووخێنن، ئه‌وه‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستی حزبه‌ شیعه‌كانی عێراق بوو له‌و كاته‌دا.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆمێنتی وا بڵاوبوونه‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێرانیان ره‌تده‌كرده‌وه‌‌و هه‌وڵیان ده‌دا خۆپیشاندانه‌كان به‌ هه‌وڵێك بۆ وێرانكردنی وڵاته‌كه‌ دابنێن، له‌و كۆمێنتانه‌ش كه‌ له‌ فه‌یسبووك بڵاوبوونه‌وه‌ ده‌ڵێن:"خۆپیشاندان له‌ ئه‌نبار داعشی بۆ هێناین، به‌هاری عه‌ره‌بیش له‌ سوریا چه‌ندین رێكخراوی تیرۆریستی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا، ئاخۆ ده‌بێت خۆپیشاندانه‌كانی ئێران چی به‌رهه‌مبهێنن؟".

 

یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانیش نووسه‌ره‌كه‌ی هه‌وڵی داوه‌ به‌شێوازی خۆی ره‌خنه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كان بگرێت‌و ده‌ڵێت: "خۆپیشاندانه‌كانی ئێران كۆمه‌ڵێك كه‌س بوون له‌ پارێزگای كرماشانی كوردنشین، كوردیش هه‌میشه‌ كێشه‌ له‌ وڵاته‌كانیاندا دروست ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ باكووری عێراق‌و توركیا‌و سوریا".

 

هه‌واڵی درۆش یه‌كێك بوو له‌و ئامرازانه‌ی عێراقییه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كاریان هێنا بۆ پشتیوانی هه‌ڵوێستی لایه‌نگرانه‌یان له‌ خۆپیشاندانه‌كان یاخود به‌رهه‌ڵستكارانی، وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ چه‌ند ساڵی رابردوو ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان داگیركردبوو كه‌ گوایه‌ نوێن‌و هی خۆیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێرانن.

 

 

 

قاسم روبه‌یعی مامۆستای ده‌روونناسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌رده‌وامی دابه‌شبوونی عێراقییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامی ئه‌و سه‌ختیانه‌ی رووبه‌ڕووی بنیاتنانی یه‌ك سیاسه‌تی نیشتمانی‌و جه‌ماوه‌ری له‌ عێراق ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی دوای 2003ه‌ كه‌ هه‌ستیاری تایفی نێوان شیعه‌‌و سوننه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌".

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا جۆرێك له‌ یه‌كێتی نیشتمانی له‌ نێوان سوننه‌‌و شیعه‌ هێنایه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام هه‌نگاوی زیاتر پێویسته‌ بۆ پشتگیریكردنی هه‌ستی نیشتمانی‌و هێنانه‌ئارای هۆشیارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌بێت عێراقییه‌كان به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك روبه‌یعی ده‌ڵێت.

 

به‌رپرسانی عێراق خۆیان له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ئێران به‌دوورگرت‌و هه‌ندێكیان وریایانه‌ راگه‌یه‌ندراویان له‌باره‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ راستیدا ئاماژه‌یه‌كی روون بوو بۆ دابه‌شبوونی ناوخۆیی له‌ عێراق، بۆ نموونه‌ نوری مالیكی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق كه‌ نزیكه‌ له‌ ئێران له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی: "ئه‌وه‌ی رووده‌دات كاروباری ناوخۆییه‌، به‌ڵام دوژمنانی ئێران‌و ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانیان له‌ ناوخۆدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن گرژی‌و ئاژاوه‌ی تێدا دروست بكه‌ن".

 

جه‌لاله‌دین سه‌غیر ئه‌ندامی دیاری "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی"ش له‌میانی وتاری رۆژی هه‌ینیدا وتی: "خۆپیشاندانه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌ بارودۆخی ئابووری ناوخۆییه‌وه‌ هه‌یه‌‌و په‌یوه‌ندیان به‌ رژێمی ئێرانه‌وه‌ نییه‌"، شازاده‌كانی سعودیه‌‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و ئیسرائیلیشی به‌ دروستكردنی كێشه‌ له‌ ئێران تۆمه‌تبار كرد.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌سیل نوجه‌یفی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا له‌ پۆستێكدا له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبووك وتی: "هێشتا زووه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كاریگه‌ری خۆپیشاندانه‌كانی ئێران له‌سه‌ر رژێمی سیاسی ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ناوخۆی عێراق ده‌بێت".

 

وتیشی: "پێشبینی ده‌كرێت ئێران كه‌شێكی نیگه‌رانكه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق دروست بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ دۆخی خۆی له‌ عێراق بۆ پته‌وكردنی ئابوورییه‌ ناسه‌قامگیره‌كه‌ی".

 

دابه‌شبوونی عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی سیاسی‌و جه‌ماوه‌ری سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌ هه‌رێمییه‌كان شتێكی نوێ نییه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و هه‌وڵی كوده‌تایه‌ی له‌ ته‌مموزی 2015 له‌ توركیا روویدا دابه‌شبوونی به‌خۆوه‌ بینی، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌، چونكه‌ سوننه‌ی عێراق نیگه‌رانیان له‌ به‌رامبه‌ر كوده‌تاكه‌ ده‌ربڕی، له‌ كاتێكدا شیعه‌ پێشوازیان لێكرد، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ قه‌یرانه‌كانی سوریا‌و یه‌مه‌ن‌و به‌حره‌یندا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌