راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌ده‌روازه‌ی‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ ده‌روازه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌
رانیه‌ له‌مێژووی‌ خۆی‌ یاخی‌ ده‌بێت

سامان عومەر
ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ رانیه‌ ده‌ڵێی‌ خۆڵی‌ به‌سه‌ردا كراوه‌، راسته‌ خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌و شاره‌ كۆتایی‌ پێهات‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان كشانه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ دڵیان شكاوه‌ له‌و ئه‌زموونه‌ی‌ خۆیان دروستیان كرد.
11.01.2018  |  سلێمانی
 ( :وێنه امير حسن )
( :وێنه امير حسن )

بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، شاری‌ رانیه‌ – باكوری‌ خۆرئاوای‌ سلێمانی‌ – هه‌ڵگری‌ ماناو سیمبولێكی‌ جیاوازه‌، راسته‌ یه‌كێك نییه‌ له‌گه‌وره‌ترین شاره‌كانی‌ كوردستان (له‌پانزه‌ هه‌زار خێزان پێكهاتووه‌)، به‌ڵام گرنگی‌ ئه‌و شاره‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌دانه‌ری‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ حوكمڕانی‌ كوردی ده‌زانرێت.

 

رۆژی‌ 5ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 1991 یه‌كه‌م پریشكی‌ راپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دژی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌شاری‌ رانیه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردو له‌وێوه‌ هه‌موو شاره‌كانی‌ تری‌ ته‌نییه‌وه‌و هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ كوردییه‌كان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌فه‌رهه‌نگی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و حوكمڕانی‌ كوردییدا رانیه‌ ناوی‌ "ده‌روازه‌ی‌ راپه‌ڕین"ی‌ لێنراوه‌.

 

هه‌موو خه‌ڵكی‌ رانیه‌ شانازی‌ ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ ئه‌وان سه‌رمه‌شقی‌ راپه‌ڕین بوون، به‌ڵام دوای‌ 26 ساڵ حوكمڕانی‌ كوردی‌، ئێستا له‌و مێژووه‌ی‌ خۆیان یاخی‌ بوون‌و ده‌یانه‌وێت ببنه‌ كلیلی‌ گۆڕانكارییه‌كی‌ دیكه‌.

 

رۆژی‌ 18ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو هاوكات له‌گه‌ڵ چه‌ندین شارو شارۆچكه‌ی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان، خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌رانیه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و دروشمیان دژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌رپرسانی‌ كوردی‌ ده‌وته‌وه‌، به‌ڵام جیاوازی‌ خۆپیشاندانی‌ رانیه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌م زیانه‌كانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌وانی‌ دیكه‌ گه‌وره‌تر بوو، هه‌م یه‌كه‌مین جاریش ئه‌و شاره‌ ئاوها به‌ئاشكرا دژی‌ شانازییه‌كانی‌ خۆی‌ بوه‌ستێته‌وه‌.

 

ئه‌گه‌ر چی‌ جاران گله‌یی‌ خه‌ڵكی‌ رانیه‌و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان ته‌نیا له‌دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ خه‌ڵكی‌ رانیه‌ دژی‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان وه‌ستانه‌وه‌و به‌وه‌ تۆمه‌تباریان كردن كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌دروستكردنی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌‌و ئابوریدا، هه‌ر بۆیه‌ وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك په‌لاماری‌ باره‌گا حزبییه‌كانیانداو ته‌نیا له‌دوو رۆژی‌ یه‌كه‌می‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا دوانزه‌ باره‌گای‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانیان سوتاند، له‌نێویاندا باره‌گای‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ هه‌بوون كه‌ ئه‌وان خۆیان له‌سه‌ر به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن حیساب ده‌كه‌ن.

 

یاسین عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ گروپی‌ "به‌ره‌ی‌ داكۆكیكردن له‌مافی‌ خه‌ڵك" ئه‌و گروپه‌ی‌ یه‌كه‌م رۆژ خۆپیشاندانه‌كه‌یان رێكخست به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ره‌تا خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌هێمنی‌ رۆیشت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ شاره‌كه‌ وه‌ڵامی‌ خۆپیشانده‌رانیان نه‌دایه‌وه‌، بۆیه‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ توندوتیژی‌ وه‌رگرت".

 

خۆپیشاندانه‌كان بۆ ماوه‌ی‌ پێنج رۆژ به‌رده‌وام بوون، خۆپیشانده‌ران به‌به‌رد رووبه‌رووی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و پاسه‌وانی‌ باره‌گه‌ حیزبییه‌كان وه‌ستانه‌وه‌‌و له‌هه‌ندێ‌ جێ‌ به‌فیشه‌ك وه‌ڵامدرانه‌وه‌، سه‌ره‌نجام 85 كه‌س برینداربوون‌و 2 كه‌سیش كوژران، له‌نێو برینداره‌كاندا پۆلیس‌و پاسه‌وانی‌ باره‌گاكان هه‌بوون.

 

یه‌كێك له‌كوژراوه‌كان گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن بیست ساڵان بوو به‌ناوی‌ (محه‌مه‌د ته‌ها) كه‌ پێش خۆپیشاندانه‌كه‌ بۆ خوێندنی‌ زانكۆ وه‌رگیرابوو.

 

باوكی‌ محه‌مه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "كوڕه‌كه‌م به‌گوله‌ی‌ پاسه‌وانانی‌ باره‌گای‌ پارتی‌ كوژراوه‌، ئێستا سكاڵام بۆ دادگا بردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌قم وه‌ربگرن".

 

له‌به‌ره‌ی‌ دووهه‌میشدا پاسه‌وانی‌ باره‌گا حزبییه‌كان ده‌یانوت ئه‌وان بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ تاوانێكیان هه‌بێت هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، (ع.ب) پاسه‌وانی‌ یه‌كێك له‌باره‌گا حزبییه‌كانه‌ له‌رانیه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بشاردرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "خۆپیشانده‌ران به‌توندی‌ هێرشیان كرده‌ سه‌رمان‌و خۆم به‌به‌رد بریندار بووم"، ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران فیشه‌كی‌ به‌ئاسماندا ته‌قاندووه‌.

 

بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌خۆپیشاندانه‌كانیش هێزێكی‌ زۆری‌ پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ دیكه‌ رژانه‌ شاره‌كه‌و هه‌ڵمه‌تێكی‌ به‌رفراوانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ستی‌ پێكرد، یاسین عه‌بدوڵا كه‌ خۆی‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ده‌ستگیركراوه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و هێزه‌ی‌ ده‌ستگیریانكردم چاویان به‌ستمه‌وه‌و ئه‌شكه‌نجه‌یان دام، دواتر بردیانمه‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و دوای‌ دوو رۆژ ئازادكرام، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستگیریان كردم فه‌رمانی‌ دادگایان پێنه‌بوو".

 

هیوا قه‌ره‌نی‌ قایمقامی‌ قه‌زای‌ رانیه‌ ده‌ستگیركردنی‌ خۆپیشانده‌ران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌شتا كه‌س ده‌ستگیركراون له‌وانه‌ی‌ ئاژاوه‌یان ناوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ توندوتیژییه‌ خزمه‌ت به‌داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران ناكات".

 

خۆپیشاندانه‌ فراوانه‌كه‌ی‌ رانیه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ چه‌نده‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دڵیان له‌حوكمڕانی‌ كوردی‌ شكاوه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ی‌ سه‌رمه‌شقی‌ راپه‌ڕینی‌ كوردی‌ بوون، ئێستا هه‌ندێكیان توڕه‌ییان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك په‌نجه‌ی‌ په‌شمانی‌ ده‌گه‌زن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌خۆپیشانده‌ران له‌ناو ئاپۆرای‌ خه‌ڵكیدا هاواری‌ ده‌كرد "ئه‌گه‌ر بمانزانیایه‌ ئاوها حوكم ده‌كه‌ن، هه‌رگیز دژی‌ به‌عس رانه‌ده‌په‌ڕین".

 

دواجار به‌زه‌بری‌ هێزه‌ خۆپیشاندانی‌ رانیه‌‌و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان كۆتاییان پێهێنرا، به‌ڵام ئه‌و گله‌یی‌‌و داخوازیانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هێنایه‌ سه‌رشه‌قام وه‌ك خۆیان ماون‌و نازانرێ‌ له‌ چ بۆنه‌یه‌كی‌ دیكه‌دا ئه‌م گۆمه‌ مه‌نگه‌ ده‌شڵه‌قێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌