راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌بادیش هیچی‌ نه‌كرد
خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌هه‌ردوو جه‌ژنه‌كه‌ بوون

مەعاز فەرحان
دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر خه‌ڵكی‌ كوردستان دڵنیابوون له‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ دابوونی‌، هیچیان لێ‌ سه‌وز نابێت‌و له‌به‌ڵێنی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ده‌چن.
21.12.2017  |  سلێمانی‌
خۆپیشاندانی‌ هه‌ژده‌ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌سلێمانی‌ ( :وێنه وكالة الاناضول )
خۆپیشاندانی‌ هه‌ژده‌ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌سلێمانی‌ ( :وێنه وكالة الاناضول )

 

"هه‌موو رێگاكانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تاقیكرده‌وه‌‌و سودیان نه‌بوو، له‌ناچاریدا په‌نامان بۆ عه‌بادی‌ برد، هه‌رچه‌نده‌ دڵنیاین له‌وه‌ی‌ ئه‌ویش سیاسه‌ت ده‌كات‌و موچه‌ش وه‌ك كارتێكی‌ فشار به‌كارده‌هێنێت".

 

دڵشاد بابان، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ وا ده‌ڵێت، كه‌ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك مامۆستای‌ هاوڕێیدا نامه‌یه‌كیان بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق نارد‌و داوای‌ دابینكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی كوردستانیان لێكرد.

 

وه‌ك هه‌موو موچه‌خۆرانی‌ دیكه‌، دڵشاد بابان زیاتر له‌ سێ‌ ساڵه‌، ڕێگا نه‌ما نه‌یگرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ موچه‌، دواهه‌مینیان په‌نابردن بوو بۆ عه‌بادی‌.

 

"ئێمه‌ هیچ دڵخۆش نین به‌ قسه‌كانی‌ عه‌بادی‌، بۆیه‌ نامه‌شمان بۆ نارد، چونكه‌ له‌كوردستان هیچ هیوایه‌ك نه‌ماوه‌، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ واین له‌ناو ئاودا، ده‌ست بۆ چڵه‌ پوشێكیش ده‌بات".

 

له‌دوای‌ بارگرژییه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ نێوان به‌غداو هه‌رێمی‌ كوردستان، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران چه‌ند جارێك رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم دابین بكه‌ن كه‌ سێ‌ ساڵه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕێكی‌ زۆری‌ لێ‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌ی‌ پچڕپچڕ ده‌یانداتێ‌.

 

له‌سه‌ره‌تادا به‌شێك له‌هاوڵاتیان به‌تاسه‌وه‌ گوێ بۆ قسه‌كانی‌ عه‌بادی‌ ده‌گرت، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی‌ كات خه‌ریكه‌ ئه‌و بڕوایه‌یان له‌لا دروست ده‌بێت، عه‌بادیش له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باشتری‌ پێناكرێت، كه‌ 26 ساڵه‌ شێوازی‌ حكومڕانیه‌كه‌یان ڕووبه‌ڕووی‌ ڕه‌خنه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بووه‌ته‌وه‌.

 

هاوڵاتیان به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی‌ فریادڕه‌سێك بوون‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق وه‌ك فریادڕه‌سی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك سه‌یر ده‌كرا، به‌ڵام هه‌نگاونه‌نانی‌ كرده‌یی‌ له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌، خه‌ریكه‌ خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ی‌ به‌دوای‌ چنینه‌وه‌ی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ خۆیه‌وه‌تی‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا نییه‌.

 

مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ -ئه‌و مامۆستایانه‌ن دژی‌ نه‌بوونی‌ موچه‌ خۆپیشاندن ده‌كه‌ن‌و له‌چه‌ند شارێكی‌ كوردستان زیاد له‌جارێك بایكۆتی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندنیان كرد- له‌نامه‌كه‌دا بۆ عه‌بادی‌ داوایان كردووه‌ به‌گوێره‌ی‌ لیستێك كه‌ ژماره‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ بێت موچه‌ دابین بكات‌و ناوی‌ وه‌همی‌ تێدا نه‌بێت‌و لیستی‌ موچه‌ پاكبكرێته‌وه‌.

 

نامه‌كه‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌م نێردراو دوای‌ سێ‌ هه‌فته‌ له‌ڕێگه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ عه‌بادییه‌وه‌ وه‌ڵامدرانه‌وه‌، "نامه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌ مامۆستایانمان پێگه‌یشتووه‌، موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌ت مامۆستایان دابینده‌كه‌ین‌و له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا ئه‌م قسه‌یه‌ به‌كرده‌یی‌ ده‌سه‌لمێنین".

 

هێمن مامه‌ند، چالاكوانێكی‌ مه‌ده‌نیه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر‌و بۆ زۆربه‌ی‌ پرسه‌كان به‌شداری‌ خۆپیشاندان‌و گردبوونه‌وه‌ جۆربه‌جۆره‌كان ده‌كات‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌میدیاو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌نوسێت.

 

مامه‌ند هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ئه‌زێت دانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ردوو حكومه‌ت تۆمه‌تبارن به‌بڕین‌و برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان، خه‌ڵك له‌نێوان لێدوانه‌كانی عه‌بادی‌و فه‌شه‌لی حكومه‌تی هه‌رێم بونه‌ته‌ قوربانی".

 

له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ كاتێك حكومه‌تی‌ عێراق به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بڕی‌، كێشه‌ی‌ موچه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، له‌ساڵی‌ 2016دا وه‌ك چاره‌سه‌رێكی‌ مامناوه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ په‌یڕه‌وكرد، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ پێنه‌درا، ئێستا كه‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م تێپه‌ڕیوه‌، هێشتا موچه‌ی‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ نه‌دراوه‌.

 

له‌دوای‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك، عه‌بادی‌ چه‌ند جارێك ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ لیستی‌ موچه‌ فه‌رمانبه‌ران له‌ژێر چاودێریدایه‌‌و به‌مزوانه‌ ده‌ست به‌دابینكردنی‌ موچه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆم‌و راده‌ستكردنی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان‌و سه‌رجه‌م داهاته‌كانی‌ له‌سه‌ر هه‌رێم وه‌ك مه‌رج داناوه‌.

 

وادیاره‌ گومانه‌كه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌رامبه‌ر عه‌بادی‌ ده‌بێته‌ راستی‌ به‌وه‌ی‌ كات ده‌كوژێت‌و ده‌ستی‌ ده‌ستی‌ به‌خه‌ڵك ده‌كات، رۆژی‌ 11ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و سروه‌ عه‌بدولواحید سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانی عه‌ممار حه‌كیم ئه‌مینداری گشتی ڕه‌وتی حیكمه‌ی‌ نیشتیمانیان كرد.

 

له‌دیداره‌كه‌دا عه‌ممار حه‌كیم باسی مه‌رجه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی كرد كه‌ خۆی له‌شه‌ش مه‌رجدا ده‌بینیه‌وه‌ بۆ ده‌ستپێككردنی دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ، ئاماده‌نه‌بوو شه‌ش مه‌رجه‌كه‌ ئاشكرا بكات، به‌ڵام، به‌"نیقاش"ی‌ وت "عه‌بادی‌ ده‌ڵێت كوردستان به‌ به‌شێك له‌ عێراق ده‌زانم‌و هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم به‌ هاوڵاتی‌ عێراق ده‌زانم، به‌ڵام له‌وێ‌ حكومه‌تێك هه‌یه‌ تائێستا نایه‌وێت بێته‌ پێشه‌وه‌، دیاره‌ مه‌رجه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق قبوڵ ناكات".

 

وتیشی‌ "نێچیرڤان بارزانی‌ نه‌یوتوه‌ ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ وتویه‌تی‌ ڕێز له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ ده‌گرین".

 

وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ قسه‌كانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، كه‌ چه‌ند جارێك پابه‌ندبونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌ بڕیاری‌ كارنه‌كردن به‌ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆمی‌ 25ی‌ ئه‌یلول نیشانداوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی‌ پوچه‌ڵكرده‌وه‌.

 

ئه‌مین به‌كر، په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌به‌غدا، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند عه‌بادی‌ سیاسه‌ت ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت مه‌رج دابنێت‌و له‌ڕێگه‌ی‌ كارتی‌ بودجه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ سیاسی‌ زیاتر به‌ده‌ستبهێنێت.

 

وتی‌ "به‌غدا‌و هه‌ولێر یاری‌ به‌ كات ده‌كه‌ن، به‌غدا مه‌رجی‌ هه‌یه‌‌و هه‌ولێریش متمانه‌ی‌ ته‌واوی‌ نییه‌‌و ناتوانێت واز له‌گرێبه‌ستی‌ كۆمپانیاكان بهێنێت، ده‌یه‌وێت خۆی‌ ته‌حه‌كوم به‌نه‌وته‌وه‌ بكات".

 

ئه‌مین به‌كر بڕوای‌ وایه‌، ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ی‌ به‌غدا داوای‌ ده‌كات‌و یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ قبوڵ ناكه‌ن، "به‌غدا ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوری‌‌و دیموكراسی‌ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ببرێت‌و دارایی‌ گشتی‌ موڵكی‌ گشتی‌ بێت‌و پێشمه‌رگه‌ وه‌كو سیستمی‌ به‌رگری‌ عێراقی‌ بێت، به‌ڵام یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌یانه‌وێت‌و هێز‌و پاره‌ له‌ده‌ستی‌ خۆیان بێت".

 

به‌رپرسانی‌ باڵای‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و عێراق، چه‌ند جارێك گڵۆپی‌ سه‌وزیان بۆ یه‌كتر هه‌ڵكردوه‌ تا ده‌ست به‌گفتوگۆ بكه‌ن‌و ئاوێك به‌و ئاگره‌دا بكه‌ن كه‌ پریشكه‌كه‌ی‌ به‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌وتووه‌، به‌ڵام تائێستا هه‌نگاوی‌ كرده‌یی‌ له‌لایه‌ن هیچ لایه‌كیانه‌وه‌ نه‌نێردراوه‌.

 

عه‌بدوڵا رێشاوی‌ نوسه‌رو چاودێری‌ سیاسی‌، پێیوایه‌ "عه‌بادی له‌ئاكامدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانێكی‌ بێ‌ به‌ڵێن ناوی ده‌چێته‌ مێژوه‌وه‌، چونكه‌ به‌ڵێنی زۆر ده‌دات چ به‌ كورد چ به‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق، خه‌ونی ئه‌رخه‌وانی زۆر بۆ عێراقیه‌كان هه‌ڵده‌رێژێت".

 

رێشاوی‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "بارودۆخی كورد خراپ ده‌بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ عێراقیش بمێنێته‌وه‌، كورد تازه‌ بونی خۆی له‌ عێراقدا خسته‌ قومارو مه‌ترسیه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بۆ رزگاربون له‌م دۆخه‌ چاوه‌ڕێی رووداوێكی گه‌وره‌ بكات".

 

به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ به‌رده‌وامی‌ موچه‌و نه‌مانی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌، تا دێ‌ توڕه‌یی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان رووه‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت، ئه‌وا بۆ هه‌فته‌یه‌ك ده‌چێ‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان خۆپیشاندنی‌ ناڕه‌زایی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌و خۆپیشانده‌ران باره‌گا حكومی‌‌و حیزبییه‌كانیان كردووه‌ته‌ ئامانج، ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌زه‌بری‌ هێز وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ كوژراوو بریندار هه‌یه‌.

 

له‌گه‌رمه‌ی‌ ئه‌م ناكۆكییانه‌دا خه‌ڵكی‌ كوردستان هێنده‌ی‌ دیكه‌ له‌عه‌بادی‌ بێهیوا بوون، چونكه‌ له‌وتاری‌ هه‌فتانه‌ی‌ خۆیدا به‌روونی‌ وتی‌ ناتوانن موچه‌ بۆ كوردستان بنێرن، به‌و بیانووه‌ی‌ لیستێكی‌ خاوێنی‌ موچه‌خۆرانیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌.

 

خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌ ئێستا حكومه‌ته‌كه‌یان له‌ڕووخانی‌ یه‌كجاری‌ نزیك بوه‌ته‌وه‌‌و گومانیشیان له‌هه‌نگاوه‌كانی‌ عه‌بادی‌ هه‌یه‌، بێ‌ ده‌ربه‌ست ماونه‌ته‌وه‌، خه‌ریكه‌ ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌كه‌ به‌دیدێ كه‌ ده‌ڵێت "كورده‌ی‌ له‌هه‌ردوو جه‌ژن بوو".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌